
شەماڵ بارەوانی
نامەی یەكەم
ئازیزەكەم، ماوەیەكە هەستێكی زۆر نامۆ و سەیر دەمهاڕێت! زۆر هەستەوەر و میزاجیی بوومه، زووش هەڵدەچم. دەمەوێ ئەو ڕاستییەت پێ بڵێم، هیچ مەیلێكیشم بۆ ژیان نەماوە. هەست دەكەم من سەر بەم جیهانە نیم و خۆم بە غەریب دەزانم لەنێو ئەوانی تر. هەندێك جار دەڕۆمە چۆلەوانی و زۆر چێژ لە بەسەرخۆداخران و تەنیایی و گریان دەبەم. هەندێك جاری تریش حەزم لێیە بڕۆمە ناو ئاپۆڕا و تا هێزم تێدایە بدەمە قاقا. هەندەك جار وەكو هەرزەكارێك دڵم بۆ ژیان لێدەدات و دەمەوێ بە هەموو هێزمەوە ئامێز لە باڵای گەردوون وەربێنم. هەندێك جاری تریش ڕقم لە هەموو بوون دەبێتەوە و ئارەزوو دەكەم وەكو سوریالستێك بەسەر هەموواندا بڕشێمەوە. دەمێك زۆر گەشبینم و وا دەزانم هەموو ڕێگاكان دەڕۆنەوە ماڵی دڵخۆشیی. دەمێكی تر هەموو خەندەكانم دەكەمە ناو سەبەتەی بێمانایی وجوود و دەڵێم پووچگەرایی بۆ من تەنها پەنجەرەیە كە تێیدا لە هەموو بوون بڕوانم و هێندە لە زەلكاوی ڕەشبینی ڕۆ دەچم، شۆپنهاوەر* بە تاقە پەیامبەری خۆم دەزانم. گاوێك ئارەزوو دەكەم لەگەڵ سەمفۆنیایەكی جیهانیی سەمایەكی زۆربایی دەست پێ بكەم. گاوێكی تر ئشتییا دەكەم بڕۆمە خەلوەتی گۆشەگیری و تەنانەت گوێم لە دەنگی ترپە جاڕسكەرەكانی هەناسەكانی خۆشم نەبێت. لەوانەیە تۆ و هەمووان ئەوە ناو بنێن شێتیی! بەڵام من بڕوام وایە كە هێشتا كاتی شێتبوونم ماوە. با ئەوەشت پێ بڵێم، من كەسێكی لاوازم و ناتوانم ململانێ لەگەڵ تەنیایی، مەرگ، شێتیی و نەخۆشیدا بكەم. دەترسم ڕۆژێك بێت و چیتر بەرگەی ئەو دۆزەخە نەگرم كە پێی دەڵێن ژیان. تۆ پێم بڵێ چار چییە؟ هەرگیز حەزناكەم جارێ پێشوازی لە مەرگ بكەم، بەڵام ئایا دەبێ ڕێگەیەكی تر هەبێ؟ هەر بەڕاستی، تۆ بڵێی ئەوە نەخۆشیی یان جۆرێك لە شێتبوون نەبێت كە من تووشی بوومە؟
نامەی دووەم
ئازیزەکەم، پێشتر لێوانلێو بووم لە هیوا، زۆر بە گەشبینییەوە لە ژیانم دەڕوانی. ماوەیەکە دەردی(نیچە)*م گرتووە و هەست بە تەنیاییەکی زۆر کوشندە و تێکشکێنەر و تاقەتپڕوکێن دەکەم. لەناو ئاپۆڕاش هەر وام. تەنیاییەک، برینێکی زۆر قووڵی لەسەر ڕۆحم دروست کردووە. هەست دەکەم لە سنوورەکانی ڕمانی دەروونی زۆر نزیک بوومەتەوە. ئاخ! چەند ئارەزووی قومێک ئاسوودەیی دەکەم. تکایه تۆ پێم بڵێ، تۆ بڵێیت ئەوە حاڵەتێک نەبێت لە شێتی؟ ئەی بۆچی من وام بەسەر هاتووە؟ هەموو هیواکانم لەدەست داوە و باوەڕم بە هیچ کەسێک و هیچ شتێک نەماوە. ئازیزی من، تا بۆت دەکرێت هەرگیز بڕوا بە وانی تر مەکە. من زۆر متمانەم لەسەر ڕۆنان، کەچی هەموویان فەیک و دووڕوو دەرچوون. گەر تۆ لە ژیانمدا نەبایت، دەمگوت: تەنها پێویستم به میوزیکێکی ئارامبەخش و پێکێک شەراب و سەگێک هەیه. دەمێکە ئەو هەستەم لا دروست بووە، تەنها پێڵاوەکانم بە کەلکم دێن و دەتوانم پشتیان پێ ببەستم! ببوورە کە وا دەڵێم. بەڵام ئەمە حەقیقەتێکە و دەبێ ددانی پێدا بنێم.
*ئارسەر شۆپنهاوەر، فەیلەسووفێكی ئەڵمانییە و بە فەیلەسووفە ڕەشبینەكە ناسراوە.
*(فرێدریش ویلھڵم نیچە -٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٤ – ٢٥ی ئابی ١٩٠٠)، فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە.