
غەمگین بۆڵی
لە شوێنێکی پیرۆز تەقەتم کردووی، کە لە ژێر پەراسووەکانم ترپە ترپیەتی.
بۆم نووسی و چاوت خواری خوێندەوە
بۆت دوام و گەرمایی دڵم خستە ناو لەپی دەستە ساردەکانت
هەرچیم کرد، هەرچیم گوت، ئێستاش هەرچی دەینووسم؛ وەک حەبێکی ئێکسپایەرە و نیوچاوانی گرژت هێور ناکاتەوە.
بێسوودە!
تۆم کردە تاقانە
لەبەرزترین ناشوێنم دانایت، کە دڵمە.
لە هەوای سافی خۆت تێنەگەیشتی.
پەرژینم کردی بە برژانگی چاوانم، نەمهێشت و نەمهێشتووە بەبێ تۆ لە هیچ گفتۆگۆیەک ناوت ڕەش بکەن.
ئەو لافیتە ڕەشانە دیواری ماڵەکەت دەشارێتەوە، دەتبینم و دڵنیانیم زۆر ئەتووی..
لە پشت هەر قەرەباڵغییەک بیت دەتناسم
ئاشنام بە جوڵەی سێبەریشت.
تاقەتم ئاو ئاو چوو
ناتوانم بەدوای سێبەرت ڕابکەم
دەوەستم
لە چەقی خۆم.
قەیناکە دوور بکەوە، وەک ئەو پەڕەسێلکەی بۆ بەهارێک هات و ڕۆیشت
ئەو هەموو بلۆکانەت بۆچی کۆکردوونەتەوە، خانووی ئێمە هەر بەقوڕ ڕاستەقینەیە
بلۆکەکانت خڕ بکەوە، من یەک بلۆکم بەسە!
بۆ ئەوەی لە دووری هەرچی بووە و نەبووە
لە پەراوێزیان لەسەری دانیشم.