
هەژار هەورامی
بەشی حەوتم (1)
لە گەڵ مامۆستا هێمن بەرەو نەخۆشخانەی نانەكەلی
كاتژمێر٧ ی بەیانی رۆژی ٩/١١ كاك هێمن بە خۆی و ترۆمبێلیەوە لە بەر دەركەی ماڵمان ئامادە بوو،دووای دڵنیا بوونەوە لەوی كە رەچەتە وڕاسپاردەكەی دكتۆرم هێناوە لە تەنیشتی سوار بووم و ئەویش بەڕێكەوت . دووای هەواڵپرسی وچاك وچۆنی كەوتینە پێشبێنی ،هیچمان نەمان دەزانی ئەو پشكنینە كە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی بۆم دەكرێت چییە؟ وچۆنە؟ دووای ماوەیەك هێنان وبردن ! بەو ئەنجامە هاوبەشە گەیشتین كە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە لە مۆرغەی پشتم(بڕبڕەی پشت) نموونەی مۆخ هەڵدەگرنەوە بۆ پشكنین ؟ لەو قسانە گەڕاین وگوێمان گرت لە گۆرانی باران بارانە . ئەگەر چی هێشتا وەرزی هاوین بە بەریەوە مابوو ،بەڵام بۆنی پاییز دەهات ،بە تایبەت پاییزی ژیانی من ،راستە هاوین بوو بەڵام گەڵا ڕێزانی تەمەنی من بە سەرماوەزی شێرپەنجە دەستی پیكردبوو. خۆم هەستم پێكردبوو ،لە مێژە بۆنی خوڵی باران لێدراوی ئەو پاییزە دەماخی تەڕ كردبووم ، هەڵبەت من زیاتر لە پیرییەكەی تۆقیبووم وكەم جار بیرم لە تووش بوونم بە نەخۆشییەكی سەخت وتۆقێنەری وەك شێرپەنجە كردبووەوە لە پاییزی تەمەندا !!!
لە بەر خۆمەوە بە دڵێكی پڕ لە ئاەزووی بەجێماو وغەمگین گورانییە فلوكلۆرەكەی باران بارانەمە دەووتەوە ویەك دوو بڕگەشم پێی زیاد كرد.
باران بارانە دەبارێ باران
دەدا لە گۆنای ناسك ونازاران
باران بارانە دنیای كرد ڕەنگین
هەژار دەناڵی بە دڵێكی غەمگین
هەژار دەناڵێ بە دڵێكی غەمگین
باران بارانە دەشت ودەر ڕەنگین
ئاوری تێم بەردا دوو چاوی نەرمین
باران بارانە نم نم دایداوە
ئەگریجەی لە بان گۆنا دەقداوە
ئەگریجەی لە بان گۆنا دەقداوە
شەوان شەو ناڵە، وڕۆژان ڕۆڕۆمە
یەكجار پەژارەی دووریەكەی تۆمە
یەكجار پەژارەی سلامەتی خۆمە
باران بارانە ژیانی كرد ڕەنگین
تەمەن ماڵ ئاوا بە دڵێكی غەمگین ،
تەمەن ماڵئاوا بە دلێكی غەمگین . دوو دلۆپ ئەسرینی قەتیس ماوم بە دەسماڵە هەورێشمەكەم سڕیەوە . ئاخیكم هەل كیشا و ...
خەمناكترین باران وپاییزەكانی ژیانم دەهاتنەوە یاد. ئەو پاییزەی كەباران وەك گۆزەی سەربەرەو ژێر دەباری و بۆ قووتابخانە دەڕۆیشتین ،من وجەماڵ لە باتی چەتر بە پەڕەی ڕۆژنامە كڵاومان سازكردبوو ولە سەرمان نا بوو بەشكۆ سەرو گوێلاكمان تەڕ نەبێ .ئەو پاییزەی وا دووا پاییزی ڕژێمی پاشایەتی ئێران بوو ،منیش مەرگ بۆ شا مەرگ بۆ شام دەوتەوە .ئەو پاییزەی وا سروودی پاییز هاتی چریكە فیداییەكانم گوێ دەگرت،ئەو پاییزەی بابم كۆچی دووایی كرد ،ئەو پاییزەی وا بە ڕەسمی بووم بە ئەندامی لاوانی حزبی توودە وئەو پاییزەی گەیشتینە دەراو وخانوومان بونیات نا وئەو پاییزەی لە ناوزەنگ خۆمان گرتەوە وئەو پاییزەی بە دارستانەكانی داوێن گەردەنەی حەیراندا چووینە ناو خاكی سۆڤیەتەوە و ئەو پاییزەی جارێكی تر خۆم لە باشووری كوردستان دیتەوە وئەو پاییزەی هاوسەرگیریم وكرد وئەو پاییزەی وا ... ئەو پاییزەی وا... دروم نەكردووە ئەگەر بڵیم لەو ماوە كورتەدا دەیان پاییزە بارانی ژیانم هاتوونەتەوە یاد ،ئاخر گریمانەی ئەوەم دەكرد ئەم پاییزە لە چەنگاڵی ئەو شێرپەنجە قریژم ودەست وەشێنە دەرنەچم. وئاخر پاییزی ژیانم بێت ! بەدەم خەیال ویونیشەی ڕەنگامەوە (وێناكردنی ژیان وبیرەوەرییەكان لە ژێركاریگەری موسیقادا) گەیشتینە نەخۆشخانەی نانە كەلی .
هێشتاخۆر لە كەل هەڵ نەهاتووە ،نەخۆشەخانە جمەی دێت لە نەخۆشان .
بە دووایدا دێت ..