لەناو کام دڵۆپە ئاوی؟

تۆ سەرزەویت چۆڵ کردووە

هەرچی دڵە جێتهێشتووە

کام نهێنیت شاردۆتەوە 

ئاوا دونیا وەرگەڕاوە

چیا خۆی بە چیا دائەدا

گوڵ جێی خۆی بەجێئەهێڵێ و

ئاو مەودا بە ئاگر ئەدا

بە دوای کام باخی بووندا ئەگەڕێی 

کاتێ کەوا دەرئەکەوی 

ئاوا کێوەکان ئەوەستن 

ڕووبارەکان کپ ئەبنەوە

بۆ کوێ ئەڕۆی 

کام یۆتوپیات گرواندووە

ڕێیەکان بەدوات ئەکەون 

کچان ئاوت بۆ ئەڕێژن 

دایکان نەزرت بۆ هەڵئەگرن

چ جەنگێکت ناوەتەوە

چۆلەکەکان ڕەوە ڕەوە سەر هەڵئەگرن

گیاکان سیس هەڵئەگەڕێن

تۆ ئەفسوونی بۆ کوێ بڕۆی

دونیا هەمووی دوات ئەکەوێ

 شەفەق لە سپێدە گیر ئەبێ

ئاسۆ لەنێو قووڵایی ئاسمان ئەخەوێ

— ئەوە منم  خۆشەویستی 

دڵی زەوییم پڕ لە ئیشق

چاوی فەزام پڕ لە جوانیی و 

دەمی بوونم پڕ لە گۆرانیی کردووە 

یاساو ڕێسای ئەم گەردوونەم

 لە نێو لەپم ڕاگرتووە 

ئەوەی دڵی پڕ لە ئاوازی من نەبێت

لە شەوە ساردەکانی ژیندا مردووە

ئەوە منم خۆشەویستی.

کەریم دەشتی