بەرزان عەلی

(4)

دێت چەشنی دەنگێکی نەرم ڕوخساری ماندووی شیعرەکان دەلاوێنێتەوە

وەکو نەسیم تک تک خۆی دەکێشا بە خەیاڵەکانمدا

شیعرەکان بە فرمێسک تێگەیشتن

وامزانی خانەوادەکەم هاتوون بۆ ماڵاوایی کردن لەو ڕۆحەی ڕۆژگارێک کوشتیان

حەزم دەکرد خۆم بشارمەوە لە نێو ڕەشی کفنەکەم تا ئەو برینانە بشارمەوە

کە ڕۆژگارێک بە فیشەکی گڕداری ئەوان کونی دەکردم

حەزم نەدەکرد دایکم زوخاوی ڕەشی نێو دڵم ببینێت

کە چەشنی کانییەکی پیر قوڵپی ئەدا

خۆشبەختانه ڕەشی کفنەکەم چەشنی عابا ڕەشەکەی ماڵی خودا هەموو شتێکی بە تاریکی نیشان دەدا.

لە خەیاڵێکی قوڵدا بووم دەمویست بە مردووی دواهەمین شیعرم بنووسم

نازانم وڕێنەم دەکرد یان دەنگێکی ئیلاهی لە ڕۆحمدا هاواری دەکرد و دەیگوت:

بەدبەخت ئەوان لە ژیانێکی سپی ئیمانیدا زووخاوی ڕەشی  بەرزانیان نەدەبینی

ئەوەندە گەمژەیت کە دەتەوێت بە مردوویی بیبینن

بەڵام تۆزێک بۆت دەگرین

وەکو گریانی ئەو تیمساحەی کە بیچووی ئاسکێکی دەخواردو دواتر بۆی دەگریا

هێشتا دڵخۆش بووم بە خۆم دەوت بەس نییە لە دوا چرکەساتەکانی بەخاکسپاردنم منیان لە بیرە و خەڵکی ئەو دونیا پێم ناڵێن مرۆڤێکی بێکەسە

لە نێو خەیاڵێکی جواندا بووم بیهێنە پێش چاوت بە دزییەوە بمریت و

هێشتا دڵت بەوە خۆش بێت بێکەس نیت

وێنای دایکمم دەکرد کە دەبێت چۆن بۆم بگری

ئاخر تا مردیشم گریانی دایکمم نەبینی بۆ ژیانی ڕەشم.

دایکم هێندە حەزی لە گریان و لاڵانەوە بوو پێیخۆش بوو هەموو ڕۆژێک کەسێک بمرێت تا خۆی پێ بەتاڵ بکاتەوە

دەمزانی دوای مردنم دەبێتە شاعیر و بەدەم هەنسکی گریانەوە

ژیانم لە پەخشانێکدا دەڕازێنێتەوە

چەشنی ئەو شاعیرە درۆزنانەی کە شیعر دەخوێننەوە و دەگرین

تەڕایی فرمێسکی چاوەکانم باوەشێنی خەیاڵی گەرمی دەکرد

لەو ساتەدا دەنگی پێی شیعرێک دەهات وەکو ئەوەی بیەوێت

ئاوێک بەم ئاگری یادەوەرییانەمدا بکات.

شیعرێکی سپی سپی

سڵاوی لێکردم

فرمێسکەکانمی سڕی و چەشنی بۆمب خەیاڵەکانمی تەقاندەوە

بە ئەسپایی پێی گوتم

مەگری هیج کام لە خانەوادەکەت لێرە نین

لە نێو دڵی زستانێکی ساردەوە هاتووم

تا لە نێو کفنێکی ڕەشدا تەرزەی ژیانمت بۆ داچۆڕێنم

دەمەوێت دڵی گەرمت پڕ بکەم لە فێنکی بەفر

تەرزەی خۆشەویستی بۆ دواهەمین دیدار

بخەمە سەر لێوەکانت تا هەرچی تەنیایی ژیانتە لە لێوەکانتەوە هەڵی بمژم تا ببیتەوە بە خۆت و لە نێو شیعردا بمریت.

هاتووم تا لە نێو ڕەشایی ژیاندا کوخێکت نیشان بدەم

بچێتەوە سەر سپێتی ڕۆحت و پێت بڵێم سەماکردن

لە نێو تاریکی دۆزەخدا ئەجری تا ئەودیوی ڕوناکی نێو بەهەشت دەڕوات