
هۆشەنگ کەریم
ئەمڕۆ چوار شەممە ۲٠۲٤/٥/۱٥ لەکاتژمێر: ٤ ی پاشنیوەڕۆ ، لە هۆڵی ئوتێل هەولێری نێودەوڵەتی (شیراتۆن) ، ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ کۆڕی ناساندنی کتێبی (مێژوویەکی تر) بیروڕا و بۆچوونەکانی نووسەر و سیاسەتمەدار فوئادی مەجید میسری لەمەڕ چەند بابەتی مێژوویی و سیاسی وفەرهەنگی، لە دووتوێی گفتوگۆیەکی کراوەدا، لەگەڵ نووسەر ئازاد تۆفیق، د. ماجید خەلیل لەڕووی مێژووییەوە ڕێکخست.
کۆڕەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی لە میانەیان دکتۆر کاوە مەحمود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان و نووسەران و ڕۆشنبیران بەڕێوەچوو.
لە کۆڕەکەدا ئاماژە بەوەکرا (پەرتووکی مێژوویەکی تر) گفتوگۆیەکی کراوەیە لەنێوان فوئاد مەجید میسری نووسەر و ئازاد تۆفیقدا، چەند تەورێک لەخۆ دەگرێت، دیارترینیان مێژووی سلێمانی.
پەرتووکەکە ناوەکەی لەگەڵ خۆیەتی باس لە مێژوو دەکات مێژووی سلێمانی و مێژووی سەرهەڵدانی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید، شۆڕشی 14ـی تەمموزی ١٩٥٨ و بە تایبەتی مێژووی بزووتنەوەی چەپ و شیوعی و هێڵی نەتەوەیی و ململانێی نێوانیان و بزووتنەوەی چەکداریی لە کوردستان.
ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەکرد ناوەڕۆکی( مێژوویەکی تر) گێڕانەوە نیە بەڵکوو گەواهیدانە.
د.ماجد خەلیل مامۆستای زانکۆ لە باسکردنی ناوەڕۆکی پەرتووکەکە ڕوونیکردەوە ئەم کتێبە گەواهییە لەسەر مێژووی ئەدەبیات و کۆمەڵایەتی ئەدەبی و شانۆی کوردی و ئیسلامیی سیاسیی. پەرتووکی (مێژوویەکی تر) هەموو ئەو شێوە دەسەڵاتانەی کە لە کوردستانی باشوور هاتوونە کایەوە شوێنی بۆ کراوەتەوە بێگومان لە دیدێکی ڕەخنەییدا.
لە کۆتاییدا چەپکەگوڵی ڕێزلێنان پێشکەش بە فوئاد مەجید میسری کرا، چەپکەگوڵی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان لەلایەن هاوڕێ کوردۆ ساڵح لێپرسراوی مەڵبەند پێشکەش بە نووسەر کرا.



