بەرزان عەلی

 (1)

دەمنووسێتەوە وەکو ئەوەی لە نێو یادەوەرییەکانمدا

ژیابێت.

دوای مردنم هیچ یادەوەرییەک ناخەمە نێو تەرمەکەم

جگە لە شیعرێکی سەرهەڵگرتوو

شیعرێک کە مردنم دەنەخشێنێ و

بیرەوەرییەکانم چەشنی ملوانکە لە مل دەکات.

هەڵهاتنم لە مرۆڤ پێدەچێت سەرەتایی یاخیبوونم بێت

تاکە مرۆڤم دەمزانی بەر لە دایکبوونم ژینم دەمرێ و

لە گۆڕستانی شاهنشای شیعردا دەمنێژن.

شیعرێکی غەمگین کە نائومێدی لە باوەشیا ڕاکشابوو

بە دەم هەنسکی گریانەوە لە مەراسیمی بە خاکسپاردنم

ئەم شیعرەی خوێندەوە

شاعیرێکی غەمگین بوو

کاتێک لە ژوورەکەیدا ڕەشایی دڵی دەنووسییەوە

تەنهایی خۆی چەشنی گۆڕێک لە نێو شیعردا دەنەخشاند

کاتێک دەگریا

هێندە هەنسکی قوڵی هەڵدەکێشا

خەریک بوو ژوورەکەی شەق بەرێت.

لە نێو لێوەکانییەوە

ڕەشایی چەشنی سیگارێک شەپۆل دەدات.

لێگەڕێن با لە نێو ئەو کفنە ڕەشەدا بڕشێتەوە بەسەر ژیاندا تا پێی بڵێ مردنم خۆشتر دەوێت تا ژیانێکی فریودەر.

شیعرێکی کە تارمایی لە ڕۆحیا دەهات و دەچوو

چەشنی جادووگەرێکی بێ ناسنامە

خۆی هاویشتە نێو مەجلیسەکەوە.

بە دەنگی بەرز هاواری کرد:

هەموو شتێک دەبینم

ڕۆژگارێک وەک غەریبەیەک لە سوچێکی کتێبەکاندا دەژیا.

هاتبووم تا ژیانی شاعیرێک لە نێو تارماییدا بنووسمەوە.

وەک جاسووسێک ژیانیم دەبینی

گوناه بوو

شەوان لە بری نان تەنهایی خۆی گەرم دەکردەوە

باوەشی بەو شاعیرانەدا دەکرد

کە تەنها لە نێو شیعرەکاندا زیندوون

زۆر شەو کتێبەکانیم ماچ دەکرد و دەیقژاند

چەشنی گورگ دەیلوراند و

وەکوو شێت لە بەر خۆیەوە وڕێنەی دەکرد

سەری خۆی دەکرد و لە ژێر لێوەوە دەیگوت:

تەنها شیعرەکان شاهێدی ژیانی منن.

هێندە سەرسامی بووم

چەند جارێک ویستم باوەشی پێدا بکەم

دڵتەنگ بوو کاتێک گەمژەکان پێیان دەگوت جاسووس و

هەڵبژاردنی ئەم ژیانەی یارییەکە دەیکات.

خۆم بینیم چەندین شەو

نانی بەردەمی خۆی دەدا بە ئاژەڵەکان

بە برسێتی دەنووست

بەڵام شیعر نەیدەهێشت بمرێت

هێندە دڵیا گوشیبوو لە دەمارەکانییەوە شەراب دەچۆڕا

کاتێک بەدەم هەنسکی گریانەوە بە بێ دەنگی ڕۆیشت

هەمووان حەزیان دەکرد ئەم شیعرە بخەنە نێو تابووتەکەمەوە.

بەڵام کاتێک کاغەزەکانیان کۆکردەوە

شیعرەکە هێندە گریابوو

وشەکانی ببوون بە مرەکەب و ڕژابوون.