
حەمەسەعید حەسەن
درامای کۆشکی هەنار کە شەوانی ڕەمەزان لە (کوردسات) تیڤییەوە پێشکەش دەکرا، بە گۆرانییەک دەستی پێ دەکرد، تێکستەکەی ئیسماعیل محەممەد نووسیبووی، تێیدا دەیگوت:
سلێمانی زۆر شیرینە
(ئەوەی) جارێ ڕێی (تێ) کەوێ
شەیدای خاک و ئاوی ئەبێ
وەک من و تۆ خۆشی ئەوێ
ئەوەی هەڵەیە، ئەوی ڕاستە، تێ هەڵەیە، تێی دروستە، بەڵام کێشەکە هەر ئەو دوو هەڵە گچکەیە نییە، ئەوەیشە کە ئەو تێکستەدووبارەکردنەوەی شیعرێکی دێرینی (بەندەی دڵسۆزتانە) کە تێیدا گوتوومە:
سلێمانی
باژێڕێکە
لە بەخشین و دلۆڤانی
ئەوی جارێ
چاوی بە باڵای کەوتبێ
دەمودەست عاشقی بووە
ئەوی شەوێ
لە ئامێزیدا خەوتبێ
خۆی بەقوربانی کردووە.(١)
دزی ئەدەبی جۆری زۆرە، هەیە وشەکانت لێ دەدزێت، هەیە مانا، هەیە بیرۆکەت لێ دەدزێت، هەیە شێوازی نووسین، هەیە ڕستە شیعرییەکانت لێ دەدزێت، هەیە هیچت لێ نادزێت، تۆ چیت گوتووە، پێچەوانەکەی دەڵێت، کە ئەوەیش جۆرێکە لە دزی.
هەیە نەک هەر هیچت لێ نادزێت، بەڵکوو ددان بە تواناکانتدا دەنێت و بەڕێزیشەوە باسی بەهرە و داهێنانت دەکات. وەک نموونە: گۆران سەباح کتێبێکی بڵاو کردووەتەوە، ناوی لێ ناوە: چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین، منیش چونکە دەیان جار ڕەخنەم لە ڕۆمان گرتووە و لەو بوارەدا چەند کتێبێکم نووسیوە، پێم خۆشبوو، کتێبەکەی بیخوێنمەوە. سەیرم کرد، هەر لە سەرەتاوە نووسیویەتی:
"ڕەخنەگرتن لە ڕۆمان لەسەر دەستی حەمەسەعید حەسەن دەستی پێ کرد. پێش ئەو تەنێ لە شێوەی وتاردا، تاکوتەرا شت دەهاتنە نووسین لەسەر ڕۆمان. ئەوەیش لەبیر نەکەین، چەند هەوڵێکی ئەکادیمی هەبوون، بەڵام نەگەیشتنە ناو جەماوەر، هەر لە بازنەی مردووی ئەکادیمیدا سیس بوون.ئێستەیش هەوڵە ئەکادیمییەکان دیواری هۆڵێکی زانکۆ نابڕن، لە تۆزدا دەخنکێن.حەمەسەعید حەسەن فێری کردین، چۆن ڕۆمان بە هاوێنەیەکی ڕەخنەیی بخوێنینەوە. سەرەتایەکی باش بوو، هەرچەندە نیوەی کورد بوونە دوژمنی لەبەر ڕەخنەکانی. تکایە مەبنە دوژمنی ڕەخنەگر. باشبوونی حاڵی ڕۆمانی کوردی، تەنێ بە ڕەخنە دەکرێت."
گۆران سەباح کتێبی (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین)ی بەگشتی بە کوردییەکی جوان و ڕەوان نووسیوە، تێیدا پشتی بە دەیان سەرچاوەی جێی متمانەی ئینگلیزی بەستووە، بە کۆمەکی ڕێبازە ڕەخنەیییەکان، لێکدانەوەی بۆ چەندان ڕۆمان کردووە ولێزانانە قسەی لەسەر تەکنیکەکانی نووسینی ڕۆمان کردووە. نە پشتی لێ بکەرەوە و نە پاڵی لێ بدەرەوە، با تا ئێستا چەندان ڕۆمانیشت بڵاو کردبێتەوە، هیچ مەکە، جارێ بچۆ کتێبی: (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین)ی گۆران سەباح بخوێنەوە.*
لە ماوەیەکی کورتدا دوو کتێبی کەوتنە بازاڕەوە، هۆردووکیان بە وشەی (چۆن) دەست پێ دەکەن: چۆن ڕۆمان دەنووسرێ و چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین.(٢) ناکرێت نووسەر بین بوێر نەبین، نووسەر بین و ڕاستگۆ نەبین، بە ئاسمانی ئەو دوو کتێبەی گۆران سەباحەوە، ئەو دوو سیفەتە: بوێری و ڕاستگۆیی دوو ئەستێرەی درەوشاوەن. ئەوە ڕاستگۆیی و بوێرییشە کە شتێکی وا دەڵێت: "لێ گەڕێ با بەر لە چاپکردن، بە زمانی ڕۆمانەکەتدا بچنەوە، ئەگەرنا ئەوەی بڵاوی دەکەیەوە، ڕۆمان نییە، زبڵدانی وشەیە." هەقە نزیکەی هەموو ڕۆماننووسانی کورد، ئەم تێبینییە بەهەند وەربگرن.
چۆن ڕۆمان دەنووسرێت، ڕێنیشاندەری نووسەرە بۆ نووسینی ڕۆمان، گۆران سەباح کە لەو کتێبەیدا، هەر لە سەرەتاوە پێمان دەڵێت: "چی دەنووسیت گرنگ نییە، چۆنی دەگێڕییەوە گرنگە،" ڕاستی بۆ چووە، ئاخر نووسینی ڕۆمان، بە پلەی یەکەم بریتییە لە هونەری گێڕانەوە. یان کە دەڵێت: "سادەنووسین سەختە، ئاڵۆزنووسین ئاسانە،" ڕاست دەکات، ئاخر زۆرن ئەوانەی ئاوەکە لێڵ دەکەن، بۆ ئەوەی قووڵ بنوێنێت و دەستەکەیان نەکەوێتە ڕوو کە هیچی وای تێدا نییە. گۆران سەباح ناچار بووە، بنووسێت: "با هەر لاپەڕەیەکت چەند پەرەگراف بێت،" ئاخر ڕۆماننووسمان هەن، هێشتا نازانن پەرەگراف چییە، نووسینیان هەر لەوە دەچێت مافووریان ڕاخستبێت.
هەرچەندە "ڕستەی یەکەمی ڕۆمان دەبێت کورت و سەرنجڕاکێش بێت و پرسیار لای خوێنەر دروست بکات،" کەچی لای گۆران سەباح، ڕۆمانی (تەمی سەر خەرەند)ی شێرزاد حەسەن، خراپترین دەستپێکی هەیە، درێژە، بێ سەروبەرە، زمانەکەی خراپە و سەرنجڕاکێش نییە. لای نووسەر: "ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی پێویستیان بە ئێدیت هەیە،" ئیدی ئەو ئێدیتە، پێداچوونەوە، پوختەکردن، هەڵەبڕی، ڕاستکردنەوە، بژارکردن و کورتکردنەوەیش دەگرێتەوە. جێی داخە وەشانخانە کوردییەکان، نازانن خاڵبەندی بەری چ دارێکە و توانای ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕێنووسیشیان نییە.
گۆران سەباح کە هەر ڕەخنەی لەم و لەو نەگرتووە، ڕەخنەی لە خۆیشی گرتووە، زوو زوو دەنووسێت: بێو، واتا: بێت و یان دروستتر: ئەگەر بێت و. بێو فریام کەوە، ڕاست نییە، بێ و فریام کەوە، دروستە. نووسەر لەبری کات و شوێن، (کافشین) بەکار هێناوە، پێم وایە (کاتشوێن) گونجاوترە. هەیە لەسەری بدەن ناوکی سەموون ناخوات، ل٤٥ ناوی سەموون دروستە. زۆربەی ڕۆمانەکان لەبارەی خەڵکن. ل٤٠ خەڵکن هەڵەیە، خەڵکەوەن دروستە. (درز دەکەوێتە تەلارسازیی چیرۆکەکەت. ل٤٩) چیرۆکەکەتەوە دروستە. (هیچ پێوەندیی بەو نەبێت. ل٥١) بەوەوە دروستە. زۆرینەی نووسەرانی پایتەختی هەرێم، قەیرانی (ەوە)یان هەیە. سوتفە ل٧٤ هەڵەیە، سودفە دروستە، ئەم هەڵەیە لە پایتەختی ڕۆشنبیرییش بەربڵاوە.
بەرلەوەی ڕۆمانێکی نوێ بنووسیت، (چۆن ڕۆمان دەنووسرێ)ی گۆران سەباح بخوێنەوە! مەبەستم هەمووتانە، کەستانی لێ دەرناکەم، ئاخر کتێبەکە تژییە لە سەرنجی ورد و تێبینیی بەکەڵک و ئاگادارکردنەوەی لێزانانە و ناکرێت خۆمان بە رۆماننووس بزانین و ئەو کتێبە جێی بایەخمان نەبێت. چۆن ڕۆمان دەنووسرێ هەر بۆ نووسەری ڕۆمان بەسوود نییە، بۆ خوێنەری ڕۆمانیش سوودبەخشە، کتێبەکە پشتی بە چەندان سەرچاوەی دەوڵەمەند و نوێی بەئینگلیزی نووسراو قایمە، سەرچاوەگەلێک ڕۆماننووسانی کورد لێیان بێئاگان.*
لە عەوام وایە دوو جۆر ڕەخنە هەیە، بنیاتنەر و ڕووخێنەر، ڕاستییەکەی ئەم تێزە لە سەردەمی بەعسدا برەوی پەیدا کرد، هەر ڕەخنەیەکیان پەسەند نەکردبا، دەیانگوت ڕووخێنەرە، ڕەخنەیەکیش ستایشی کردبان، دەیانگوت بنیاتنەرە. ڕەخنە کە بە مانای هەڵسەنگاندن دێت، دۆخێکی پۆزەتیڤە، ڕەخنەیەکی باشی لە ڕۆمانەکەی گرتووە، بەو مانایە دێت، هەڵسەنگاندنێکی جوانی بۆ کردووە. ڕەخنەی ئەدەبی بایەخدانە بە بەرهەمی ئەدەبی و ناساندنی بەرهەمە ئەدەبییەکەیە، دوور و نزیک، کەم و زۆر قسە لەسەر نووسەری کارە ئەدەبییەکە ناکات، ئاخر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەقە ئەدەبییەکەدا، دەزووی کۆلارەی دەقەکە لە دەستی ئەدیبەکە بەر دەبێت. ڕەخنەگر کە بەرهەمێکی ئەدەبی بەسەر دەکاتەوە، بەوە بایەخی پێ دەدات و ڕێزی لێ دەگرێت، ئەوە بەهەند وەرنەگرتنە، ئەگەر ڕەخنە ئاوڕ لە بەرهەمێک نەداتەوە.
گۆران سەباح لە کتێبی: (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین)دا،(٣) بەشێوازێکی نوێ خوێندنەوە بۆ ڕۆمان دەکات، شێوازێک نە خوێنەری کورد پێی ڕاهاتووە، نە نووسەری کورد پێی ئاشنایە، شێوازێک کە پڕ بە مانای وشەکە، ڕچەشکاندنە. شێوازێک لەگەڵ پاشخانی فیکریی ئەوانەدا ناگونجێت کە هیچ پردێک نایانبەستێتەوە بە بزاڤی ڕۆشنبیریی دنیاوە. لایەنێکی گەشی هەوڵی ئەوەیە، وەک هەر نووسەرێک کە هەست بە بەرپرسیاری بکات، ڕووی دەمی لە خوێنەری هۆشیارە، ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە، نووسەران بەگەرمی پێشوازی لە ئیشەکانی دەکەن، یان نا. گۆران سەباح دەرکی بەوە کردووە، بزاڤی ئەدەبیمان لە بازنەیەکدا گیری خواردووە و خەریکی پاتەکردنەوەی خۆیەتی، بۆیە بۆ ئەوە دەنووسێت گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوەماندا بکات.
گۆران سەباح لەو بوارەدا کاری تێدا دەکات، خوێندوویەتی، خوێندنی باڵا، بەڵام لە خوێندن گرنگتر ئەوەیە، ئەوەندە پەرۆشی ئەو بوارەیە کە تێیدا چالاکە، هەر دەڵێیت شەیدای بووە، هەر ئەم هۆکارەیشە وای کردووە، بە جێپەنجەیدا ئیشەکانی دەناسرێنەوە. داهێنان ئەوەیە بەرهەمت لە هی ئەوانی دیکە جیاواز بێت، ئەو جیاوازییە کاتێک پەیدا دەبێت، وا بپەیڤیت پێش تۆ کەس وا قسەی نەکردبێت. بە کتێبی (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین)ەوە، ئەو تایبەتمەندییەی گۆران سەباح بە ئاسانی هەستی پێ دەکرێت.
گۆران سەباح وەک شارەزایەکی بواری ڕێبازە ڕەخنەیییەکان، لەبەر تیشکی گەلێک لەو ڕێبازانەدا، لێکدانەوەی بۆ چەند ڕۆمانێک کردووە، لەوانە: ئەلفیای ڕەزا عەلیپوور، کچانی دووکەڵ و ئاگری ئاڤە هوما، میرنامەی جان دۆست، داگیرکردنی تاریکیی بەختیار عەلی و ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرمی ئارام محەممەد. جێی سەرنجە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ (مرۆڤی هەرزان)یش کردووە کە خۆی نووسیویەتی. گۆران سەباح لەبارەی (داگیرکردنی تاریکی)ی بەختیار عەلییەوە دەنووسێت: "بەم کەموکووڕییانەی ئێستایەوە، هیچ وەشانخانەیەکی پرۆفیشناڵی بیانی چاپی ناکات." توێژەرەوە نیشانەی پێکاوە کە بەو نووسەرەی گوتووە: "درێژدادڕی هونەر نییە، کورتبڕی هەوە،" ئاخر درێژداڕی خەوشی گەورەی بەختیار عەلییە.
گۆران سەباح هەر قسەی لەسەر پلۆت و دایەلۆگ و چیرۆکخوان نەکردووە، تەنانەت ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندییشی فەرامۆش نەکردووە و کە بە پشتبەستن بە قوتابخانە ڕەخنەییەکانی وەک بونیادگەری، دەروونشیکاری، فێمینیزم و مارکسیزم، ڕۆمانەکانی هەڵسەنگاندووە، پرسگەلی نوێی ورووژاندووە و قسەی تایبەت بە خۆی کردووە. گۆران سەباح بە نووسەرێکی هەقبێژ دەزانم، نووسەرێک بوێرانە سەنگەری لە سەقەتنووسان گرتووە و سەرقاڵی ئەوەیە، جێ بە ڕەخنەی مارانە لێژ بکات و بناغەیەکی پتەو بۆ ڕەخنەی ڕاستەقینە دابنێت.*
(١) حەمەسەعید حەسەن، مانیفێستی خۆشەویستی ٢٠١٨ ناوەندی ئاوێر، هەولێر.
(٢) گۆران سەباح، چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین؟ وەشانخانەی کولتوور ٢٠٢٣ هەولێر.
(٣) گۆران سەباح، چۆن ڕۆمان دەنووسرێ، وەشانخانەی کولتوور ٢٠٢٢ هەولێر.
