
هەمزە گوڵانی
دەگەڕێمەوە بۆ خۆم، ناگەڕێمەوە بۆ خودا
خودا چکاری بە نابیستێکی لاڵ
بەسەرێکی سەرگەردان و
بەدهۆش و مەدهۆشێکی وەک منە،
کە لەمەیدا خوساوم؟
خۆم لە خۆم تاقی دەکەمەوە، ئەوجا لەخودا!
ڕێگە دووەرەکە هەڵدەبژێرم؛
چ هونەر لەو ڕێگەیەدا نییە،
گوڵڕێژ کرابێ...
واباشترە پێ لە نەفسی خۆم بنێم، پێ لە دڵم نا
ناماقوولی وا ناکەم، کاتێک تۆ لە دڵمدای!
خودا فەرمووی؛
بەچاوت بڵێ درۆ مەکە لێ هێشتا؟
بەدەمت بڵێ دزی نەخوا، گوێم لێ ناگرێ
بەڕاست و چەپت بڵێ ڕاست بن،
ڕاست نین
خودا بەدەنگی بەرز پێی گوتم؛
کە نەگەڕێییەوە لای خۆت
بەدفەڕ لای منت بۆ چییە؟
گوتم خودایە ئەز بەندەواری دوو داگیرکەرم؛
یەکێ خاکی داگیر کردووم، یەکێک دڵ!