
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ، ڕۆمانێکی تری جیهانی و ژانرێکی تری ئەدەبی (ڤیکتۆر هۆگۆ-١٨٠٢-١٨٨٥)، شاعیر و نووسەر و ڕۆمان نووسی فەرەنسی- جیهانییە.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
گەشتێکە بەرەو مەقسەڵە. ڕۆمانێکی سیاسییە. یاداشتی کەسێکی سزادراوە بە سزای لە سێدارەدان.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
نووسەر لە میانیدا بۆچوونی خۆی لە سەر زمانی سزادراوێک دەردەبڕێت، لەبارەی سزای لە سێدارەدان.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
سەمفۆنیایەکی بە ئازار و خەفەتناکە.
هۆگۆ لەو شاکارە بەرز و بە نرخ و جیهانیەیدا،تەرجەمەی دۆخی دەروونێکی تێکشاو و دنیایەکی دڵ ڕەقمان بۆ دەکات.
ئەو ژانرە ئەدەبییە کەموێنە و بایەخدارە، بەرگرینامەیەکە لە مرۆڤ و ژیان.
نووسەر تێیدا بەرگری لە بنەماکانی ژیان دەکات لە دژی یاساکانی مەرگ.
دژی سزای لە سێدارەدان. سزایەک، نووسەر بە کارێکی هۆڤانە و تاوانی دەزانێت و سەرکۆنەی دەکات و داوادەکات ئیتر ئەو سزا دڵ ڕەقە لە کاربخرێت و کاری پێنەکرێت و بە ڕێگا و شێوازی تری مەدەنی و مرۆڤانە، ڕێگا لە تاوان بگرن و تاوانبار چاک بکەنەوە و بیهێننەوە سەر ڕاستەڕێی مرۆڤایەتی.
نەک بە دێوەزمەی مەقسەڵەی ترس و کابووسی مەرگ.
نووسەر بانگ لە گروهی بەنیادەم دەکات، کە ئیتر دەنگی نەخێر و ناڕەزایی و سەرزەنشت بەرزکەنەوە لە دژی سزایەکی وەها نا ئینسانی.
سزایەک، کە زۆرنالێبوردە و دڵڕەقە و دەرفەت نادات بە تاوانبار، تا دەست لە هەڵە و تاوان هەڵبگرێت و خۆی چاک بکاتەوە و دووباره تێکەڵ بە ژیان ببێتەوە.
سزایەکی بێ مانا و بێ بەزەیی. سزایەك، لە کاتێکدا بەجێ بەجێکردنی گیان بۆ کەسی کوژراو ناگەڕێنێتەوە و هیچ لە دۆخەکەناۆڕێت. کەواتا با لێنەگەڕێین کەسیترخوێنی بڕژێت و ژیان ببێتە پەتخانە و هەڵواسین و گۆڕەپانی لە سێدارەدان و کوشتنی مرۆڤ و ڕشتنی خوێن.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
ڕۆمانێکی قەبارە بچووکی کەمتر لە سەت لاپەڕەییە.
باس لەهەستی پاڵەوانی چیڕۆکی ڕۆمانەکەی دەکات. ئەو پاڵەوانەی نووسەرناوی ناهێنێت و ناسنامەی بە نەزاراوی دەمێنێتەوە. باس لە هەست و کاردانەوەی کەسی سزادراو بە مەرگ دەکا. سزادراوێک، لە دووا ڕۆژ و کۆتا چرکە و ساتەکانی ژیانیدایە.
چۆن بیردەکاتەوە؟ چ هەستێکی هەیە لە چاوەڕوانی مەرگدا؟ مەرگێک، خۆی بۆ لە بۆسەناوە و هەرچرکەیەک دەرفەت بێت، دێت و دەست دەنێتە گەرووی ژیانی و دەفتەری تەمەنی بۆ هەتا هەتایە دەپێچتەوە و پەڕەی گوڵی ژینی دەوەرێنێت و داری بوونی وشک دەکات.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
باس لەو چرکەساتانەی ژیانی کەسێکە، کە کابووسی ترس و دڵەڕاوکێ و بێ ئومێدی دایپۆشیوە.
چیرۆکی گرتن و ڕاگرتنی کەسێکە لە ماوەی شەش مانگدا، تا ڕۆژی لەسێدارەدانی. شەش مانگ، بە قەد سەت ساڵ درێژ لای سزادراو.
کەسێک، ئیتر هیچ شتێک ئەو بەو ژیانە نابەستێتەوە، جگە لە مەرگ.
ئەو ئیتر ناوی چووەتە ناو تۆماری مردووان و مافی ژیانی لێ سەندراوەتەوە.
هەستێکی تاڵ و بەسوێ و پڕ لە ترس دڵی دەگوشێت و لە هەمان کاتدا ئاگری حەزی خۆشەویستی ژیانیش لەناخیدا هەڵیکردووە.
ئەو کەسێکە، عاشقی ژیانە و نایەوێت جارێ بمرێت.
کەسێکە، داوای بەزەیی لە مرۆڤایەتی دەکات و تکا دەکات چانسێکی تری ژیانی پێ بدەن، تا دووبارە هەڵسوکەوت و هەڵەکانی ڕاست کاتەوە.
ئەو، پێمان دەڵێت: هەڵە بە هەڵە چارەسەرمەکەن. دەی با لە جیاتی تۆڵە، لێبوردەیی بکەین بە ماکی ژیان و پێوەری بوون و وەک پڕەنسیپێکی پیرۆزی مرۆڤایەتی پێڕەوی لێ بکەین و نەفرەتی کوشتنی مرۆڤ بکەین و چیتر هەمووان بڵێین مرۆڤ پیرۆزە و هیچ پاساوێک ناکرێت ببێتە هۆکاری خوێن ڕشتن و گیان لێ سەندنەوەی مرۆڤ و یاسی لەسێدارەدان هەرگیز چارەسەرنییە.
ئێمە بەو سزا دڵ ڕەق و نامرۆڤانەیە ناتوانین ڕێگری لە تاوان بکەین و ڕێژەی تاوان لە کومەڵدا کەم کەینەوە. سەیری واقع و مێژوویش کەن.
وڵاتانی پێشکەوتوو سزای لەسێ دارەدانیان لابردووە و ڕێژەی تاوان وکوشتنیش تێیدا تا ئاستێکی زۆر کەم دابەزیوە.
نموونە هۆڵەندا و سوێد و نەروێژ و فێنلەندا و ڵاتانی تری ئەوروپا، بەراوردی کە لە گەڵ ئەو وڵاتانەی یاسای لە سێدارەدان تێیدا جێ بەجێ دەکرێت.
نمونەی ئێران، چین، سعوودیاش کە تاپێش ماوەیەکیش سزای سەربڕین و دەست بڕینی مرۆڤی جێ بەجێ دەکرد. سەیری ڕێژەی تاوانیش کەن لەوێ و لەو وڵاتە عەرەبی و بە عەرەبکراو و ڕۆژهەڵاتی و ئیسلامییانەی یاسای سێدارەدان پێڕەو دەکەن. ئینجا بەراوردی کەن بەو وڵاتانەی ئەو یاسا نامرۆڤانەیە جێ بەجێ ناکەن و تاوانی کوشتن و دزین چەندە زیاتر ڕوو لە هەڵکشانە.
ئێمە دەبێ لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندن و خێزان و یاساوە، دووبارە تاک درووست کەینەوە، نەک سێدارە و ترس و تۆڵە و کوشتن.
دەبێ ئەو هۆکارانە بنەبڕ بکەین و لەناو بەرین، کە مرۆڤ دەکات بە دز و مرۆڤکوژ و تاوانبار. نەک ئێمەیش هەمان هەڵەی تاوانبار دووبارەکەینەوە و بکوژ، بکوژینەوە.
کۆشتنی مرۆڤ قێزەونە و هەرکەسێک و لە ژێر هەرپاساوێک بێت،
نابێ ئێمەش ببینەوە بکوژ و بکوژێک، بکۆژینەوە.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
ڕۆمانێکە، دەچێتە خانەی ئەدەبی زیندان. نووسەر تێیدا موعانات و ئازاری زیندانیان باس دەکات و لە سەر دۆخی دەروونی زیندانیان دەدوێت و هەوڵدەدات بڕوا بە خوێنەر بێنێت کە سزای لە سێدارەدان، سزایەکی نامرۆڤانەیە و پێویستە چیتر کاری پێنەکرێت و لاببرێت.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
چیڕۆکی سەردەمی هەڵ و مەرجی ژیانە لە فەڕەنسا.
باس لەو پارادۆکس و دژبەرانەی کۆمەڵی فەڕەنسای ئەوسامان بۆ دەکات، کۆمەڵێک، لێبوردەیی تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خاوەنی هێزن و دسەڵاتیان هەیه. بۆ خەڵکە هەژار و بەشمەینەت و بێ دەسەڵاتەکەیش، نالێبوردەیی یاسایەکی نەگۆڕ و جێگیرە.
ڤیکتۆر هۆگۆ لەو شاکارەمەزنەیدا، چیرۆکی سزادراوێک دەگێڕێتەوە، کە لە دواڕۆژەکانی ژیانی دایە و چرکەکان لە چاوەڕوانی هاتنی مەرگێکی حەتمی دەژمێرێت.
باس لە حاڵەتی دەروونی ئەو کەسەدەکات، بێزاری و نیگەرانییەکانی، خولیا و ئاواتەکانی، ئەوکەسەی تا دواساتەکانی ژیانی، عیشقی بۆ ژیان لە ترۆپکدایە و دڵی لە خۆشەویستی ژیان ناکەوێت و ئاواتەخوازە لێی ببوورن و ئەو سزا دڵ ڕەقەی لە سەر هەڵبگیرێت و بە کابووسی گیلۆتین و پەتی مەرگی نەسپێرن و چانسێکی تری ژیانی پێبدەن.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
چیڕۆکی مەنەلۆگی ناوەکی زیندانییەکە لەناو چوار دیواری زینداندا.
زیندانییەک، زیاتر لە پێنج مانگە بە جەستە و فیکر زیندانی کراوە و بڕیاری مەرگی بۆ بڕاوەتەوە و جگە لە بیرکردنەوە لە مەرگ، ئەو ناتوانێ بیر لە هیچ شتێکیتربکاتەوە.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
چیرۆکی سەرەمی هەڵومەرجی ژیانی وڵاتێکە، شەقامەکانی شەڵاڵی خوێن بوون. خەڵکی بە کۆمەڵ دەبرانە ژێر پەتی مەقسەڵە و لە سێدارە دەدران. فەڕەنسا، نیشتمانی گیلۆتین و لەسێدارەدان.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
چیرۆکی ژیانی کەسێکی سزادراوە بە مەرگ، لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانیدایە لە زیندان لە فەڕەنسا.
چیرۆکی کەسێک لە دوا وێستگەی بوونیەتی و ئیترکابووسی مەرگ دێت و کۆتایی بە پەڕەی دەفتەری ژیانی دێنێت و لاپەڕەکانی ژیانی دەپێچێتەوە.
کەسێک، لە ململانێیەکی سەختی دەروونیدایە.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
چیرۆکێکی بە سوێ و بە ئازار و ناخهەژێنە.
چیرۆکی ماڵئاوایی کردنی لە کچە بچووکەکەی.
دیالۆکی سزادراوە لەگەڵ قەشه، پاسەوانە دڵڕەکەی زیندان.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
مەنەلۆگێکی دوور و درێژی ناوەکی سزادراوە لەگەل خۆیدا، لە بارەی ئازادی و ژیان و مەرگ.
هۆگۆ لە ڕێگای ئەو ڕۆمانەوە ئیدانەی سزای لەسێدارەدان دەکات و داوای ڕاگرتنی ئەو سزا نامرۆڤانەدەکات.
بێگومان ئاوات و خەون و داواکاری نووسەر بەدی هات.
گەرچی ماوەیەکی زۆریش بێ دوای مەرگی ئەو، لە ساڵی ١٩٨١، ئەو سزایە لە فەڕەنسا بە یەکجاری لابرا و ئێستا لە بەشێک لە ولاتانی تر و هەموو وڵاتانی ئۆروپا کاری پێ ناکرێت و ئیلغاکراوە.
نووسەر زۆر بە تووڕەییەوە دەڵێ"ئەو یاسا توندە ماف بە کۆمەڵ دەدات شتێک لە مرۆڤ وەرگرێت کە ئەو پێی نەبەخشیوە".
نووسەر دەیەوێ هەست و سۆزی مرۆڤایەتی لە دژی ئەو سزا نامرۆڤانەیە بجووڵێنێت و چیتر بە هیچ پاساوێک و لەژێر هیچ ناوێکدا ڕێگە نەدرێت مرۆڤێک بکوژرێت،
ئەو موناقەشە و دەردەشەی ئەو ئاڕاستەیە دەکات، کە پشتگیری لەو سزا بێ بەزەییەدەکات و ڕەوایەتی بە کوشتنی مرۆڤ دەدات.
هۆگۆ داوادەکات لە بری سزای کوشتن و فیزیکی، سزای سایکۆلۆجی بدرێت و بە زیندانیکردنی هەمیشەیی تاوانبارسزا بدرێت نەک کوشتن.
دوایین ڕۆژی سزادراوێک بە مەرگ،
چیرۆکی زیندانە.
زیندانێک، بێئەوەی سەرەتاترین پێشمەرج و پێوەرەکانی مرۆڤ بوونی تێدابێ و زیندانی وەک مرۆڤێک مامەڵە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت و هەوڵبدرێت وای لێبکرێت بەخۆی دابچێتەوە و پەند وەربگرێت و هەلەکانی خۆی ڕاست کاتەوە و زیندان بۆی ببێتە قوتابخانەیەکی چاکسازی و دووبارە کەسایەتی لێ درووست بکرێتەوە، نەک زیندان وەک سەربازگەی کاری قورس و شوێنی سزاو ئازار و تۆڵەسەندنەوە سەیربکرێت و تاوانباریش وەک دڕندەیەکی بێ کەڵک.
دەبێ کۆمەڵ فەلسەفەی لێبوردەیی پێڕەوبکات، نەک تۆڵەسەندنەوە.
دەبێ تاوانبار هەوڵی چاککردنەوە و ئیسلاحکردنی بدرێت و یارمەتی بدرێت لەو دۆخەی تێیکەوتوە.
دەبێ دووبارە درووست بکرێتەوە و بەرەو باشی ببرێت، نەک بە سزای کوشتن سزابدرێت. ئەوە ڕێگای چارەسەری نییە و سزایەکی هۆڤانەیە و دەبێ چیتر مرۆڤایەتی سەرزەنشتی بکات و کومەڵ خۆی لێ بە دووربگرێت و بە یەکجاری ئەو سزا دڵ ڕەقەیە لاببرێت.
دیمەنی کوشتن و سزای لەسێدارەدان و توندوتیژی و خوێنڕشتن، کۆمەڵ دەشێوێنێت و هەستکردن بە ئازاری بەرامبەر و هاوسۆزی لەگەڵ بەرامبەر، خەفەدەکات و میهرەبانی لەناو دەبات و مەعنەوییات و ڕۆحی تاک لاوازدەکات و هەموو فەزیلەت و هەستێک لە دەروونی تاکدا دەکوژێت و دوواجار مرۆڤ دەکات بە ڕۆبۆتێکی بێ گیان بێ هەست.
لە سۆنگەی ئەو ڕقەی کە هەیەتی لە هەمبەر سزای لە سێدارەدان، پالەوانی ڕۆمانەکە بڕیاردەدات یاداشتەکانی بنووسێتەوە. بە ئومێدی ئەوەی کەسێک هەبێ لە دوای مەرگی ئەودا، بیخوێنێتەوە و لەو یاسا نامرۆڤانەیە یاخی بێت و دژی بووەستێتەوە.
هۆگۆ لەو شاکارە مەزنەی، بە شێوازێکی زۆر بەرز و جوان و هونەرمەندانە، لۆژیک بەکاردەبات، بە مەبەستی پشگیری کردن لە هەست و سۆزەکانی و دەستەواژە و گوزارشت و ڕستەی زۆر جوان بەکاردێنت تا پشتیوانی و هەستی خوێنەر بۆ لای تێڕوانین و بۆچوونی خۆی ڕابکێشێت.
ئەو شاکارەکەی بە زمانێکی هێندە جوان نوسیوە، خوێنەر هەرگیز هەست بە بێزاری ناکات لە کاتی خوێندنەوەیدا.
ڕۆمانێک، وا لەخوێنەردەکات هەست و بەزەیی و سۆزی بۆ سزادراو بجووڵێت و خەم و فرمێسک دایبگرێت و هەست بکات کە ئەو(خوێنەر) سزای مەرگ و لە سێدارەدانی بۆ بڕاوەتە.
هۆگۆ وەسفی دۆخی دەروونی و بیرکردنەوەی سزادراودەکات،
کاتی گەیشتنی بەزیندان وەک دیلێک.
دایەلۆکەکانی لە زینداندا.
خۆشەویستی و تامەزرۆیی بۆ ئازادی و ژیان.
ترس و دڵەڕاوکێ و خەم و فرمێسک و هەستەناخۆشەکانی لە بەرامبەر مەرگ.
بیرکردنەوە لە دوای خۆی،. لە دایک و باوکی، خێزانەکەی و کچەکەی، کە، زۆر بیری دەکات.
سزادراو پێناسەی ئەو زیندانییە نامرۆڤانە و هەڵسوکەوت و دڵڕەقی پاساوەنەکە و بێزەوەرییەکان و کارەسەختەکانی زیندانەکەمان بۆدەکات.
زیندانێک، تەنانەت پەنجەرەیەکیشی تێدا نییە تا تۆزێک تیشکی خۆری ئازادی و ڕووناکی بگات بە تاریکایی دنیای زیندانیکراوەکان.
زیدانێکی کۆنی لەوپەڕی خراپیدا. زیندانێک، سەرەتاترین مەرجی مرۆڤبوونی تێدانییە و وەک دیل و تاوانبارێکی جەنگ، مامەڵە لەگەڵ زیندانی کراو دەکەن. نەک مرۆڤێکی شکۆمەند و خاوەن ڕێز.
دیمەنی بەڕێکردنی زیندانی کراوان بۆ کاری سەخت، لە سەربازگەی سزا وکاری قورس لە شاری "تۆلۆن" لە فەرەنسا.
لەو مامەڵەخراپ و توند و نامرۆڤانەیەی لەگەڵ زیندانیکراواندا دەکرێت و بەهۆیەوە سزادراو بە مەرگ، دەچێتە حاڵەتی بوورانەوە و کاتێک هۆشی بۆدەگەڕێتەوە، خۆی لە نەخۆشخانەدا دەبینێتەوە. ئەو دۆخە دۆزەخی و نامرۆڤانەی وای لێدەکات ئاواتی مەرگ بخوازێت لە بەرامەر ئەو ژیانەناخۆشەی تێیدایە.
سزادراو بە مەرگ، لە نەخۆشخانەدا هەست بە تۆزێک ئازادی دەکات، بەڵام بیرۆکەی مەرگ وەک کابووسێکی تۆقێنەر بەردەوام لەگەڵیدایە و هەموو بوونی داگیرکردووە و لێی جیانابێتەوە.
ئیدی بیری ڕاکردن دەکەوێتە مێشکییەوە.
بیر لەو کاتە دەکاتەوە کاتێک لە درەوەی نەخۆشخانە و دیوارەکانی زینداندا، دەیەوێ بەرەو ئینگلتەرا ڕابکات و لە سەر سنوور پۆلیس داوای پاسەپۆرتی لێدەکات؟ خەونەکەی تێک دەشکێت و پپلانەکەی شکست دێنێت و ئاواتەکەی لە باردەچێت.
لە نەخۆشخانە گوێی لە دەنگی ئەوکچە دەبێت، کە گۆرانی دەڵێت. دەنگێکی زۆر خۆش و بەسۆزی هەیە و کاریگەری زۆری لێدەکات.
دمژمێر شەشی بەیانییە و پاسەوان دێتە ژوورەوە و لێی دەپرسێت چی دەخۆیت؟
لەو هەموو ماوەی لە زینداندا دووجار سەردانیکەری دێن.
یەکەمیان بەڕێوبەری زیندانەکە تا خۆی واپیشان بدات کەسێکی میهرەبان و بە بەزەییە و تا پێی بڵێ داواکارییەکەت بۆ لێبووردەیی ڕەتکراوەتەوە و لە سێدارەدانەکەت هەر ئەمڕۆ دەبێت و دوای کاتژمێرێکیتر بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایە، دەگەڕێمەوەلات.
دووەم سەردانیکەری، قەشەیە.
قەشە بەو مەبەستە هاتووە، تا پێی بڵێ هیچ لە دەسەڵاتی ئێمەدانییە و هەست بە ئازاری زیندانییەکاندەکەم.
کتژمێر٨:٣٠. عەرەبانەی گواستنەوە دەگات و سزادراو بە مەرگ لە زیندان دەگوزانەوە بۆ شوێنێکی تر. داوادەکات کورسی و مێزێک و پێنووس و تێنووسێکی بۆ بێنن.
کاتژمێر-١٠- بیری کچەکەی دەکات و لۆمەی خۆی دەکات بەوەی دوای مەرگی ئەو کچەکەی بێ باوک دەمێنێتەوە و لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە ڕووبەڕووی ناخۆشی و ئازاری زۆری ژیان ببێتەوە.
بیر لە مەقسەڵەی مەرگ، لە گۆڕەپانی بایکۆت و لە سێدارەدان دەکاتەوە.
بیر لە لێبووردن و لێخۆشبوون دەکاتەوە. هێشتا بە ئومێدی ئەوە دەژیت، سزای لە سێدارەدانەکەی ڕۆژێک دوابخەن، بەڵکو لێبووردنی بۆ دەربچێت و سزاکەی لە سەر جێ بەجێ نەکرێت.
وەلێ ئەفسوس، ئیتر دڵڕەقی ژیان و سزای مەرگ هەموو دەرگاکانی ژیانیان لەبەردەمیدا گرت و چاوی بەزەییان داخست و لێبووردەییان نەنواند و هیچ دەرفەتێکیان پێی نەدا، جارێکی تر بە شێوازێکی جیا و کەسایەتییەکی تری جیاوازتر لەوەی پێشوو ژیان بکات و وەکو مرۆڤێکی ساخڵەم و چاک تێکەڵ بە کۆمەڵ ببێتەوە.
ئیتر ئەو کۆتا چرکەکانی ژیان لە چاوەڕوانی مەرگدا دەژمێرێت و بە مەبەستی لە بیرکردنی ئەو ساتە دۆزەخییەی ئێستای ڕۆدەچێتە یادەوەرییەکانی ڕابردوو. سەردەمی منداڵی و گەنجێتی. یادگاری (بیبا)ی خۆشەویستی. ئەو کچەگەنجە ئەندەلوسییەی لە گەڵیدا پێکەوە لەوەرزی هاویندا خۆشترین ساتیان بەڕێدەکرد.
لەگەڵ ئەو بیرەوەرییانەیدا، بیر لەو تاوانەی خۆی دەکاتەوە. بیر لە ڕابردوویی و ئێستای. بیر لە ڕشتنی خوێنی مرۆڤێکی تر.
بیر لەویتری قوربانیی و خۆی تاوانبار.
بیر لە ژیانی ئاسایی خەڵک لە دەرەوەی دیوارەکانی زیندان و مەقسەڵەی مەرگ و چاوەڕوانی لەسێدارەدان.
بیر لەو ڕۆژەی ڕۆیشتنی بۆ کلێسای نۆتردام لە پاریس.
لە میوانخانەکانی شار.
کاتژمێر یەک و چارەگێکە و ٢کاتژمێر و ٤٥ خولەکی ماوە بۆ لەسێدارەدان. هەست بە ترس و ئازارێکی زۆر دەکات و
بیر لەو چرکەساتەی مەقسەڵەدەکاتەوە، دەبێ چۆن بێ، زوو یان درەنگ گیانی دەردەچێ لەکاتی جێ بەجێکردنی سزاکە؟ ئایه ئازاری زۆر دەبێ یان کەم؟
بیر لە پاشا و لێبووردن دەکاتەوە.
پاشا دەبێ بڕیارێکی لێخۆشبوون دەرنەکات و لێی خۆشبێت و لەو ترسە تۆقێنەرەی مەرگ و کابووسی سزای لە سێدارەدانە ڕزگاری بێت.
ئەو هێشتا بەو خەیاڵەدەژیت و چرکەیەک لەبارەی لێخۆشبوون لەو سزایە بێ ئومێد نەبووە.
لە پال ئەو ئومێدەیش دەزانێت دووا چرکەکانی کۆتایی هاتن بە ژیانی خێرا دەڕۆن و شەمەندەفەری مەرگ کەمێکی ماوە بگات و بە یەکجاری بارگەی ژیانی پێ بپێچێتەوە و گەشتێکی هەمیشەیی و بێ گەڕانەوەی بۆ عەدەم و دوور دوور پێ بکات.
بەر لە سێدارەدان، دەرفەتی دەدەن، کەمێک پشوو بدات و بخەوێت. دوا خەوتن، ئەوئیتر تەواو داری ئومێدی کرم لێیدەدات و
لە دوا ساتەکانی ژیانیدا(ماری)کچی دێت بۆ سەردانی.
لەگەڵ بینینی ماری، فرمێسک و خەم و نائومێدی دایدەگرێت و میلی کاتژمێر زۆر خێرا دەڕوات و سەعات بوو بە٣ و ئاگاداریان کردەوە لەوەی کات کۆتی هات و دوو جەللاد بەژوورکەوتن و سەریان تاشی و دەستەکانیان بەستەوە.
لە نێوان ئاپۆڕایەکی بێشووماری خەڵکدا، کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی سزاکەیان دەکرد، بەرەو گۆڕەپانی مەرگ و مەقسەڵەی لەسێدارەدانیان برد.
لەو چرکەساتەش هێشتا بێ ئومێد نەبووە و داوای لێ خۆشبوون لە کەسێک دەکات و ادەزانێ ئەو کەسە، قازییە. داوا دەکات تەنها پێنج خولەکیتر دەرفەتی ژیانی پێبدەن و چاوەڕێ بکەن.
بەڵکو لێبووردنی بۆ دەربکرێت. بەڵام ئیتر کەس گوێی بۆ ناگرێت و بەرەو مەقسەڵەی مەرگ دەبرێت و سەری لە لاشەی جیادەکرێتەوە.
لە کۆتاییدا بۆمان ڕۆنبوویەوەکە نووسەر لەو شاکارە مەزنەیدا،
ڕەخنەی دۆخی خراپی زیندانیان و مامەڵەی نامرۆڤەنەی زیندان و دەزگاکانی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی فەڕەنسا و گەندەڵی و نا دادپەروەرییەکانی و دەسەڵاتی کلێسا و بێ دەنگی و بگرە پیرۆزکردنی تاوانەکانی ئەو دەسەڵاتە لەلایان کلێساوە دەکات.
هەرەها ئیدانەکردن و ڕەخنەی توندی سزای لە سێدارەدان دەکات. سزایەک، دەبێتە هۆکاری هەڵوەشانەوەی خێزان و خەفەکردنی هەستی بەزەیی و لێبوردەیی لە دەروونی تاکدا.
سزایەکی دڵڕەق، کە چۆن خێزانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، لە دوای خۆی بێ سەرپەرشت و سەرگەردان جێ دێڵێت، دایکێکی بە ساڵداچووی نەخۆش، لەگەڵ ژنێکی نەخۆش و منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ.
سزایەک مرۆڤ بەو ئەندازەیە بێ ویژدان بکات و ڕۆحی لێبووردەیی و میهرەبانی لە ناخی دا بکوژێت و تۆی تۆڵەسەندنەوە و ڕق و سزا، لە دەروون و گیانی دا بچێنێت و
بیکات بە بوونەوەرێکی هێندەدڵ ڕەق، ئیدی دەرگای ئومێد و لێخۆشبوون و ڕەحمەت بە ڕووی تکا و پاڕانەوەی مرۆڤێکدا دابخات، کە تاوانێکی ئەنجام داوە و دەرفەتی نەدات جارێکی تر، هەناسەکانی ژیان هەڵمژێت و ببێتەوە بە کەسێکی بێ زیان و باش.