بەشێك لە شیعری : لێگەرێن ئەم نیشتمانە ببێتەوە بە نیشتمان..

شیعری: لینگستۆن هیۆز..

 وەرگێرانی: شوان عەباس بەدری

 

لە كتێبی ڕەش هەر وەك قووڵایی ئەفریقاكەی خۆم

لێگەرێن ئەم نیشتمانە ببێتەوە بە نیشتمان

لێگەرێن دووبارە ببێتەوە بە هەمان ئەو خەونەی كە بوو

لێگەڕێن ببێتەوە بە پێشڕەوی دەشت

و لەوێ ئازادی ئاڵاكەی بشەكێنێت

ئەم نیشتمانە هەرگیز بۆ من نیشتمان نەبوو

لێگەرێن ئەم نیشتمانە ئەو خەونە بێت كە

هزرجوانەكان لە ناو خەونەكانیان بنیاتییان نابوو

لێگەرێن ببێتە سەرزەمینی بەرفراوانی ئەشق و خۆشەویستی

سەرزەمینێك كە تێیدا نە پاشاكان بتوانن خەم سارد بن و

نە خێمەی زۆرداران تێدا دابمەزرێت

تا بەم جۆرە هیچ مرۆڤێك نەتوانێت

مرۆڤێكی بێدەسەڵاتتر لە خۆی بچەوسێنێتەوە

ئەم نیشتمانە هەرگیز بۆ من نیشتمان نەبوو

ئاە ، لێگەرێن سەرزەمینەكەم ببێتە سەرزەمینێك كە

تێیدا ئازادی بە تاجە گوڵینەیەكی دەستكردی نیشتمان پەروەری ناڕازێننەوە و

بۆ هەموو كەسێك دەرفەتێكی ڕاستەقینەی ژیانێكی ئازاد ڕەخساوە و

ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین پڕ بێت لە بۆنی یەكسانی

من لە ناو ئەم سەرزەمینەی كە جاری ئازادی تێیدا دەدەن

نە یەكسانیم بینیوە و نە ئازادی