نامــەکــانـم

 شەماڵ بارەوانی

نامەی پێنجەم

 

ئازیزی من، نازانم ئەو شیعرەی بۆم ناردیت بە دڵت بوو یان نا؟ دەمێکی باشە ئیلهامی شیعری بەسەری نەکردوومەتەوە. دوای دوو ساڵ لە بێدەنگی، ئەوە یەکەم شیعرە بۆتی بنووسم. مەبەستم لە دوای دوو کتێبی شیعریم، جگە لەو شیعرەی کە بۆم ناردی، هیچی ترم نەنووسیوە. زۆر حەز دەکەم بەرلەوەی شەمەندەفەری مەرگ بگات، کتێبی سێیەمی شیعریشت بۆ بنووسم و پێشکەشتی بکەم. ئازیزەکەم، ئەو جارە خۆت دێڕێک لە یەکێک لە شیعرەکان هەڵبژێرە و بیکه بەناونیشانی کتێبە شیعرییەکە. هەر دێڕێک کە خۆت بە لاتەوە سەرنجڕاکێش و جوان بوو. من کێشەیەکم هەیە لە هەڵبژاردنی ناونیشان. هەموو کتێبێک، بەتایبەتی کتێبە شیعرییەکانم، لەوە تێدا دەمێنم کە چ ناونیشانێکیان بۆ هەڵبژێرم. جاری وایە دە دێڕ لە کۆی هەموو شیعرەکانم دەهێنم و نازانم کامەیان بکەم به ناونیشانی کتێبه شیعرییەکەم. بەدڵنیاییەوە ئەم جارە تۆ ناونیشانەکە هەڵدەبژێریت.

 نامەی شەشەم

 ئازیزەکەم، زۆر هەست به نامۆیی دەکەم. بەردەوام هێڵنجێکی زۆر بەهێز دامدەگرێت. دەڵێیت ڕۆحی پاڵەوانەکەی ڕۆمانی(هێڵنج)* مەبەستم(ڕۆکانتان)ـە، چووەتە ناو لەشم. هەموو شتێک بە پووچی و بێمانا لە بەر چاوەکانم خۆیان دەنوێنن. تۆ بڵێیت هایدگەر* ڕاستی نەگوتبێت و ئێمە بە هەڵە فڕێ نەدرابینەتە ئێرە؟ مەبەستم ئەم هەسارەیەیە. زۆر لەوە دڵنیام کە ئێمە لە شوێنێکی هەڵە و لە هەسارەیەکی هەڵە لە دایک بووین. هەرگیز نەدەبوو لێره لەدایک بین. مەبەستم فڕێ بدرێینە ئێره. منیش ئەوە بووەتە پرسیار لام و نازانم لای کێ و ئینجا بۆچی ئێمه بێ مۆڵەتی خۆمان فڕێ دراوینەتە ئێرە؟ بە لایەنی کەمەوە دەبوایە پرسێکمان پێ بکرابایە و مۆڵەتمان لێ وەرگیرابایە. پێم وابێ تۆش لەمەیان هاوڕایت لەگەڵم؟ ئەی وا نییە ئازیزم؟

*هێڵنج ڕۆمانێکی فەلسەفیی (٢٤٦) لاپەڕەیی (ژان پۆل سارتەر ١٩٠٥ -١٩٨٠) گەورە نووسەر و فەیلەسووفی وجوودی فەڕەنسییە و یەکەم چاپی لە ساڵی١٩٣٨ لێ بڵاوبووەوە.

*فەیلەسووفی ئەڵمانی (مارتین هایدگەر) ساڵی ١٨٨٩ لە باشووری ئەڵمانیا هاتووەتە دنیاوە و لە ساڵی ١٩٨٦ مردووە.

 نامەی حەوتەم

 ئازیزەکەم، جاران وا نەبووم، باوەڕم بە سەرەتاترین ئەفسانە، پووچترین حەکایەتی بەرئاگردان و بێماناترین خورافە دەکرد. مێشکم تا بڵێیت جەنجاڵ بوو لە قسە بێ ماناکانی کاهینەکان. ئێستا تەنانەت گومانم لە فەیلەسووفەکانیش لا دروست بووە. تۆ بڵێیت ئەوانیش درۆمان لەگەڵدا نەکەن؟ بەڵێ، من دڵنیام ئەوانیش درۆزنن! گوتم دڵنیام؟ هاهاها. ئازیزەکەم، منیش بڕێک جار یەجگار گەمژەم! لەمێژە چەمکی دڵنیاییم لە فەرهەنگی خۆمدا فڕێداوە. ئازیزەکەم، گەر تاقە مانایەک لەم ژیانە بێ مانایەدا هەبێت، ئەوە ڕمانی دیواری دڵنیاییە. تووشی دەردی بێ متمانەییەکی یەجگار سەخت بووم. هەست دەکەم هەمووان درۆم لەگەڵدا دەکەن. متمانەم بە هیچ کەسێک نەماوە. با ون بن ئەم ڕیسوا و بێئەمەک و درۆزنانە. بریا شتێکم لەدەست بهاتبا، دەزانی چیم پێ دەکردن؟ بە ڕۆژ تەنها قاڵۆنچەم پێ کۆ دەکردنەوە و بە شەویش ئەستێرەم پێ دەژماردن. بێکەڵکترین توخمی بوونەوەر ئەم پووچڕەگەزانەن. یـەع. ببوورە، دیسان هێڵنجێکی نهلیستانە گرتمی.