
شیعری: حەمە ئەحمەد جاف
لێمگەڕێ، با بۆخۆم بمرم
من لە تۆ باشتر دەزانم
چ بارێکی قورس و گەورە
کەوتۆتە سەرمل و شانم
*
ژوانی ژانی شیعرو خامە
چوونەتە هزرو خوێنمەوە
کتێبخانەکەم ، کۆمەڵێ کتێب
زۆرم ماوە ، بخوێنمەوە
*
لەمردن ناترسم ، ترسی
کتێبخانەکەم لەدڵدایە
سوور دەزانم دوای خۆم جێگای
ئەویش شۆستەی بەرقەڵایە
*
خەمی ڕەشنووسی نووسین و
شیعریشم لەوێ بوەستێ
بڕواناکەم کەسێ هەبێ
لەدوای خۆم بەو ئەرکەهەستێ
*
ئەو کەسەی ئەرکی خوێندنەوەو
نووسینەوەم دەگرێتە خۆی
کەس وەک خۆم حەق نادا بەخۆم
حورمەت و خۆشەویستیم بۆی
*
چەمی چاوی خامەو کتێب
خۆمی تێدا دەتوێنمەوە
داری ئازادی ئەوگەلەی
ئازا ژیا ، دەڕوێنمەوە
*
مردن لێمگەڕێ، دوا چامەی
خۆم بە فرمێسکی پێنووسم
لە مێژووی یاداشتەکانما
حەسرەتی ژیانم وەنووسم
*
حەسرەتی شەکوای قەڵەمێک
بۆ نان, لەپرسگەی جاشێ
ئەو جاشەی پێی دەگوت،کاکە
ــ شەکواکەت بۆ ئێرە ناشێ !؟
*
حەسرەتی ئەو ئێوارانەی
منیان دەخستە گریانێ
تەمەن بە من پێدەکەنی و
دەیدامە چنگی زریانێ
*
پیریی گەنجیمی ڕاماڵی و
شکاندی قەڵەمی هەستم
چی خوادابووی ، لێی سەندمەوەو
گۆچانێکی دایە دەستم
*
گۆچان پێکیکی لە گەنجیم
فڕکرد لە کێکی تەمەندا
خامەیەکی خەڵەفاوی
کرد بە گیرفانی زەمەندا
*
گیرفانێکی بێ زرینگەی
بەتاڵی مات و گۆشەگیر
گیرفانێک لە خەندە خاڵیی و
لە هەڵوێستی قەڵەم زویر
*
ئەوگیرفانەی بە منداڵییش
لە کاڵای بەرم هەڵدەهات
چی لەو گیرفانە کەم ، دڵ و
کەسایەتی خامەم ببات ؟
*
لەوڕۆژەوەی گیرفان ، من و
شیعرمی لە بیرچۆتەوە
تەئریخ جوانترین قەڵەمی
بە گیرفانما کردۆتەوە
*
قەڵەمی گیرفان و کتێبی
بنهەنگڵی شاعیرێکی پیر
قەڵەمێک وەک چیا ژیا و
هیچ کورسییەک نەیکرد ئەسیر
*
قەڵەمی بیرو هەڵوێستی
نەتەوەیی و کوردستانی
ئەو قەڵەمەی تامرد نووسی :
نیشتیمانی کتێب و جوانی
*
1ـ7ـ 2024
هەولێر