
موحسین ئاوارە
هەر مرۆڤە و دەكوژرێ
هەر مرۆڤە و بە دیل د ەگیرێ
هەتك دەكرێ .. پەتك دەكرێ
بە سۆندە و كێبلان بەر شەق دەدرێ
لە سەر كورسی كارەبا دادەندرێ
هەر مرۆڤە پەتی لە مل دەشەتێندرێ
هەر مرۆڤە و بەدلەیەكی پرتەقاڵی لە بەر دەكرێ و
لاشەكەی بێ سەر دەكرێ
هەر مرۆڤە و هاوسەرەكەی بە بێوەژنی سەر دەنێتەوە
یان لە پیاوێكی دی مارە دەكرێ
یان وەك دەسمایەی زۆرەملێیی شەڕ
یادەوەری هاوسەرێتیی و وێنەكانی ژیانی
ڕەش دادەگەڕێ
بەڵایەكە و پەتایەكە
بێ ئەوەی كێشە كێشەی ئەو بێ
***
لە سەر ڕكابەری دوو وڵاتان و زیاتر
هەر مرۆڤە و لە ماڵ و وڵاتی خۆیدا
ئاوارە دەكرێ
نازانێ بەو پەرتەوازییەوە
سەر بۆ كوێ هەڵـگرێ
جوانی و بژاردەی ماڵەكەی
بە تاڵان دەبردرێ
بێ ئەوەی كێشە كێشەی ئەو بێ
***
بینیم هاوار هاواریان بوو
پڕ بە پـێ ڕایان دەكرد
ئاوڕیان لە دواوەی خویان نەئەدایەوە
كەسیان نەوەستا لە بەردەم گریانی مندالێك
جگە لە دایكی
كەس گوێی نەگرت لە میاوە میاوی پشیلەیەك
لە نووزە و كرووزانی سەگێك
عاشقێك بە دوای گراوی خوی چاوی دەگێڕا
باوەشیان بە یەكا كرد و باڵیان گرت
منیش بە خەیاڵی دایكی كۆچكردووم
ڕووە و ڕووی چووم
لە پشتێم كرد و بۆی دەرچووم
شیعرێكیش پێی وتم
بێ ئەوەی كێشە كێشەی كەسێكیان بێت
ئەو هەموو وێنە تراژیدییانە هاتوونەتە سەر ڕێت
***
هەر مرۆڤە و نابینا و بێ دەست و بێ لاق دەبێت
گرفتاری ژیان و ماڵی خۆی دەبێت
بێ ئەوەی كێشە كێشەی ئەو بێت
***
مرۆڤە و لەم بەرە و ئەوانیش لەو بەر
نە دوژمندریان هەیە و نە خوێنگری یەكترن
نابێ تەبا بن و بە ئارامی بژین
بە ئاسوودەیی سەریان بخەنە سەر سەرین
هاڕەی دێ جامی پەنجەرەكانیان
دەتەقنەوە لە ژێر پێیاندا مین
ئەترسن بچن بۆ كێڵگەكانیان
گوڵە كراوەكان دادەوەرێنەوەوەك عومەری خاوەر بە سەر خونچەكان
لە ژێر پۆستاڵی ڕەشی شەڕدا دەپلیشێنەوە
خونچەكان .. خونچەكان ، وەك زەڕنەقووتە
بۆ دڵۆپێ ئاو دەنووكیان دەكەنەوە
بۆنی گوڵ و بارووت
لەم هەوارەدا دەبن بە هاوجووت
بەرگێك نامینێتەوە بۆ پۆشین
جگە لە ستەم و تاوانی ڕووت
بێ ئەوەی باخ و باخەوان
كێشەیەكیان هەبووبێ لە گەڵ كەسێكیان
***
لە بڕبڕەی مێژووەوە بۆمان هاتۆتە خوار
هەر داسە و ساو دەدرێ
هەر داسە و لە هەسان دەسوێندرێ
بۆ دروێنەی جوانكیلەكانی تازە فەریك
هەر داسە و ساو دەدرێ
هەر داسە و لە هەسان دەسوێندرێ
ڕەوسەی خەرمانی شەڕ دابین دەكرێ
***
ئەوە رۆژهەڵاتە .. یان تاریك هەڵاتە
هێشتا خوزەی جێماوی سەربازەكان
لە شەڕگەكاندا ژەنگی هەڵنەهێناوە
هەواڵی شەڕێكی دی ، تەڕو تازە
بە دەم ڕێگاوە
پەنچە لە سەر پەلاپیتكەیە و
لە سەر پێیە و وەستاوە