
بەشی شەشەم
ئەم وتارە بۆ ئەو كاتە تەرخان دەكەم، كە قەڵادزێ شارە و بە دەسەڵاتی شارەوە دەژی و نەك گوندەكان، شارە هاوكووفەكانیشی دەیكەنە وانە و قوتابخانەی خۆیان.
- ئەوەی لە گوند وەریدەگرێ دەیكاتە هی خۆی و وەك كولتوور و سیفەتی خۆی نماییشی دەكاتەوە.
- بۆ نموونە میواندۆستی، كە یەكێكە لە سیفاتەكانی گوند بەگشتی و بەتایبەتی گوندەكانی پشدەر. قەڵادزێ ئەو سیفەتەی تەبەنی كردبوو، بە جۆرێك، لە ماوەی سەد ساڵی تەمەنیدا كە مێژووی نزیكە، دیارە قەڵادزێ ئامادە نەبوو میوانخانە یان ئوتێل لەخۆی بگرێت، ڕاستە ئوتێل دیاردەیەكی شارییانەیە، دەبوو قەڵادزێ وەك شار هەیبێ، بەڵام شەهامەت و دەماغی بەرزی، ڕێگای بە خۆی نەدا برەو بە كردنەوەی میوانخانە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا كە شارێكی سنووری بوو.
چ ئەوانەی لە دیوی ئێران، یان ئەو (دیو) وەك قەڵادزێیەكان دەڵێن، دەهاتن {قەڵادزێییەكان بە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان دەگوت (ئەودیو) وەك ئەوەی سەردەشت و مهاباد و بۆكان و سەقز و سنە و مێندواو و خانێ و شارەكانی دی بەشێكی ئەبەدی و نەبڕاوە بن لە قەڵادزێ و باشووری كوردستان}، چ ئەو ڕێبوارانەی لە سلێمانی و هەولێر و باقیی شارەكانی دیكەوە دەهاتن، پێوێستیان بە میوانخانە بوو، بەڵام قەڵادزێیەكان ئەوانیان بە میوان نەدەزانی و بە خانەخوێیان دەزانین و دەیانبردنەوە ماڵی خۆیان. بۆ ئەوەش، باشترین نوێن و قاپوقاچاغ و شوێنی نووستنیان بە ناوی میوانەوە دەكرد. باشترین قەڵادزێیی ئەو كەسە بوو كە هەمیشە میوانی هەبێ، بەخشندەترینیان ئەوەیان بوو خۆی بە نانخواردنەوە خەریك بكات و كەمترین خواردن بخوات، تا میوانەكە تێر دەبێت.
- بەروپشت ئەتڵەس، بەو قەڵادزێیانە دەڵێن كە (داك و بابیان) قەڵادزێیین. ئەوە بەو مانایە نا، كە ئەوانی دیكە (جاو) بن، ئەوە تەنیا بەو مانایەی، كە یەكگرتنێك لەنێوان ئەو شارییانەدا دروست بكەن، كە هەرگیز مامەڵە لەسەر بە (لەندەن)بوونی قەڵادزێ ناكەن.
- دزەكانی پشدەر، ئەگەر دزی لە كولتووری خێڵ و عەشایردا تا ڕادەیەك وەك جۆرێك لە ئازایەتی سەیر كرابێ، ئەوەتا عەرەبەكان شانازیی پێوە دەكەن، دواتریش تا ئەو تاڵانكردنەیان وەك خۆی نەهێنا ناو ئیسلامیشەوە، پشتی ئایینەكەیان نەگرت، تورك و فارسەكانیش بە هەمان شێوە، تاڵانكردن و دزیكردن بەشێك بووە لە كولتووری خێڵ و عەشیرەتەكان لە سەردەمێكی دیاری مێژوودا.
- بواری ئەوە هاتووە چیرۆكێك بگێڕمەوە، كە شەهامەتی دزی تێدا دەردەكەوێت. بابم جەمال غەریب كە (دنیا بێ ئەو بەتاڵە) زۆر جار ئەو چیرۆكەی بۆ دەگێڕاینەوە و دەیگوت:
- جارێك لەگەڵ بابم واتا (غەریب)، كە پێیان گوتووە میرزا، یان میرزا غەریب، چووین بۆ گربداغ، من منداڵ بووم ئەو لەگەڵ خۆی بردمی، ئەویش بۆ ئەوە چووبوو قەواڵەیەك لەنێوان ئاغا و بازرگانێكی قەڵادزێ بنووسێ، بۆ (سەلەمكردنی تووتن، یان بەرهەمێكی دیكەی كشتوكاڵ)، دوای ئەوەی گرێبەستەكە نووسرا، نانمان خوارد و محەلەبییان بۆ هێناین، كە بە وردە برینج و وردە شەكر دروست كرابوو، یەكێك لە پیاوەكانی ئاغا، كە بەو برینج بە وردە شەكرە رووداوێكی خۆی بیر هاتبووەوە، ڕووی لە میرزا غەریب كرد و گوتی:
- میرزا تۆ زۆر بەشانسی.
میرزا گوتی:
- چۆن دەزانی، كە نامناسی و ئەوە یەكەم جارە تۆ دەبینم؟
پیاوەكەی ئاغا گوتی:
- نا، من دەتناسم، سێ ساڵ پێشتر، كە زستانەكەی زۆر سارد بوو و منیش لەوپەڕی هەژاریدا بووم، شەوێك لەگەڵ برادەرێكم هاتینە قەڵادزێ بۆ دزی، ماڵی ئێوەمان دەستنیشان كرد و لەپشتەوە دیوارمان بڕی (دیوارەكەمان كون كرد) هەرچی گەنم و برنج و ڕۆن و ئەرزاقتان هەبوو هەموومان بۆ دەرێ كێشایەوە، لە دواجاردا شووشەیەكمان بەرچاو كەوت لەسەر ڕەفەیەك دانرابوو، تاومان دایە، بە وردە شەكری تێگەیشتم و وامزانی كابانی ماڵێ لە كاتی قەند شكاندنێ ئەو وردە شەكرەی بۆ كاتی پێویست كۆكردووتەوە، سەرەكەیم كردەوە تا تامی بكەم، بەڵام لە بەدبەختیمان شەكر نەبوو، (خوێ) بوو، هەر كە نمەكمان كردی، ئەژنۆمان شكا (گوتمان تازە نمەكی ئەو ماڵەمان كردووە و ناكرێ دزییان لێ بكەین) نەمانتوانی دزییت لێ بكەین و هەموو ئەرزاقەكەمان هێنایەوە ژوورێ.
میرزا غەریبیش گوتی:
- بەڕاستی ئەو دیوار بڕین و هیچ نەبردنە لە لامان ببووە لوغز و مەتەڵ، ئەوە ئێستا تێیگەیشتم، خۆزگە دۆستێكی وەك تۆم دەبوو، كە نمەكت دەكردم و پشتڕاست دەبوومەوە، كە خیانەتم لێ ناكەی.
قەڵادزێ دزییەكە پشتگوێ دەخات و شەهامەتەكە بۆ خۆی هەڵدەگرێ. قەڵادزێ بەسەر دیواربڕیندا باز دەدات و وەفا بنیات دەنێ.
هەنارێك بەر دیواری ئاسنی دنیا دەكەوێ
قەڵادزێ مەڵبەندێكی ئازاد و پایتەختی زمان و لوتكەی نانبدەیی بوو، خاكەكەی بەرهەمهێنی تووتن و برنج و ڕەز و باخچە و شەهامەت بوو، دەست و دڵی بە هەموانەوە بوو. تەنیا گیرسانەوەی ئەو هەموو پاڵەوان و شۆڕشگێڕانەی كۆماری كوردستان لەوێ، كتێبێكی سەربەخۆی دەوێ.
- دەبوو ئەو شارە بكەوێ، دەبوو بكەوێت و نەمێنێ، دەبوو وەك هەڵۆ و تا قووڵایی ئاسمان بڕوات و بمرێ، دەبوو وەك قەقنەس بسووتێ، هەموو دنیا كۆك بوون لەسەر ئەوەی، ناكرێ ئەو هەموو جوانییە لە شوێنێك پێكەوە بێت، بە نیازی لەناوچوون، دەستێكی ئاسنین و شێتانە، بەوپەڕی دڵڕەقی بە دیواری بێدادی دنیای دادا و ئەویش وەك هەنارێكی هەزار ڕەنگ، بەسەر سینگی مێژوودا تەقی.
قەڵادزێ تەنیا لە دوو شوێندا ماوە، یەكەم قەڵادزێ ئاڵتوونییەكە، كۆڵان و گەرمیی بازاڕ و عەشقیش بە تەپوتۆزی خۆیەوە لە مێشكی مندا پارێزراوە (دەشێ هی تۆش). دووەمیان گۆڕستانێكە لە هەولێر، ئەویش تەنیا بەو نیازە دروست كراوە.
- ژیان بە دڵڕەقیی خۆیەوە لێكی جیا كردینەوە، با مردن بە دڵنەرمیی خۆیەوە كۆمان بكاتەوە.
بەداخەوە نەمتوانی ئەوەی دەمویست بینووسم، یەك تاكە وشەی دڵی خۆم نەنووسی.
11/04/2023
كۆتایی