خدر ئیبراهیم خدر

  [ لە گزنگەوە بۆ گزنگ

دەنگی قڵیشانی شاخ دێ،

خەڵکی نێو کۆساران نازانن شتێکە دەدزرێ،

ئەم دەنگە

هەر گلۆربوونەوەی گاشەبەرد و

داڕمانی شاخ و

ڕۆچوونی زەوی نییە،

داڕمانی مرۆڤی سەرمایەدارە

ده‌ستى ناوەتە بينى سرووشت و بەرد دەهاڕێ! ]

دەشێت هەر بنیادەمێکی خاوەن ئەقڵ و ئاوەز درک بە ئەلف و بێی جوانیەکان و، دیوە بینراو و نەبینراوەکانی مەحەببەت دۆستی و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی بکات، بەڵام ناشێت هەمووان بتوانن لەفەزای ژیانی فیزیکی خۆیاندا پراکتیزەی بکەن و، وەک چەند دەستاوردێکی بەبەها و زیندوو لە کایەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و، تێپەڕاندنی ساتەکانی تەمەندا سوودی ئەرێنییان لێوەربگرن. چونکە وەختێک بنیادەم دەتوانێت دەرەقەتی مومارەسەکردنی ئەو چەمکانە بێت کە لە جەوهەردا پاکژ و دڵبین و، لە بیروئایدیاشدا خودادۆست و جواندۆست و بەهادۆست و مرۆڤدۆست بێت . ئەگەر وانەبووایە، دونیای ئەمڕۆ، بەو ڕادەیە نووقمی دزێوی و ناشیرینییەکان نەدەبوو . بەوهێندە کێبەرکێی چەک و سوپاسالاری و، مۆتەکەی شەڕ و کوشتار و ئازاردان و و ونکردن و سووکایەتیپێکردن و ڕاگواستن و ئاوارەکردنی زۆرەملێش بوونی نەدەبوو .

( پێشەوا کاکەیی ) یەکێکە لەو دەنگ و ڕەنگانەی ساڵانێکە بەو نەفەسە، هەناسە دەدات کە کانیاوی جوانییەکانی لێوە هەلدەقوڵێت و، لەو گۆشەنیگایەشەوە، بیردەکاتەوە و پیت دەخاتە سەر کاغەز، کە ڕەنگەکانی مرۆڤبوونی تیادا دەبریسکێتەوە . ئەو، موسافیرێکی ماندوویە بەسەر چوارڕییانی هەڵوێستەکانەوە ڕاوەستاوە و، ئەو ئاراستەیە بۆ ئەوانی دی دەستنیشان دەکات کە لێیەوە، جارێکی تر لەگەڵ مەعریفەی خودناسین و ژیانناسیندا ئاشتببنەوە .

( پێشەوا کاکەیی )، وەستایەکی کارامەی پانتایی وشە و نووسینە کە مەبەستییەتی کۆی مرۆڤەکان بە جیاوازی بیر و ئایدیا و ڕەنگ و ڕەگەز و باوەڕەوە، ، لە ژێر هەژموونی بێئاگایی و ڕەشبینی و نامۆبوونی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژێر هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری و بەماددەبوونی پێدراوەکان، بهێنێتەدەرەوە و،  دەستێپکێکی نوێ لەبەرچاوبگرن کە ببێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ  فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە لەسەر گێتی بۆ هەمووان، کە تیایدا دڵۆپە ئەڵماسییەکانی مەحەببەت و پێکەوەژیان و سرووشت پارێزی، ببنە پنتێکی کۆکەرەوە بۆ پێکەوەگرێدانی چارەنووس و، باشترکردنی چلۆنایەتی ژیانی ئیستا و داهاتوویان . بۆ ئەوەی بتوانن ئاسوودەییەک تام بکەن، زۆر لەو ئاسوودەییە واوەتر بچێت کە هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان و، پارتە بنەماڵەیی و ئایدۆلۆژ ژەهراوییەکان، لە فۆرمێکی دەستکرددا، دەرخواردیان دەدەن .

ئەو، پێیوایە هەوڵدان بۆ گواستنەوەی خەون و ئایدیا جوانیەکان بۆ ناو دونیای واقیع، نیازی بە هەبوونی بوێری و ئیرادە و جوان بیرکردنەوە و جوان بینین و هەڵبژاردنی ڕاستەڕێ هەیە، نەک لەپەنای ترس و بی ئیرادەیی و، ڕووانینی ڕاگوزار و، ئومێدی بێ کرداردا، عەوداڵی بیت و، هەر ڕێگری و بەربەستێک وابکات دابنیشیت و ئەژنۆی دەستەوەستانی و دۆڕان لە ئامێز بگریت .

*

( نەمرەڕێ ) یەکێکە لەو دەستاوردە وشەییانەی ( پێشەوا کاکەیی ) لە فۆرمی وتن و وشەدا، بەئاراستەی تۆخکردنەوەی دیوە خوازراوەکەی مرۆڤ و گێتی، بەکاریبردووە . ئەو لە ( نەمرەڕێ ) دا، تەنها نایەوێت بگەرێت بە دوای سەبەبکارانی بینراو و نەبینراوی پشت هەڵایسانی جەنگ و ناشیرینکردنی جەوهەری مرۆڤ و، زەقکردنەوەی داتاکانی مەرگدۆستیدا و، پەنجەی تاوانباریان بۆ ڕابدێرێت، بەڵکو دەیەوێت ئەلتەرناتیڤێکێش بخاتە ڕوو کە لە مەودای نزیک یان دووردا، مرۆڤ لە هەیمەنەی ماددەپەرستی کوێرانە قوتار بکات و، ماڵی سەرمایەداری و ستەمکاری بەسەریەکدا بڕمێنێت و، تەواوی هاوکێشەکان پێچەوانەبکاتەوە .

( پێشەوا کاکەیی ) وایدەبینێت، لە ئێستادا نەک تەنها دێوێکی ترسناک، بەڵکو دەیان دیوی بکوژ لە پانتایی شار و، نیشتمان و، سەر زەمینی مرۆڤدا، بەری کانیاوەکانی مەحەببەت و ئاشتەوایی و پێکدی ژیانیان گرتووە و، بۆ وەلانانیان، لەجێی تاکە ( ئەحمەد پاڵەوان ) ێک، نیازمان بە دەیان و سەدان ( ئەحمەد پاڵەوان ) هەیە لە بەرامبەریاندا ڕاستببنەوە و، ڕێڕەوی کانیاوەکان واڵابکەنەوە ...

ئەو، لەیەککاتدا هەم وەک وشەساز و، هەم وەک ڕێنوێنیکار و، هەم وەک عاریف و، هەم وەک مژدەدەری سبەینێ دەدوێت و، بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو دونیایە، بۆتە مامەخەمەی مرۆڤایەتی !

وشەکانی ( نەمرەڕێ ) پێماندەڵێن تا بنیادەم لە دەرووندا هەست بە جوانی و شکۆی دەروونی خۆی نەکات و، بە چاوی دڵ نێرگزەجاڕ نەبینیت، ناتوانێت لە دەرەوەی بونیادی خۆیدا، شوێنپی جوانی و بەها باڵاکان هەڵبگرێت و، بۆن و بەرامەی نێرگزەجاڕ هەڵبمژێت . درووست هاوشێوەی یەعقووبی نێردراوی خودا، کە ئەوەڵجار لە غیابی ناکامڵی ڕووحی ئەو و، ئاوێتەنەبوونی تەواوەتی لەگەڵ ویست و حیکمەتی خودادا، نەیتوانی هەست بە بوونی یوسف بکات لەناو بیردا لەکاتێکدا چەند هەنگاوێک لێی دووربوو . کەچی دوواتر، وەختێک بووە یەعقبووێکی تر لە ئیمان و بڕوادا، لەدووری دە ڕۆژە ڕێ، لە دەروازەکانی میسرەوە، لەڕێی شنەی شەماڵەوە، بۆنی کراسەکەی یوسفی کرد ...

*

( نەمرەڕێ ) تەنها وشەگەلێکی ئەبستراکت نییە کە بێ قسە و وتن، ڕاگوزەر بەلایدا تێبپەڕیت، بەڵکو هەوڵێکی جوانە لەپێناو دووبارە سەرکەوتن بەسەر هەررازدا، لە نزمایی دزێوییەکانی سیاسەت و سەرمایەدارییەوە  بەرەو ترۆپکی یەکسانی و ڕێزگرتن لە سرووشت و مرۆڤ و بەها باڵاکان . دنەدەرێکی پۆزەتیڤە بۆ ڕەواندنەوەی تەمی ئەو دڵشکان و بێزاری و دڕندۆنگیەی مرۆڤەکانی لە سپیدەیەکی جیاواز لە ئەمڕۆ بێبەشکردووە .

تەنها ئەوەندە بەسە بۆ ( پێشەوا کاکەیی ) کە لە ( نەمرەڕێ ) دا، بەگژ ستەمکاری و تاریکی و ڕەشبینیدا چۆتەوە و، پێماندەڵێت ئەوەی جوان بیربکاتەوە و جوان ببیینیت، جوانیش دەژی . ئەگەر بە وشەکانی، نەتوانێت پەرچوویەک درووستبکات و، بە دەربڕینەکانی، دەرەقەتی هوشیارکردنەوەی زۆرینەی عەوامیش بێت کە مەخابن پڕییەتی لە بنیادەمی خەواڵوو و بێئاگا و دووڕوو و لاڕێ و ترسنۆک، دەتوانێت وەک دەنگێکی تووڕە و بێزار ( کە هەقیەتی ) وشەی ( نا  ) لەبەرامبەر لەشکری تاریکی و ستەمکاریدا دەرببڕێت کە بە ئەنقەست و بە مەبەست  شکۆی مرۆڤی هێناوەتە خوارەوە . هەروەها ببێتە سەرمەشقێک بۆ ئەو خوێنەرانەی ئولفەتیان بە وشەکانی ئەوەوە گرتووە  . ئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتنێکی مەعنەوی و کردەییە، چونکە هیچ نەبێت دەتوانێت ئەو بەشە لەخوێنەر و هەوادارەکانی، لە فۆرمی ئیرادە و گەشبینیدا بهێڵێتەوە کە ئولفەتیان پێوەگرتووە و، هانیان بدات لەو هەڵدێرە نزیک نەکەونەوە کە مەرگی مەعنەوی سەرەتاتکێی لەگەڵدا دەکات ...

* نەمرەڕێ، چامە کتێب، پێشەوا کاکەیی، لە بڵاوکراوەکانی وەشانی نووسیار، دانیمارک، ٢٠٢١

٤ / ٦ / ٢٠٢٣