هەژار هەورامی

بەشی هەشتەم

كاتێك دكتۆر دوو جاران دەستەواژەی سی ئڵ ئڵ ی بەكار هێنا ئیتر من زانیم لەو هەموو جۆرە شێرپەنجەیە كە بۆی هەیە تووشی مرۆڤ بێت ،من تووشی یەكێك لە جۆرەكانی شێرپەنجەی خوێن هاتووم .چوار جۆر شێرپەنجەی خوێنمان هەیە " من تووشی :

شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفاوی

CLL | chronic lymphocyte leukemia

بووم . سی ئڵ ئڵ(CLL) جۆرێکە لە شێرپەنجەی خوێن و مۆخی ئێسک کە کاریگەری لەسەر شانە ئیسفەنجییەکانی ئێسک دەبێت ،ئەو شانەیەلە وا خانەکانی خوێنی تێیدا دروست دەبن.

زاراوەی "درێژخایەن" لە شێرپەنجەی خوێنی لیمفاویدا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم نەخۆشییە لە چاو جۆرەکانی تری شێرپەنجەی خوێن بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت. زاراوەی "لیمفاوی" لەو خانانە وەرگیراوە کە تووشی نەخۆشییەکە دەبن (کۆمەڵێک خڕۆکەی سپی خوێن کە پێیان دەوترێت لیمفۆسایدەکان ،ئەم خرۆكانەش جەستەی مرۆڤ لە نەخۆشیەکان دەپارێزن).

شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتی زیاتر تووشی كەسانی بەتەمەن دەبێت، بەڵام كەسانی مامناەند تەمەن وتەنانەت منداڵانیش تووشی دەبن كە گەلێك هۆكار دەبنە هۆێ ڕوودانی ئەم نەخۆشییە،بە خۆشییەوە لەم ساڵانی دووایی گەلێك دەستكەوت وپێش وەچوونی پزیشكی وتەكنۆلۆژی ودەرمانی  باش وەدەست كەوتوون  بۆ چارەسەركردن و کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە.

نیشانەکانی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفاوی:

زۆربەی ئەو کەسانەی کە شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتییان هەیە،بەداخەوە لە سەرەتای تووش بوونیان  نیشانە سەرەتاییەکانیان لێ دەرناكەوێت بە جۆرێك كە دەگاتە كۆتایی قۆناغی مام ناوەند وپێشكەوتوو (قۆناغەكانی سێ وچوار) ئینجا هەندێك لە نیشانەكانی تووش بوونی نەخۆشەیەكە دەردەكەوێت ،وەك ئەم نیشانگەلە :

1-ئاوسانی گرێ لیمفاویەکان ئەگەر چی بێ ئازارن لە شان ومل وبناگوێ وژێرباڵ وبن ڕان و...

2- شەکەتی لەڕادەبەدەر

3-تا(یاو)

4-هەبوونی ئازار لە بەشی سەرەوە و لای چەپی سکدا، کە دەکرێت بەهۆی گەورەبوونی سپڵەوە بێت

4- ئارەقکردن لە کاتی خەوتندا(بە زۆری لە خەوتنی شەوان)

5-هەوکردنی لەڕادەبەدەر ،لەو شوێنانەی جەستە، كە ئەگەری هەوكردنیان زۆرتر وزووترە. وەك :گەروو ،ڕێخۆلە و كۆمی،چاو وگوێ و...

6- دابەزینی خێرا وچاوەڕوان نەكراوی كێشی جەستە

هۆکاری شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفاوی:

پزیشکەکان دڵنیا نین کە هۆکاری شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتی چییە. ئەوەی پێدەچێت هۆکاری نەخۆشییەکە بێت، گۆڕانکارییەکی ژنەتیكییە لە DNA ی خانە بەرهەمهێنەرەکانی خوێندا. ئەم گۆڕانکارییە ژنەتیكییە  دەبێتە هۆی ئەوەی خانەکانی خوێن ، لیمفۆسایتی(خرۆكەی سپی) نائاسایی و بێ كەڵك وبێ سوود بەرهەم بهێنن.

نەتەنیا  ئەم لیمفۆسایتە(خرۆكە سپییە )نائاساییانە بێ كەڵكن بەڵكۆ نامرن و  وژمارەیان زیاد دەكات، لەکاتێکدا لیمفۆسایتە ئاساییەکان(خرۆكە سپییە باش وئاسائییەكان) دەمرن. لە هەڵومەرجێكی وادا خرۆكە سپییە خوێری وبێ كەلكەكان لە خوێندا و لە بەشێک لە ئەندامەکانی لەش کۆدەبێتەوە و کێشەی گەورە دروست دەکەن. ئەم خانە پەككەوتە وسەقەت وخوێڕی و ناتەواوانە ،خانە تەندروستەکان لە ناو  مۆخی ئێسکدا دەخەنە ژێر گووشارەوە  بە جۆرێك كە تەنگەتاویان دەكەن و لە ناو مۆخی ئێسقان وەدەریان دەنێنن وبەم شێوەیە کێشە و گرفت لە بەرهەمهێنانی خانە تەندروستەکانی خوێن دروست دەکەن.و گیانی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە .

ئاڵۆزی وشوێنەوارەکانی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفاوی:

شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتی دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی وشوێنەواری وەک ئەمانەی خوارەوە:

1- دووبارەبوونەوەی هەوکردن: ئەو کەسانەی کە CLL یان هەیە لەوانەیە تووشی دووبارەبوونەوەی هەوکردن ببن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم هەوکردنانە کاریگەرییان لەسەر بەشی خوارەوە و سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەدان هەیە، بەڵام هەندێکجار هەوکردنی  ئاڵۆزی ترلە شوێنەكانی دیكەی لەش پەیدا دەبێت.فستیۆڵ وناسۆریەك لەوانەی كە من بە شێوەیەكی ترسناك تووشی بووم وعەزابێكی زۆرم لە بەر ئەو هەوكردن وعفوونەتەوە چێشت .ئاخر هیچ خرۆكەیەكی سپی بەرگریكارم نەمابوو كە بەانبەر بەو باكتری ومیكروب و وایرۆسانە كە هێرشیان هێنابووە سەر جەستەم ،داكۆكیم لێ بكەن!

2- تووشبوون بە جۆری جددیتری(سەختتری) شێرپەنجە: ژمارەیەکی کەم لەو کەسانەی کە شێرپەنجەی (CLL )یان هەیە، جۆرە شێرپەنجەی جددیتریان دەبێت کە پێی دەوترێت لیمفۆمای خانەی B ی گەورە  (large B-cell lymphoma  ). پزیشکان ئەم حاڵەتە بە نەخۆشی ڕیختەر(Richter‌s Syndrome  ) ناودەبەن.

3-تووشبوون بە جۆرەکانی تری شێرپەنجە: ئەو کەسانەی كە شێرپەنجەی خوێنی( CLL)یان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە جۆرەکانی تری شێرپەنجە زیاترە، وەک شێرپەنجەی پێست، شێرپەنجەی سییەکان و شێرپەنجەی گەدە.

ڤەناسین و پیزانینی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفاوی:

پشکنینی خوێن( بە هۆی ئاڵۆزی بەكارهێنانی ئەو ماك وئامرازانەی كە لە پشكنینەكەدا بەكاردەهێنرین ، بۆ نەخۆش ونەخۆشخانە خەرج وتێچووی یەكجار زۆرە وهەندێك جار نەخۆش بە تایبەت لەو وڵاتانەی كە دەستەبەری كۆمەڵایەتی وبیمەی تەندرووستیان نییەوناتوانن خۆیان چارەسەر بكەن وبە هێوری بەڵام بەئێش وئازارەوە لە بەر چاو كەس وكاریان دەمرن ،ئەگەر یارمەتی دۆست وهاوكار وخزم وهاوڕێانم نەبووایە ،بۆی هەبوو منیش یەك لەوانە بوومایە ،ئاخر لێرەش هیچ چەشنە دەستەبەری كۆمەڵایەتی وبیمەی تەندرووستی بوونی نییە  .

پشکنینی خوێن بۆ پێزانینی  شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتی ئەمانەی خوارەوە دەست نیشان دەكات:

1-ژماردنی خانەکانی ناو نمونەی خوێن: ژماردنی تەواوەتی خانەکانی خوێن وەک لیمفۆسایدەکان ئەنجام دەدرێت. بە جۆرێك كە ژمارەی زیاتر لە ئاسایی خانەکانی B کە جۆرێکە لە لیمفۆساید، نیشانەی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایت دەسەلمێنێت.

2-دەستنیشانکردنی جۆری لیمفۆسایتی تێکچوو: پشکنینێک کە پێی دەوترێت

 (flow cytometry ) یان(immunophenotyping )   یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا زیادبوونی ژمارەی خرۆكەسپییەكان بەهۆی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتیەوەیە  ،یان بە هۆی کێشەکانی تری خوێنەوەیە، یان کاردانەوەی جەستەیە بەرامبەر بە شتەکانیتری  وەک هەوکردن .

ئەگەر شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتی لە ئارادا بێت، خانەپێوانی لێشاو((flow cytometry  ) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە شیکردنەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بۆ ناسینی تایبەتمەندییەکانیان.

3-شیکاری لیمفۆسایدەکان بۆ ناسینی كرداری نائاسایی ژنەتیكی : تاقیکردنەوەیەک بە ناوی (fluorescence in situ hybridization )

 ( FISH)کرۆمۆسۆمەکانی ناو لیمفۆسایدەکە تاقیدەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی نائاسایی. پزیشکەکان هەندێک جار ئەم زانیاریانە بەکاردەهێنن بۆ هەڵبژاردنی جۆری چارەسەرەکەش.

تاقیکردنەوەکانی تر

لە هەندێک حاڵەتدا پزیشک پێشنیاری پشکنینی دیکە دەکات بۆ ئەوەی بە وردی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت. ئەم تاقیکردنەوانە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:

1-تاقیکردنەوەیەکی شێرپەنجەی خوێن کە بەدوای ئەو تایبەتمەندیانەدا دەگەڕێت کە چارەسەرێک جیاواز دەکات.

2-نمونەگرتنی مۆخی ئێسک

3-وێنەگرتن وەکو سی تی ئیسکیمیا PET

4-دۆزینەوەی قۆناغ

کاتێک دەستنیشانکردنەکە پشتڕاستکرایەوە، پزیشک دەبێت قۆناغی پێشکەوتنی نەخۆشییەکە دیاری بکات. ئەم دەستنیشانکردنە بە سێ زاراوە وەسف دەکرێت: سەرەتایی، مامناوەند و پێشکەوتوو.

بەگشتی ئەو کەسانەی کە قۆناغی سەرەتایی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنی لیمفۆسایتییان هەیە پێویستیان بە چارەسەری دەستبەجێ نییە. بەڵام ئەو کەسانەی قۆناغی مامناوەند و پێشکەوتوویان هەیە، لەوانەیە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەبێت.

بەداخەوە نەخۆشییەكەی من لە سنووری مام ناوەند وپێشكەوتوودا بوو واتا لە كۆتاییەكانی قۆناغی سێیەم وسەرەتای قۆناغی چۆار . جا بۆ بەدبەختی تەنیا شێرپەنجەكە نەبوو كە منی ورد وخاش كردبوو بەڵكۆ ئێش وئازاری ناسۆریش ببوو بە سەربار ،سەربارێكی نارێك ونابار.

ماوەیەتی ...