
شەماڵ بارەوانی
(لولیتا لە تاران دەخوێنێت) ڕۆمانێکی واقیعی (٥٧٦) لاپەڕەیی خاتوو (ئازار نەفیسی) نووسەری بەڕەگەز ئێرانی و تاراوگەنشینە.
ئەم ڕۆمانە، یەکەم چاپی لە ساڵی٢٠٠٣ لێ بڵاوبووەوە و دواتر بۆ (٣٢) زمان وەرگێڕدرا و توانی ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت و ئاستێکی بەرز و لە پڕفرۆشترینی کتێبەکان تۆمار بکات. بەپێی لیستی گۆڤاری (نیویۆرک تایمز) ئەو ڕۆمانە بۆ ماوەی (١١٧) هەفتە، ژمارەی پێوانەیی شکاند و پڕفرۆشترین بوو. هەروەها توانی چەندین خەڵاتی ئەدەبی بەدەستبێنێت و ببێتە هۆکاری ناوداربوونی نووسەرەکەی لەسەر ئاستی جیهان.
لولیتا لە تاران دەخوێنێت، ژیاننامەی خودی نووسەرە. تێیدا ئەزموونی ژیانی خۆی بە تایبەتی و دۆزەخی ژیانی خەڵکی ئێران بەگشتی باس دەکات و لە بڕگەیەکی زەمەنی و مێژوویی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدوێت و لاپەڕە تاریک و تاڵەکانی دۆزەخی ژیان لەو وڵاتە هەڵدەداتەوە. وڵاتێک، کە نووسەر لە ساڵی ١٩٩٧ بەهۆی تۆتالیتاریزمی حوکمی مەلالی و فشاری ئاخوندەکانی بەناچاری جێیدێڵێت. نووسەر لولیتای لە ناونیشانی ڕۆمانێکی شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆماننووسی ڕووسی (فلادیمێرنابۆکۆف)وە وەرگرتووە.
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی تۆتالیتاری دەکات.
لولیتا لە تاران دەخوێنێت، کارێکی ئەدەبیی مەزن و ڕۆمانێکی ناوازەیه.
ئازار نەفیسی تێیدا لە ئەزموونی تاڵی ژیانی خۆی دەدوێت لە ئێران، لەوکاتەی شۆڕشی ئێران چۆن دوای ئەوەی سەردەکەوێت و سیستەمی شا دەڕوخێت و لە شوێنیدا کۆمارێکی مەزهەبی و ئیسلامیی جاڕ دەدرێت، ژیان و ئازادی خەڵک لە لایەن ئاخوند و مەزهەبگەراکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و داوا لە ئازار و هەموو مامۆستاکانی تری زانکۆ و تەواوی ناوەندەکانی تری خوێندن و سەرتاسەری کۆمارەکە دەکرێت، لە ژن و کچەکان، کە دەبێت ئیتر باڵاپۆش بن و لەچک و پۆشاکی ئیسلامی بپۆشن. ئازار بەهۆی فشار لەسەر ژیانی و ئەو سەپاندنە بەزۆرییەی حیجاب و سەرپۆش، ناچار دەکرێت دەست لە پیشەی مامۆستایەتی هەڵگرێت و لە کەشێکی کابووساوی و پڕ لە ترس و تیرۆری حوکمی مەزهەبگەرایی خۆسەپێنەکاندا سەرکێشی بە ژیان و گیانی خۆیەوە بکات و ژیانی خۆی و ئەو حەوت قوتابییە بخاتە مەترسییەوە و لە ماڵەوە بنکەیەکی ئەدەبی دابمەزرێنێت و هەموو بەیانییەکی ڕۆژانی پێنج شەممە بەنهێنی و دوور لە چاو و چاودێری پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتی مەزهەبگەرایی و کۆماری ئیسلامی و دوور لەو کەشەی زانکۆ وانە بڵێتەوە. ئەو زانکۆیەی کە ئەدەبی تێدا بێ بەها دەکرێت و سانسۆر و فلتەر و هەڕەشەی دەخرێتە سەر و دنیایەک هێڵی دەستکرد و بتی ئایدیۆلۆژی و بڤە و تابووی مەزهەبی لە بەردەمدا قوتدەکرێتەوە و ئەدەب لە جیاتی ئەوەی ئاوێنەی ڕووداوەکان و ئایکۆنی جوانییەکان و دەرخەر و پیشاندانی ڕاستییەکان و ئافرێنەری تێگەیشتنە باڵاکان و بەرجەستەکەری ئێش و ئازار و نەهامەتی و خەمی ژیانی مرۆڤەکان بێت، بەڵکو بێ بایەخ و بێ بەها دەکرێت و لە هەرەمی پیرۆزێتی خۆی بۆ نێو توونێلی تاریکی مەزهەبگەرایی دەهێنرێتە خوارەوە و دەکرێت به پاشکۆ و خزمەتکار و کارمەندی فەرمانگەی ئایدیۆلۆژیای ئاخوندەکان و ئەرکگەلێکی لێ بار دەکەن و کارێکی پێ دەسپێرن، کە پێچەوانەی ئەرک و ڕۆڵ و پیرۆزی و پێگەی ئەدەبە. لەکاتێکدا ئەرکی ڕاستەقینەی ئەدەب کارلێککردنە لەگەڵ واقیع و بەرگریکردنە لە هزری ئازاد و ئازادی ویژدان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و کەشێکی لیبڕاڵانە. کەچی لە وەها کۆمارێکی مەزهەبی و تۆتالیتاریدا، سەرلەبەری شتەکان تەواو پێچەوانە دەبنەوە و هەموو ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەی دژی تۆتالیتاری و سەرکوتکاری و مەزهەبکارین و لەگەڵ زەوق و مەزاج و سەلیقە و ئایدیۆلۆژیای مەزهەبییانە و دیکتاتۆرییانە و تۆتالیتارییانەی پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتی عەمامەبەسەرەکان و کۆماری ترس یەکناگرێتەوە، دەخرێنە قەفەسی تاوانباری و لیستی ڕەشی لێپێچینەوە و بۆتەی قەدەغەکردن و یاساغ دەکرێن. ئیدی بەو شێوەیە ئەدەب فلتەر و دەمکوت دەکرێت و لە گوتنی ڕاستییەکان و لە دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی مەزهەبگەراکان و پیشاندانی سکانداڵەکان بێدەنگ و سەرکوت و زیندانی دەکرێت. زۆر تراژیدیایانە ئەدەب بێ ڕێزی پێ دەکرێت و دەکرێت بە کۆپییەکی کاربۆنی ئەو واقیعە قێزەون و ناشیرینەی کۆماری پەت و سێدارە. ئەو واقیعە هێڵنجهێنەرەی مامۆستا ئازار لێی ڕادەکات و نایەوێت هەرگیز ببێت بە بەشێک لەو مێژووە ڕەشە و لەو سەرکوتکاری و بێڕێزییەی لە بەرانبەر ئەدەب دەکرێت و دواتر ناوی بچێتە ناو لیستی ناپاکان و بەر نەفرەتی مێژوو و گەل بکەوێت. ئێ چۆن مامۆستا ئازار بەرگە دەگرێت و چیتر لە وەها زانکۆیەک(زانکۆی تەباتەبائی)بمێنێتەوە و وانە بڵێتەوە. ئەو زانکۆیەی لە سەردەمی شا، یەکێک لە زانکۆ هەرە پێشکەوتوو و لیبڕاڵەکانی تەهران بووە. ئەفسووس! ئێستا بووە بە زانکۆی کۆنەخوازی و دژایەتیکردنی ئەدەب و هزری ئازاد و لیبڕاڵییەت. نووسەر لەسەر زمانی مامۆستا ئازار لە بارەی ئەو دۆخە تراجیدیکەی بەسەر زانکۆکەدا هاتووە پێمان دەڵێت" چۆن مرۆڤ دەتوانێت بەسەرنجەوە لە وەها زانکۆیەک کاربکات، لە کاتێکدا کاری سەرەکی بەرپرسانی کۆلێژەکە لابردنی وشەی(مەی) بێت له چیرۆکەکانی (هەمنگوای). یاخود ئەولەویاتی کاریان ئەوەبێ خوێندنی (برۆنتی)لە کۆلێژەکە قەدەغەبکەن، چونکە بە تێگەیشتنی هەندێک لە بەرپرسەکان هانی سێکسی دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری(زینا)دەدات." ئیتر تا شکۆ و سەروەری بۆ ئەدەب بگەڕێنێتەوە و ئەدەب لە ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی دوور نەخرێتەوە و بە دووربێت لە بڕەڕ(مەقەست)ی سانسۆر و بڕین. مامۆستا ئازار بۆ ئەو مەبەستە لە ناندینی ماڵەکەیدا ئەو بنکە ئەدەبییە دادەمەزرێنێت تا پێچەوانەی پێوەری کۆیلایەتی و لاقەکردنەکانی دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی، بۆ ئەدەب و فیکر و قەڵەم و ئەقڵی ئازاد، وانەی یاخیبوونی تێدا بڵێتەوە و پێگە و ڕێز و بەها بۆ ئەدەب بگەڕێنێتەوە. کۆمەڵێک لە قوتابییەکانی سەردانی دەکەن و وانەی ئەدەبی تێدا دەخوێنن و گەنگەشە و دەردەشەی کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی دەکەن. لەوانە: ئەدەبی کلاسیکی ئێرانی و عەرەبی و چیرۆکەکانی هەزار و یەکشەوە، ئەدەبی کلاسیکی ڕۆژئاوایی، ڕۆمانەکانی مەدام بۆڤاری، دیسەمبەری کاهینێک، لولیتای فلادیمێر نابۆکۆف، سکووت فیتزجیرالد، جاین ئۆستن و هنری جەیمس و...تاد. تاوەکو لەو ڕێگەیەوە تۆوی وشیاری و نەزعەی تەمەڕڕود لە ناخ و دەروونی تاکەکان بچێنن و لە ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی واقیعی سەپێنراو و تاڵیی ژیان و کەشی تۆقێنەر و سیستەمی تۆتالیتاری ئاخوندەکان ببنەوە و وشیاری و ڕۆشنبیری بڵاوکەنەوە و لێنەگڕێن مرۆڤەکان چیتر ببن بە نێچیر و قوربانی دەستی ئەو سیستەمە مەزهەبییە دیکتاتۆرە و ڕادەستی مەرجەکانی دیکتاتۆرییەت و بنەماکانی تۆتالیتاریزم و خواستی پیاوانی ئایینی نەبن و بەرگریی بکەن. بە هەر ڕێگە و شێواز و لە هەر شوێنێک بێت ڕادەست نەبن و پێمان دەڵێت" مرۆڤ لە هەر شوێنێک و لە هەر سەردەمێک لە دایک بێت، ئەوە چارەنووسەکەیەتی، وەلێ ڕادەستبوون، یاخود ڕەتکردنەوە، ئەوە هەڵبژاردنی خۆیەتی". ئەو کە بڕیاری داوە هەرگیز پاشەکشە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی نەکات و ڕادەستی بیری کۆنەخوازی نەبێت و دەست لە خەونی ئازادیی هەڵنەگرێت، سەرەڕای هەرمەترسییەکیش بێتە سەر ڕێی. ئاخر ئەو چۆن وا بە ئاسانی ڕادەست دەبێت، لە کاتێکدا دەزانێت کە ڕێگای ئازادبوون و ئازادیی گوڵڕێژ نەکراوە و بە فەرشی سوور نەتەنراوە. ڕێگەی گەیشتن بە خەونەکان و بەدیهێنانی ئاواتەکان پڕیەتی لە هەورازی و نشێوی، تەژی لە تاڵی و ناسۆری و سوێرییە و لێوانلێوە لە بەربەست و ناخۆشیی. "کشانەوە بەرەو خەونەکانمان لەوانەیە ترسناکیش بێت، من ئەمەم لە ڕۆمانەکانی نابۆکۆف خوێندووەتەوە."
وەلێ وەک خاتوو ئازار پێمان دەڵێت بەردەوام لەنێو تاریکیدا، ڕووناکی هەڵدەقووڵێت. ڕووناکی ئەو ڕۆشنهزر و ڕووناکبیرانەی بەیداخی ئازادییان هەڵگرتووە و لە دژی هزری فێندەمێنتالیستی و هێزی تاریکی دەجەنگن و ڕادەستی ئەهریمەنانی تاریکپەرست نابن و لەپێناو ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەی ئەوانی تر، هەرگیز لە کۆشین و خەبات ناوەستن. ئازار ڕاستە لە زانینگە دەستلەکار دەکێشێتەوە، وەلێ ئەو هەرگیز دەستبەرداری خەبات لەپێناو ئازادییەکان نابێت و پێمان دەڵێت "ئێمە پۆلی تایبەت بە خۆمان دروست کرد، وەک هەوڵی ڕاکردن لە چاودێریکردنی چاوەکانی سانسۆر لە ژووری ژیان لەو کاتەدا. توانیمان سەرلەنوێ ئاشکرای بکەین کە ئێمەیش مرۆڤین و دەتوانین بژین و هەناسە بدەین، بەبێ سەیرکردن بەوەی دەوڵەت بەرەو سەرکوتکاری ڕۆیشتووە. ئامرازەکانیان هەرچییەک بێت بۆ ترساندن و تۆقاندنی ئێمە، ئێمەش وەكو لولیتا خۆمان بە دوور دەگرین و هەوڵ دەدەین لە دەروونی خۆماندا بە دوای گیرفانێكی بچووكی ئازادیدا بگەڕێین." ئەو، پێمان دەڵێت ئەدەب ئێنەرژییەکی سەیر و هێزێکی کاریگەری ئەفسووناوی هەیە بۆ وشیارکردنەوەی تاک و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاران و ئاخوندەکان و هەڵتەکاندنی کۆڵەگەی سیستەمی تۆتالیتاری.
لولیتا لە تاران دەخوێنێت،
چیرۆکی ئەزموونی ژیانی ژنێکه، لەناو سیستەمێکی سیاسی و ئایینی و مەزهەبی تۆتالیتاردا، کە زۆر سەراپاگیرانە، دەستی بەسەر هەموو کایەکانی ژیاندا گرتووە و هەموو شتێکی خستووەتە ژێر مەقەستی سانسۆرەوە و چاودێری وردودرشتی ژیانی خەڵک و بیرکردنەوە و نووسین و جلوبەرگ و خواردن و کەناڵەکان و ڕۆژنامە و گۆڤار و قەڵەمەکان و...تاد. دەکات. سیستەمێکی شموولی پۆپۆلیستی و پۆلیسی، کە ژیان لە سایەیدا هیچ نرخ و بەها و مانایەکی بۆ نامێنێتەوە. سیستەمێک، تێیدا مرۆڤ ئازادییەکانی لێ زەوت دەکرێت و دەست بەسەر سەربەستی و کەسایەتیدا دەگیرێت.
سیستەمێکی کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەخواز. لەو سەردەمی شۆڕشی زانست و زانیاری و تەکنەلۆژی و گلۆباڵیزەیشن و جیهانگیرییەدا، ژیان لەو سیستەمە دڵڕەقەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوپەڕی تاریکیی و دواکەوتوویی. خەڵکی لەسەر بیروبۆچوونی جیاواز، لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی، فێمێنیزمبوون، نووسین و پۆشینی جلوبەرگ، پێکهاتە ئایینییەکان و... تاد. دەخرێنە، بەندیخانە و دادگایی دەکرێن، لە سێدارە دەدرێن، ناسنامەیان لێ دەسەنرێتەوە، لە وڵات دەردەکرێن، یان ناچاری ڕۆیشتن و ڕاکردن دەکرێن. لەو وڵاتەی بووەتە زیندانێکی مەزن بۆ هەموو ئەوانەی نایانەوێ ئاخوندانە بیر بکەنەوە و بچنە ژێر باری فەتوای پیاوە ئایینییەکان و بڕیارە مەزهەبییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی. سیستەمێک، لە سێبەریدا رۆشنبیریی بەها و ئعتیبارێکی نەماوە. سیستەمێک، مەلالییەکان بوونەتە ڕەقیب بەسەر هەموو شتێکەوە. ئەو مەلالییانەی لە پێنووسی ئازاد و هزری ئازاد دەترسن و نایانەوێت مرۆڤ هۆشیار بێتەوە و هۆشیاری بۆ بگەڕێتەوە. ئەوان دەیانەوێت مرۆڤێکی مەسخکراو و موزەییەف دروست کەن.
مرۆڤگەلێکی مێگەلیزم و مەزهەبیی و ڕۆبۆتی و قورمیشکراو.
مرۆڤێک، هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێت، چۆنیان بوێت ئاوا لێی بخوڕن و بیجووڵێنن و کاری پێ بکەن. ئاخر مرۆڤێکی هۆشیار و تێگەیشتووی نامەزهەبیی هەڕەشەیە بۆ سەر ئەقڵییەتی ئاخوندەکان، بۆ سەر سیستەمی تۆتالیتاری مەزهەبییەکان، بۆ سەر دەسەڵاتی پیاوە ئایینییەکان. ئەو پیاوە ئایینییانەی بەرگی سیاسەت دەپۆشن و دۆزەخی ئایینیی ئەو دونیا، لە ژیانی ئەم دونیایە دادەگیرسێنن و بە ئاگرە بێ ئامانەکەی، ژیانی ڕۆشنبیران و جودابیران و ئەدیب و نووسەران دەستووتێن. ئەو ئاخوندانەی عەمامەی مەزهەبی لە سەری سیاسەت دەکەن و ژیانی مەدەنی و دیموکراسی پێ لە سێدارە دەدەن. لەو وڵاتەی خاتوو ئازارەکان ئازار دەدەن و هەموو ئاماژە و چرکەساتەکانی ژیان و جووڵەی مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکەن. لەو وڵاتەی "هەموو ئاماژەیەک خوێندنەوە و تەئویلێکی سیاسی بۆ دەکەن، تەنانەت ئەو ئاماژانە گەر تایبەتی و کەسیش بن. ڕەنگی لەچكەكانم و بۆینباغی باوكم بە نیشانە و ھێمای بەرەڵایی ڕۆژئاوا و سیمبولی ئیمپریالیزم لێکدەدەنەوە." و وەک ئاماژەگەلێکی ترسناکی دەبینن بۆ سەر ئەقڵییەتی مەزهەبی و دەسەڵاتی تۆتالیتارانەی خۆیان. ئەو پیاوە ئایینی و مەزهەبگەرایانەی ئازارەکان و گۆرانیبێژ و هونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیر و شانۆکار و سینەماکاران ناچاری خۆبەدەستەوەدان، یاخو زیندانیکردن، یان ڕاکردن دەکەنەوە و کونجێک لە وڵات بۆ ژیانی ئازاد و ئازادی مرۆڤەکان و هەناسەیەکی ئازاد بۆ ئازادیخوازان ناهێڵنەوە. ئازارەکان ناچار دەکەن دەست لە مامۆستایی بکێشنەوە. لەسەر گوێڕایەڵینەکردنی پیاوانی ئایینی و ئایەتولڵاکان گەنجەکان لێیان دەدرێت و دەچەوسێنرێنەوە و زیندانی دەکرێن." هەموو ئەو گەنجانەیان دەگرت کە گوێڕایەڵیان نەدەبوون، بە توندوتیژی ڕایاندەکێشان بۆ ناو ئۆتۆمبیلی پاسەوانەکان، دەیانبردنە بەندیخانە، جەڵدەیان دەکردن و سەرشۆڕیان دەکردن و تەوالێتەکانیان پێ پاک دەکردنەوە. مەگەر ئەوانە ئازاد بکرابانە کە تۆبەیان کردبا لەوەی چیتر سەرپێچی لە بڕیارەکان نەکەن."
لوولیتا لە تاران دەخوێنێت،
ژیانی ژنێکی وشیار و خوێندەوار و ڕۆشنبیر و کۆمەڵێک قوتابی بوێر و ئازایە. ژنێک، سەرەڕای مەترسی و تۆقاندن و بەربەست و ڕێگرییەکان، ڕیسک بە ژیانی خۆیەوە دەکات و ڕەتی دەکاتەوە بێدەنگی هەڵبژێرێت. ژنێک، مورەکەبی قەڵەمەکەی دەخاتە خزمەتی بیری ئازاد و هەڵتەکاندنی بنەماکانی تۆتالیتاریزم و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و هەڵدانەوەی لاپەڕەی چەواشەکاری و سکانداڵەکانی کۆمەڵی بە مێگەڵکراو و دەسەڵاتی تۆتالیتاری مەزهەبی و دیکتاتۆرییانەی ئاخوندەکان. ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارەی دەستی بەسەر ئازادی و بوونی هاووڵاتییەکانی داگرتووە و چەشنی کۆیلە و بارمتەیەک ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکات.
ماوەتەوە بڵێم، لوولیتا لە تاران دەخوێنێت،
ڕۆمانێکە، نووسەر لە میانیدا بەرگریی لە ئازادیی و خەونەکانی مرۆڤ دەکات و دەیەوێت سێبەری ئازارەکان لەسەر ژیانی ئینسان لابەرێت و تەمی دیکتاتۆرییەت لە ئاسمانی ئازادیی بڕەوێنێتەوە و پێمان دەڵێت مرۆڤ بۆ ئەوە هاتووەتە ژیان تا بژیت.
ژیانێکی شەرەفمەندانە و سەربەرزانە و ئازادانە. ژیانێک، هەمووان تێیدا ئازاد و کەرامەت پارێزراو و یەکسان بن. ژیانێک، کەس مافی ئەوەی نەبێت چیتر بە ناوی ئایین، مەزهەب، ئایدیۆلۆژیا و هەر شتێکی ترەوە ستەم لە مرۆڤەکان بکات و مرۆڤبوون پێشێل بکات و دەست بەسەر ژیان و ئازادییەکانیان دابگرێت و سیستەمێکی تۆتالیتارییان بەسەردا بسەپێنێت و مافەکانیان زەوت بکات و ژیانیان بکات بە ژەهر و بەندیخانە و دۆزەخ. لوولیتا لە تاران دەخوێنێت، چیرۆکی ژیانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران. لەو کۆمارەی کەسایەتی تاک دەسڕدرێتەوە و ناسنامەی مرۆڤبوونی لێ دەسەنرێتەوە. " لە کۆتاییدا هەموومان بووین بە نموونەیەکی جیا لە کەسایەتی خۆمان. نموونەیەک، کە کەسێکی تر دەیەوێت خەونی خۆیمان تێدا بە دی بێنێت. یەکێک لە توندڕۆکان (ئایەتولڵایەک) هات، بانگخواز و پاشا و فەیلەسووفێک هات، تا حوکمی زێدەکەمان بکات، بە ناوی ڕابردووەوە بۆمان هات..." ئەمەیە چیرۆکی کۆماری ئایەتولڵاکان. کۆمارێک، ڕێک دەڵێیت ڕۆمانی کۆماری ترس(جمهوریە الخوف)ی (کەنعان مەکیە)ی ڕۆماننووسی بە ڕەگەز عیراقییە، سەبارەت بە کۆمارەکەی( سەددام حوسێن)ی دیکتاتۆر. کۆمارێک، تێیدا ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو و عەقیدەی ئایینێکی دیاریکراو و مەزهەبی گرووپێکی دیاریکراو حوکمی تێدا دەکات و بەسەر هەموواندا دەسەپێنرێت. کۆمارێک، تێیدا لاقە و تیرۆری بیری ئازاد و قەڵەمی ئازاد و هزری ئازاد دەکرێت. بەو چەشنە، لە وەها سیستەمێکی تۆتالیتار و دەوڵەتێکی مەزهەبی و کۆمارێکی ئیسلامیدا، کاتێک ئازادی وەها بێ بایەخ دەکرێت و فەزای ئازادیی بە تەڵبەندی ترس و تیرۆر و تۆقاندن و پەتی سێدارە دەور دەدرێت و کۆتری ئازادیی تیرۆر دەکرێت، لە وەها کەشێکی تۆقێنەر و تۆتالیتاردا نەک هەر ئازادیی مرۆڤەکان زەوت دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت و ژن و کچەکان ناچاری لەچک و باڵاپۆشی دەکرێن، بگرە ئازار گوتەنی "دەبێت پەنجەرەی ژوورەکانیش پەردە بپۆشن".