
نوسینی/ شێخ سدیق
مۆمەکان دەکوژانەوە ،
من نەم دەتوانی
دەستیان بۆ بەرم ، دەترسام نیشتمان هەموی گڕبگرێت.
ماڵەکان دەکەوتن ، کەسێک نەبوو ، خشتەکان لەسەریەک دابنێتەوە .
با چەرداغی ڕەزو باخەکانی دەبرد
من لەدرزی دەرگا ژەنگاویە تەنەکەکەی ماڵەکەمانەوە سەیرم دەکردن
پشیلەیەک لەماڵی ئێمەدا ، ترەکی بوو،
پێدەچوو ، لەزەمانی قات و قڕیەکەوە ، نەنکە گەورەم هێنابێتە ماڵەوە ،
ئێستاش ڕۆژانی پێنج شەمان دەچێتە سەرگۆری نەنکە گەورەم و تێر تێر بۆی دەمیاوێنێ.
جارجار بەدزی دایکمەوە گۆرانی بۆمشکەکان دەڵێ
من تێناگەم ژیان چۆن بەتاریکیدا
خۆی ڕۆشن دەکاتەوە
ئیدی بەیانیەک
دایکم کەوتە تاریکی ئەودیوی ژیان
خوشکە بچوکەکەم گوتی لە ترسی توڕِەبوونەکانی باوکم ماڵەوەی بەجێهێشتووە .
لەوڕۆژەوە ،دەچینە گۆڕستان بۆ ناو نیشانی دایکم دەگەڕێین
ژنی دراوسێکەمان بەدزی خەڵکی گوندەکەمانەوە، گۆڕەکەی دایکمی پێگوتین
پێڵاوکانی مردوویەك لەسەر ڕەفەی تاتە شۆری مردوو شۆرەکە دانرابوو باوكم ئاوریدایەوە دزرابوو ،
باوکم ترسناک بوو، کاری مردوو شۆری دەکرد ،
هەرتەڵەسێمێڵێکی باوکم
پڕبوون لەچیرۆکی مردووەکان دایم دەمو چاوی گرژو مۆن بوو.
نەمدەوێرا پرسیاری لێبکه م
پڕ بوو لەخۆشەویستی بۆمن و خۆشکەکەم
بەڵام هەرگیز ئەوهەستەی دەرنەبڕی خۆشکەکەم وریا بوو ئەو نهێنیەی باوکمی ئاشکراکردبوو
هەموو جارێک دایکم دەیگوت
پیاوەکان بەئاشکراناگرین شەوان کاتێ دەخەون بەنهێنیەوە دەگرین.
من دەمویست دوای دایکم بمرم
بەدزی باوکمەوە هەموڕۆژێک دەچومە سەرقەبەرەکەی دایکم
باران زۆردەباری من لەگرمەی هەورەکان دەترسام دەچومە کونی ژورەوە
خوشکەکەم لەدوای دایکم لەباوەشی دەگرتم
ماڵەکەمان تاریک بوو ،
هە موو گڵۆپەكانم دادەگیرسان هەرتاریک بوو،
ئەوەندەسەیری بنمیچی ماڵەکەمانم کردبو
دەمزانی ژمارەی دارە ڕای سەربانەکەمان چەندە
ئەوەندە چوبومە گۆرستان بۆسەر قەبری دایکم ژمارەی مردووی گۆڕستانەکەم دەزانی و ئەدرەسی هەمویانم لەبەربوو.
تەنها ئەدەرسی دایکمم لێ ونبووبوو
لەبەردەرگای ماڵەکەی خۆماندا ، ئەوەندە چاوەڕوانی گەڕانەوەی دایکم بووم
ناوی هەموو منداڵ و ژن و پیروگەنجی گەڕەکەكەی خۆمانم دەزانی.
تەنها ناوی دایکم لەبیرچۆبۆوە
خوا هەمو ڕۆژێک بانگم دەکات ،
من دەڵێم تۆخوا وازم لێبێنە من کارێکی ترم هەیە دەبێت بچم بۆ ئەوێ
دایکم پێی گوتوم ئیشەکەت لەبیر نەچێت
لەوانەیە من ئێوارە بگەڕێمەوە
زۆر گریام ،
هۆی گریانەکەشم نەدەزانی چیە ؟
سواری ئەسپی تەروادە بوم
ئاوزەنگیم لێدا ، وەک بادەفڕیم
دایکم هاواری دەکردو دەیگوت
ئەوکارەمەکە
شەوێک بایەک لەگەڵ خویدا باوکمی برد
بەیانی شەبەق چوم لەکونی حەمامی ماڵە دراوسێکەماندا دۆزیمەوە
بەکوڵ دەگریا .
ئەوەیەکەم جارم بوو باوکم ببینم بگری
ولەو ڕۆژە وە منیش هەر کاتێ ڕەشابەیەک هەڵبکات لەگەڵ باوکمدا تێر دەگرین من لەترسی ئەوەی نەک ئەمجارەش باوکم لەگەڵ خۆیدا بەرێت و ئەویشم لەدەس بچێت بەڵام نازانم باوکم بۆچی دەگری
بەفرێک دەباری قەلەڕەشەکان
بەسەرماڵی ئێمەوەبوون .
قاژەقاژیان کۆڵانەکەی هەراسان کردبوو
ترسێک گیانی داگرتبووم
دایکم هەموو جارێک پێی دەگوتین ئەوقەلەڕەشانە بەوقومن ئەم ماڵەی ئێمە دەڕوخێت.
من دەترسام خانووەکەمان بەسەرمانا بڕوخێت و ماڵەکەمان تێک بچێت
کەچی من نەمزانی ئەوەی ماڵەکەی ئێمە دەڕوخێنێ قەلە ڕەشەکان نیە ئەو هیزەیە دەیەویت لە ناومان بەریت .
هەرئەوساڵە باوکمیان پێچایەوە بردیان من و خوشکەشم لەکەندووی ئاردەکەی دایکمدا خۆمان حەشاردا بوو . باوکم نەگەڕایەوە
ئیدی هەمو ڕۆژێک بۆ ئەدرەسی کوژراوەکان دەگەڕاین.
لەسەر دڵی باوکم نیشنانێک هەبوو. خەفەت ڕەش ڕەشیکردبوو ،
لەدوای مردنی دایم بازنەکانی دایکمی لەدەسکردبوو.
دوای دووساڵ ناونیشانی گۆڕێکیان پێداین
من وخوشکەکەم بەگریانەوه چووینە سەرگۆڕەکە هەموو ناونیشانەکانی باوکمی تێدابوو
دڵی بوو بوو بەگوڵێکی سورسور
بازنەکانی دایکم بووبوو بە یاقوت و دەبرسیکانەوە
پیاوێک پەیدابوو ، گوتارێکی لەسەر گۆرەکەی پێشەکەش کرد
ئێمە نەمان دەناسی ئەوڕۆژە زانیمان باوکمان شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی بووە
ئیدی پیاوە گوتار خۆێنەکەی سەر گۆڕەکەی باوکم بەیاننامە یاساغەکانی حزبی دایەمن تاکو لەسەردیوارو کۆڵانەکان هەڵی بواسم ئەوکاتە زانیم پیاوە گەورەکانی شۆڕش بۆ ناکوژرێن .
دارێک لەوحەشەی ماڵی دراوسێکەماندا هەبوو ، نەنکم دەیگوت تەمەنی ئەودارە نۆسەد سڵێک دەبێت. ناویان نابوو داری باداری
هەرکەسێک نەخۆشبوایە دەچوون نزایان لەلا دەکردو پەڕۆیەکیان لێدەبەست و دەپاڕانەوە چنێک پارەیان فڕێ دەدایە ژێر دارەکەوە
ماڵی دراوسێکەمان پشتاو پشت لەوخانوەدا دەمانەوە ، خێرو بەرەکەت بەسەریاندا ڕژابوو،
خاوەن ماڵی پیرەدار نەوەلەدوای نەوە لەشارەگەورەکان خانوی گران بەهایان دەکڕی و خزمەتی دارەکەیان پێدەکرد
ئەوجا زانیم گەوجی مرۆڤ ، مرۆڤەکانی خۆیانن
ئەوەندە ژیان
بەدوامدا ڕایکرد ،
من لێی بێزاربووم ، کراسە ڕەشەکانم پۆشی بۆئەوەی نەم ناسێتەوە ، گۆرانیم دەگوت بۆئەوەی لێم دورکەوێتەوە
ژیان بۆمن بەهایەكی نەبوو.
قەفه زێکی ئاسنین بوو ،
دواجار ژیان توڕەبوو، هەمووشتێکی تێکداو بایە توندەکە دەسی پێکرد هەردووکمان کۆتایمان بەیەک هێنا.
مردن ڕەنگی هەیە
بۆنێک جیاوازتر لەهەموو بۆنەکانی تر
گۆرانیەك هەیە بۆمردووەکان
تەنها مردووەکان ئەو گۆرانیە دەزانن
مردوو خەون دەبینێ
خەونی پەمەیی ڕەنگاو ڕەنگ هەندێک جار لەگەڵ قازو قوڵینگە کاندا ، تێکەڵ بەهەورەکان دەبن .
ئاو قسە دەکات گۆرانیش دەڵێ
تەنها مردووەکان لەزمانی ئاو دەزانن لەئاوازی ئاودا سەما دەکەن
شەپۆلی ئاو سیبەرێکی هەیە
لەڕەنگی قومری دا یە ، پڕ لەتیشکی ڕەنگاو ڕەنگە .
هەموو بەیانیەکی ڕۆژی پێنج شەمە سەرێک لەگۆڕەکەی دایکم دەدەدم
گوێم لەخۆڕەی ئاو دەبێت ، هەست دەکەم بەئاو مۆسیقا دەژەنێ .
بەئاو وێنەی مناڵی من و خوشکەکەم دەکێشێ.
جارجار پەرداخێک پڕ دەکات و دەیڕێژیت
ئای خوایەگیان دایکم بۆ وا دەکات
هەموڕۆژانی هەینیەک لەگەڵ دەرکەوتنی هەتاو دەچمە سەرگۆڕی باوکم
باوکم لەگەڵ ژیاندا گۆرانی دەڵێت
جارجار تورەیە ، به ژیان دەڵێ تۆ هیچیت پێ نەدام ، قەقنەست پێ نۆشیم
باوکم ئێستا گۆرانی بێژی گۆرستانەکەیە شەوانی هەینێ ئاهەنگیان بۆ سازدەکات
جار جار ناجارێک نوکتەیەک بۆمردووەکا ن دەکێڕیتەوە.
دەڵی بیرتان چووە من مردوو شوری هەموتان بووم نهێنی هەموتان دەزانم و بەدەنگی بەرز قاقایەک دەکات.
عێشق جوانیە لەخویدایە بتوێتەوە ،
تێکەڵ بونە بە بەڕەنگی ڕاستیە نەبینراوەکان
چەند مەستیەکی خۆشە کاتێک مەعوشەقەکەت لەنێو گڕ و ڕوناکیدا دەبریسکێتەوە ،
تۆ دەسوتێت و زیکری خوادەیە دەكەیت
حەلاج لەگەڵ تروسکایی خودایەکدا ، کوشتیان ئێستاش کۆڵانەکانی بەغدا ، ڕەنگی خۆێنی حەلاج دەنوسن اناحق
کاتێ خودا دەمرێت ، ئەوە دڵی مرۆڤە لەبێ مروەتیدا ، ژیان بەجێ دێڵێ و هەردەڕوات و اناحەقیەتی
دایکم ڕۆژی پێنج شەمەیەک پێی گوتم من
دڵی خودام لەدڵی خۆمدا کوشتووە،
ئێستاهەردوکمان انا حەقەکەی حەلاج دەڵێنەوە .