
قوبادی جەلیزادە
بەیانیان کەمن و ژنەکەم لەخەو هەڵدەستین
ئەو چاوی بە باوێشک دەشوا،
من لە پێخەفەکەداو لەناوسەبەتەیەکا ماچی ڕژاو خڕدەکەمەوەو
دەیخەمە سەرمێزی ناندینەکە.
خۆم قۆرییە چایەکە، کەپڕە لە گوڵە بەیبوون دەخەمە سەر ئاگری حەز،
ژنەکەم خەریکی شکاندنی ، باوی خۆرهەڵاتنە
خۆم شەکری شنە دەکەمە پیاڵەکانەوە
ژنەکەم خەریکیی تەڕ کردنی نانە، لەجوکە جوکی چۆلەکە
من کە سەری جێماستەکە دەکەمەوە گوێم لە باعەیەک دەبێ،
ئیدی دڵنیا دەبم کە ماستی مەڕە.
کەچەکوشی گۆرانەیەکی خالقی، کە وەک لۆکە نەرمە
؛
گوێزێک دەشکێنم،هەم گوێم لە هۆرەیەکی جافی دەبێ،
هەم سمۆرەیەک دەبینم، بەقەدی دارگوێزێکدا هەڵدەگەڕێ.
نەخۆشم.. ( نازدار)،
قەیماغ خواردنی لێ قەدەغە کردووم
بۆیە لەماڵەکەماندا، گوێمان لە بۆڕەی گامێش نابێ
لەگەڵ هەموو پاروە ماستێکدا، دەستو پەنجەی بێریوان دەبینم و
بۆنی گیای دەشتی (کۆیە)و
تامی گوڵەگەنمی (قەراج) دەکەم.
کە هێلکەو ڕۆنێ دەکەین، گارە گاری مریشک دەبیستین
لەوانەیە گارەی مریشکێکی ئەوروپایی بێ و
بە گەنمی ئۆکراین بەخێو کرابێت.
مەرج نییە هەموو سبحەینەیەک لەگەڵ هاوسەرەکەتدا نان بخۆی
ئەم بەیانییە لەگەڵ مێروولەیەکدا نانم خوارد،
کە بەسەر لەتێک نانی تیریدا هەڵدەگەڕا.