لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

ئەنتۆنیۆ نێگری، ناسراو بە تۆنی نێگری، فەیلەسوفی پۆست مارکسیستی ئیتالی ڕۆژی شەممە، ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لەتەمەنی ٩٠ساڵیداماڵاوایی کرد. نێگری دوای ئەنتۆنیۆ گرامشی، یەکێکە لەکاریگەرترین بیرمەندانی نیۆمارکسیستی ئیتالی لەجیهاندا. نێگری لە شەستەکان یەکێکبوو لەداهێنەرە سەرەکییەکانی ڕێبازی پۆست مارکسیستی لە ئیتالیا و پاشان ئەورووپا بەناوی "ئۆپێرایزم".

ئەنتۆنیۆ نێگری

سەردەمی دوورخرانەوە

لە ساڵی ١٩٧٩ بەتۆمەتی بەشداریکردنی لەکوشتنی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیتالیا "ئاڵدۆ مۆرۆ" تۆمەتبار کرا. دادگا لەم تۆمەتە بێ تاوانی کرد، بەڵام بە هۆی پەنابەربوونی لە فەرەنسەی سەردەمی فرانسوا میتێران بە غیابی زیاتر لە ١٧ساڵ زیندانی کرا. لەسەردەمی دوورخرانەوە لەفەرەنسە و وڵاتانی ئەنگلۆساکسۆنی، ناوبانگی جیهانی بەدەستهێنا. لەساڵی١٩٩٠ لەگەڵ مارکسیستی فەرەنسی، ژان ماریڤینسێنت، بڵاوکراوەی لایەنگر زۆری "فۆتۆر ئینتەرییۆر"ی بڵاوکردەوە و تا ساڵی ٢٠٠٧، هاوکارێکی کارای بڵاوکراوەی فەرەنسی "مۆلتیتۆد" بوو.

  تا سەردەمی گەڕانەوەی بۆ ئیتالیا لە ساڵی ١٩٩٧، نێگری وانەی فەلسەفەی لە زانکۆی های پاریس، بەتایبەت زانکۆی ڤینسێنت و کۆلێژی نێودەوڵەتی فەرەنسە وتەوە. بەگەنجی وەرگێڕوشرۆڤەکارێکی بەناوبانگی بەرهەمە قانوونی و سیاسییەکانی هیگڵ بوو و کتێبە ناودارەکەی "دەسەڵاتی دامەزرێنەر" یان "هێزی دامەزرێنەر"، بەدەقە کلاسیکییەکانی فەلسەفەی قانوونی و سیاسی کۆتایی سەدەی ڕابردوو لەقەڵەم دەدرێت و کتێبە هاوبەشەکەی لەگەڵ فەیلەسوفی ئەمریکی "مایکڵ هارت" بەناوی "ئیمپراتۆری" لە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاو کرایەوە، زیاتر لەملیۆنێک نوسخەی لێفرۆشرا. 

نێگری، قەیرانی چەمکی پرۆلیتاریا و گۆندەریسە

فەلسەی سیاسی پانتایی چالاکی هزری نێگری بوو و پرسی سەرەکی کە زیاتر لەهەمووشتێک زیهنی سەرقاڵکرد، پەیوەندی بوونناسی و سۆبێکتی ڕزگاری دوای قەیرانی چەمکی باوی پرۆلیتاریا بوو، نێگری لەبیرمەندانی فەرەنسی دۆڵۆز، گوئاتاری و فۆکۆ لەحەفتەکانەوە بۆئێرە،زیاتر نزیککردەوە.

"مۆلتیتۆد" یان "بێشوماران" چەمکێکە نێگری بەپشتبەستن بەسپینۆزا بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانەکە، چەمکی پرۆلیتاریای باوی داهێنا. نێگری دەیگوت بۆیە چەمکی "مۆلتیتۆد"ی کردووەتە جێگرەوەی پرۆلیتاریا یان چینی کرێکار، چونکە لەئێستادا "چەمکی چینی کرێکار زۆر سنووردارە و بەگوێرەی سڕینەوەی چینەکانیترو بە پێچەوانەیانناسێنراوە"، هەر چەند نێگری پاتەی کردەوە ئەم جێگرتنەوەیە بەم مانایە نییە چینی کرێکاری پیشەسازی کاریگەری خۆی لەدەستداوە. بەڕای نێگری، ئەم بژاردەیە واتا "کرێکاران لەمۆلتیتۆددا هیچ دەستکەوتێکی سیاسی و تایبەتییان سەبارەت بەچینەبەرهەمهێنەرەکان نییە. بە پێچەوانەی چەمکی باوی چینی کرێکار، مۆلتیتۆد چەمکێکی کراوە و فراوانە و کامڵترین پێناسەی پرۆلیتاریا دەخاتەڕوو. واتا: هەموو ئەوتاکانەی لەژێر قانوونی سەرمایەدا، کاردەکەن و بەرهەم دەهێنن"، چونکە "شێوازی بەرهەمهێنانی پۆست پیشەسازی" کە لەسەر "سەرمایەی فیکری" یان بەلێکدانەوەی مارکس گۆندەریسە لەسەر "ڕای گشتی" بوونیاتنراوە، "هێزی بەرهەمهێنانی کاری ڕاستەوخۆی بەیارمەتی هاوپێوەندی و هاوکاری کرێکاران زیاد دەکات".

گۆندەریسە و هەمەلایەنەی کەپیتاڵ

هاوشێوەی ئاندرێ گرێز، فەیلەسوفی نەمسایی – فەرەنسی، نێگریش لەکۆتایی نەوەدەکان دەرکی بەقەیرانی ئەم چەمکە کردبوو، بەڵام بەراورد بە ئەندرێ گرێز، نێگری لە "گۆندەریسە، دەستنووسە ئابوورییەکانی مارکس بۆ چارەسەری ئەوقەیرانە دەگەڕا، دوای مردنی لەسەدەی بیست بڵاوکرانەوە.

نێگری بەپشتبەستن بەوەرچەرخانی هێزەکانی کار لە کۆتایی نیوەی دووەمی سەدەی بیستدەیگوت، ئەم وەرچەرخانە دیقەت و ڕاستی پێشبینییەکانی مارکسی لەگۆندەریسە و جیاوازییەکەی بەهەڵەی گرینگی فیکری مارکس لەکتێبی سەرمایە دەربارەی دوو جەمسەریبوونی کۆمەڵگای سەرمایەداری دەردەخەن.

دەیەیەک دوای بڵاوکردنەوەی خوێندنەوەی سەرمایەی بەرهەمی لویی ئاڵتۆسێر(و خوێندکارەکانی)، نێگری وانەی وتارەکانی بە بانگهێشتنامەی خودی ئاڵتۆسێر، بەڕێوەبەری ئەوکاتەی ئەکادیمیای باڵای پاریس ("ئیکۆل نۆرماڵ سوپەریۆر") لەم دامەزراوەیەی تایبەتکرد بە گۆندەریسە کە پاشان لەبەرگێکدا بەناوی مارکس لەودیو مارکسەوە بڵاوکرانەوە.

مارکس لەودیو مارکسەوە کامڵترین وەڵامدانەوەی خوێندنەوەی سەرمایەی ئاڵتۆسێر بوو. نێگری لەم کتێبە دووپاتی دەکاتەوە کتێبی سەرمایە دەبێت لەژێر ڕۆشنایی گۆندەریسە دووبارە خوێندنەوە، هەڵەچنی و تەواوبکرێت. فەیلەسوفی ئیتالی سەرمایەی تەنیا بە بەشێک، بەشێکی نیوەچڵی شیکاری مێژوویی مارکس بۆ کۆمەڵگای سەرمایەداری دەزانی، کە پێیوابوو بەقووڵی لەژێر کاریگەری چەمک و گوتەزاکانی ئابووری سیاسی بۆرژوازی نووسراوە. نێگری بەراورد بەگۆندەریسە "لوتکەی هزرە شۆڕشگێڕییەکانی مارکس" دەخوێندەوە و بۆی زیادکرا کە مەبەستی لە"مارکس لەودیو مارکسەوە" لە هەقیقەتدا "گۆندەریسە لەودیو سەرمایە"وەیە.

لەڕوانگەی نێگرییەوە تایبەتمەندی شۆڕشگێڕی گۆندەریسە بەراورد بە سەرمایە لەوەدابوو کە پەردە لەڕووبەڕووبوونەوەی مارکس بەیەکەمین قەیرانە فیکرییەکەی دوای ئەزموونی شکستی شۆڕشی ١٨٤٨، هەڵدەماڵێت. نێگری تا دوابەرهەمی پابەندبوو بەم داوەری و ئەنجامی گرینگی فیکرییەکەی وەک کتێبی دەسەڵاتی دامەزرێنەر و بەرهەمە هاوبەشەکەی لەگەڵ نووسەری ئەمریکی "مایکل هارت" بەناوی "مۆلتیتۆدجەنگ و دیموکراسی لەسەردەمی ئیمپراتۆری.

ئەنتۆنیۆ نێگری لەژێرکاریگەری خوێندنەوەی گۆندەریسە هاوشێوەی ئەندرێ گرێز بەم خاڵە دەگات کە "لەڕەوتی دوادەیەکانی سەدەی بیستەم کاری پیشەیی [و بەگوێرەی پرۆلیتاریا] هەژموونی خۆی بەقازانجی کاری نامادی لەدەستدا" و مەبەستی نێگری لە "کاری نامادی" "وێنەیەکە لەچالاکی بەرهەمهێنان کە تەکنەلۆژیا نامادییەکانی وەک زانست، زانیاری، پەیوەندییەکان، ڕایەڵەکان یان تەنانەت کاردانەوە سۆزدارییەکان دەئەفرێنێت"، کە دیارە نێگری هاوشێوەی مارکس لە گۆندەریسە،وەک "کاری ڕاستەوخۆ" باسی دەکرد.

نێگری ئەوەشی تێپەڕاندووە و دەیگوت، شۆڕشی زانیاری لە بەرهەمهێنان وایکردووە لەڕوانگەی چۆنایەتی کاری نامادییەوە، بەگۆڕینی بارودۆخی کار بۆ "کاری هەژموونی" بگۆڕێت. پێیوابوو لە بارودۆخی نوێدا، "وەبەرهێنان چیتر سنووردار نییە بە بەدەستهێنانی بەهای زیادە لەسەربنەمای کاتی کاری تاکەکەسییان بەکۆمەڵ."نێگری پێیوابوو لەمەودوا وەبەرهێنان، دەستەبەرکردنی بەهای بەرهەمهێنراو بەرمەبنای کاری بەکۆمەڵ، کاری هاوبەشە. وەبەرهێنان دەستەبەرکردنی بەهای هاوبەشە و هەر بۆیە "زیاتر لە هەر کاتێکی، هەژموونی کاری نامادی سەرچاوەی ڕایەڵە و فۆرمە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکانە".

ئەندرێ گرێز بە پێی ئەو تێبینییانە دەیگوت، بەزاڵبوونی کاری نامادی لەپرۆسەی بەرهەمهێنان، تاکە کار، بەوشیوەیەی تیۆری بەهای مارکس لەسەرمایەدا باسیکردووە بەناوی کاری قابیلی ئەندازەگرتن، بەچۆنایەتیکردن، قابیلی جیاکردنەوە لە مرۆڤی کرێکار و قابیلی ئاڵوگۆڕ لەکاتی خراپبوون و لەناوچوون گەڕانەوەی نییە: "سێیەم شۆڕشی پیشەسازی هاوپێوەندییە باوەکان ناهێڵێت، جێگۆڕکێ بەسنوورەکانی ئاڵوگۆڕ دەکات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانهەڵدەوەشێنێتەوە."هەنوکە کرێکارانیش زیاتر لەدەرەوەی ناوەندی کار، بۆسەرچاوەکانی هاوپێوەندی دەگەڕێن. پێدەچێت گرێز کۆتایی کار، سەرمایەداری هاوچەرخی خستووەتە بەردەم ئاستانەی کۆمەڵگا یان شارستانیەتی تەواو جیاواز، چونکە "ئابووری نامادی ناتەبایە بەقانوونکانی بازاڕ کە بەردەوام بەدوای بەرهەمهێنانی مادییەوەیە بۆگەیشتن بە بەهای کاڵایی. ناتوانرێت زانیاری، ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی یان کلتووری بە هەمان شێوە بەرهەمبهێنرێت، کە ئۆتۆمۆبێل و سابوون بەرهەم دەهێنرێن".

rfi.fr