
ستار ئەحمەد
لەگریانێکا پێکەنیم
مردن ژیانی دەگۆڕی
پەلکەزێڕینەی ئەتاشی و
گەواڵەی دەکردە بەری
بەدوای خۆما
گوزەر گوزەر
کووچەم دەکردە سێبەرو
لەپەیکەری گیانما
وردە جەستەی خۆرم ئەدی
هەور سترانی شەوانەی
لەتوێی زامی خاکا دەچڕی
ڕێگا پەتی ڕۆژی دەبڕی
شوێنپێ هەنگاوی دەهاویشت
خۆر مانگی خستبووە سەر پشت
هەموو شتێک لەجێگەی خۆی هەڵدەلەرزی
چیاکان ئەستۆیان ورد بوو
هەڵدێرەکان هەڵدەکشان بەرەو بەرزی
تۆ لەسنگی تەرمێکەوە
من لەدەمی کرمێکەوە
گڵمان دەرخواردی شەو ئەدا
تاریکی ڕۆژی دەتاران
گزنگ هێدی دەتوایەوە
خۆڵ دەبووە دیدەی باران
مەلێک لاسکێکی هەڵدەگرت
چڵێک لانەیەکی هەڵدەپورکان
زەوی بەگڵکۆ ئاوس بوو
مردن خەمی کردە بورکان
بەلوتکەی سەرما هەڵکشام
دونیا سروشتی هەڵدەخست
تیشک شەوگاری هەڵدەکۆڵی
سپێدە مانگ و ئەستێرەو
کۆرپەی بانەڕۆژی دەکوشت
سەحرا چاوانی دەرپەڕی
مەرگەسات بووە سەنگەری
تریفە شەرمن هەڵوەری
نەدڵ سۆزی لەناخ ڕووا
نەتۆ بوویتە تەرمی پەری