سه‌باح ره‌نجده‌ر

 

 

خودا لە كانی دەستی خۆی

تێر ئاوی كردم و گەنم لە ڕوخسارم ڕوا

گیای نەمریی فريوێك بوو ئێمە خواردمان

*     *     *

ساڵەكان ماندوون و گۆرانی نیوە گوتراون

دیوانەكەم لەلایەك دادەنێم و داوا لە خودا دەكەم

ئەو چاكەیەم لەگەڵدا بكات

لە ڕۆژی لەدایكبوونم كۆچ و باربم

دارەبازەی بۆنخۆشیشم بەرز بكرێتەوە ناو ڕووناكییەكی بەهێز

ئەفسوونێك خەمڵیوە و میوە كۆ دەكەمەوە

لاباڵێكی مێش لە خۆشاویان نقووم دەكەم

دەستم بە سینگەوە گرت و هەڵم بڕی و هەڵم دا

هەواڵی بای جەنگی ناو چیاكانم پرسی

بۆنی پیس و ناقۆڵای لوولەی تفەنگم بۆ هات

خۆشی لە خۆم

ڕازی كەروێشكێكم نەشكاندووە

مێشێكیشم لەكەدار نەكردووە

قاچێكم لە ڕۆخی كەوتنەخوارەوە داكەوتووە

ئەنگوستیلەی حیكمەتیش

لە پەنجەم بەخەبەرە و دەڵێت

ئەم شەو بەیان زوو دێ و زیاتر لە جارێك بسووتێ

دەڵێی یەكەم جارە ژیان چەترم لەسەر هەڵدەدا

دنیا سەرەتایە و ساڵانیش پێڕەوكەن

شیعرزادەیەكی بە خانەی خودا ڕەنگاوڕەنگ بووم

بەناو خەڵكدا تێپەڕیم و لە خۆشییان پێ كژیم

ویستم دوا وشەیان لێ وەرگرم و دوا وشەشم ببیستن 

ڕوخسار گرمۆڵە ببوون

مردنیش بەردەوام ڕووی دەدا

بیرم لە ئاسمانی بە بازى ئەفسانەیی كردبووەوە و هاتبووم

گوللەی گیربوو لە زمانیان دەربهێنم

كوورەی ئەتۆمیش

وەك دەمی گڕكانێكی دامركاو دابخەم

تەم ڕێگای گەمارۆ دابوو

نارنجێك بووم

باران لە دار بەری دامەوە ناو چاڵی گوللەیەك

ورچێكی عۆل و حەپۆل دەمخوا

چەشنی نوێژ لەدایكبووم و نوێژی ئەستێران چاوانی خەڵك تاریكن

شەقام بریسكەدارن و تاریكایی جیهانیشم لەپێشە

پێویستە من ئارام بم

شیعر ئەندازەی ئازاری زەوی و بیرەوەری شوێنپێكان

كردوومت بە خوێنی پشتی خۆت

لە گۆڕستانی شادمانی ئاوێتەی خاكم كە

پێشەكیم بۆ كتێبی خوداوەندان و چەشنی نوێژ لەدايكبوون

درەختی بنەماڵەی شیعرى خانەدان

بە ژوور سەرمەوە شەرحی حاڵە

لە پەلكی یەكەمدا

كە تەختەڕەشی ڕەوانبێژییە بنووسن ئاوێنە گەورەكە

لە پەلكی دووەمیشدا پەیكەری سەركردە

دەڵێی یەكەم جارمە چاو بەرز دەكەمەوە ناو ڕووناكییەكی بەهێز

لە ئەستێرەیەكی نزیك ورد دەبمەوە

بێپەروایی هاتوچوونی بڵاچە

ئەو كاتە نەرمەی ماوە بۆ سبەینێ

هەڵقوڵانی ناخێك كوشتیان خانەدان و وریابوو نەمرد

بیركردنەوە لەو ئازایانەی دەبنە سرووشی دەمەزەردكردنەوەی شمشێر

لە یەكەم ئومێددا گەشە دەكەن

لە دوا ئومێدیش دەمێننەوە

بەم شێوەیە لە لەشێكدا ڕەنگ و ڕووم كرایەوە

زەوی بە هێمای پەنجە گەرم بوو

ڕەش و سپی ڕەنگی تەواون و لە چاڵی گوللەیەك

ڕستی بینینیان تێك پەڕی

مەترسیی دڕندەی تاهەتایییان تێپەڕاند

شیعر كردنی بە یەكەم ئومێد

ئومێدی دووەمیش هێشتان ڕوخساری پیشان نەداوین

پاراو و ئاشكرا لە خوێنمدا

هەناسەیان لەسەرخۆ خواردەوە

ئەوەیان بینی كە دەیانەوێ

*     *     *

مانگم خاو هەڵنەهاتووە

ڕووناكییەكی مایەوەی ناو قۆزاخە

دەستێكی لە برینم دا

كۆمەڵێك دەستنووسی تەواونەكراوی دامێ

بە تاسەوە ڕاما و فەرموو تەواویان بكە

لە ساكاریی توانیم بەم جۆرە بژیم

باران بەر لە بارینی

كۆپلەیەكی لە دەستنووسەكەی پێیداهاتبوومەوە

هەڵبژارد بۆ هەڵەچنی

لە ماتەمی بلیمەتان بگەڕێوە

خانەی شاكاری خودا ڕژاوەتە خانەكانتەوە

خوێنت بەرەو سووربوون دەڕوا و ڕاڕایی پاك دەكاتەوە

دەشزانم لەناو چاڵی گوللەدا دەبێ قەڵەمكێشی

خاڵی سەر ڕوومەتی هەوری ڕێبوار و دیوانسەرا بكێشم

بەو گۆزەیەش بگەم كە سكاڵای لە جام دەكرد

گای ورووژاو بە نووكە قۆچێك تووڕی دابووە لاڕێ

*     *     *

بۆنی هێلكەی ڕووخۆشی ناو هێلانە

دەكەم و ختووكەی ترووكانی دەدەم

باڵندە لە واتا ڕووت نابێتەوە و دەكەوێتە باڵەپڕژێ

سوپاس بۆ خودا كەروێشك گۆشتخۆر نەبوو

ئەگەر پەنجەم لەسەر كاغەز

ڕاوی لە گۆمی لێڵ كرد

لێ دەگەڕێم مشكی دز بیخوا

چاوەڕوانی و بێزاریيم كەمتر دەبن

دەشمەوێ ئەو خەونانەی تێیاندا خەبەرم نەبووەتەوە

 زوو بیانگرم چارەنووسم تەواو دەكەن 

نەوەك سەریان لەبن باڵی شكاوی

نائومێدیی بنێن و لە دەستم دەرچن

چارەنووسم تەواو نەكەن

*     *     *

ئەو گۆزەیەی چاوەڕوانیم لەناوی دەپشكوێ

لەسەر پشتی ئەسپی لانك لە بۆسە ڕزگاركردوو  دانا

سروودی مەستان لە حاڵیان پرسیم

پێم لە عارد خشاند و لە میانەی دوو خەون

بووم بە ڕووەكخۆر

باڵندەش بەهەوام پەڕوباڵیان گرت

وێنەی منن ڕژاونەتە باخچە گشتییەكان

بە سینگی ئارامەوە هەناسە دەخۆنەوە

لە ڕووداوی لەدایكبوونم ڕازیم

شار نزیك بووەوە و درەخت بەناو باراندا هاتە لام

*     *     *

خودا لە كانی دەستی خۆی

تێر ئاوی كردم و گەنم لە ڕوخسارم ڕوا

گیای نەمریی فریوێك بوو ئێمە خواردمان

*     *     *

شیعرم گوڵەستێرەی خوداوەندن و شەڕی ئەفسانانی داگیرساندەوە

ژیانی لەوە باشتر ناژین

داواشم لە خاڵبەندی كردووە واز لە ڕاوەدوونانی ڕستە بێنێت

ئێستا هەر ئەوەندەم لەسەرە

لە نائومێدی نەترسم و بشزانم هەوێنی ئاسوودەیی نامەیێت

*     *     *

لەناو گەرمەی خەونێكدا ئەو ڕازەم دەستنیشان كرد

گۆڕستانی شادمانیم لە گوندەكەمە

گوندی بچووكی خودا و خوداوەندان 

ڕوخسارە لە یادكراوەكان و باڵندە تێیدا بەخەبەردێن

دار قەڵەمتۆز تەواو دەنگی منن

وەك برووسكە و دڵنیایی نیشتەجێبوون زیندوون

وەرن كلیلی دەرگای باخێكی گەردوونیم

لێ وەرگرن گڵۆپی تێدا دەپشكوێ

دنیا تۆ ناتوانی تێ بگەی جارێ زۆر منداڵی

چەك و

 گرەو و

 فەنەر و

 پەڕەمووچ دادەنێم و وچانێك

شتێكی سادە ڕوودەدا

ون دەبم و شوێنەكەم پێ نازانن

ژیان دەپارێزم و سەیری ئەو دەستانە دەكەم

كە گوشیومن بۆ تەوقە و دوا دەنگ و دوا بانگكردن

لە گۆڕەكەشمەوە لەخۆم دەڕوانم

بوومەتە گۆی زەوی بە چواردەوری هەموواندا گڕدەخۆم

ڕەنگ و تاج و ئەڵماسی سەرچاوەیەكی بەجۆشن

مانگ دەبینم دەژی

ئەسپی كێوی بە لالێوێكەوە سڵاوێك دەكا و یەكەم گزنگ

دەخاتە سەرپشتی و دێتە سەرەتای ڕێگا

دەپرسێ خودا

ئاسمانی بۆ باڵندەی خۆشبێژ یان فڕۆكەی بۆردوومان ڕۆشن كردووە

شیعریش نقێمی ئەنگوستیلە دەكاتە

بیرەوەرییەكی بەهێز و

خرمه‌ی پێی ئه‌سپ و

میلی كراوه‌ی ڕادیۆ و

ساوای نووساو به‌ سینگه‌وه‌

هەنگاوی ورچی عۆل و حەپۆلی پێ تێك دەدا