
بەرزان عەلی
(5)
کچێکی سپی لە نێو تەنوورێکی سور سوردا لە نێو ڕوبارەکەوە دەرپەڕی
ڕووناکی ئەو ناوەی داپۆشی
خەریکبوو شیعرەکانم کوێر بن
خۆی پژاند بەسەر کفنەکەمدا و
تک تک دەڕژایە نێو لێومەوە
هەمووان دڵخۆش بوون وەکو ئەوەی
پەردەی کچێنی کفنەکەم دڕابێت
دەنگێک چەشنی مۆسیقا لە نێو ڕووبارەکەوە دەهات و دەیگوت
من کچی شەرابەن تەهورام
نەوەی ئەو هەنارانەم کە ڕۆژگارێک تەنهایی لە خەیاڵ هەڵدەچنی
لە حۆری دەچوو
خوێنی نێو دەمارەکانی تک تک چەشنی ڕەنگ دەڕژانە نێو تابلۆی دڵییەوە
مەمکەکانی وەکو دوو لیمۆی بێ توێکڵ سەمایان دەکرد
دڵیم بینی لە کەفی سەر دەریا دەچوو
هێندە ناسک و تەڕوو حەزم دەکرد نۆشی بکەم
بەزەیم بە دڵمدا دەهاتەوە
کە ڕەشایی ژیان چەشنی ژنێکی ئەفریقی خۆی خزاندۆتە نێو شا دەمارەکانم و بە کزۆڵی دێت و دەچێت
وەکو موعتادێکی بێ کەس خەریکە لە کوچەکانی غوربەتدا گیان دەسپێرێت
بە خۆم دەوت بەدبەخت تۆ تەمەنێکە مردوویت
تەنیا لە نێو خەیاڵی شیعردا دەژیت
چەند جارێک ویستم خۆم بخەمە نێو ڕوبارەکەوە
تاچێژی ڕۆحی ئەو کچە نۆش بکەم و
ئەم شیعرە بنووسم نایشارمەوە
کاتێک بینیم
وامدەزانی شەرابێکی قەیرەیە و
هاتووە لەم کفنە ڕەشەدا ڕزگارم بکات
شیعرێک بە هێمنی پێی وتم ئەوە کچی هەنارە
شاعیرە
وەکو نووێنەری ڕووباری شەرابی بەهەشت
بەشدارەو دەیەوێ شیعرێک بخوێنێتەوە
بیهێنە پێش چاوت
شاعیرێک خۆی شیعر بێت و
لە مەراسیمی بە خاکسپاردنت
بە شیعرێکی سوور کفنی ڕەشت تەڕ بکات و
گۆڕەکەت پڕ بکات لە شەراب
لەو ساتەیا بە دەنگی بەرز هاوارم کرد
نەفرەت لەوانەی دەڵێن
خودا میهرەبان نییە!
دڵخۆشبووم ئەو شەوانەی تارانم بیر دەهاتەوە
کە خودا پێداوان لە نێو مەستی و ماچدا
جڕتیان بۆ ژیان لێدەدا و خودایان نەدەناسی
هەموان بێدەنگ بووین
تا ئەم شۆخە ئاهێک بکات بە دڵی ماتەمماندا
هەستایە سەر پێ
چەشنی چنار لاشەی دەلەرایەوە
توێکڵێکی تەنکی سەر جەستەی لابرد
نیشتیمانێکی سوور لەسەر جەستەیەکی سپی
چەشنی؟تابلۆیەک نەخشێنرابوو
وەکو دوو عاشق لێک ئاڵابوون
لای چەپی دڵی چەند دەنکە هەنارێکی تەکاند
تک تک دەچۆڕان بەسەر جەستەیدا
لای ڕاستی دڵی
توێکڵێکی سپی
لەچەند هەنارێک کردەوەو ئەم شیعرەی لەسەر نووسی بە مەرەکەبی شەراب
شاعیرێک بوو
دڵی چەشنی بەفر میهرەبانی و فێنکی لێدەچۆڕا
هێندە دڵناسک بوو
ژیانی وەکوو پەشمەک دەبینی
لە کاتێکدا ژیان چەشنی دۆزەخ خەریکی برژاندنی دڵی بوو
هەرکات بە قوڵپ دەگریا
دەڕۆیشت بەشوێن گۆڕێکی دیاری نادیاردا دەگەڕا
ئەو،گۆڕەی ڕۆژگاری سپی ڕەش کردوو بێکەسی کردە ناسنامەی
هەندێک شەویش
باوەشی بەو وێنانەدا دەکرد
کە ڕۆژگارێک لە نێو باخەڵی دڵیاندا باوەشێنی خۆشەویستی دەکرد
هەرکات سەری خۆی هەڵدەگرت
دواجار بە مەستی دەگەیشتەوە
بەتەنهایی کوخەکەی
ئەو کوخەی ناویان نابوو ماڵی جنۆکەکان
کە تەنهایی خۆی دەکێشا بە خەیاڵدا
باوەشی بە ئەلبووی یادەوەرییەکاندا دەکرد و
دەیقژاند
زۆر شەو خۆی دەکێشا بە تاریکیدا
تا ڕووناکی ببڕێت
وەک ئەوەی ڕاوی دڕەندەکانی خودا بکات
لەکاتێکدا لە ژیانێکی تاریکدابوو
پاسەوانی شیعر بوو بەتامی ئازار
زۆر شەو لەگەڵ مردووەکاندا پیاسەی دەکرد و
چیرۆکە غەمگینەکانی شارەکەی بۆ دەگێڕانەوە
وەک ئەوەی لەم شارەدا مرۆڤی زیندووی تێدانەبێت
مردووەکان جارێک بەمیوانی هاتنە نێو ژیانەوە و
دواجار گەڕانەوە باوەشی خودا
ئەم شیعرە هێندە خۆی گووشی تا ژیانم پڕبکات
لە مەستی
ئەوەندە هیلاک بوو خەریک بوو ببوورێتەوە
ڕێک چەشنی شەرابێکی بەزموون
خۆی هاویشتە سەر لێوم
ئەو شەوە من و ئەم شیعرە
لەنێو کفنێکی ڕەشدا باوەشمان بە یەکدیدا کرد
بە مەستی و چاوێکی خەواڵووەوە پێم گووت:
دەترسم بمرم و جارێکی تر لەباوەشی تۆدا
شەراب نۆش نەکەم.