
لەگەل ئەوەی لەڕووی زەمەنی سەرهەڵدانییەوە، ڕۆمانی عیرفانی وەک جۆرێک لە جۆرەکانی ڕۆمان تازەیە و، دەکرێت بلێین بۆ کەمتر لە نیو سەدە لەمەوبەر دەگەرێتەوە، بەڵام سەرباری تێپەڕاندنی ئەو مووددە زەمەنییە کەمەش، هێشتا توانیویەتی جێدەستی خۆی بەسەر پانتایی ئەدەب و نووسینەوە بەجێبهێڵێت. لەو میانەشدا، ژمارەیەک قەڵەمبەدەست لەڕێگەی پاشخانی مەعریفی و کۆششە بەردەوامەکانی خۆیانەوە هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ و، لەلایەک چەند بەرهەمێکیان خستۆتە ناو کتێبخانەی نیشتمانی وڵاتەکەیانەوە، لەلایەکی ترەوە، بەو بەرهەمانەیان زەخیرەی فەرهەنگی و کەلتووری کۆی مرۆڤایەتیان دەوڵەمەندتر کردووە. خۆشبەختانە، زۆرینەی ئەو بەرهەم و نووسراوانەش چلۆنایەتییەکی ئەرێنی وایان هەیە ئەوەدەهێنن توێژەوان و قەڵەمبەدەستان و خوێنەران لایان لێببکەنەوە و بەهەندیان بگرن.
لەگەڵ ئەوەی بەشداریکردن لەو بوارەدا ئاراستەیەکی دوولایەنەی هەیە و، لەیەککاتدا هەم قەڵەمبەدەستانی دونیای ئیسلامی و هەم قەڵەمبەدەستانی دونیای خۆرئاواش ڕۆڵیان تیادا بینیوە. بەڵام من وایدەبینم زۆرتر ئەوانە توانیویانە بەناو کەلێن و کەلەبەر و وردەکارییەکانیدا شۆڕببنەوە و هەقی پێبدەن کە وەک بیر و ئایدیا و جیهانببینی، ڕایەڵەیان لەگەل پرەنسیپەکانی ئاییندۆستیدا هەبووە و، لە ڕووی پاشخانی ئیمانی یاخود ئیسلامی یان ڕووحییەوە بەرخوداردارییەکی چلۆنایەتییان هەبووە. هەڵبەت بەپێچەوانەشەوە ڕاست دەردەچێت.
*
کتێبی ( موتریبی عیشق ) کە من وەک خۆم بەلامەوە پەسەندترە بە ( موتریبی ئیشق ) ناوی بهێنم و، دوور لە چەلەحانێی هەبوون یاخود نەبوونی پیتی ( ع ) لە زمانی کوردیدا، لە وتن و نووسیندا بەکاریببەم، یەکێکە لەو کتێبانەی ڕەهەندێکی گشتگیری عیرفانی هەیە و، لەڕووی سووژە و ناوەڕۆکەوە لە زۆرینەی ڕەهەند و ئاراستەکانەوە سەبارەت بەو بوارە دەدوێت. ئەو کتێبە کە لەبۆتەی ڕۆماندا لەلایەن نووسەری فارس ( سەید یەحیا نەسریبی ) ەوە نووسراوە و، لەلایەن وەرگێڕی ناسراو ( مەهدی عەبدوڵڵا ) ەوە پەرچەڤەی زمانی کوردی کراوە، سەبارەت بە یەکێک لە کەسایەتییە دیار و گەشاوەکانی ناو دونیای عیرفان دەدوێت کە ( ڕابیعەی عەدەوی ) یە.
لەڕوانگەی منەوە، ئەو کتێبە چ وەک داتای زانیاری مێژوویی و کەلتووری، چ وەک فۆرم و ناوەڕۆک، چ وەک پێدراوی ئیمانی، چ وەک زمانی نوسین و وەرگێڕان، شایستەی ئەوەیە لەپەنایەوە دەستخۆشی لە هەردوو کاراکتەری کارەکە بکرێت کە ئەوانیش نووسەر و وەرگێرن. لەلایەک دەستخۆشی لە نووسەر بکرێت کە ئازایەتی داوەتە بەرخۆیی و، ئازایانە ڕاپەرمووە تا بابەتێکی هەستیار و پڕ لە وردەکاری سەبارەت وەک کەسایەتییەکی دونیای عیرفان تەوزیفی نووسین بکات و، بۆ ئەو کارەشی هەوڵێکی زۆر بدات و ماندووبوونێکی زۆر بچێژێت تاکو لەومیانەدا کنە و پشکنینی پێویست ئەنجام بدات سەبارەت بە هەموو ئەو سەرچاوانەی کەم و زۆر سەبارەت بەو کەسایەتییە دواون و، زانیاریان لەبارەیەوە خستۆتەڕوو.
ئەم هەوڵ و ماندووبوونەشی دەمانباتەوە بۆ لای هەوڵ و ماندووبوونی بێسنووری دەرهێنەری ئێرانی ( فەرەجوڵڵا سلحشور ) کاتێک لەپێناو نووسین و دەرهێنانی زنجییرە درامای ( یوسفی ڕاستگۆ ) دا سەرچاوەگەلیکی بێشووماری وەک دەق و گفتار بەکاربردووە و، پشتی پێبەستوون تاکو بەرهەمێک بهێنێتەکایەوە لەڕووی هونەری و ئایینی و مێژوویی و فەرهەنگییەوە کەمترین ڕەخنەی بێتەسەر. ئەمەش لە کۆتایی هەر ئەڵقەیەکی ئەو درامایەدا بە وردی ئاماژەی بۆ کراوە. من پێموایە نووسەری ڕۆمانی ( ڕابیعەی عەدەوی ) ش لەسەر هەمان ڕیتم و نییەت کاری کردووە و، ئەگەر سەرچاوەگەلێکی بێشووماریشی نەپشکنیبێت و نەخوێندبێتەوە، ئەوە دەیان سەرچاوەی موعتەبەر و جێگە بڕوای بەسەرکردۆتەوە و، دوواتر لە ناساندنی کەسێتی ( ڕابیعەی عەدەوی ) و، پێکەوەبەستنی ڕەوتی ڕووداوەکان و داتا پێدراوەکانی ئەو ڕۆمانەدا، سوودی لێوەرگرتوون.
نووسەری ئەو ڕۆمانە کە ( سەید یەحیا یەسریبی ) ە، جگە لەو هەوڵەی کە بۆ نووسینی ئەو ڕۆمانە بەکاریبردووە، چەند بەرهەمێکی تریشی لەکایەی عیرفاندا نووسیون کە لەو میانەدا دەتوانین ئاماژە بە هەندێکیان بکەین، وەک ( عیرفانی تیۆری) و ( حیکمەتی ئیشراقی سوهروەردی ) و ( حەللاج ).
هەڵبەت وەرگێری کوردیش لەو کەمتری نەکردووە بۆ هاوزمانەکانی خۆی، چونکە جگە لەوەی بەجۆرێک کتێبەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی دایک، هاوکاتیش بە کوردییەکی جوان و پاراو و بێ گرێ و گۆڵ خستویەتە بەر دیدەی خوێنەرانی کورد. بۆ ئەوەی هەڵەی ناقۆڵاشی بەسەردا تێنەپەڕیت، بە پشوودرێژییەوە لەگەل کۆی وشە و دێڕ و پەڕەگرافەکاندا سەفەری کردووە و، دوواتریش چەند جارێک لە ئەلفەوە تاکو یێ بەسەر وەرگێرانەکەیدا چۆتەوە.
لەگەڵ ئەوەی وەرگێر خاوەن پاشخانی شێوەزاری موکریانییە، بەڵام تەنها ئەوەندە بەس نەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە کردەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانەدا سەرکەوتوو ببێت، بەڵکو پاشخانی مەعریفی و خوێندنەوەشی بەتایبەت لەکایەی ئایینداریدا بۆتە هاوکارێک بۆ وی تاکو بتوانێت هەق بەو وەرگێرانە بدات و، کارێکی جوان بهاوێتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە لە بواری عیرفاندا.
نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت کە لەگەڵ ئەوەی هەزاران هەن لە واقیعی کۆمەڵایەتیدا فرچکیان بەو شێوەزارەوە گرتووە و، دەتوانن بە باشترین شێوە پێی بدوێن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ناتوان بەبەجۆرێک ئەو شیوەزارە بۆ نووسین و وەرگێران بەکارببەن کە دەستخۆشی و ئافەرینیان لێبکرێت. چونکە بەوهێندەی هەبونی پاشخانی وشە گرنگە، زۆرتر لەوەش چلۆنایەتی بەکاربردنی ڕۆڵ دەبینێت لەکایەی نووسیندا.
زیدەڕۆیی ناکەم کە بڵیێم هەم نووسەر و هەم وەرگێر بەجۆرێک کاریان لەسەر ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانەدا کردووە کە بەئاشکرا پێتدەڵێت هەردووکیان بەباشی درکیان بەوەکردووە مەبەسەتیانە چی بە خوێنەر بگەیەنن و چۆنیش تێیبگەیەنن. ئەمەش بڕگەیەک لە کتیبی ( ئاماجی ئەدەبیات ) ی نووسەری ڕووس ( مەکسیم گۆرکی ) م دەهێنەتەوەیاد، کە تیایدا ئەو نووسەرە ڕووسە سەبارەت بەخۆی دەدوێت و، باس لەوە دەکات پاش ئەوەی لە کۆڕی دۆستاندا دووا چیرۆکی چاپکراوی خۆی دەخوێنێتەوە، ئەوێ بەجێدەهێڵێت و، دێتە دەرەوە. بەڵام هێندەی پێناچێت کەسێکی کورتەبنە کە بەگوێرەی وەسفکارییەکەی نووسەر سەرکردەی پەلشەفیک ( فلادیمیر لینین ) بووە، شان بەشانی وی دەکەوێتە ڕێ و، لە میانی گفتوگۆ و قسەکردنیدا، پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە ئامانجی وی لە نووسینی ئەدەبیاتدا چییە و، مەبەستییەی چ پەیامێک بە خەڵکی بگەیەنێت؟ وەختێک ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا وەڵامی بداتەوە. کەسەکە پێیدەلێت: " ڕێنوێنی چۆن دەتوانیت، کە خۆت ڕێگە نازانیت". بەوپێیەش وەختێک نووسەر یاخود وەرگێڕ نەزانیت لەپشت هەوڵی نووسین یاخود وەرگێرانەکەی چ پەیام و مەبەستێکی زیندووی هەیە بیگەیەنێتە خوێنەر، ئیدی ناتوانرێت چاوەڕێ بکرێت هەوڵەکەی بەرەنجامێکی ئەرێنی و خوازراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
*
لەتێڕوانینی مندا، بەشێوەیەکی گشتی سەرکەوتنی وەرگێری کوردی لەو کارەدا، بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
- خۆنەدان لە قەرەی وەرگێرانی وشک و ڕەق، ئایا لە کەمئەزموونییەوە بێت یاخود لە دەستەوەستانی و بێتواناییەوە بێت.
- پشتگوێ نەخستنی ئەو چەمک و وشە و دەربڕینانەی نیازیان بەوەیە کورداندنێکی باشیان بۆ بکرێت.
- بەخشینی ڕووکارێکی کوردانە بە دەقەکە لەڕووی توانستی تێگەیشتن و گەیاندنی بە خوێنەر.
- پاراستنی مۆرکی عیرفانی دەقەکە وەک ئەوەی نووسەر مەبەستی بووە و، کاری لەسەر کردووە.
- هێنانەکایەی جۆرێک لە هارمۆنیا هەم لەنێوان لەنێوان پەڕەگرافەکان و هەم لە نێوان ڕەوتی ڕووداوەکاندا. ئەگەرچی بابەتێکی وا بەر لە وەرگێر، ئەرکی نووسەرە ئەنجامی بدات، بەڵام دەشێت وەرگێری ناشی و بێ ئەزموون تێکیبدات..
- پەیڕەویکردن لە جۆرێک لە وەرگێران کە تیایدا وشەکان نمای ئاوێکی بەخووڕ نیشانبدەن کەبەسەر بلووسکێکدا تێدەپەڕێت و، بۆ ئەوە دەبێت لێی بخۆیتەوە و، ڕووخسارتی پێبشۆیت و، ڵێی ڕابمێنیت.
*
بەگوێرەی سەرچاوە موعتەبەر و باوەڕپێکراوەکان ( ڕابیعەی عەدەوی ) لە ساڵی ( ١٠٠ ) ی کۆچی بەرامبەر بە ( ٧١٧ ) زایینی لەشاری بەسرە لەدایکبووە. کچی کەسێکە بەناوی ( ئیسماعیل عەدوی قەیسی ) و، بەهۆی ئەوەی منداڵی چوارەمی خێزانەکەی بووە، بۆیە ناویانناوە ( ڕابیعە ). ماوەی هەشتا ساڵ ژیاوە و لەو ماوەیەدا سەردەمی هەردوو دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی بینیوە. وەک تەمەنی فیزیکی، سەدەیەک پێش دەرکەوتنی گەورە عاریفانی وەک ( حوسێنی مەنسووری حەللاج، بایەزیدی بوستامی، ئەبوبەکری شبلی ) ژیاوە. لەهەمانکاتدا ژیانی وی هاوکات بوە لەگەڵ سەروەختی ژیانی گەورە عاریفانی وەک ( حەسەنی بەسری، ئیبراهی کوڕی ئەدهەم، سوفیانی سەوری، مالیک کوڕی دینار ) دا. لە پاش مردنی لەساڵی ( ١٨٠ ) ی کۆچی بەرامبەر بە ( ٧٩٦ ) زایینی ) لە گۆڕستانی ( حەسەنی بەسری ) دا بەخاک سپێردراوە.
ڕەنگە لوتکەی خودادۆستی ( ڕابیعەی عەدەوی ) لەو پەڕەگرافەدا دەربکەوێت کە وەک وێرد و پاڕانەوە لەئاست مەعبوودەکەیدا دەریبڕیوە و، وتویەتی: " خودایا، من لە خۆشی گەیشتنە بەهەشت تۆ ناپەرستم، هەروەها لە ترسی دۆزەخیش تۆ ناپەرستم، بەڵکو تەنها و تەنها لە خۆشەویستی تۆیە، کە زاتی تۆ دەپەرستم."
هەڵبەت، ئەو دووجار خۆشەویستی بۆ زاتی خودا هەبووە. جارێک وەک مەیل و لایەنگری و، جارێکیش وەک ئەوەی کە ئەو زاتە شایستە ئەو خۆشەویستییەیە. لەو ڕووەوەشەوە بەردەوام وێردی خوێندووە و ڕاز و نیازی کردووە تاکو بەردەوام بێت لەسەر ڕێگەی هەق. ئەو هاوشێوەی ( سوفیانی سەوری ) پێیوابووە: " باوەڕو ئیمان لەوەدا کۆنابێتەوە کە حەز و ئارەزووت بۆی هەبێت، بەڵکو لەوەدا کۆدەبێتەوە بە کردەیی لەدڵدا جێگیر ببێت و، بەڕاست و درووستی ڕەنگبداتەوە".
ئەو، بەردەوام لەژێر ڕۆشنایی دەستوور و فەرمایشتەکانی پەروەردگاری باڵادەستدا پابەندییە ئیمانییەکانی لەسەر ئەرزی واقیعدا پراکتیزە کردووە و، بەتەواوی پەیوەست بووە بەو ئایەت و سوورەتانەی پەروەردگار کە لەچوارچێوەی کتێبی پیرۆزی ( قورئان ) کۆکراونەتەوە و، وەک دەستوور و ڕێنوێنی لەڕێگەی دووایین پەیامهێنەوە بۆ خەڵکی ڕەوانەکراون. بۆیە بەتەواوی پەیوەستبووە بەو فەرمایشتە باڵایەی خوداوە کە کە لە سوورەتی ( الذاریات ) ئایەتی ( ٥٦ ) دا فەرموویەتی: ( وما خلقت الجنَّ والإنس إلا ليعبدون ) کە واتاکەی ئەوەیە: " بێگومان من پەری و مرۆڤم نەخولقاندووە تەنها بۆ ئەوە نەبێت کە پەرستشی من بکەن و بەندایەتیم بۆ بکەن". هەروەها پابەندی خۆیشی جێبەجێکردووە بەو فەرمایشتەی پەروەردگارەوە کە لە سوورەتی ( الاسراء ) ئایەتی ( ١٩ ) دا فەرموویەتی: ( وَمَنْ أَرَادَ الآخِرَةَ وَسَعَى لَهَا سَعْيَهَا وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَأُولَئِكَ كَانَ سَعْيُهُمْ مَشْكُورًا ) کە واتاکەی ئەوەیە: " ئەوەی خولیا و مەبەستی ڕۆژی دووایی بێت و هەوڵ و کۆششی بۆ بکات و، کەسێکی باوەرداربێت، هەوڵ و کۆششکردنی ئەو جۆرە کەسانە جێگەی ڕێز و سوپاسی خودا دەێت ".
بەهەمان شێوە، وەک چۆن نێردراوی خودا ( محەمەد – دروودی خوای لێ بێت ) فەرموویەتی: " ئیمان و باوەڕ لەناو دڵەکانتاندا کۆن دەبێت هەروەک چۆن پۆشاک کۆن دەبێت، بۆیە پێویستە لەخودا بپارێنەوە تاکو ئیمان و باوەڕ لەناو دڵتاندا زیندوو و تازە بکاتەوە "، ئەویش بەردەوام مکوڕبووە لەسەر ئەوەی ئەو ئیمان و باوەڕە لە قووڵایی ناخ و دڵیدا نوێبکاتەوە.
ئەو وێردی خوێندووە و پاڕاوەتەوە لە پەروەردگار تاکو بە میهرەبانی بێسنووری لەوەدا سەرکەوتووی بکات کە تەواوی ژیانی خۆی بۆ زاتی ئەو تەرخان بکات و، وەختێک بەرەو دیداری زاتی ئەو دەچێت لەهەرچی گەرد و خۆڵێکە پاکبووبێتەوە. وەک ئەوەی فارس وتەنی، پێبڵێت: " تا پاکش نکردە ، خاکش نکند."
*
دەڵێن جارێک ( ڕابیعە ) لە کۆڕی یەکێک لە پیاوچاکەکانی سەردەمی خۆیدا دانیشتووە و گوێیگرتووە. پاش کەمێک پیاوچاکەکە پێیوتووە:
- ئەی ( ڕابیعە )، دوو تاڵی قژت بەدەرەوەیە، بیشارەوە.
( ڕابیعە ) ش کتوپڕ هەڵساوەتە سەرپێ تاکو کۆڕەکە بەجێبهێڵێت. پیاوچاکەکە کە ئەوەی لێ بینیوە، بەسەرسووڕمانەوە لێیپرسیوە:
- ( رابیعە ) بۆ کوێ دەچیت؟!
ئەویش وتویەتی:
- هەڵەدەکەم لە کۆڕی کەسێکدا دابنیشم و گوێ لە وەعزەکانی بگرم کە لەکاتێکدا بانگەشەی ئەوەدەکات تەنها خودای مەبەستە، کەچی چاوی چووەتە سەر دوو تاڵە قژی من!
ئەو، وەک عاریفێکی سەرڕاست، وایدەبینی کە پێویستە مرۆڤی عاریف و لەخودا ترس لەتەواوی ساتەکانی ژیانیدا، هەموو هەستەکانی بەڕۆژووبن و، لەئاست ڕێز و شکۆی خودادا لە هەر هەڵە و خراپەیەک بیانپارێزێت.
*
جارێک ( ڕابیعە ) بە ( سوفیانی سەوی ) وتووە:" تۆ، تەنها لەچەند ڕۆژێک پێکهاتوویت. کاتێک ڕۆژێکت بەسەر دەچێت، ئەوە بەشێک لە تۆ لەدەست دەچێت. لەوانەشە لەگەڵ لەدەستچوونی ئەو بەشەدا، سەرلەبەرت لەدەست بچێت. تۆش لەوە بەئاگایت، کەواتە بکەوە کار."
*
ڕزگاربوونی وی لەدەست کۆتی کەنیزەیی ( ئەبو غەریب ) و، ڕووکردنی پڕ لە ڕاستگۆیانەی بەرەو خودادۆستی بەتەواو بوون و هەستەکانییەوە، هەرزوو ئەوی لە ژنێکی ئاساییەوە گۆڕی بۆ عاریفێک کە بەهەق وەک سەرتۆپی عاریفان لێێبڕوانرێت و پێوانەی بۆ بکرێت، تەنانەت نازناوی ( دایکی چاکەکاران ) و ( تاجی سەری پیاوان ) ی پێبدرێت.
( فەریدەدین عەتار ) لە کتێبی ( تذکرة الاولیاء - یادی پیاوچاکان ) دا بە دیوێکی زۆر جوان و شایستەدا باسی لێوەکردووە. ئیمام و مێژوونووسی بەناوبانگیش ( ئەبو عەبدوڵڵا شەمسەدین زەهەبی ) لە کتێبی ( سیر اعلام النبلاء – ژیاننامەی کەسایەتییە ناودارەکان ) دا سەبارەت بە وی وتویەتی: " زاهید و عابیدێکی تەواو خواپەرست بووە."
( عەبدوڵڵای کوڕی عیسا ) ش وتویەتی: " چوومە ماڵی ڕابیعە و بینم ڕووخساری دەدرەوشێتەوە و بەشی وی هەر گریانە. کەسێک ئایەتێکی قورئانی لەلا خوێندەوە کە باسی ئاگری دۆزەخی تیادابوو، ئەویش هاوارێکی لێ هەڵسا و، پاشان کەوتەسەر زەوی. "
*
( ڕابیعە ) قسەیەکی جوانی هەیە بۆ باوەڕداران کە وتویەتی: " وەک چۆن خراپیەکانتان دەشارنەوە، ئاوا چاکەکانیشتان بشارنەوە" . کاتێک لێیدەپرسن: " ئایا تۆ خودای گەورە و باڵادەستت خۆشدەوێت؟ ". ئەویش دەڵێت: " بەڵێ، بەدڵنیایەوە خۆشم دەوێت ". ئینجا لێیدەپرسن: " ئەدی ڕقت لە شەیتان دەبێتەوە". ئەویش وەڵامدەداتەوە و دەڵێت: " خۆشەویستی و مەحەببەتم بۆ خودا بوارم نادات خۆم بەوەوە سەرگەرم بکەم ڕقەبەرایەتی شەیتان بکەم! "
ئەو پەیامێکی زیندووی بۆ سەرجەم ئۆردووی مرۆڤ پێبووە و، تیایدا ڕایگەیاندووە: " پێویستە ئەوەڵجار ئەو زاتەمان خۆشبوێت کە ئێمەی خۆشدەوێت، ئەویش تەنها زاتی خودایە! "
*
زۆر لە توێژەرەوان نازناوی ( شەهیدی ئیشقی ئیلاهی ) یان بە ( رابیعە ) بەخشیوە. تەنانەت نووسەرێکی وەک ( عەبدولڕەحمان بەدەوی ) کتێبێکی تایبەتی بەو ناوەوە نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە و، تەواوی ناوەڕۆکەکەی تەرخانکردووە بۆ بەدواداچوونکردن سەبارەت بە لایەنە عیرفانییەکانی وی و، ئەو شیعرانەی لە خۆشەویستی خودادا هۆنیونییەوە بەتایبەتی ئەو شیعرەی کە باس لە هەبوونی دوانەی خۆشەویستی ( ڕابیعە ) دەکات لەئاست مەعبودەکەیدا کە زاتی خودا گەورە و باڵادەستە...
* کتێبەکە بە فارسی: مطرب عشق، سید یحیی یثربی، انتشارات قو، تهران، ١٤٠١ شمسی- ٢٠٢٠ میلادی
* کتێبەکە بە کوردی، موتریبی ئیشق، سەید یەحیا یەسریبی، وەرگێڕانی: مەهدی عەبدوڵڵا، کتێبفرۆشی مێخەک، هەولێر، ٢٠٢٤