
بەکر ئاڵەیی
نامەوێ نزیكی سیاسەت بكەوم
خۆم دوور دەگرم لە قەرەباڵغی
تخوونی چەك و چەقۆ ناكەوم
ئەو شوێنەی یاری تۆپێنەی لێبكرێ لێی نابم
بۆ هیچ شانۆگەرییەك ناچم
ناچم بۆ ئاهەنگی گۆرانی و مۆزیك
خۆم لەبەر خۆر لانادەم
بۆ باران هەمیشە دەپاڕێمەوە
بۆ گرمە گرمی هەور دەچمە ژوان
یاڵەو یاڵ دەكەم بۆ تەنیایی
لە بن بەردەكانی مەعبەد بۆ شتێك دەپاڕێمەوە نەهێنییە نایڵێم
بۆ شتێك دەگەڕێم زۆر لە مێژ نییە ونم كردووە
لە دایكم وەرمگرتبوو
پێیگوتم بیپارێزە بە قسەم نەكرد
بابم قەت ڕۆژێك زللەیەكی لێنەداوم
بۆ دەستە زبرەكانی دەگەڕێم
خانوێكمان هەبوو ساڵ و ڕۆژی لە دایكبوونی هەموو منداڵەكانی گوندی لێنووسرابوو
هەموومان لە كانییەك تێ هەڵدەهاتین
كەسمان شەیتانمان پێ نەكەنیبوو
بە بەرد كچەكانمان ڕاو دەنا
خۆمان لە مانگاكان مۆڕ دەكردەوە
كێ غاری تیژتربا زووتر دوعاكانی قبووڵ دەبوون
كێ ئێواران درەنگتر ڕۆیشتبایەوە ئەو ئازاتربوو
كەسمان نوێژمان نەدزانی
كەسمانی وێنەیەكی ڕەنگاو ڕەنگمان نەبوو
بابم تا مرد بە ئەزرەتی بینینی وێنەی بابی خۆی بوو
دایكم تا مرد داڵغەی بۆ نەبوونی وێنەیەكی خۆی هەبوو
دەیگوت تا من كۆچك و چارۆكەم لەسەر دەنا كەس دیار نەبوو
ناچمەوە ناو قەرەباڵغی شێت دەبم
گوێ لە حەیران و لاوكی باپیران ناگرم دەمرم
دەڕۆم ملی شاخێكی ئەستەم دەگرم
دەڕۆم لەگەڵ كەڵە كێوی و ڕووبارەكان ماڵ دادەنێم
دەچم لەگەڵ باڵندەكان شێو لێدەنێم
دەچم مامزێكی بێ فێڵ ڕایی دەكەم و دەردی ئەو كۆمەڵگەیی بۆ باس دەكەم
دەچم هەر چوار وەرزەكان بۆ تاڤگەكانی شاخ باس دەكەم
دەچم ماڵێكی وەنەوشەیی لە پەلكە گیاكان و ڕۆحی دارە بەن دروست دەكەم
گوێ لە مۆزیكی سەردەم ناگرم
جلكی پۆشتەی ڕازاوە لەبەر ناكەم
دەمەوێ چیتر گۆشت نەخۆم
چیتر لەگەڵ فێڵی مرۆڤەكان فریونەخۆم
ئەو شتانەی خوێندوونمەوە
ئەو شتانەی فێریان بووم
ئەو شتانەی نووسیومن
ئەو ژیانەی تا ئێرە هێناومە دەیبەم لە سەرگردێكی بڵیند دەیانسووتێنم
چیتر بە خەیاڵی خەونێكەوە نانووم
دەڕۆمەوە بۆ سەرەتا