سازگار حەسەن.

ئەم ڕۆمانە  لە نووسینی سەبا ئەحمەد، ١٩٨ لاپەڕەیە.

 بەشێوەیەکی گشتی دابەشی سەر سێ بەشی سەرەکی دەبێت:

یەکەم: نیشتمان

دووەم : غوربەت

سێیەم: دیسان گەڕانەوە بۆ نیشتمان.

 بەشی دووەم درێژترین بەشی ئەم ڕۆمانەیە و زۆرترین ڕووداو و دیالۆگەکان لەم بەشەدا کۆکراونەتەوە و لەوێوە پەیامەکە دەگات.

ئەم ڕۆمانە کاراکتەری سەرەکی کەمن، زیاتر سێ کەس ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، دوو پیاو و کچێک. کاراکتەری یەکەم، ئەشبێتە نووسەر و گێڕەرەوەی کۆی بەسەرهاتەکان. ئەو دوو کاراکتەرەی تر زیاتر ڕۆڵی تەواوکەر دەگێڕن. کاراکتەرە پیاوەکەی دووەم لە کۆتایی ڕۆمانەکە دەبێتە هاوەڵی کاراکتەری یەکەم. کاراکتەرە کچەکەش سەرەتا لەناو خەیاڵ و ڕۆحی کاراکتەری یەکەم جێ دەگرێ و دواتر دەبێتە کەسێکی بەرجەستە و بەشێک لەتەواوکردنی ڕۆمانەکە.

هەردوو کاراکتەرە پیاوەکە یەک چارەنووسیان دەبێ ئەویش مردنە بە هۆی کەوتنە سەرلوغم.

 کاراکتەری یەکەم، کوڕێکە شارەکەی جێدێڵی و ڕوو لە وڵاتێکی دراوسێ دەکات، هەرچەندە نووسەر ئەوەی تەواو ڕوون نەکردۆتەوە، تا کۆتایی ڕۆمانەکە ئینجا بە پێی نزیکی سنووری ئەم وڵاتە بە شارە کیمیابارانکراوەکە تێدەگەین ئەو وڵاتە ئێرانە. سەرهەڵگرتنی کەسەکە بەهۆی ئەوەوەیە وا هەست دەکات ڕوخسارێکی ناحەزی هەیە و کەس حەز بە چارەی ناکات، بۆیە سەری خۆی هەڵدەگرێ و غوربەت هەڵدەبژێرێ. ئەمە هەمووی لە بەشی یەکەم ڕەنگیداوەتەوە.

ئەو کاتەی دەگاتە وڵاتەکەی تر، دەیەوێ ئیشێکی دەستکەوێ، بەڵام دەزانێ ئەگەر هەر لەژێر بەرگی (کوڕ)بوونەوەبێ، ئەوا ئەستەمە ئیشی دەستکەوێ، بۆیە خۆی وەک کچ لێ دەکات و هەرزوو لە ماڵێک وەک کارەکەر ئیشی دەستدەکەوێ، ئەو ماڵە کچێکی تریشی تێدایە کە کاری چێشتلێنان دەکات. هەر شەوی یەکەم و دوای ئاشنابوونیان بەیەک دەبنە دوو هاودەرد و لە نادندینەکە پێکەوە دەمێننەوە و لەوێش پێکەوە دەخەون، بەڵام ناتوانێ خۆی ئاشکرا بکات،کە کوڕە. هەرچەندە بۆی سەختیش ئەبێت، بەڵام کۆنترۆلی خۆی دەکات. لەم بەشەدا، زۆر وێنەی وروژێنەر نیشان دەدات، بەتایبەت بۆ ئەو کە یەکەمجاریەتی لەگەڵ ژنێک بخەوێ و نەشتوانێ هیچ بکات. دواتر کچکە شوودەکات و ئەویش ئەو شوێنە جێدێڵێ و ئیشێکی تر دەبینێتەوە، ئەویش کاری ناترییە لە گەرماوی ژنان، لەم بەشەدا تووشی هەمان حاڵەت دەبێ، بەڵام ئەمجارە باشتر دەتوانێ دان بەخۆیدا بگرێ. لەم سەروبەندەدا خەریکی کێشانی تابلۆیەکیشە، کە پێکدێ لە کۆمەڵێک پارچە، هەر پارچەی لە ڕوخساری ژنێکی جوان وەردەگرێ، تا تابلۆکە تەواو دەکات، واتا لە وەرگرتنی جوانترین بەشەکانی هەر ژنێک وێنەی ژنێکی کامڵ دەردەچێ و وێنەی ناو تابلۆکە ئەبێتە بوکی ناو خەیاڵی ئەو.

  ڕۆژێک لەڕێی ڕێکەوت هەمان ئەو کچە بە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەی لە تابلۆکەدا کێشاویەتی دەبینێت. بۆیە سەرەتا دەتاسێ و توشی شۆک دەبێ. دواتر خۆی لە کچەکە نزیک دەکاتەوە و دەزانێت ئەویش نیگارکێشە و دەرچووی هونەرەجوانەکانە. بۆیە زۆر سوود لەو نزیکییە دەبێنێ و داوەتی ماڵی خۆی دەکات و لەوێ ئەو تابلۆیانەی نیشان دەدات کە کێشاونی، زۆربەی تابلۆکانیش هیی ژنانە، بەڵام کە دەگاتە ئەو تابلۆیەی کە هیی خۆیەتی و بە ڕووتی کێشراوە، زۆر پێی سەیر دەبێ و دەست لە پەڕۆی تابلۆکە دەدات، کە دەبینێ وشکە، پێی سەیردەبێ و لێی دەپرسێ، تۆ پێشتر منت بینییوە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: نەخێر. ئەڵێ ئەی چۆن وێنەی منت کێشاوە؟ لێرەوە پەیوەندییەکەیان ئاڵۆزی تێدەکەوێ، بەڵام سەردانی یەکتری هەر دەکەن و ئەویش سەیری تابلۆکانی ئەو دەکات و بە لاوازیان دەبینێ و ڕەخنەیان لێدەگرێ و کچەکە دەیەوێ هونەری لێوە فێرببێ و وەک مامۆستا و ڕێنوێنیکاری خۆی تەماشای بکات.

ئەو پەیوەندییە زۆر ناخایەنێ و کوڕەکە ئاشکرا دەبێ، کە کچ نەبووە و بەڵام بەناچاری و بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیان خۆی گۆڕێوە. لێرەدا کچەکە زۆر لێی توڕە و نیگەران دەبێ و تەنانەت هەڕەشەی سکاڵا و بەگرتندانی لێ دەکات، بەڵام ئەو باکی نییە و زیاتر لەسەر باسەکەی دەڕوات. دوای ئاشکرابوونی واز لەم کارەش دێنێ. لەو ماوەیەی وازهێنانی لەم کارە کاراکتەری دووەم دەناسێ کە ئەویش کوڕێکی تاقانەی چوار دایکە و تەواوی میراتی باوکیشی بۆ ماوەتەوە، بەڵام بۆ خوشک و دایکەکانی تر دەستی لێ هەڵدەگرێ و ژیانێکی تەنیایی هەڵدەبژێرێ و لەڕێی ڕێکەوتەوە ئەو هاوڕێیەی دەبینێتەوە و دەبنە دوو هاوڕێ و دەیباتەوە ماڵەکەی خۆی و پێکەوە دەژیین.

کارەساتی کیمیابارن ڕوودەدات و جارێکی تر دەپەڕنەوە نیشتمان. نووسەر هەڵوەستە لەسەر ئەم کارەساتە دەکات و چەند دیمەنێکی نیشان دەدات. ئەم دووانە سنوردەبەزێنن بەنایاسایی و دێنەوە بۆ سۆراغی کەسوکاریان دوایی لەگەڕانەوەیان لەهەڵەبجەوە بەرەو ئێران لە گردێک دەکەونە ناو کێڵگەیەکی مینڕێژکراو و پارچە پارچە دەبن، بەڵام هەگبەیەکیان لە دوا بەجێدەمێێنێ و ئەم ڕۆمانەی تێدایە، کە بەردەستی ئێوەیە. لێرەدا ڕۆمانەکە بە کۆتا دێت.

 دەمەوێ ئەوە بڵێم:

  1. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا بەدییمکرد، جورئەتی نووسەرە لە خستنەڕووی هەندێک وێنە، کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بڤەن، ئەوانیش وێنەی ڕووت و سێکسین.
  2. ویستوویەتی لەڕێی کاراکتەرێکی ئاوا، کە هەست دەکات خوازراو نییە وەک کەسانی هاوڕەگەزی خۆی. تەنانەت لە شوێنیک دەڵێت، کەس نازانێت چەندە قوڕسە لە ژیاندا ئەگەر کەم و کورتیەکت هەبێ لە کاتێکدا خەون و ئارەزووت هەیە وەک خەڵک و توانای ئەوەت نییە، یان مافی ئەوەت نییە داوایان بکەیت. ئەم چەند ڕستەیە وای لێ دەکەن، لەڕێی نمایشێکی سادە. ڕەگەز و سروشتی خۆی بگۆڕێ و بگاتە مەرامی خۆی، کە خۆشەویستیێکی قووڵە، بەڵام هەر ئەو خۆشەویستییەیە دەیگەیەنێتە ڕادەی عاشقبوون و هەر بە عاشقیش سەردەنێتەوە. چونکە چیرۆکی عەشقی زۆربەی عاشقان بەوە کۆتاییان دێت، کە عاشق و موعشوق ناگەن بەیەک.
  3. ئەو عاشقێکی ڕاستەقینەیە، کەسێک لەناوەوە داگیریکردووە، کە زووتر پێش ئەوەی بیبینێ توانیویەتی بەچاوی دڵ بیبینێ و تابلۆکەیشی کێشاوە، نەگەیشتنیشیان بەیەکتری وەک دوو هاوسەر. چیرۆکی عەشقەکە تەواو دەکات. بەڵام ئەوەی لەم عەشقە ناکامڵە ئەو عەشقە تاک لایەنەیە، لایەنی بەرانبەر هەر پەسەندی ناکات، بەڵکو غروری ڕێی پێنادات هەر باسیشی بکات،( ئاخر تۆ چیت، خۆت بە کێ دەزانی عاشقی من ببیت، تۆیەکی پیرەژنی ڕەزاگران چۆن لە خۆت ڕادەبینی تەنها لەبەرئەوەی تابلۆیەکت کێشاوە خۆت بکەیتە هاوشان و هاودڵی من...لا ٨٤) بۆیە ئەو کەسەی تاک لایەنە کەسەکەی تری خۆشدەوێ و دەسوتێت بۆی. هەر ئەویش دواجار زووتر مەرگ لەکۆڵ ئەو مەینەتییانەی دەکاتەوە.
  4. هەندێک هەڵەی چاپ و لە ڕێنووسیش هەڵە هەیە، پێویستییان بە پێداچوونەوەی باشتر هەیە، بۆ چاپەکانی تر.
  5. دەستخۆش لە نووسەر سەبا ئەحمەد دەکەم...هیوای بەردەوامی بۆ دەخوازم.