
مستەفا رسول
چاوی نووسەر
پاش بێ ئومێد بوون لە نەهاتنی مووچەی خانەنیشین گەرایەوە ماڵ؛ لە پەرتووکخانەکەی پشوویەکی دا؛ هاوسەرەکەی قاوەیەکی تاڵی بۆهێنا؛ هەوری خەم ناخی داپۆشی بوو ؛ بیری کردەوە گلەیی و نارەزایی ئەمرۆی خانەنیشان وە دواکەوتنی مووچەیان بکاتە کورتە چیروکێک ؛
لەپڕ لەشاشەی تلفزیۆنەکە نووسرا؛
بەپەلە دوای ۱۲ کاتژمێر وەستان لە نۆرەگرتنی شوفێران بۆ وەرگرتنی بەنزین بەلام بە هۆی نەمانی بەنزین بوو بە ئاڵۆزی و شەر لەنێوان شوفێران و خاوەن بەنزینخانەکە لە ئەنجام بەنزینخانە سوتێنرا .
بۆیە بریاری دا کورتە چیرۆکی بکا بە چیرۆک ؛ کێشەی گران بوون و خراپی بەنزین و بارگرانی لەسەر شوفێران و هاوولاتیان بۆ چیرۆکەکەی زیاد بکا.
لە قولایی ئەم خەیالە دابوو هاوار و دەنگە دەنگێک رایچلەکاند ؛ چووە دەرەوە تا بزانێ چی روویداوە ؛ بینی ژنان لە مالانیان هاتوونەتە دەرەوە نارەزای دەردەبڕن؛
کە بەم هاوین و گەرمایە پێنچ رۆژە ئاویان نایێ داوا دەکەن خەلک خۆپیشاندان بکەن .
لەگەل ئەندازیار رێبواری دروسێیان کەمێک راوەستاو؛ ئەوانیش پێکەوە هەندێک دەردە دڵی خۆیان هەڵرشت .
بەسەربادانێک چووەوە ژوورەوە.
کاتژمێر چواری دوای نیوەرۆ لە هەواڵەکان بڵاوکرایەوە کە چەند کەسێکی دەمامکدار دەست رێژیان لە دادوەرێکی شار کردووە دەم و دەست دادوەرەکە و هاوسەرەکەی کە لەگەلی دابوو گیان یان لە دەست دا . ئاهێکی قوڵی ساردی هەلمژی هەناسەیەکی گەرمی فرێدا؛
بۆیە بریاری دا بیرۆکەی چیرۆکەکە بگۆرێ بکا بە رۆمان .
پێنووسەکەی دەرهێنا چەند دێرێکی کەمی نووسی کارەبای ماڵ یان گوژایەوە کورەکەی چووە لای مولیدەی گەرەک و هاتەوە ووتی باوکە مولیدەکە تێکچووە تاکو چەندرۆژێکی تر چاک نابێتەوە.
لەم کاتەدا کاسترۆ کوێستانی هاوخەم و هاوپیشەی هات ووتی خۆت بگۆرە بابچین بۆ کۆمەلەی هزرو ئەندێشەی نووسەران .
کۆرێکی شیعر خوێندنەوەی پەشێو هەیە.
مستەفا رسول ۲۰۲۲/۷/٦
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ