شیعری/ ڕزگار عومەر

وەك گەڕیدەیەکی پەشیمان لە نیوەی چارەنوسدا

کە ئەشقی درەنگ

وەکو جواناوی گەنجێتی بەتەوێڵی دێتە خوارەوە

ئەوی بەد مەست مامەڵەی لە گەڵ حیسابی وەرزەکان دەکرد!

وەرزەکان لە خۆیان و لەوی توڕەبوون

هاواریان دەکرد ؛

کەی ڕەوایە

پایز لە دەرگای عیشق و مەرگیش لەوادەی خۆی تاخیرتر بکرێ

کەی ڕەوایە

 ماڵێك پانزە بەهار شیعر سەردانی نەکردبێ

مێشکی جەنجاڵی شاعیرێکی دابڕاو لە شیعر

  لەپڕ ببێ بە کەمانجە

  وەکو تاقە سەرخۆشی گەڕەك

 کچ و پەپولە لێك نەکاتەوە

خەیاڵەکانی لە بەردەرگای ماڵی چۆلی دولبەر هەڵوەرێ؟

کابرای کۆنە شاعیر پێکەنینی بەدوا گفتوگۆی بەر لە کۆچی دولبەرەکەی خۆی دەهات:

-تۆ هەرگیز لە کورد ناچی

ئەویش بە پێکنینەوە

-تۆ هەر لەبیر دەکەیت من تەنیا تا سێ پشت کوردم

من بە قسەی پیرەکان

کت و مت کۆپیەك لە داپیرە گەورەم

  چونکە ئەو کورد نەبوو

ئەو کەناریەکی برینداری بەزۆرکۆچ پێکراوی ئەرمەنی بوو!

کابرای کۆنە شاعیر دەم نادەم

لە گەڵ تارماییەکانی ماڵە چۆڵەکە قسەی دەکرد؛

کاکە دەستکاری ئەو دوو پیاڵەیە مەکەن

چونکە ئەو وەکو داپیرەی هەمیشە بە پیاڵەیەك چا

بە پیاڵەکەیتر ئاوی ڕیحانی لە رۆحی من

 لە گەردنی خۆی دەدا،

چاوکەم ئەو بەتانیە سوورە مەبەن

 چونکە بۆنی ئەرمەنستان

 بۆنی خەوی دولبەرو

                          بۆنی دوا خەونی خۆمی لێ دێ،

دەستان ماچ دەکەم دەست لەو گوڵدانە مەدەن

ئاخر ئەو دولبەرەی من لەمن شێتر بوو

هەمیشە پرچی تەڕی لەسەر  ئەو گوڵدانە ڕادەگرت

ئەو پێ ی وابوو

گوڵدانەکە خوشکی خۆیتی،

 توخوا دەستی لێ مەدەن با نەشکێ

نەبادا ڕۆحی خوشکی دولبەر

لەم ناوە هەڵوەرێ!

هەولێر- پایزی ٢٠٢٤