خدر گوڵانی

ئێواران پێشی زەردەپەڕ 

ئەڵقە ئەڵقەی  مێوی حەزێکی شێت 

چڕنووک لە خەیاڵم  گیر دەکات،

بەسەر  ڕشانەوەی بەرسیلەی، 

عەشقێکی ناکامدا خلۆر دەبمەوە

بۆ ناو خەرەندی فیڕاق و لەبیر دەچمەوە !!

هەناسەکانی ئەو هەموو چاوەڕوانیەم،

وەک شۆڕابەی هەورێکی پایزی،  

بەسەر دووندەکانی بیرەوەریمدا دەکشێن

تۆ هێشتا لەزەینی مندا چڵە ڕەیحانێکی 

تەڕیت، بۆن و بەرامەت چوار دەورم بەرنادا 

تۆ هێشتا قەسیدەیەکی درێژیت و، 

هەر دەتنووسمەوەو ناگەمە کۆتاییت !! 

حبری سەدان پێنووسم تەواو کرد 

تۆ هەر تەواو نابیت و لەهەستم دەئاڵێی !!

ئێوارانێک دەستت دەخەیتە 

ناو خوڕەی چەم و کانیاوەکانی ئۆخژنم 

من هەر بینت پێوە دەنێم تینوێتیم ناشکێ !

هەندێجاریش لەخۆر هەڵاتەوە هەڵدێی وەک گەردیلەکانی ناو تیشکی خۆر 

لەکڵاو ڕۆنەی ئەندێشەمدا 

تیرۆژ، تیرۆژ  دێیتە ناو ژووری تەنیاییم 

تۆ  تێناگەیت و نازانی    

کونج و کەلەبەرە تاریکەکانی دڵی من 

چەندە تامەزرۆی هەتاون؟

ناخم بووە بە گێڵگەیەکی دوورە باران و

تازە گاسنی عەشقێکی پەژموردە 

ناشێ  ئەم بەیارە  بکێڵێت و 

دووبارە وەردی داتەوە 

مەگەر کراسی ئەو قەسیدە سەوزەم  بپۆشیتەوە کە لە وەرزی،

 بەهارێکی تەڕدا بۆم نووسیبووی  

    حوزەیرانی   ٢٠٢٣