
محمدی مام ڕەسوی
هەندێ کات
گریانیش بریتیە لە فڕیــن
فڕین بەناو چامەکانی سەفەرو
بەناو قیژەکانی نەگەیشتن !!
ئەو ئازارانەت بدە بەمن
بەوە نیە هەندێک جار ،
شانم بەرگمەی فڕینی کۆترەکانی نەگەیشتن دەکەوێت و
لەسەر کۆنکریتــی ڕازێک ڕادەکشێم !
من دڵم هەروەکو جاران لێدەدات ،
هەندێک جار نەبێ ،
کەڕوبار دەکەوێتە گومان و
لەنجەکانی بەرکەمەری سارای مردن دەکەون !!
تۆ ئێستاش ناتەوێ بێی ،
تا پیاوێک بەو پایزە گەڵا نەگرێت ؟!
وەرە ڕۆژێک بەردی ئەو حەسرەتانەم پێدادە
سێبەری ڕێواسی هەموو دەقێکم
پڕکە لە چاوداگرتنی مۆسیقاو
باخچەم هەڵکێشە لە عادەتی وەریــن !!
فێرم کە !
لەو ڕۆمانەی کەدڵی دوێنێ و
ئاوێنەی ماچەکانی تێدا شکا ،
کام دێڕانەی زووتر بشۆم ؟!
ئاخر ئاسمان بە من چــی
کەلە ژێریـدا ،
هەر سنەوبەرەکانی پەشیمانی و
هەر شتڵەکانی غوربەتی لێ بڕوێ ؟!
کەخۆمم لێ بەردەبێتەوە ،
با نەسیمی هاتنێکت بمبــا
ڕۆژێک دەبێ ،
ئێوارەو شیعرو باران
پێکەوە لەدادگای شەوانی ئۆکتۆبەردا سوێند دەین !!
ئەو کاتەی کە گۆرانی ،
بەسەر چۆڵ و هوڵیمدا دەڕژێ !!
تۆ موتوربمکە لەعەتری وشە و شەرابی ترێی قسەت
ئەو دەمەی دڵم دەبێ بەشووشە بۆی !
تۆ دەزانی !
بە موچرکی ئەو ئێوارەی هەور زانیم
باران من و تۆی بەخورپەکانی خۆیەوە تەنیوە ؟!
من ڕاهاتووم ،
گلانی خۆم لەگۆرانیەکدا زین کەم
بە ئازاری کانییەوە هەڵوژەی تفت بگرم !
من ڕاهاتووم ،
گوڵی سپی لە فارگۆنەکانی شکست دەم
ئاخر زۆر جار دڵم بەزەنگی شکان ، ڕاچەنیووە !!