
هەژار هەورامی
بەشی شەشەم(1)
باوكت نەخۆشیە پیسەكەی گرتووە و دەمرێ
بە گشتی ئێمەی كورد زۆرحەزمان لە قەبوولكرنی ئەو ڕاستیانە نییە كە نگونجێت لەە گەڵ خواست و ئارەزوومان! بە ئاسانی حاشای لێ دەكەین وقەبووڵی ناكەین ویان لانی كەم دەیشارینەوە . یەكێك لەو ڕاستیانە كە دەیشارینەوە ودان بە هەبوونیدا نانین تووش بوونمانە بە نەخۆشیە سەختەكان ولەوانەش شێرپەنجە . كاتێك خۆمان یان كەسێكی نزیكمان تووشی شێرپەنجە دەبین ،هەموو هەول وكۆششمان ئەوەیە كە حاشا لە بوونی بكەین وئەگەریش نەماتوانی حاشای لێی بكەین تێدەكۆشین بیشارینەوە وبیخەینە خەزێنەی نهێنیەكانمانەوە . زۆر بە جوانی دەزانین تووشی نەخۆشی هاتووین كەچی ئینشالا ئینشالا خۆمان فریو دەدەین ولە گەڵ خەڵكیش درۆ دەكەین . كابرا نەشتەرگەری ناسۆر یان پرۆستاتیت كردووە وكوورە كووڕ بە ڕێگادا دەڕوا لێی دەپرسی ئەرێ كاكە بەڵادوورە چیتە ؟ لە بابەتی ئەوەی ڕاست و بێ درۆ بڵێ ناسۆرم عەملیات كردووە ، بەواسیریم نەشتەرگەری كردووە ، دەڵێ وەڵا دوور لە ڕووت كەمێك پشتم ژان دەكات وكوڵەنجم كردووە . هەم خۆی فریو دەدات و هەمیش لە گەڵ بەرانبەرەكەی درۆ دەكاتیان كابرا چەند مانگی تەواوە شێرپەنجە هەناوی هەلاهەلا كردووە و كۆڵك بەسەروبرۆیەوە نەماوە دەپرسیت ئەرێ كاكە چ دەردتە وناساغیت چییە ؟ بۆ وات لێ هاتووە ؟ لە وەڵامدا یان خۆی یا خاو وخێزانەكەی دەڵێن بەخوای هیچ نییە تووشی ڕشانەوە و زگ چوون هاتووە وئیشلا چاك دەبێتەوە ، نەخۆشەكەیش سەر دەلەقێنێت ودەڵی ئەرێ بەخوای هەستم كرد خواردنەكە گەنی بوو، فاسید بوو ماوە بەسەر چوو بوو بۆیە وام لێهات جوان جوان دەزانن درۆ دەكەن بەڵام چ دەكەی بەو جۆرە دەحەسێینەوە وئارام دەگرین .بە درۆ بە شاردنەوە.
من بە دوو هۆكار ویستم ،لەم خوو وخەدە ناپەسەندە خۆم لابدەم و ڕاست وڕەوان نەتەنیا خۆم حەقێقەت وڕاستی تووش بوونم بە شێرپەنجە قەبووڵ بكەم، بەڵكۆ بە ڕاشكاوی بڵێم بە خانەوادە وخزم وخوێش ودەر ودەرهاوسێش ، بەڵێ من تووشی شێرپەنجە هاتووم .
یەكەم: نكۆڵی كردن لە تووش بوونم بە شێرپەنجە هیچ سوودێكی جەستەیی ودەروونی نییە بۆم و دووهەمیش : دەرفەت دەدات بە خەڵك كە لە سەر بنەمای گریمانەی نادرووست وقسە وقسەڵۆك سەبارەت بە نەخۆشیەكەم هەواڵی ناڕاست ودەنگۆ بڵاو بكەنەوە . ئاخر لە هەر كوێ وسەبارەت بە هەر بابەتێك ئەر زانیاری ڕاست ومتمانە پێكراو نەبوو ،خەڵك پشت دەبەستێ بە دەنگۆ و ویتە ویت .من حەزم نەدەكرد هاوكارەكانی زانكۆ وپەیمانگە و هاوسێ ودۆست وناسیاو وخزم وكەس وكار بە گریمانە و ئەیچە وبۆچە باسی نەخۆشی من بكەن.
بۆیە كاتێك لە لای دكتۆر گەڕاینەوە وكاك هێمن منی لە بەر ماڵ دانا . لە جێاتی ئەوەی ڕوو لە ماڵی خۆمان بكەم لە دەركەی ماڵە هاوسێیەكمانم دا ، كاك .... دەركەی لێكردمەوە و هۆكاری چوونە بەرماڵیانی لێی پرسیم ، كورت وپۆخت پێم وت كاكە گیان من ناساغم ودەرمانی دەردەكەم دەخۆم ،بۆیە گێژ وسڕم دەكات وناتوانم ترۆمبێل لێبخوڕم، ئەگەر هاتو شەو لە دەركەمان دا مەترسێ ،وەرە پیرمانەوە ویارمەتیمان بدە ،بمگەیەنە نەخۆشخانە ، ڕەنگە پێویستیشم نەبێت .
پرسی بەڵا دوورە كاك هەژار چیتە ؟ نەخۆشیەكەت چییە؟ پێم وت كاكی خۆم دوور لە رۆخسارت تووشی شێرپەنجە بوومە وخەریكی چارەسەرم. لێوی خۆی بە هێواشی كرۆشت وخەم ڕۆخساری داگرت. گوتی بە سەر چاو لە خزمەتدام . شێرپەنجە نەخۆشییەكی سەختە،ئینشائەلا خودا شیفات دەدا . ئینشاڵا چاك دەبیتەوە .بزەیەكم هاتێ ،وە بیر ئینشائەڵاكەی جەیرانەكەی مەلا نەسرەدین(جوحە) كەوتمەوە و وتم خودایە ئەم ئینشائەڵایە وەك ئەوەی جیرانەكەی ماڵ مەلا نەبێت !ئەگینە مردنم حەتمییە! خواحافزیم كرد وبەرەو ماڵ بوومەوە .
منیش چەشنی باوكی ئەبوو عەلا ئەلموعێری جەنایەتم كردووە ،ئاخر مرۆڤێك بزانێت كە لەم ناوچە دوواكەوتووە پڕ لە گیر وگرفتی سیاسی،ئابووری،كۆمەڵایەتی،دەروونی ،سرووشتی وتەندرووستییە ، داهاتووی لێڵ چاوەڕوانی منداڵ یان منداڵەكانیەتی ،بۆ دەبێت منداڵ بێنێتەوە ناو ئەم توون وزووخاوەوە؟ كورێكی تازە لاوم هەیە . تازە بەرپرسم لە ئاست ئێستا وداهاتووی و بە هیچ جۆرێك خۆم نەدزیوەتەوە وخۆم نادزمەوە لە بەرپرسیاریەتیم بەرانبەر بە خاو وخێزان وبە تایبەت كوڕەكەم .بەڵام كاتێك لە ناكاو ئەسپی سەرشێتی ڕۆژگار وەبەر لووشكانت دەدا !چیت لە دەست دێت ؟ جگە لە هێوری ، هیوا وبەرنگاربوونەوە چیت لە دەست دێت؟
بەشێكی زۆر لە منداڵانی كورد هێشتا ئسكیان قایم نەكردووە ولە گۆمئاوی مێرمندالی وتازەلاوی نەپەڕیونەتەوە ،كە چی بابیان دەمرێت وسێوی دەبن.من بۆ خۆم لە تەمەنی كوڕەكەمدا بووم كاتێك بابم كۆچی دوایی كرد.زۆر زوو سوێندی سەختم بوو بە (بە گۆڕی بابم)! ئیستاش من نەخۆشم ،شێرپەنجە هەناوی داڕنیوم، بڵێی منیش بەم زووانە نەمرم و ئەو تازەلاوە لەم تەمەنە هەستیارەدا بە جێی نەهێڵم؟بڵێی ئەو كارەساتە دووبارە نەبێتەوە؟ئەویش بەم زووانە سوێندی سەختی نەبێت بە (بە گۆڕی بابم)!نازانم بەلام بە هەموو هێز وتوانامەوە هەوڵ دەدەم لەم دارستانە پڕ لە دڕندە وكەمتیارە بە منداڵی بە جێی نەهێڵم .تا بتوانم جارێك ڕێگا نادەم سوێند بە گۆڕی من بخوات.
بۆ ڕێگە گرتن لە دەنگۆو ویتە ویت لە لایەن دەرهاوسێ وهاوكار ودۆست وهاورێ وناسیاوەكانمەوە بڕیارم دابوو بۆ خۆم لە دەربڕینێكی ڕاستگۆیانە ونەترسانەدا تووش بوونم بە نەخۆشی سامناكی شیرپەنجە ڕابگەیەنم ، بەڵام لەو ڕاگەیاندراوەمدا لە ئەلفەوە هەتا ی جەختم لە سەر بەرنگاربوونەوە وزۆرانبازی لەگەڵ شێرپەنجە كردبووەوە وهیچكات ژن ومنداڵەكەم نەترساندبوو لەوەی كە دەمرم ،بۆیە كۆڕەكەشمان بەو سازە سەمای دەكرد تا ئەوەی كە كۆڕەكەی كاك ....هاوسێمان لە ناو منداڵەكانی تری هاوتەمەنیان دەستی كردبوو بە پچەپچ وویتەویت سەبارەت بە نەخۆشییەكەی من ، دیارە شەو كاتێك من بە بابیم گوتبوو شێرپەنجەمە ،بابیشی بۆ دایكی ودایكیشی بۆ خۆشك وبراكەی دەڵێتەوە وئەویش لە ڕێگای ئەوانەوە تێدەگات كە من تووشی شێرپەنجە بوومە وبەو جۆرە ڕۆژی دوواتر.......
بە دووایدا دێت