هەژار هەورامی

 

بەشی حەوتم (2)

لە گەڵ مامۆستا هێمن بەرەو نەخۆشخانەی  نانەكەلی

هەتۆڵ مەتۆڵ تەكامە، نەخۆشخانە جێگامە،

هەتۆڵ مەتۆڵ تەكامە، دەردی هەژار گرانە ،

ورتە وبۆڵەم بڕیەوە ،من وكاك هێمن چەند ژوورمان كرد هیچمان دەست نەكەوت، كەس نەیزانی ئێمە بۆ كوێ بنێرێت ،لە پلەكانەكان(قاڵدرمەكانی)قاتی دوویەم  هاتینە خوارەوە ،كە سەرمان هەڵبڕی دكتۆر ئەحمەدمان بینی،وەك هەموو مرۆڤێكی ڕاستگۆی ڕۆژهەڵات ناوینی ،خۆی لە گەڵمان هات تا بەر دەركی تاقیگەكە ،دووای هەواڵپرسی لە گەڵ ئەو چەند كەسەی لەوێ بوون ،یەك دوو ڕەستە  بە زمانی ئینگلیزی قسەی كرد ودووجار وشەی (سی ئڵ ئڵ )ی بەكار هێنا،لە خۆشیا خەریك بوو لە خۆبچم ، ئاخر لە رۆژی 7 هەتا ئێوارەی ڕۆژی11 /9 بێ ناوبڕ بابەتم لە سەر جۆرەكانی شێرپەنجەی خوێن خوێندبووەوە ، بەشی ئەوەندە لەو وتارانە تێگەیشتبووم كە لە مورەغەی پشتم مۆخ دەرناهێنن ،ئەمە  زۆر خۆشحاڵی كردم.بەڵام دوو سێ تیوب خوێنیان لێگرتم .

لەو شوێنانەی كە بە پاشگری خانە كۆتاییان پێدێت دوو شوێنیان ناچاری ڕووی تێبكەیت، نەخۆشخانە و مردووشۆرخانە . ئەم شوێنانە  لە كۆتاییەكانی تەمەن تەنانەت كاتەكانی دیكەش  مرۆڤ ناتوانێت خۆی لێ لابدات . داخوا یەكەم نەخۆش كێ بوو بێت وا بۆ یەكەم جار لە سەر تەختی یەكەم  نەخۆشخانە ڕازابێت؟ ژن بووە یان پیاو؟منداڵ بووە یان كاڵ ؟برینداری شەڕبووە یان نەخۆشی نەخۆشیەكان؟ ئەوەندەی لە كتێبە مێژووییەكاندا باس كراوە لە ئێرانی كۆن ولە سەردەمی ساسانییەكان ، نەخۆشخانەی جوندی شاپوور دامەزراوە  ، ئەگەر چی لە هیندستان و یونان هەمان هەوڵ لە ئارادا بووە بەڵام ئێرانییەكان  لەو سەردەمە، لەم بوارە لە پێشەوەی شارستانیەتەكانی دیكەدا بوون.

نەخۆشخانە ،باڵەخانەیەكی تایبەت بەنەخۆشان بوو كە  نەخۆشی نەدار، بێكەس وغەریبیان تێیدا دەحاواندەوە،دەرمانیان دەكرد،خورد وخۆراك وداو ودەرمانیان دەدایە. تەنانەت وشەی (هۆسپیتال )ی ئینگلیزیش لە وشەی لاتینی (هۆسپس )ەوە وەرگیراوە ،بە مانای میواندار. ئەوە نیە  لەفەرەنسەش بە نەخۆشخانەیان دەوت( هوتل دیۆ) بە مانای میوانخانەی خودا . ئێستا ئیرە هەولێرە پێتەختی هەرێمی كوردستان ،ئەمە نەخۆش خانەی خێر خوازی  نانەكەلییە ،تایبەت بە تووش بووانی شێرپەنجە. هەژار گیان بە خێرهاتی بۆ نەخۆشخانەی خێرخوازی نانەكەلی ،دەزانین غەریب و بەلنگازی، دەزانین  بێكەس و لێقەوماوی . نەخۆش خانەی ئێمەش مالی نەخۆشی  لێقەوماوە  ،مالێ بێ كەس وبێ دەرەتانانە.بێ گومان هەموو ئەو خێرخوازانەی كە نەخۆشخانەی خێرخوازی بونیاد دەنێن لە هەنگاوی یەكەمدا ئامانجیان یارمەتیدانی نەخۆشە هەژارەكانە كە توانای دەرمان كردنی خۆیان نییە  لە شوێنی دیكە. ...ڕاست وایە لە ئەمرۆ بەدوواوە من نەخۆش ومیوانی نەخۆشخانە ومیوانخانەی ئێوەی خاوەن وخێرخوازانی  نەخۆش خانەی نانەكەلیم. یان چاك دەبمەوە و دەڕۆمەوە ماڵی خۆم یانیش دەگوازرێمەوە بۆ مردوو شۆر خانە .داهاتوو ڕوونی دەكاتەوە . كام یەك  لەم گریمانانە ڕاستن .

هەتۆڵ مەتۆڵ تەكامە، نەخۆشخانە جێگامە،

هەتۆڵ مەتۆڵ تەكامە، دەردی هەژار گرانە ،

بە گوێرەی هەموو زانیاریەكانمان 15 رۆژی تر دەگەڕێمەوە بۆ چارەسەری .یان گاڵ دێت یان پەمۆ.

ماویەتی ..