
شەماڵ بارەوانی
نامەی چواردەهەم
دووبارە خەریکی خوێندنەوەی بەدگۆڕانەکەی کافکام. چ خۆشبەختم کە کافکام ناسی! ناڵێم کافکا باشترین ڕۆماننووسی مێژووی مرۆڤایەتییە، وەلێ یەکێکە لە ڕۆماننووسە باشەکان. ئەو قسانەی سەبارەت بە (ڕۆمانی کۆشک) کردت، هاوڕاتم. ئەی دادگاییەکەیت نەخوێندووەتەوە؟ ئازیزەکەم، تا بۆت دەکرێت بخوێنەوە. دەتوانی بیریش بکەیتەوە، بەڵام گەمژانە نا. با ژیانت هەمووی به وشە و کتێبەوە بەند بێت. بەڵام ئاگاداربە وەک باپیرەی سارتەر* دەیگوت، ئەدەب هەرگیز گەدەی مرۆڤ تێرناکات. ئەوەشت بیر نەچێت، هیچ کاتێک خۆت لە قەرەی هەندێک بابەت مەدە. بۆ نموونە: مردن چییە؟ سەرەتای ژیان چۆن دەستی پێکرد؟ کێ گەردوونی دروست کردووە، کێ ئێمە و هەموو شتێکی دروست کردووە؟ گەر هێزێکی باڵا و بانسروشتیی هەیە، ئەی بۆچی لە بەرانبەر ئەو هەموو نادادیی و ستەمکارییەی مرۆڤەکان و کارەساتە دڕندانەییەی سروشت بێدەنگە؟ گەر ئەو هێزە باڵایە ژیان و ئێمەی دروست کردبێت، حیکمەت و گرنگی ئەوە لە چیدایە؟ گەر بەهەشتێک و ژیانێکی تر هەیە، بۆچی یەکسەر لەوێ ژیان دەستی پێنەکرد و لەبری بەهەشتە یۆتۆپیاکەی ئەوێ، فڕێ دراینە ئەم دۆزەخە و ئەم هەسارە نەگریسەیە؟ هەر بەجیددی ئەو یارییە پووچ و بێتامە سوود و حیکمەت و مانای چییە؟ ئازیزەکەم، زۆر هەوڵم دا وەڵامێک بۆ گومانەکانم و مانایەک بۆ ئەم ژیانە بێ مانایە بدۆزمەوە، کەچی هەموو هەوڵەکانم وەهم دەرچوون. ئازیزەکەم، تۆ دەتوانی سەبارەت بە بوونمان لێرە یەک بەڵگەی لۆژیکیم بدەیتێ؟ دەی لەوە گەڕێ. ئەو بوونە سۆزانییە هی ئەوە نییە کاتی خۆتی لە پێناودا بە فیڕۆ بدەیت. گەڕان بۆ دۆزینەوەی مانایەک بۆ بوونمان لێرە، لە هەوڵێکی دۆنکیخۆتانە زیاتر نییە. بەڵێ تەنها شەڕکردنە لەگەڵ ئاشی با. من ڕووی پرسیارم لەو هێزە باڵایە دەکەم کە کاهینی گەڕەکەکەمان باسی دەکات، باشە" بۆچی وەسوەسەت بۆ گیانی ئێمە خوڵقاندووە؟ وەسوەسە! خودایە یانی هەر ئەو وەسوەسەیە نییە کە من دەمهەوێ خۆم لە شادی و چێژەکانی ژیان لادەم و توێشوویەک بۆ ئەو دنیا بنێرم کە لەوانەیە هەر نەبێ و زیاتر لە شتێکی خەیاڵیی دەچێ؟"*
دەزانم تۆش وەکو من دەیان پرسیاری وجوودیی و فەلسەفیی سەبارەت بە چەندین بابەتی میتافیزیکی و گەردوونی لە مێشکتدا جینگڵ دەدەن. دەزانم دڵت بەو وەڵامە سادە و ساکارانەی کاهینەکان ئاوی دڵنیایی و مەعریفە ناخواتەوە، وەلێ ڕێگەی تر و چارەی تر نییە. دڵنیابە هەرچەند بۆی بگەڕێیت و هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی بدەیت، تا هەتایە وڵامگەلێکی دڵنیاکەرەوە و یەکلاکەرەوەی ئەو پرسیارانەت دەست ناکەوێت. بۆیە باشتر وایە هەر لە بۆتەی بێدەنگی، مەبەستم گومانگەرایی و نازانمگەراییدا بمێنیتەوە. من زۆر هەوڵمدا دروستکەری گەردوون بدۆزمەوە و بگەمە دەڤەری دڵنیایی، ئەفسووس! کاتی زۆرم بە فیڕۆ دا و شکستم هێنا. بۆیە باشتر وایە ئەزموون لە من وەر بگریت و کاتی خۆت بە میتافیزیکا و ئەو جۆرە بابەتانە بەفیڕۆ نەدەیت. گەر ئارەزوو دەکەیت بڕۆ دە جار کتێبی( مێتافیزیک چییە؟) بخوێنەوە، بزان هیچ شتێک لە بابەتەکە حاڵی دەبیت و دەزانیت کە مێتافیزیک چییە! دەشتوانی کتێبی(تەقینەوە گەورەکە: Big Bang)* یان (دەربارەی بنەچەی جۆرەکان - On the Origin of Species)* بخوێنیتەوە. ئەو دوو کتێبە بە بڕوای من تۆزەک یارمەتیدەرێک دەبن سەبارەت بە دروستبوونی گەردوون و مرۆڤ، بەڵام هەرگیز ناتگەیەنن بە وەڵامی پرسیارەکان و هەموو ڕاستییەکان و هیچی ئاوا لە قەبارەی گومانەکانت کەم ناکەنەوە. ببوورە ئازیزەکەم، کات درەنگە و دەبێ بڕۆم بخەوم. سەلامەت بیت.
ــــــــــــــــــــــــــــ
*مەبەست(ژان پۆل سارتەر)ـە.
*لیۆ تۆلستۆی، باوکە سێرگی، وەرگێڕانی: ئەمین گەردیلانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات(هەولێر)، چاپی یەکەم، ل٤٣.
*کتێبەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر).
*مەبەست کتێبەکەی(ستیڤن هاوکینگ)ـە.
*مەبەست کتێبەکەی(چاڕڵز داروین)ـە.
ـــــــــــــــــــــــــــ