
شەماڵ بارەوانی
نامەی پازدەهەم
گیانەکەم، هەستدەکەم گەر چیتر لێرە، مەبەستم لەم هەسارەیە و لەناو ئەو هەموو گەمژەیە درێژە بە ژیان بدەم منیش دەبم به گەمژەیەک لە گەمژەکان. ئازیزەکەم، دەزانم ئەم قالۆنچانە گلەیی دەکەن و پێمدەڵێن زمانی زۆر درێژە. دڵنیابە ئەوان شایەنی قسەپێگوتنی زۆر زیاترن. فلۆبێر* لە نامەکانی زۆر زیاتری منی پێ کردوون و نامەکانی پڕ لە جوێنن دژ بە مرۆڤایەتی. ئازیزی من، "پاڵەوانێتی مرۆڤ لەو قۆناغەدا لەوەدایە، بتوانێ بەسەربەرزی و زیندوێتی بمێنێتەوە و ئەقڵی خۆی لەدەستنەدات."* ئازیزی من، هۆشیاری لێره و لەناو ئەو ناهۆشیارانە زۆر قورسه. هۆشیاری بەڵا و ئافاتێکی زۆر گەورەیە بۆ خاوەنەکەی لە کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانی لە خورافەدا ڕۆچووبن.
لە کۆمەڵگەیەکدا هێندەی گوتارێکی خورافی و دژەلۆژیک و دژەزانستیی کاهینێک بڕدەکات و بازاڕی هەیە، سەدا یەک قسەی ڕۆشنبیرێک بڕ ناکات. کۆمەڵگەیەک، دەرچووی زانکۆی لە هەموو تەمەنیدا کتێبێک نەخوێنێتەوە، مامۆستای زانکۆی لە مرۆڤێکی ئاسایی و گشتیی، گشتییانەتر بیر بکاتەوە و بڵێت: زانکۆ مێیە و پەرستگا نێرە، هەمیشەش نێر هەیەتی بەسەر مێوە!
کۆمەڵگەیەک، پیاوی ئایینیی بڵێت:٩٠٪ی نەبوون بە زاوا، هۆکارەکەی جنۆکەیە! گیانی من، ڕاستە ڕۆشنبیر بۆ خەڵکی ئاسایی و گشتی نانووسێت. ڕۆشنبیر کار لەسەر نوخبە (ئیلیتە) دەکات، وەلێ ئەوە مانای ئەوە نییە کە ڕۆشنبیر بڕواتە بورجی عاج و دوور لە خەڵک و واقیع و کۆمەڵگەکەی خۆی بژیت. ڕۆشنبیر چاوی کۆمەڵگەیە، ڕێنیشاندەر و هۆشیارکەرەوە و دڵسۆزی کۆمەڵگەیە. بەڵام کە ڕێز و بەهای ڕۆشنبیر نەزانرا، باشتر وایە ڕۆشنبیر ئاگاداری خۆی بێت و بەرلەوەی ببێت به گەمژە، سنوورێک بۆ گەمژایەتی ئەوانی تر دابنێت. ئازیزی من، ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، ئەو کۆمەڵگەیانەی که ڕەگیان لەسەر خورافە داکوتاوە و لە ئەفسانە ڕۆچوون و کۆمەڵگەی نەریتی و تەقلیدی، سوننەتی و مەزهەبی و نێرسالارین، قورسە و حەوسەڵەی دەوێت. بەشی ڕۆشنبیران لەو وڵاتانە هەمیشە دەربەدەریی، کۆچ، تیرۆرکردن، بێتاقەتی، بێزاری و ڕەشبینی بووە. ڕۆمانی (چۆن بووم بە گەمژە) بخوێننەوە. (ئەنتوان)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە سەرەنجام دەگات بەو قەناعەتەی کە ئەقڵ و بیرکردنەوە هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و بەدبەختی و ئازارەکانیەتی و خەیاڵ و ژیان لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە، هیچ بەهایەکی بۆ نەهێڵدراوەتەوە و بیرکردنەوە مانایەکی بۆ نەماوە و ژیانی ڕۆشنبیری جگە لە عەزابێکی ئەبەدی، چیتر نییە و بیرکردنەوەیش ئازار و عەزابێکی نەبڕاوە و نەخۆشییە، با لە ڕیزی نەخۆشیش دانەنرابێت. ئەو، ئیدی بیرکردنەوەی ئەمە دەکەوێتە کەڵکەلەیەوە کە دەبێت مرۆڤ لێرە گەمژەبێت، ببێت به بەشێک لە هەمووان، دەستبەرداری قەناعەتی تایبەتی خۆی و بیروبۆچوونە جیاوازەکانی خۆی و ئازادییەکانی بێت، تا بتوانێت لە کۆمەڵدا بژیت و خەڵک قبووڵی بکات و لەگەڵ دەوروبەر کارلێک بکات و بگونجێت و بەهێمنی و ئارامی بژیێت. ئەو پێماندەڵێت ئیدی" بەشداری لەو ئەقڵە گەورەیە دەکەم کە پێیدەڵێن (بۆچوونی گشتی). من ناڵێم ئەمە باشە، یاخود خراپ، تەنها دەمەوێ بەشداری ئەو ئەقڵە بکەم و بەس. لەگەڵ ئەوانەیتربم و لێیان حاڵی نەبم و وەکو ئەوان بم. لەنێوانیاندا بم... دەمەوێ وەکو هەموو خەڵکی تر بم. مێروولەیەک بم لەنێو مێروولەکان." بەو شێوەیه ئیدی زەکاوەت و زیرەکی و هۆشیاری لای ئەو نەخۆشییە و ئەو دەیەوێت چیتر ئاستی هۆشیاری و هێزی دەرککردنی کەمبێتەوە و باڵانسی جەهل و نەزانیی بەرزبێتەوە. ئیدی تەنها بژیت و بەس. ژیانێکی دیماگۆگانە و هیچ لە ژیان و دەوروبەر و واقیع و ڕاستییەکان نەزانێت. ئەو بۆی ڕوونبووەتەوە کە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هەمووشتێک، هۆکارە کە نەتوانیت بژیت. بۆیە ئەو گەمژەیی و دیماگۆگییەت بە تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە و قەلەقییەکانی و نەخۆشییەکەی دەزانێت و بڕیار دەدات هۆشیاری و مێشکی بە کفنی گەمژەیی کفن بکات و ماڵئاوایی لەبیرکردنەوە بکات و دەرگای عەقڵی کڵۆم بدات و دەستبەرداری عەقڵانییەت بێت. (من بەدەست نەفرەتی عەقڵەوە دەناڵێنم و تووشی نەخۆشیی زیادەڕۆیی و ڕۆچوونی زۆر لەبیرکردەنەوەبووم). بەڵێ، (هەرکەسێک ئاستی زانستیی بەرزتربوو، ئازاری زیاتر دەبێت). بۆ قورتاربوونیش لەو دۆخە و یەکەم هەنگاویش بۆ بوون بە گەمژە، مەیخانە و مەی و سەرخۆشییە، بە تێڕوانینی ئەو! بۆیە بڕیاردەدات خۆی سەرخۆش بکات. ئەو پێیوایە بەو شێوەیە خەڵک دەیناسێت و خەڵک ڕێزی دەگرێت. کۆمەڵگایەک، لە تێڕوانینی ئەودا بەزەیی بە سەرخۆشدا دێتەوە، وەلێ بە ڕۆشنبیر و عاقڵ و ژیر نا. ئەو سەرەنجام لەو هەوڵەی شکست دێنێت و بەهۆی زۆرخواردنەوەی مەی و ئەلکهوولەوە، ژەهراوی دەبێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە. ئەنتوان سەرەتا زۆر هەوڵدەدات لە کۆمەڵدا شوێنێک و پێگەیەکی گونجاو بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە وەک ڕۆشنبیرێک کە لەگەڵ ڕۆشنبیرییەکەی ئەو گونجاوبێت. مەوقعێک، کە شایەنی ئەو بێت و مەحەللی لە ئیعرابدا دیار بێت. وەلێ ئەفسووس!
کۆمەڵێک، کە بە تێڕوانینی ئەو کۆمەڵێکی تا بڵێیت سەتحییە و ناچێتە قووڵایی بابەتەکان و نرخی کاری فیکری و ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران نازانێت و ڕێز لە کایەی ڕۆشنبیری ناگرێت. بۆیە بێزاری و ڕەشبینی ئەنتوان دادەگرێت، لە کۆمەڵێکی وا کە نرخ و بەها بۆ رۆشنبیری دانانێت و نازانێت ڕۆشنبیری چییە و ڕۆشنبیر کێیە! لە کۆمەڵێک هێندەی حیساب بۆ گەمژەیەک دەکرێت، سەدا یەکیش بۆ مرۆڤی ژیر و ڕۆشنبیر ناکرێت و ڕۆشنبیر نرخ و بەهای بۆ دانانرێت. ئاخر لە کۆمەڵێکی مێگەلئاسادا، کۆمەڵێکی بەکاربەر و ئستهلاکی، کۆمەڵێکی چێژگەرا، بۆ کۆمەڵێکی لەو چەشنە بیرکردنەوە و کاری فیکری و فەلسەفی و ڕۆشنبیری هێندە ئاسان نییە. بیرکردنەوە ئەرک و ئەخلاقە، بەرپرسیارەتی و خەمە، گەلێک قورسە. بیرکردنەوە لە خەمی مرۆڤایەتی، لە ژیانی خەڵک، لە ئازاری هەمووان. بەڵێ گیانەکەم، منیش وەکو ئەنتوان گەیشتووم بەم بڕوایه کە"بەختەوەری ئەوەیە بتوانیت خۆت لە موعانات و ئازاری ئەوانەیتر بێ ئاگا بکەیت، ڕاحەت و ئارامی ژیان و ئەقڵ لە گوێپێنەدان و بێ موبالاتیدایە." ڕەنگە بڕواکردن بەو قسانەی من بۆ گەمژەکان کەمێک سەخت بێت. بەڵێ، گەمژەکان تەنها باوەڕ بەوانە دەکەن کە هەواڵی ناڕاستیان پێدەدەن. ئەوان خویان بە درۆوە گرتووە، چێژ لە گەمژەیی دەبەن. ئازیزی من، لێره تەنانەت قانوونیش تەنها بڕوا بەو کەسانە دەکات کە پارەی پێدەدەن."*
ـــــــــــــــــــــــــ
*گوتەیەکی نووسەر و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری بە ڕەگەز سعوودی (عەبدولڕەحمان ئەلمونیف)ـە.
*مەبەست (گۆستاڤ فلۆبێر١٢ی کانوونی یەکەمی١٨٢١ – ٨ی ئایاری ١٨٨٠)ی خاوەن ڕۆمانی (مەدام بۆڤاری)یە. فلۆبێر، نووسەرێکی جیهانیی - فەرەنسییە و بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسە فەرەنسییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دێتەژماردن.
*ستیڤن کینگ، ڕۆمانی (١٩٢٢)، وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد، چاپ:٢٠٢٤، ل١١.