
خدر ئیبراهیم خدر
لە ئەمڕۆدا كە ئاسانی كردەی چاپ و بڵاوكردنەوە وایكردووە زۆری و بۆرییەكی بێشوومار كتێبخانەی كوردی بگرێتەوە و لێوا و لێو بێت لە كتێبی جیاواز لە باش و خراپ لەڕووی سووژە و ڕێنووس و خاڵبەندی و زمانی داڕشتن و هونەركارییەوە، بە دژواری دەتوانیت ئەو كتێبانە گوڵبژێربكەیت كە لەهەردوو بواری نووسین و وەرگێراندا ڕەوانەی كتێبفرۆشییەكان دەكرێن و دەخرێنە بەرچاوی خوێنەران و شایستەی ئەوەن كات و وەختیان بۆ لەبەرچاو بگریت تاكو ڕێ بە دید و خەیاڵت بدەیت لەناو دەریای وشە و دێڕ و پەڕەگرافەكانیاندا مەلە بكەن.
لەو میانەشدا بەشێوەیەكی تایبەتی ئەو كتێبانە دێن كە لە زمانەكانی ترەوە وەردەگێردرێن و ساڵانێكە وەك زەریا شەپۆل دەدەن و بازاڕی كتێب و چاپەمەنیان خستۆتە ژێر هەژموونی خۆیانەوە. بەداخەوە لەبەرچاونەگرتنی پرەنسیپەكانی پاراستنی مافی نووسەر و لایەنی ڕێنووس و زمانەوانی و هەلومەرجی فەرهەنگی و كەلتووری و ئاسانی پیدانی مۆڵەتی چاپكردن, وایكردووە وەرگێڕان لە پرۆسەیەكی جدی و گرنگەوە وەربچەرخێت بۆ جۆرێك لە پاشاگەردانی و لێكترازانی جومگە جێگیرەكانی ئەو پرۆسەیە كە پێشتر لەلایەن ژمارەیەك وەرگێڕی بەسەلیقە و زمانزان و خاوەن پاشخانی مەعریفی و ڕۆشنبیری قووڵەوە ڕاییدەكرا. ئەوەشی لەو میانەدا قووڕەكەی خەستتر كردۆتەوە ئەوەیە كەسانێك بە قەولی پێشینان بە پێخواسی وەناو كەوتوون و ئەو كتێب و نووسراوانە دەست دەدەنێ بۆ وەرگێڕان كە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەقڵ و ناخ و دەروونی مرۆڤدا دەدوێن و گرنگی دەدەن بە زانیارییە هەستی و ژیرییەكان و لە دونیای كتێبدا لەژێر ناونیشانی ( گەشەپێدانی مرۆیی ) دا ناویان دەبرێت.
لەگەڵ ئەوەی بەشێك لەو كتێبانە لەلایەن نوخبەی پزیشك و تایبەتمەند و پسپۆرانەوە نووسراون و ئەزموونی خۆیان تیادا خستۆتەڕوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە خراپی كاری وەرگێڕانیان بۆ دەكرێت و بە باشی ناتوانرێت ناوەڕۆك و مەبەستەكانیان بگەیەنرێت، بۆیە جگە لەوەی زیان لە كتێبخانەی كوردی دەدەن، لەهەمانكاتدا زیانیشیان هەیە بۆ خوێنەران كە دەشێت زانیاری و داتاكانیان بە ئاوەژوویی پێبگەیەنرێت و لەجێگەی سوود و قازانج, كاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونی و سایكۆلۆژییان بەجێبهێڵێت.
بەڵام سەرەڕای ئەوانەش، جار بەجارێك كتێبێكی وەرگێڕدراوت لەو بوارەدا بەرچاو دەكەوێت كە تا ئاستێك لەڕووی زمانی وەرگێڕان و ڕێنووس و خابەندییەوە كاری باشی لەسەر كراوە و شایستەی ئەوەیە پەسنی بكەیت و لەپەنای دەستخۆشی لە نووسەرەكەی، دەستخۆشی و ئافەرینیش لە وەرگێڕەكەی بكەیت. لەو میانەدا دەمەوێت هەندێك قسە لەبارەی كتێبێكەوە بكەم كە لەلایەك لەڕووی وەرگێڕانەوە ماندووبوونی پێوە دەبینرێت و لەلایەكی تریشەوە ناوەڕۆكێكی دەوڵەمەند و سوودبەخشی هەیە و شایستەی ئەوەی بەهەندبگیرێت و بخوێنرێتەوە.
*
كتێبی ( تێڕوانین هەموو شتێكە ) لەلایەن ( جێف كلێر ) ەوە نووسراوە و لەلایەن ( سامان عەبدوڵڵا ) شەوە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی و یەكێكە لە چاپكراوەكانی ( خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما ) كە لە ساڵی 2019 دا لە سلێمانی بڵاویكردۆتەوە.
ئەگەرچی كتێبەكە لە وردە هەڵەی ڕێزمانی و ڕێنووس و دەربڕین بەدەرنییە، بۆ نموونە لەسەر بەرگ وشەی ( تاكوو ) بەكارهێنراوە، لەكاتێكدا لەڕووی ڕێنووسەوە هەڵەیە و دەبوایە لەجیاتی بەكاربردنی دوو پیتی ( واو )، یەك پیتی ( واو ) بنووسرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕ تا ئاستێكی باش توانیویەتی مەبەستەكانی نووسەر بگەیەنێت و خوێنەریش بتوانێت سەر لەو زانیارییانە دەربكات كە نووسەر لە دووتوێی كتێبەكەیدا خستوویەتە ڕوو.
*
نووسەر لە سەرەتای كتێبەكەدا وتەی كەسێكی بەناوی ( تۆماس جیفرسۆن ) ەوە هێناوەتەوە و لێیەوە ویستویەتی جەخت لەسەر گرنگی كردەی تێڕوانینی ڕاست و درووست بكاتەوە وەك پرۆسەیەكی ئەرێنی بۆ درووستكردنی جیهانبینییەكی پۆزەتیڤ و خوازراو لە بونیادی مرۆڤدا لەلایەكەوە و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە خواست و ویست و ئامانجەكانی لەلایەكی ترەوە. ئەوەتا دەڵێت: " كەسێك كە خاوەنی تێڕوانینێكی ڕاستە، هیچ شتێك ناتوانێت ڕێگری لێبكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی. كەسێكیش كە تێڕوانینێكی هەڵەی هەیە، هیچ شتێك لەسەر ئەو زەوییە ناتوانێت یارمەتی بدات. "
هەڵبەت لێرەدا تێڕوانینی ڕاست و درووست تەنها پەیوەست نییە بە چەمك و ئاراستە و لایەنێكی دیاریكراوەوە، بەڵكو پەیوەستە بە سەرجەم ئەو چەمك و ئاراستە و لایەنانەوە كە مرۆڤ بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەركەوتنی لەگەڵیاندا هەیە، وەك هەستی مرۆڤبوون، ئیمانداری، نیشتماندۆستی، ڕاستگۆیی، گەشبینی، ژیاندۆستی...
هەروەها لەلاپەڕە ( 7 ) دا، لە چوارچێوەی پێشەكی كتێبەكەدا كە لەژێر ناونیشانی ( ئەو شەوەی ژیانم گۆڕا ) دا نووسیویەتی، بەوتەیەكی ( ویلیام جەیمز ) دەستیپێكردووە كە وتویەتی:" گەورەترین دۆزینەوەی سەردەمی من ئەوەیە كە مرۆڤەكان دەتوانن بە گۆڕینی تێڕوانین و شێوازی بیركردنەوەیان، ژیانیان بگۆڕن". ئینجا بەوردی سەبارەت بەوە دەدوێت چۆن بڕیاریداوە پیشەكەی بگۆڕێت و ڕووبكاتە كایەی گەشەپێدانی مرۆڤی و لەو بوارەشدا تاڕادەیەكی زۆر خۆی بدۆزێتەوە و لەیەككاتدا هەم سوود بە بواری دەروونی و مەعریفی خۆیی و هەم بە ئەوانی تریش بگەیەنێت. ئەمەشی پەیوەستكردووە بەو مەیل و خواست و ویستەی كە لەناخی مرۆڤدا سەرهەڵدەدات و هانیدەدات بە تامەزرۆییەوە بەرەو ئەو خواست و ئامانجە بچیت كە مەبەستییەكی لەسەر ئەرزی واقیع بەئەنجامی بگەیەنێت و لەدۆخێكی وێناكردنەوە كە لەزەینیدا فۆرمەڵەی كردووە، بیگوازێتەوە بۆ دۆخێكی ڕاستەقینە لە ژیانی خۆیدا.
نووسەر، بۆ ئەوەی بە وردی ئەو بابەتانە ڕاڤە بكات و شیانبكاتەوە، كتێبەكەی دابەشكردووە بەسەر سێ بەشدا كە لەڕووی ناوەڕۆكەوە لێكنزیكییەكی زۆریان پێكەوە هەیە. بەشەكانیشی لەژێر ئەو ناونیشانانەدا لێكجیاكردونەتەوە:
( سەركەوتن لە هزرەوە سەرچاوە دەگرێت, ئاگاداری وتەكانت بە, لە تۆ جووڵە و لە خوداش بەرەكەت ). لەچوارچێوەی ئەو سێ بەشەشدا، دووانزە وانەی داناوە و بەشێوەیەكی ڕیزبەند دابەشیكردوون بەسەر ئەو بەشانەدا و یەك بە یەك لەبارەیانەوە قسەی كردووە.
لە بەشی یەكەمدا كە لاپەڕەكانی ( 19 – 82 ) دەگرێتەوە، ئەم وانانەی ڕیزكردوون: ( تێڕاوانینی تۆ پەنجەرەیەكە بەڕووی جیهاندا، تۆ موگناتیسی ئینسانیت، سەركەوتنی خۆت بهێنە پێش چاوت، پابەندببە و.. كێوەكە بجوڵێنە، كێشەكانی خۆت بگۆڕە بۆ دەرفەت ).
هەروەها لە بەشی دووەمدا كە لاپەڕەكانی ( 83 – 120 ) دەگرێتەوە، ئەو وانانەی ڕیزكردوون: ( وتەی تۆ، چرای ڕێگەتە، بارودۆخت چۆنە؟, واز لە گلەیی و گازاندە بهێنە ).
بەهەمان شێوە، لە بەشی سێیەمدا كە لاپەڕەكانی ( 121 – 176 ) دەگرێتەوە، ئەو وانانەی ڕیزكردوون: ( لەگەڵ كەسە ئەرێنییەكاندا هەڵسوكەوت بكە، لەگەڵ ترسەكاندا ڕووبەڕووببەرەوە تا سەربكەویت، بڕۆ و شكست بخۆ، درووستكردنی پەیوەندی كاریگەر ).
لە كۆتایی كتێبەكەشدا ( دەرەنجامێك ) ی نووسیوە كە لەژێر ئەو ناونیشانەدایە ( تێڕوانینت بگۆڕە، تاكو ژیانت بگۆڕێت ) و لە لاپەڕە ( 177 ) دەستپێدەكات و تاكو كۆتایی كتێبەكە دەگرێتەوە.
*
نووسەر بە پشت بەستن بە ئەزموونەكانی خۆی لەبواری گەشەپێدانی مرۆڤی و بەدواداچوونی بۆ بیروڕای پسپۆڕان و زانایانی ئەو بوارە، ئەوەی خستۆتەڕوو كە پێویستە تێڕوانینی ئەرێنی مرۆڤ بەسەر سێ لایەنەوە ڕەنگبداتەوە، ئەو سێ لایەنەش بریتین لە ( بیركردنەوەكانی و گفتارەكانی و كردارەكانی ). بەوپێیەی بیركردنەوەی خستۆتەپێش ئەوانی دی، كەواتە هاوشانی دەرووناسێكی ناسراوی وەك ( وین دایر ) ئەویش پێیوایە كە "مرۆڤ بەرهەمی بیركردنەوەكانی خۆیەتی". هەروەها ڕایەڵەیەكی پتەویش دەیبەستێتەوە بەو وتەزایەی فەیلەسوفی ڕۆژهەڵاتی ( لاوتزو ) وە كاتێك گفتار و كردار و خوو و ڕاهاتن و كەسێتی و چارەنووسی مرۆڤ گرێدەدات بە چلۆنایەتی بیركردنەوەكانییەوە و دەڵێت: " وریای بیركردنەوەكانت بە، چونكە دەبن بە گفتار. وریای گفتارەكانت بە، دەبن بە ڕەفتار. وریای ڕەفتارەكانت بە دەبن بە خوو. وریای خووەكانت بە، دەبن بە كەسێتی. وریای كەسێتیت بە، چارەنووست دیاری دەكات".
ئەوەی لێرەدا دەبێتە خاڵی جیاكەرەوە لەنێوان بیركردنەوەی باش و ناباشدا، تەندرووست و ناتەندرووستدا، ڕووناك و تاریكدا، گەشبین و ڕەشبینانەدا، بریتییە لە چلۆنایەتی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ خۆی و كایەكانی تری ژیان، ئایا لەچوارچێوەی تێڕوانینێكی ئەرێنیدایە، یاخود نەرێنی. لە فەزایەكی ئازاددایە، یاخود ژێردەستەیی؟
لێرەدا نووسەر بۆ پاڵپشتیكردن لە بیروڕای خۆی نموونەی پەڕەگرافێكی ( دكتۆر ڤیكتۆر فرانكڵ ) ی هێناوەتەوە كە لەپەنای گێڕانەوەی ئەزموونی خۆی لە زیندانی نازییەكاندا لە میانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لە كتێبی ( مرۆڤ و گەڕان بەدوای مانادا ) وتویەتی: " دەكرێت مرۆڤ لە هەموو شتێك بێبەش بكەیت، جگە لە یەك شت ئەویش ئازادی مرۆڤە، ئازادی لە هەڵبژاردنی تێڕوانین، لە هەڵبژاردنی ئازادی.." ل 28
هەر لەپەیوەند بە بایەخ و گرنگی تێڕوانین لەلای مرۆڤ، پەڕەگرافێكی دكتۆر ( چارلز سوینداڵ ) ی بە نموونە هێناوەتەوە كە وتویەتی: "هەرچی تەمەنم تێدەپەڕێت، زیاتر كاریگەری تێڕوانین لەسەر ژیانم تێدەگەم. بە بۆچوونی من تێڕوانین گرنگترە لە ڕووداوەكان. تێڕوانین گرنگترە لە ڕابردوو، خوێندن، پارە، بارودۆخ، شكست و سەركەوتن. گرنگترە لە هەموو ئەو شتانەی خەڵكی بیری لێدەكەنەوە یان باسی دەكەن یان ئەنجامی دەدەن. تێروانین گرنگترە لە جوانی ڕواڵەت، لێهاتوویی و شارەزایی. تێڕوانین دەتوانێت كۆمپانیا، كڵێسا یان ماڵ ئاوەدان یان وێران بكات..." ل 180
*
بێگومان لەبواری دەروونناسیدا ڕاستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە لەگەڵ ئەوەی هەوڵی دووبارە درووستكردنەوەی ئیرادە و هەڵسانەوە لەڕووی مەعنەوییەوە چێژبەخش و شیرینە، بەڵام بەوهێندەش ئاسان نییە و ڕێگەكەی بە گوڵ و گوڵزار دانەپۆشراوە. بەڵكو پشوودرێژی و ئارامگری و چەندین ڕێوشوێنی تری ئەقڵانی و لۆژیكی پێدەوێت. لەومیانەدا بوێری ئەوەیە لەپێناو چێژی هەستانەوە و درووستكردنەوەی ئیرادەدا، مرۆڤ لە بەربەست و ڕێگرییەكان نەتۆقێت و ئەگەر نەیتوانی بیانبەزێنێت، ئەوە نەچووە بچێت، دەتوانێت ڕێگەكەی بگۆڕێت و لە ئاراستەیەكی ترەوە هەوڵ بۆ دووبارە هەڵسانەوەی خۆی بدات. لەم ڕووەشەوە نووسەر وتەیەكی ( تۆماس جی. واتسۆن ) ی بە نموونە هێناوەتەوە كە وتویەتی: " دەتەوێت هاوكێشەی سەركەوتنت پێبدەم، زۆر ئاسانە، ڕێژەی شكستەكانت دوو هێندە لێبكە."
*
نووسەر پۆلێنێكی كردووە لە نێوان ( وەڵامە نەرێنییەكان ) و ( وەڵامە ئەرێنییەكان ) دا كە چۆن كاریگەری لەسەر جۆری تێڕوانینی مرۆڤ بەجێدەهێڵن. بۆ نموونە كاتێك پرسیاری بارودۆخ و تەندرووستی لە كەسێكی ڕەشبین و نائومێد دەكرێت كە بێگومان تێڕوانینێكی نەرێنی هەیە، چەند دەربڕینێكی نەرێنی بەسەر زمانیدا دێت، وەك: ( زۆر خراپ، لە خراپ خراتر، ماندووم، پیرتر و بێ پارە ترم لە دوێنێ، هەر مەپرسە). بەڵام كاتێك پرسیاری بارودوۆخ و لایەنی تەندرووستی لە كەسێكی گەشبین و بە ئومێد دەكرێت كە بێگومان تێڕوانینێكی ئەرێنی هەیە، چەند دەربڕینێكی ئەرێنی بەسەر زمانیدا دێت، وەك: ( باشم، خراپ نیم، وەكو هەمیشە، دەیبەمە سەر، زۆر باشم، لەوپەڕی باشیدام ).
لەمەوە جیاوازی دۆخی دەروونی هەردوو كەسەكە دەردەكەوێت و ئەوەی بە زمان دەوترێت كار دەكاتە سەر ئەندامەكانی جەستەیی و لە هەڵسوكەوتیدا ڕەنگدەداتەوە. ئەمەش لەبواری زانسی دەروونناسیدا بە دیاردەی ( سایكۆسۆماتی ) ناودەبرێت كە تیایدا لەیەككاتدا دەروون و جەستە كاریگەردەبن بە هەست و تێڕوانین و هەڵچوونەكان.
*
نووسەر، لەپێناو هاندانی مرۆڤەكاندا تا بەرەو گەشبینی و تێڕوانینی ئەرێنی و بنیاتنەرانە بچن و دووربكەونەوە لە ڕەشبینی و تێڕوانینی نەرێنیانە، ژمارەیەكی زۆر وتە و پەڕەگرافی كەسانی پسپۆڕ و شارەزای كایەی زانستی دەروونناسی و گەشەپێدانی مرۆڤی و زانا و دانایانی تری بە نموونە هێناوەتەوە و تەوزیفی قسە و گفتارەكانی خۆی كردوون و لەچوارچێوەی كتێبەكەیدا كۆكردوونەتەوە كە پێمباشە لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێكیان بكەم. بەڵام لەپێش ئەوەدا دەمەوێت یەكێك لەو فەرمایشتە جوانانەی خودای گەورە و میهرەبان بنووسم كە پەیوەستە بە توانست و هەوڵ و كۆشش و گەشبینی و تێڕوانینی ئەرێنی مرۆڤەوە و فەرمویەتی: " لیس للانسان الا ما سعی"، واتا: " مرۆڤ تەنها دەتوانێت ئەوەی دەستگیر ببێت كە هەوڵی بۆ دەدات". هەروەها خەلیفەی موسوڵمان (عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب ) یش وتویەتی: " كل متوقع ات". واتا: هەرشتێك پێشبینی بكەیت، دێتەدی". لەهەمانكاتدا لە پەیوەست بە پرەنسیپە ئیمانییەكاندا وتەیەكی ئەرێنییانە هەیە كە دەڵێت: " تفائلوا بالخیر، تجدونە ". واتا: " گەشبین بن تاكو بە گەشبینی بكەن."
بەشێك لەو وتە و پەڕەگرافانەی كە نووسەر بە نموونە هێناونیەتەوە و تەوزیفی قسە و گفتارەكانی خۆی كردوون, ئەمانەن:
تۆ ئەو شتەنیت كە بیری لێدەكەیتەوە، بەڵكو ئەو بۆچوونەیت كە لە مێشكتدایە. ( دكتۆر نۆرمن ڤێنستت پیل ) ل 10
سەركەوتن بارودۆخێكی هزریە، لە ئێستاوە خۆت وەك كەسێكی سەركەوتوو دابنێ. ( دكتۆر جویس برادرس ) ل 11
هەرگیز ئەو هێزە بەكەم مەگرە كە بۆ گۆڕینی خۆت لەبەردەستتدایە. ( ئێچ. جاكسۆن براون ) ل 12
تێڕوانینی ئەرێنی پێناسی كەسێكە بۆ چوونە ناو ڕۆژێكی باشترەوە. ( نەناسراو ) ل 13
لە تۆ جووڵە و لە خوداش بەرەكەت. ( نەناسراو ) ل 17
هەمیشە ناتوانیت بارودۆخەكان كۆنترۆڵ بكەیت، بەڵام دەتوانیت بیروبۆچوونەكانت كۆنترۆڵ بكەیت. ( چارلس پاپلستۆن ) ل 25
ئەگەر بیربكەیتەوە كە دەتوانیت یان بیر بكەیتەوە كە ناتوانیت، لە هەردووكیاندا تۆ ڕاست دەكەیت. ( هنری فۆرد ) ل 31
هزرت بە بیروبۆچوونی مەزن پەروەردەبكە. ( بێنجامین دیزاڕایلی ) ل 32
ئەوان دەتوانن چونكە بیردەكەنەوە كە دەتوانن. ( ویرژیڵ ) ل 36
ئەو بیروباوەڕە ڕاستگۆیانەی سەبارەت بە خۆمان هەمانە، ڕاست دەردەچن. ( ئاریزن سوێت ماردن ) ل 39
تا كاتێك كە كەسێك خەونی گەورەی نەبێت، ناتوانێت پێیبگات. ( ڕۆڵف شارل ) ل 41
پێش ئەوەی بتوانیت كارێك ئەنجام بدەیت، دەبێت بە ڕوونی لە هزری خۆتدا بیبینیت. ( ئەلێكس مۆریسن ) ل 43
خەیاڵكردن گرنگترە لە زانست. ( ئالبێرت ئەنیشتاین ) ل 45
ئەوە خۆتیت كە وێنەی هزری خۆت كۆنترۆڵ دەكەیت. ( جێف كیلەر ) ل 48
كەسێك كە خۆی نەدات بەدەستەوە، سەرەنجام پاداشتی هەوڵەكانی بەتەواوی وەردەگڕیت. ( ناپلیۆن هێڵ ). ل 58
هەر كێشە و بەڵایەك سوودێكی یەكسان یان گەورەتری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. ( نسپلیۆن هێڵ ) لە 69
ئەگەر گوشارێك نەبێت، ئەڵماسێكیش ( بوونی ) نابێت. ( مێری كیس ) . ل 72
ڕووداوە ناخۆشەكان چەندین وانە فێری مرۆڤ دەكەن. ( بنجامین فرانكلین ) ل 74
ڕێگەی ناهەموارە دەگات بە لوتكەی سەركەوتن. ( سێنییكا ) . ل75
ناخۆشی و كێشەكان، توانا شاراوەكانی ئێمە ئاشكرا دەكەن. ( جێف كلێر ) ل 77
هەر شتێك بەردەوام دووپات بكەیتەوە، دەبیت بەو شتە. ( تۆم هاوكینس ) ل 83
ئەو وشانەی بەرەوام دەیانلێیت، چارەنووسی تۆ دیاری دەكەن. ( ئانتۆنی رابینز ) ل 85
وشەكان بە دڵنیاییەوە باشترین دەرمانن كە مرۆڤ دەتوانێت سوودیان لێ ببینێت. ( ڕۆدیارت كیپلینگ ). ل 86
ئەو كەسانەی بەردەوام دەڵێن بێ پارەن، بە گشتی دەوڵەمەند نابن. ( جێف كلێر ) ل 93
سوود لە وشەگەلێك وەربگرە كە تۆ بەرەو ئامانجەكەت ببات. ( جێف كلێر ) ل 95
زەردەخەنە، شێوازێكی بێ تێچووە بۆ جوانی ڕووخسار. ( نەناسراو ). ل 103
كێشەكان وەك منداڵ وان، چەندە زیاتر گرنگیان پێبدەیت، گەورەتر دەبن. ( لەیدی هێلین ) ل 111
خۆخواردنەوە، تێزانێكە خۆشبەختی دەتوێنێتەوە. ( ئارێڵ ئایتێنگ ) ل 112
نهێنی خۆشبەختی ئەوەیە بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە كێشەكانیان كۆدەكەنەوە، تۆ بەخششەكانت بژمێریت. ( ویلیام پێن ) ل 115
ئەو بەخششانە بە بیری خۆت بهێنەرەوە كە لەبەردەستتدان و بەهەر مرۆڤێك دراون. نەك ئەو بێ شانسییانەی ڕابردووت كە هەر مرۆڤێك بڕێكی زۆری لەوان تێپەڕاندووە. ( نەناسراو ) ل 116
ئێمە دەبین بە بەشێك لەو شتەی كە لەگەڵیداین. ( نەناسراو ). ل 125
هاوڕێ باشەكان، بۆ تەندرووستی تۆ بەسوودن. ( دكتۆر ئارول ) ل 133
ئەو كارەی لێیدەترسیت ئەنجامی بدە، چونكە لەو ڕێگەیەوە ترس بەتەواوی لەناو دەچێت. ( ڕاڵف واڵدۆ ئیمرسۆن ) ل 135
تەنها ڕێگەیەك بۆ ڕاكردن لە زیندانی ترس، هەنگاونانە. ( جۆنای ) ل 147
ئەگەر لە ترسەكانمان ڕابكەین، شكستی خۆمان مسۆگەر دەكەین. ( جیف كلیر ) ل 148
شكست هەلێكە تاكو سەرلەنوێ ژیرانەتر دەستپێبكەینەوە. ( هنری فۆرد ). ل 150
سەركەوتن كاتێك بەدەست دێت كە شكستی بەردەوام لە حەز و پەرۆشیمان كەم نەكاتەوە. ( وێنستۆن چەرچیل ) ل 153
هاوڕێكانت ئارەزووەكانت فراوان دەكەن، یان خەونەكانت دەخنكێنن. ( نەناسراو ) ل 177
*
نووسەر بۆ سوپاسگوزاری و ڕەزامەندی لە ژیاندا نموونەی كەسێك دەهێنێتەوە كە بۆ ماوەی بیست و یەك ڕۆژ لە ئۆقیانووسی ئارامدا سەرگەردان بووە و لەناو بەلەمێكی بچووكدا ماوەتەوە كە بەردەوام لەمسەر بۆ ئەوسەر شەپۆلەكان یاریان پێكردووە. كاتێك ڕزگاری بووە، لەپاڕاوێزی ئەو ئەزموونە سەخت و دژوارەیدا، وتویەتی: " ئەگەر بەتەواوی خواردن و ئاوت بۆ زیندوومانەوە لەبەردەستدا بێت، ئیدی بەهیچ شێوەیەك نابێت گلەیی لە هیچ شتێك بكەیت. " ل 117
لەهەمانكاتدا، سوپاسگوزاری و قەدردانی خۆی لە ئاست خودادا دەربڕیوە كە ئەمانەی پێبەخشیوە: ( تەندرووستی، هاوسەر و خێزان، خانوو، خواردن و خواردنەوەی پێویست، هەبوونی كار و حەزكردن بەكارەكەی، توانای گەشتكردن، هەبوونی هاوڕێ، باوەڕبوون بە خودا و داواكردنی كۆمەك لەزاتی ئەو ). ل 117
ئەمەش لوتكەی ئەو ڕەزامەندبوونەیە كە پێویستە مرۆڤ دەستەبەری بكات و لە قووڵایی نییەت و ویستەكانییەوە قبوڵی بكات. چونكە تا مرۆڤ چاوی لەسەر ئەوەبێت كە نییەتی و ئەوە بەهەندنەگرێت كە هەیەتی و لەبەردەستیدایە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژیانی تاریكتر و وێرانتر دەبێت. ئەوەش بەسەر چلۆنایەتی تێڕوانینەكانییەوە ڕەنگدەداتەوە.
*
لێرەدا لەپەیوەند بە سوپاسگوزاری و قەدردانی لەئاست بەخششەكانی خودادا، پێویستە بڵێم كە هەبوونی باوەڕ و ئیمان لەلای مرۆڤ نەك هەر وادەكات چەمكی قەدردانی و بەهەندگرتن لەئاست خودادا لەبەرچاو بگرێت، بەڵكو واشدەكات لە چەندین ویستگەی ژیانیدا لە ئەگەری كەوتن و دۆڕان بەدووربێت، چونكە بەڵگەنەویستە كە " مرۆڤ ناكەوێت، ئەگەر بكەوێت لەهەمان ئەو ئاراستەیە دەكەوێت كە پشتی بەخوادا نەبەستووە ". جگە لەوە، مرۆڤ لە ململانێی خۆسەلماندن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كۆسپ و تەگەرەكانی ژیاندا، بەردەوام نیازی بەوە هەیە پشت بە زاتی ئەو ببەستێت و لەڕووی مەعنەوی و ئیمانیشەوە لەسەر ئەوە ڕایبهێنێت شەرم بكات بەپێچەوانەی فەرمایشتەكانی زاتی ئەوەوە بجوڵیتەوە و ڕێگەی هەڵە و تاوان و لادان بگرێتەبەر.
بێگومان بەهێزبوونی ئیرادە و توانستی دەروون و جەستە لەپەنای بەرجەستەبوونی هێزی ئیمانی و پراكتیزەكردنی تێڕوانینی پڕ لە گەشبینی و بنیاتنەردا وادەكات مرۆڤ بتوانێت لە زۆر لە ویستگە هەستەوەرەكانی ژیانیدا ترسەكان تێبپەڕێنێت، ئەو ترسانەی كە وەك نووسەر ئاماژەی بۆ كردووە بەهۆیانەوە " نەفس بەرزی كەم دەبێتەوە وهەستی بێتوانایی و بێچارەیی دێتەكایەوە و شانسی سەركەوتن خراپ دەكات و ژیانیش بەرەو ئەوە دەبات یەكجۆر و بێزاركەر بێت." ل 141
جگە لەوە، خودی ئەو ئیرادە و توانستە دەروونی و جەستەییە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ خۆی بە كەم نەگرێت و بە بچووكی لە خۆی نەڕوانێت. هەروەها وەك بوونەوەرێكی بەڕێز كە خولقێنراوی خودای میهرەبان و باڵادەستە لەخۆی بڕوانێت.
*
ئەو توانست و تاقەتەی مرۆڤ نیازی پێی هەیە تاكو لەپەنای ئومێد و گەشبینی بە ئێستا و داهاتووی لە بونیادی خۆیدا فۆرمەڵەی بكات، سەرباری ئەوەی پێویستی بە ئازایەتی هەیە بۆ وەلانانی ترسەكان، لەهەمانكاتیشدا پێویستی بە پڕۆڤە و بەردەوامی هەیە تاكو ببێتە بەشێك لە خوو و ڕاهاتن و لە قووڵایی نەستیدا جێگیر بێت. ئەودەم تەواوی بوونیادی وی بە كۆی هێزی دەروون و ڕووحییەت و ئەندامەكانی جەستەیەوە یەكانگیردەبن بۆ خزمەتكردن بە ویست و ئامانجە ئەرێنییەكانی و لەجێی ئەوەی بكەونە بەر هەڕەشەی لەپەلوپۆكەوتن، هەوڵ بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە كورت مەودا و درێژ مەودایانە دەدەن كە مرۆڤ وەك خەون و خولیا لە بیر و زەینیدا هەڵیگرتوون. هەڵبەت لەمیانی شەو و ڕۆژێَكدا نا، بەڵكو لە زەمەنی تایبەتی خۆیاندا.
دەبێت مرۆڤ لەو ڕاستییە زانستییە ئاگاداربێت كە هەر ئەندامێكی جەستە ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر بەكارنەبرێت و سوودی لێوەرنەگیرێت، ئیدی بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لەكار دەكەوێت.
بەڕای نووسەری ئەم كتێبە، ترسەكانی مرۆڤ ئەمانەن: ( ترس لە وتاردانی ناو كۆمەڵ، ترس لە وەڵامی نەخێر، ترس لە گۆڕینی پیشە، ترس لە پێدانی هەواڵی ناخۆش بە بەڕێوەبەر و بەرپرس، ترس لە قسەكردن لەگەڵ بەرپرس و خاوەن پلە باڵاكان، ترس لە شكست ). ( ل 139 – 140 )
ئەو چەشنە ترسانەشی لە میانی گفتوگۆكردن و بەركەوتنی لەگەڵ كەسانێكی زۆردا لەناو چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەدا پۆلێن و دەستنیشانكردوون.
*
لە رووانگەی ئەزموونی ژیانەوە, توانستی هێزی مەعنەوی و ئیرادە بەیەكێك لە پێداویستییە لەپێشەكانی مرۆڤ دادەنرێت. تەنانەت لە ڕووانگەی ئایینی ئیسلامەوە باوەڕِداری بەهێز لە باوەڕداری لاواز بەپەسندتر پێناسەی بۆ كراوە. هەروەك لە یەكێك لە فەرموودەكانی نێردراوی خودا ( محەمەد – دروودی خوای لێ بێت ) دا باسی لێوەكراوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە تاكو لەلایەك بتوانێت بە سەربەرزییەوە ژیانی مەعنەوی و كۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی تێبپەڕێنێت. لەلایەكی تریشەوە بەهۆیەوە بتوانێت ئەو پەیامە بپاریزێت و بەرز ڕابگرێت كە باوەڕی پێی هەیە.
جارێك لەشوێنێكدا وتەیەكی جوانی نووسەرێكم خوێندەوە كە وتبوی: " پێویستە تۆ بەهێزبیت، چونكە ژیان جێگەی كەسە لاوازەكانی تیادا نابێتەوە. "
* تێڕوانین هەموو شتێكە، جێڤ كلر، وەرگێرانی: سامان عەبدوڵڵا، لە بڵاوكراوەكابی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، زنجیرە ( 857 )، چاپخانەی گەنج، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2019
تێبینی: ئەو وتەی و پەڕەگرافانەی لە كتێبەكەوە وەرمگرتوون و وەك نموونە لە وتارەكەمدا بەكارمهێناون، لەڕووی ڕێنووس و خاڵبەندی و داڕشتنەوە، پوختەمكردوونەتەوە. هەرچی ئەو ناوانەشە كە لە دووتوێی بابەتەكەمدا ناویان هاتووە, بەو شێوەیە نووسیومنەتەوە كە لە كتێبەكەدا تۆماركراون.