
غەمگین خدر
مووەكان
تەنیا یەك تاڵەمووی خەنەیی
لە ژوورەكەمان بەجێما
یادەوەرییەكانی كردووەتە پەنجەرەی شیعر و
منی پڕ لە خەیاڵی پەیڤەڕەنگاوڕەنگەكان كردووە
من بیر لە كرانەوەی پەنجەرەكانی چاویشت دەكەمەوە
من بیر لە كرانەوەی دەرگەكانی سینەیشت دەكەمەوە
من بیر لە مووەكانی دیكەی جەستەیشت دەكەمەوە
من بیر لە مووە زبرەكانی ژنانی ناسكیش دەكەمەوە
مووەكان لە نهێنییەكانم زۆرترن
مووەكان نهێنییەكی سپیی ژنەكانن
مووە بەجێماوەكان زۆرترن لە ژنە ڕۆیشتووەكان
مووەكان زۆر زۆرن.
موو هەبوو زمانی ڕەق و پەیڤی زبر
دڵی ژێر پێستیشی نەرم
موو هەبوو گفتی نەرم و شەوی خۆش
بەردی ڕەقی بن دەریای دڵیشی ون
موو هەبوو هیلاكتر لە تەنافێكی بەر خۆرەتاو
موو هەبوو لە پیاسەی ناحەزی سەرشۆستەیەكدا
بەجێما بوو
موو هەبوو بە جێمابوو لە جۆگەلەیەكی پڕ كەڤاو. موو هەبوو لەسەر بەتانی گەرم و سەرینی سارد و دۆشەكی دڵكون و سیسەمی ماندوو بەجێمانی كردبووە ڕۆژی بەختی شەوەسپییەكانی، بەڵام لە دونیای مندا زۆر زۆر بوون ژنەكان و مووە بەجێماوەكانیان زیاتر.
موو هەبوو چووبووە خەوێكی قووڵی بن بەتانی دووكەسی
موو هەبوو خۆی بە شانەی گەرماو دڵخۆش دەكرد
موو هەبوو خەوتبوو بە خەیاڵی بن كراسێكی گەرمەوە
موو هەبوو كون و كەلێنی دیوارەكانی كردبووە ماڵ
موو هەبوو هۆگری بۆنی سووتانی خۆی بوو
موو هەبوو ڕەنگی ڕەشی مۆر بوو
موو هەبوو وەك حەپی گولاج دوو ڕەنگ
مووەكان وەك پێڵاوەكان و
ڕوخساری خانووەكان و
دەرگەی حەوشەیش
بۆیاغ دەكران
موو هەبوو بە داڵغەی گەڕانەوە زەرد هەڵگەڕابوو
موو هەبوو ڕەنگی ڕەشی بەفرێكی تووشی بەسەرداباری بوو.
مووەكان لە دونیای مندا زۆربوون و
تەنیا یەك تاڵەمووی خەنەیی بۆ هەمیشە لە ژوورەكەمدا بەجێما.
🍂🍂🍂🍂
ژنەكان
ژنیش هەبوو لە تەنیشت پەراسووەكانم
دڵخۆش
وەك مووی ناو ماست
ژنیش هەبوو لەناو دەستی شیعرم
مووی دەخستە ناو لاپەڕەی كتێبی ژیانی خۆی
ژنیش هەبوو لەناو مندا
سندوقێكی نهێنی بوو
لەبەر ئەڤینی من
خەمی ژیانی خۆی بەمووەكانی دەپێچایەوە
ژنیش هەبوو لەوپەڕی دونیا
مووەكانی وەك گوڵەكانی ناو ماڵەكەی خزمەت دەكرد
ژنیش هەبوو
مووی هەڵوەریوی بەختی خۆی دەكردە تەنافی ڕۆژەكانی
خەمی تەڕی شەوە غەمگینەكانی پێ وشك دەكردنەوە
ژنیش هەبوو وەك جەللاد
بەردەكانی ناو دڵی سەری مووەكانی دەشكاند.
ژنەكان لە دونیای مندا زۆر بوون و
تەنیا یەك ژن بۆ هەمیشە لەناو دڵمدا بەجێما.
سەرچاوە:
برینەكان گۆرانیمان پێ دەڵێن
2012
شیعر
چاپكراوی ماڵی وەفایی