شەماڵ بارەوانی

نامەی سێزدەهەم

ئازیزەکەم، ببوورە کە درەنگ وەڵامم داویتەوە. زۆر سەرقاڵ بووم. خەریکی هەڵەچنی بەرگێکی تری بیرەوەرییەکانم بووم. پێشتووتر کەسێکی تر ئەو ئەرکەی لەسەر لابردبووم و هەڵەچنییەکەی لەبری من دەکرد. ئێستا پێم دەڵێت خۆت زمانی نووسینت باش بووە و پێویستییت بە من نەماوە. هەست دەکەم بەو شێوەیە نیم و هێشتا نووسینەکانم پێویستییان بە هەڵەچنیی و پێداچوونەوەی زمانناسێک هەیە. حەزناکەم وەکو نووسەرانی تر بم و نووسینەکانم، مەبەستم کتێبەکانم بە بێسەروبەریی چاپ بکەم و دنیایەک هەڵەی ڕێنووس، ڕێزمان و خاڵبەندیم بەسەردا تێپەڕێت. ئەوە هەڵە و سکانداڵێکی زۆر گەورەیە بۆ نووسەر و خودی کتێبەکەش. لە ڕاستیدا هەندێک نووسینی سەرەتاییم هەن، مەبەستم ئەو کاتەی کە تازە دەستم دابووە نووسین و وتار و بابەتم بۆ ماڵپەڕ، گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەنووسی، پڕ هەڵەی ڕێزمانی، ڕێنووس و خاڵبەندین. کاتێک دووبارە سەیریان دەکەمەوە، زۆر تەریق دەبمەوە و لە خۆم دەپرسم: چۆن لێگەڕاوم نووسینەکانم بەو شێوەیە بڵاو ببنەوە؟ ئازیزی من، ناکرێت نووسەر بیت و لە ڕووی ڕێزمان، ڕێنووس و خاڵبەندییەوە لاواز یان نەشارەزا بیت. شوکور ئێستا زۆر باش بووم و بەو کاتە هەر بەراورد ناکرێم. بەڵام مرۆڤ هەرچەند شارەزابێت، لەو شارەزاتر هەیە. بۆیە دەڵێم هەست دەکەم گەر بە کەمییش بێت، هێشتا پێویستم بە زمانناسێک هەیە. ڕۆسۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکان، مەبەستم لە(ددانپێدانانەکان)ی باس لەوە دەکات کە ژیاننامەیەکی پڕ لە جەسارەتی نووسیوەتەوە و خوێنەرەکانی تووشی هێدمه دەکات. باس لەوەش دەکات کە لە لاویدا جەسارەتی نواندووە. ئازیزی من، منیش تا ئەندازەیەکی باش لە بیرەوەرییەکانمدا وام کردووە. وەک بیرەوەرینووسەکانی تری کورد دووڕوویی و درۆم نەکردووە. خۆم نەکردووەتە پاڵەوان و فریشتە و خەڵکی تر و بەرانبەریش ئەهریمەن و هیچ. دەی لەوە گەڕێ. تۆ چۆنی چۆن؟ باسی ئەوەت کردبوو کە بۆچی تەنها دوو لاپەڕەی بیرەوەرییەکانت سەبارەت بە باوکەکەت تەرخان کردووە؟ پێت وانییە ئەوەندە کەمە و حەقی باوکتت نەداوە؟ نەخێر، پێم وایە زۆریشە. بۆچی زۆرتر لەسەر باوکم بنووسم؟ باوکم چی فەزڵ و منەت و چاکەیەکی بەسەرمەوە هەیە؟ بەوەی کە منی لەپێناو چێژێکی کورت، بە ئازارێکی ئەبەدی و نەبڕاوە سپارد؟ بەوەی لەپێناو دامرکاندنەوەی ناوگەلی خۆی منی هێناوەتە بوون. با لە ڕێگای تر بۆ خۆی هەوڵی دابا بگات بە پلەی ئۆرگازم. بریا خووێکی نهێنی کردبا، نەک ئەوەی کارێکی ئاوا نابەجێ و هەڵەیەکی ئاوا گەورە بکات و من بێنێتە بوون. ئێستا زانیت کە ئەوە کرۆک و حەقیقەتی بابەتەکەیە، بۆیە کەمم نووسیوە. بڕوا بکە زۆرم خاتر گرتووە؟ تۆ ڕاست دەکەیت، بەڵێ، زۆر کەمم نووسیوە. دەبا زیاتری لەسەر بنووسم و زۆر زیاتر دادگایی بکەم. بێگومان جگە لەوەی لە دووتوێی بیرەوەرییەکانم، چیرۆکێکیشم لەسەر باوکم نووسیوە. بەڵام هێشتا چیرۆکەکەم بڵاونەکردووەتەوە. ناونیشانی چیرۆکەکەشم کردووە بە (ئەو باوکەی دەبوایە بیکوژم) هاهاها. مەترسە گیانە، من بکوژ نیم، لەو چیرۆکە مەبەستم کوشتنی فیزیکی نییە، بەڵکو کوشتنێکی مەعنەوییه. تۆ پێم بڵێ، ناحەقم کە باوکم بەو شێوەیە لە چیرۆک و بیرەوەرییەکانم دادگایی بکەم و بیکوژم؟ بە پێچەوانەی سارتەر کە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت "مردنی باوکم گەورەترین دەرفەتی بەخت بوو، کە نەدەبوو بیرم بچێتەوە." من مردنی باوکم گەورەترین بەدبەختیم بوو و هەرگیز بیرم ناچێتەوە. لە سەردەمی منداڵیم گەورەترین ئازار کە ڕۆژانە و هەموو ساتێک دەمچەشت، ئازاری بێباوکیی بوو. نەبوونی باوک، گەورەترین بۆشایی ژیانی من بوو. هەموو منداڵانی گەڕەک و دێ، باوکیان هەبوو، تەنها من نەبێت. باوکم نەبوو لە باوەشم بگرێت، پارەم وێ بدات، بمبات بۆ فرۆشگا، جل و پێڵاوم بۆ بکڕێت، نازم بکێشێت و ئامێزی باوکایەتیم تێوەربێنێت. بەڵێ، دەبێ وەک چۆن منداڵیی منی بە بۆشایی بێباوکیی کوشت، منیش تۆڵەی ئەوەی لێ بکەمەوە و بیکوژم. بەڵێ، دەبێ دادگایی بکەم. بیرمە کە منداڵ بووم، هەر کاتێک لە دایکمم دەپرسی بۆچی هەموو منداڵانی دێ باوکیان هەیە تەنها من نەبێت؟ ئەی کوا باوکی من؟ دایکم دەیگوت: کوڕەکەم، باوکت چووەتە بەهەشت. دواتر کاتێک کە گەورەبووم، ئینجا زانیم کە باوکم چووەتە دۆزەخ. بە دۆزەخ بێت! بەڵێ، باوکم لەسەر ئەوەی منداڵیی منی بە بۆشایی بێباوکیی سپارد و جیهانی منداڵیی منی وێران کرد، شایەنی دۆزەخە. ئەرێ گوتم دۆزەخ؟ ببوورە ئازیزەکەم، هێشتا کاریگەریی خورافەم بەسەرەوە ماوە. مەبەستم بریا دۆزەخێک هەبوایە. بەدڵنیاییەوە باوکم ئەو کات دۆزەخیی دەبوو. ئەفسووس! ئەو ئێستا لە عەدەمه. ئایا باوکم شایەنی ئەوەیە ئەفسووسی بۆ بکێشم؟ جا کێ ناڵێت نەڕۆیشتبایەتە عەدەم، ئەویش وەکو باوکانی تر نەدەبوو بە بت و جووتەگونی فەرمانەکانی خۆی شۆڕی سەر ملی ئازادیی و ئارەزووەکانم نەدەکرد؟ تۆ ڕاست دەکەیت ئازیزەکەم، ئەوە تەنها گریمانە و گومانێکە. کێ ناڵێت وەکو باوکەکەی ماریۆ فارگاس یۆسا* نەدەبوو و پەیوەندیم لەگەڵی زۆر خراپ نەدەبوو و ئێمەش لەسەر هیچ شتێک ڕێکنەدەکەوتین و هەموو توانا و بەهرەکانمی ڕەتنەدەکردەوە و ئەدەبی بە خوو و پیشەی نێرەمۆکەکان نەدەزانی؟ بیرم چوو ئەوەش بڵێم کە من پێچەوانەی ئۆجەلان، مەبەستم ئاپۆیه، باوکمم دادگایی کردووە. ئۆجەلان لە بیرەوەرییەکانیدا دایکی دادگایی دەکات. بەر لە من زۆریتر لە بیرەوەرییەکانیان باوکەکانیان دادگایی کردووە. مەبەستم محەمەد شوکری، نووسەری ڕۆمانی(خبزالحافی)، کافکا، چیخۆف، سارتەر، شێرزاد حەسەن...هتد. بەڵام ئەوەشت بیرنەچێت، دادگاییکردنی باوکم لەبارەی توندوتیژیی و دڵڕەقی باوکم نەبووە، وەک باوکەکانی محەمەد شوکری، کافکا، چیخۆف، شێرزاد حەسەن. نەخێر، دادگاییەکەی من تەنها بەهۆی مردنە لەناکاوەکەی باوکم و بۆشایی بێباوکییە. ڕاستە هێشتا زۆر لێت تووڕە و پەستم، بەڵام هەر خۆشم دەوێیت. بمبوورە ناچار بووم دادگاییت بکەم باوکە.

تۆش بمبوورە ئازیزەکەم، نامەکەم درێژی خایاند.

ــــــــــــــــــــ

*مەبەست(ماریۆ فارگاس یۆسا)ی ڕۆماننووسی ناوداری بە ڕەگەز (پیرۆیی)جیهانییە.