بەرزان عەلی

٦

تازە هەڵتۆقیبوو نەرم نەرم لە شاخەکە هاتەخوار

هێندە ساف و ترش بوو

شیعرەکان ئاو لەنێو دەمیاندا پژا

خەریکبوو مەراسیمەکە بشێوێت

بەو هەموو ناسکییەوە تووڕە دیاربوو

وەک ئەوەی خیانەتم لێکردبێت

لەسەر تاشە بەردێک دانیشتبوو  و

جگەەرەیەکی داگیرساند

چەشنی ئەو شاعیرە ژنانەی

کە جگەرەکێشان بە یاخیبوون تێگەیشتبوون

جۆرێک مژی لە جگەرەکەی دەدا و

دەیڕوانییە کفنەکەم

وەک ئەوەی ڕاوچییەک بووبم و

خۆشەویستەکەیم کوشتبێت

شیعرەکان ترسان وایاندەزانی هاتووە تەرمەکەم بەرێت و

لە نێو هۆزەکەیدا دادگایم بکەن

نیگەرانی و بێدەنگی مەراسیمەکەی خامۆشکرد

لەسەر تاشە بەردەکە هەستا و

جگەرەیەکی ڕۆشن کرد

دووکەڵی جگەرەکەی دەکێشا

بە کەمەریی خەیاڵی کفنەکەمدا

دەیویست بەمردوویی بمخنکێنێت

شیعرێکی هەڵهاتووی نێو ئەو هۆزە

کەچەندین ساڵە پەناهەندەیە

چرپاندی بەخەیاڵی کفنەکەمدا و

وتی: ئەم شۆخە نوێنەری هۆزی دەردەدڵە و

وتەبێژی ئەو شاعیرە ژنانەیە

کەتەنها لەنێو شیعردا خەریکی دەردەدڵن

لەنێو ئەو هەموو  نیگەرانی دڵتەنگییەدا

خەریکبوو بدەم لە قاقای پێکەنین

دەستیکرد بەسینەی چەپیدا

وەک ئەوەی بیەوێت ڕومانەیەک دەربهێنێت

هەموومان بکوژێت

لەژێر سێبەری ستیانەکەیدا

کلێنێکسێکی شێدار دەرهێنا و

شیعرێکی خوێندەوە:

شاعیرێکم سەر بەهۆزی دەردەدڵم

چەندجارێک دەسڕێژی شیعریی لێکردووین

یەکێکم لەو بریندارانەی

کە بە فیشەکی ڕەخنە دڵی بریندارکردووم

تا زیندووبوو دوژمنێکی سەرسەختی ئێمەبوو

شیعری بۆ دڵمان نەدەنووسی

هەرکاتێکیش شاعیرێک بۆی دەنووسین

وەک جادووگەرێک

خەیاڵەکانی ئەو شاعیرەی دەکوشت

بەهۆی ئەم بەرزانەوە چەندین ژنی شاعیر

سەری خۆیان هەڵگرت و

تووشی نەزۆکی شیعربوون

چەندین شاعیر ناسنامەی

دەردەدڵیان فڕێدا و

بوونە پەناهەندە

چەندین شاعیر لەتاو مەراقی شاعیربوون

چەشنی تەم بوون بە هەڵم

لەخەیاڵدانی زۆرێک لە شاعیرە

پیاوەکان ئێمە ستاتیکای شیعربووین

بەرماڵیان بۆ ڕادەخستین

تا شیعرێکی ئێمە لە خەڵوەتی تەنهایدا نوێژبکات و

پاڕانەوەکانمان بگات بەشیعر

چەندجارێک کەمینمان بۆ دادەنا تا دڵی پڕبکەین لەو شیعرانەی کە دڵی ئێمەیان پڕکرد

کەچی وەک ڕاوچییەک تیری دەنا بە دڵمانەوە و ژیانی

بە ڕەشی نیشان دەداین

دڵی پڕ بوو هەنسکی دەدا وەک ئەوی لە شاخێکی بەرزەوە هاتبێته خوارەوە

یەکێک لەو شاعیرە ژنانەی کە زەمەنێک لە نیشتیمانی شیعردا پەناهەندەیە

توند توند ئەم شۆخەی لە باوەش کرد

مەگری  ڕۆژگارێک چەشنی تۆ گیرۆدەی دڵم بووم

ئەم شاعیرە خۆشەویستی شیعر ناچاری کرد

تیر بە دڵی ئێمەوه بنێ

تا دەست بە شیعرەوە بگرین

ڕقی لە ئێمە نەبوو چونکە میهرەبانی ژنێک لە ڕۆحیدا بەجێمابوو

دووژمنی ئێمە نەبوو دوژمنی ئەو شاعیرە ژنانە بوو

کە لە کەمیندابوون بۆ شیعر

ئەو تەنها دەیوست میزەڵدانی خەیاڵدانمان بە وەهەمی فوو تێکراو بتەقێنێت

تا شیعر لە کەلەسەرماندا نەبێت بە دومەڵ

ئەی شاعیری بەدبەختی نێو سێڵفی و قەرەباڵخییەکان

ئێمە کوشتەی دەستی ئەو شاعیرانەبووین

کە لە خەیاڵدانی وەهمی پیاوێکدا پۆستەچیبوو

فریوی پیاهەڵدانی شاعیرە پیاوەکان

خراپ لە شیعر دووریی خستینەوە

بیرتە شۆخی نێو شیعر

ڕۆژگارێک من و تۆ هاوڕێ بووین

شیعرمان بۆ خۆشەویستی دەنووسی و

دڵمان پڕبوو لە نمایش

ڕۆژگارێک ڕێک چەشنی تۆ

لەنێو شیعردا بۆ دڵم دەگەڕام

کاتێک زللەی میهرەبانی

ئەم شاعیرەم بەرکەوت

هەڵهاتم لە هۆزەکەم

چەند ڕۆژێک لەنێو ئەشکەوتی ئەم شاخەدا

چەشنی قارچک لەنێو تاشە بەردەکاندا

خۆم حەشاردا

تەنهایی خۆم گوشی و

خەیاڵی وەهمی دەردەدڵم فەلاقەکرد و

لەنێو تەنهایی گۆڕەکاندا

 بۆ خەیاڵی شیعر گەڕام

بۆ نایەیت چەشنی من ببیتە پەناهەندە و

ڕۆژگارێک لە پەرستگای شیعردا بژیت و

لەنێو خەڵوەتی خەیاڵدا

بگەیت بە مەلەکوتی شیعر.