شەماڵ بارەوانی

نامەی شازدەهەم

 

ماوەیەکە خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، هێشتا تەواوم نەکردووە و لە کۆتاییەکانیدام. ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی دوو هاوڕێ دەکات. دوو گەنج، هەر لە منداڵییەوە ئەوان وەک دوو برا وان. شەڕ، دزین، یاریکردن، پێکەنین، گریان و هەموو شتێکیان پێکەوەیە. ئەوان لە تەمەنی هەرزەکاریدا لە ڕێگای مامۆستایەکیان، کە سەر به گرووپی قاعیدە دەبێت، لە قوتابخانە منداڵییان دەڕفێندرێت و فیکری توندئاژۆییان دەرخوارد دەدرێت و دەبن بە هەڵگری فیکری توندئاژۆیی و دوو کەسی فێندەمێنتالیست. دواتر، مەبەستم دوای خوێندنی سەرەتایی دەڕۆنە حوجرەیەکی سەربه حزبێکی ئیسلامی سیاسیی و لەوێ دەست بەخوێندنی فەقێیاتی دەکەن. دوای چەندین ساڵ، جیاوازی فیکریی دەکەوێتە نێوانیان و ئەو دوو هاوڕێ گیانی بەگیانییە پەیوەندی و پەتی هاوڕێیەتییان دەپچڕێت. دانەیەک لەو دوو فەقێیە دەگات بە ترۆپکی توندڕۆیی و سەرەنجام کاتێک ڕێکخراوی تیرۆرستی د١عش دروست دەبێت، دەڕواتە ڕێزەکانی ئەو ڕێکخراوە. ئەوەکەی تریشیان بەهۆی خوێندنەوەی زۆری کتێبە فیکریی، فەلسەفیی، کۆمەڵناسیی و دەروونناسییەکان و بەراوردکاری نێوان ئایینەکان و لێکۆڵینەوە لە ئایینەکان، دەبێت بە کەسێکی نهلیست و باوەڕی بە هیچ شتێک نامێنێت. چیرۆکەکە درێژە و حەزناکەم هەموویت بۆ باس بکەم. کەی لە چاپم دا، یەکەم کەس بە دیاری پێی ببەخشم، بە دڵنیاییەوە تۆ دەبیت. بەڵام تۆ ئەوەم پێ بڵێ، لەوە تێداماوم کە چۆن کۆتایی پێ بێنم؟ مەبەستم کۆتایی ڕۆمانەکەیە. بە کراوەیی کۆتایی پێ بهێنم یان بە ڕووداوێک یان چۆن؟ وەکو بەعزێک ڕۆماننووسی تر ئەو کۆتاییپێهێنانە گەورەترین کێشەی منیشە. هەر جارێک کە چیرۆکێک دەنووسم، دەسپێکەکەی زۆر ئاسانە، وەلێ گرفتی گەورەی بەردەمم ئەوەیه کە نازانم چۆن کۆتایی پێ بهێنم؟ نازانم کارەکتەرەکانم، مەبەستم پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانم تووشی ڕەشبینی و شێتیی بکەم یان بە کوشتنیان بدەم یان هاوشێوەی ڕامبۆ، ڤاندام و ئاڕنۆلد لە هەموو چیرۆکەکان وەکو پاڵەوانێکی سەرکەوتوو لە کۆتایی چیرۆکەکە لێی بێنەدەر؟ بۆ ئەو ڕۆمانە دەمەوێ دانەیەک لەو دوو فەقێیە به نادیاری بمێنێتەوە و بیدەمە دەست چارەنووسێکی نادیار و چیرۆکەکە بە کراوەیی کۆتایی پێ بهێنم. دانەیەکیشیان بە سەلامەتی لێی دەربچێت. تۆ بۆچوونت چییە؟ گەر هاتوو من بەهەر هۆیەک بوو ڕۆمانەکەم بۆ تەواونەکرا، هیوادارم تۆ تەواوی بکەیت. پێشت دەڵێم دەستنووسەکەت بۆ لە کوێ دادەنێم تاوەکو بڕۆیت و بیبەیت و تەواوی کەیت. ئازیزی من، لە ڕاستیدا زۆر پرۆژەم هەیە. مەبەستم لە نووسینە، بەڵام ڕەنگ بێت نەتوانم فریای زۆربەیان بکەوم و هەموویان کۆ بکەمەوە و چاپیان بکەم.

نامەی هەڤدەهەم

ئازیزەکەم، تۆ ڕاستدەکەیت، من زۆر دەخوێنمەوە و ماوەیەکیشە زۆر دەنووسم. بەڵێ، پێویستم بە پشووە. چۆن گەر ڕۆژێک نەخوێنمەوە، تووشی بێتاقەتییەکی زۆر دەبم و وەکو ئەو جگارەکێشەم لێ دێت کاتێک دەستبەرداری جگەرە دەبێت و بەو هۆیەوە گێژ دەبێت. بۆ نووسینیش من وام لێ هاتوو. پێشتر تەنها بۆ خوێندنەوە وابووم، ئێستا ئەو نەخۆشییەی نووسینیشی بۆ زیاد بووە. بیست ساڵ تەنها خوێندمەوە، بێ ئەوەی یەک دێڕ بنووسم. نووسین سەرەتا لام ئەرک و بەرپرسیاریەتی و چێژ بوو، وەلێ ئێستا جگە لە خۆخافلاندن و خۆدزینەوە لە خەمەکان، چیتر نییە. لەگەڵ مۆزیک و شەراب، نووسینیش بۆ من هێورکەرەوەیەکی دەروونیی زۆر باشە. نووسین نەبێت بەرگەگرتنی ژیان بۆ من زۆر سەختتر دەبێت. نووسین بۆ من وەکو مۆرفین وایە. نووسینی هەر دێڕێک بە قەد پێکێک شەراب ئارامیم پێ دەبەخشێت. ئەوکاتانەی هەست بە بێ تۆیی و تەنیایی دەکەم، سارتەریش(لە خۆشەویستی بۆ "سارتەر" فەیلەسووفی فەڕەنسی سەگەکەی ناوناوە سارتەر) زۆر ئارامبەخشە بۆ من. ئەوەیە کە دەڵێم جگە لە سارتەر، پێکێک شەراب، نووسین، مۆزیک و خۆت، هیچ شتێکی تر من بەو هەسارە پووچەیە و بەوانی تر نابەستێتەوە. تەنانەت "نایەتەوە یادم دواینجار کەی بوو پێکەنیم، یاخود زەردەخەنەیەکم بە کەسێک پیشان دابێت، تەنانەت بەخۆیشم."*

بەڵێ، ئازیزەکەم، هەمان شێوەی ئەو خوێندکارەی چیخۆف* باسی دەکات، منیش بیرە و ئۆپێرام لە زانست زیاتر خۆش دەوێت. زۆرم درێژە پێ دا ئازیزەکەم، ببوورە گەر نامەکە بێتاقەتی کردیت. ئازیرەکەم، کات زیاتر لەوە دەرفەتم پێ نادات و دەبێ بڕۆم. بە هیوای سەلامەتیت.

ـــــــــــــــــــــــ

**هاروکی موراکی، کافکا لە کەنار دەریا، وەرگێڕانی: ئارام ڕەشید، چاپخانەی تەوار، چاپی یەکەم، ل٢١.

*مەبەست(ئانتۆن چیخۆف)ـە کە لە (یادداشتەکانی پیرەمێردێک، باس لەو خوێندکارە دەکات.

 

ـ