
کەس نەبوو تا پێت بڵێم :
ماڵی ئێوە دەکەوێتە کام گەڕەکی تەنیایی منەوە ؟!
دەکەوێتە کام سوچی بارانی ئەو شیعرەم ؟!
کەس نەبوو تا پێت بڵێم :
لەسەر ڕۆخی تەڕی من ڕامەوەستە
دەستێک لەسەر شانم دانێ
تا ئازاری تەماشا وشک دەکات !
نەکا جارێکی تر بخلیسکێیە ناو ژوورەکانی مێژوومەوە
نەکا جارێکی ترهەنگی شیعر پێتەوەداو
ئیشتیاقم داوێکت بۆ بنێتەوە !
بۆیە خۆم نقوم دەکەم لە خودا
ئێستا تۆش وەک ئەوان ،
هەر ڕۆژەی دەستێکم زیندە بەچاڵ دەکەی
هەر ڕۆژەی لەخوتبەی ئێوارەیەکی هیلاکدا
ئینجانەکانی تەمەن پڕدەکەی لەبەفرو
وەک نیشتیمان لەخاچی لەبیرچوونەوەم دەدەی !
بۆ دواین جار وەک شیعر تەماشام کەو ..
پیان بڵێ : پیاوێک هەبوو بەدزیەوە منی پڕکرد لەڕووناکی
پیان بڵێ :کەسێک هەبوو زەمەنی لێ دەتکاو
لە هێلانەکانی باکوری ئەودا
بەتەنیاخەریتەی ڕوخانی نیشتمان و برینەکانی منی ژنی تێداهەبوو !
ئێستاش ،
چۆن منت وەراندە سەر کوپەکانی شەوانی خۆت
ئاواش بم وەرێنە سەر کەپری ئێوارەیەک
ئێوارەیەک لەتاوسەکانی شیعر بچێت !!
ئێستا لەکوێ شەربەکانی یەقین بشارینەوە ؟!
خەریکە خۆڵی سێبەریشمان دەچێتە درزەکانی عەدەم
خەریکە حوزەیرانەکەی منیش دێت !
ئەی تاقانەی شیعروکەڵەکە بارانەکەی پشت هاواری من
لەمەولا بەشیعرنەبێ بەکێ بڵێم سوپاس ؟!
کەباخچەهات بەپێوە وەستا
وەک من مەکە !
با ، با خۆی بێ و دەست بەشان و ملی هەنارێکدا بێنێ
تا ڕۆژنامەی هەڵووژەیەک بەتەنزەوە باسی بکا !
منیش لەگەڵ چاڵەکانی دڵسافی خۆم و،
تەجەللای چۆڵەوانیم دەوەستین
ڕۆح دەکەینە کوپێکەوە
ووردە بزە هەڵدەدەینە بەرپێی شەهێنەکانی ئەوێ و
بەناو مەعبەدەکانی پیری پیاسەدەکەین
کەچی نەشاعیرێک لەوەرزی فڕینداو
نە ڕۆژنامەیەک لەگەڕەکی کوێرەوەری باسی دەکا
نەکەس دەزانێ ئێمە هەیـن !!