
فاتیح سەلام
،،،،،،،،،،،،
بەئێرەشدا ..
بەم بناری دەنگی تەپڵ و
زرەی دەف و
شمشێربازی و جمەی خەڵک و
سۆزی تەکیە و دەروێشەیشدا
بەم هەواره سیخناخە بە عەشقێ سپی لەترسی خوا
بەم نیشتمان و خانەخوێ
بەم کاروانسەرا و سەرەڕێ
بۆ پێشمەرگە و داڵدەی گەدا
بەم خەڵوەتگە دەم بە زیکر و
تەسبیح بەدەستە نوورانییەی
ماڵەگەورەکەی گەرمیانا
بەم وێستگە قەوقاغ و چڕەی
خوان و کانــی و دیوەخانا
بەم کۆسار و هەڵەتەی کۆڤان گوشیوا
بەم چەند ماڵەی نوقمی جوانی
لە سنگی خۆر دەرپەڕیوا
جووتێ سەنگوڵە شاباڵی رەش و ڕکن
داکشا بەم بونگەی شەنگ و پێدەشتەدا
سەرچۆپیان تیا گرتبوو
دابڕان و .. ڕەوە خێڵ و
ئەخشاڵی رەنجی بێوەری و
تارمایی نوتەکی مردن !
٭٭ ٭٭٭٭ ٭٭
دێتە بیرتان
کێ بوو وتــی ؟
جیا نابمەوە لەم هەناسە نێرگسیانەی
هێشتا ئیشکاوی شەونمیان
لەسەر روحی گەڵاکانی باخی دێ دا
چاوەڕوانی چەپکێ تیشکی سپێدەیە ئەفسووناوین
دانابڕێم لەمێرگی ئەم نزاخوانە
دەست هەڵبڕیوە سپیانەی
لە دوا وێستگەی کۆچێ ڕەش و
دەم لرفەی مەرگێ تەنیایین !
دەستبەرداری ئەم فرمێسکە سووتاوانەی بەر رەهێڵەی نەفرەت نابم ..
ناترازێم لە ئۆباڵی زمەی ئەم بانگ و سەڵایە
لە سۆگای ئەم تێکپژانەی کە دەڵێن
نسێوی خوایە
گەڕاننەوەی تەنیایی من هەڕۆژانێ بئ ئامانە
جێهێشتنی ئەم قریوە و زایەڵەیە
لام مەرگێکی لەسەرخۆیە و
پەڵەی شەرمە و پێم تاوانە
نەهاتییەوە
لەو ئۆغرەت وەک هەزاران گوڵی وەریو
بارانێ لە دیدەی پاک و
هەنسکی لەگەروو پەسیو
لەوێ لە جوگرافیای نامۆی
عەجاج و لم و بیابان
شکۆی هەرمانیت هەڵبژارد
ئەی سونبولی خۆنەویستی و
تەپلە سەوزە کەڵ ملەکەی
کامباخ و وێرانەی باوان
٭ فاتیح سـەلام ٭
۱۱/٤
ــــــــــــــــ
سۆگا / ماتەمی گەورە
کامباخ / وێرانە
قەوقاغ / قەرەباڵغ
سەنگوڵ / شتی ناشیرین و ئێسک قورس
رکن / قین لەدڵ
زمە / دەنگە دەنگی زۆر بەرز
کوڤان / ئێش و ئازار
ئیشکاو / دوا دڵۆپی ئاو
نەخشاڵ / کەل و پەلی ناوماڵ
زیپ / رۆژی ڕەشی ساڵ
نسێو / قەدەر
کامباخ / وێران و نغرۆ