
كەریم دەشتی
————-
دەمێ مەست، وەک بێدارێکی ئەبەدی
دەمێ بێدار، وەک مەستێکی ژین دەمدەمی
دەمێ تەوتەمێکی ئەبەنووسی
ئەڵێی کێڵگەم ئاوی ڕەشی تیا ڕژاوە
هەندێ جاریش ئەو جەستەیەم
ئەڵێی خودانی برینێکی کەونارە
کەوا خوێنی تیا زاوە
دەمێ شاد
وەک کەسێ کە تازە گراوی خۆی دیبێ
دەمێ مەینەتبار و خەمگین
وەکو کەسێ کە خۆشی نەزانێ چی بێ
دەمێ ئەڵێی بیی ناو ئاوە
یا کەپکە شاخێکی مێژووم
چی میتاڵی سەر زەمینە قووتی داوە
دەمێ ڕەنگ
وەکو ڕەنگی كەللە سەرێکی کەسنەناس
کە هاملێت لە ناو لەپی خۆی ناوە
دەمێ دەنگ، ڕژاوەتە ئەو چەمانە
ئەڵێی قیڕەی بێ ئامانی سەرسەریەکانی گوما نە
بۆقێکی چەند گەورەیە ئەم کەونە
دەمێ هاوڕەگەزی ئاوە
دەمێ شەیدای
دوو دڵۆپە ئەشکی چاوە
دەمێ چەرخەلەی نەفرەتبار
دەمێکیش سۆفیی خودایی
یا بابایەکی ڕووتەڵەی بوودایی
دەی چی بکەم من ئەی ئاشنا
خەریکە گومان ئەمکوژێ
دەمێ لەناو کێڵگەی نیتشەم
شەرابی سپیی نهلیزم ئەخۆمەوە
دەمێ سرووتە خۆشەکانی کڵێسا
دەمێکیش لە مزگەوتەکانی خودایی
خۆشم نازانم منی غەریب لەو ناوە چیم
جارجاریش بیر ئەکەمەوە کە من
جەوهەرێکی زۆر بێمانای تەختەی زەویم