سارا فەقێ خدر

بەھەورە ناوەختەکان بڵێ، لەگرمە نەکەون

تا بارانی پەیڤەکان تەڕم کا

با پەیڤەکان نم..نم ببارێن و

بۆنی گڵی رۆحت ھەڵمژم

نا، با بەخوڕ ببارێن

تا رۆحی شەقار..شەقارم شەڵاڵ دەبێ

زەمەنێکە ئاڵای تەوارم ھەڵکردووە و

بێئاگا ، عیشق تیرۆر دەکەم!

لەم پاییزە خامۆشەدا

حەزم لە ڕامانی سەر گەڵا وەریوەکانە و

تەرزەی پەیڤی سەوز ، بەڕێژنە داکا

تا جەستەی بووکەشووشەییم

پاک.. پاک بشوا و

ڕەنگی فریشتان بگرم

لەگەڵ تیشکی چاوانت تێکەڵ بم و

ببین بە پارچەیەک لە نوور

ئاوابین و ئەم زەمینە شێوێنراوە جێبێڵین!

لەم پاییزی تەمەدا

لەسەر گەڵا وەریوەکان دانیشتووم

ئەژنۆم وەک سروودەکەی دڵم، لە ئامێز گرتووە

لەگەڵ ئاوازە ھێمنەکانی ڕادەژێم !

    **