ڕۆژ هەڵەبجەیی

(9)

تكایه‌ فه‌رامۆشی له‌ ئیحساسم هه‌ڵمه‌واسه‌

له‌ژێر داروپه‌ردووی‌ قسه‌كانته‌وه‌ ڕۆشناییم قاچی له‌ جێچووه‌، ده‌لاقه‌ی ئه‌م ڕوخساره‌م ڕۆشنكه‌ تووڕه‌ نیم به‌ڵام كه‌ كاتێك تووڕه‌یی له‌ ده‌رگای هزرم ئه‌دا،ئیتر ئاوه‌زی ئارامگرتنم ده‌بێته‌ مناڵێگی وڕكگرتوو....

توڕه‌بوونه‌كانم له‌ جه‌مسه‌ری نه‌سته‌وه‌ هه‌ڵده‌چێ،كه‌ تۆ هه‌ستم ده‌ده‌یته‌ به‌ر شه‌پۆلی ڕووبارێكی فێگرتوو..

هه‌ڵچوونێك هه‌ڵده‌چم بیرم ده‌چێ خۆم بدۆزمه‌وه‌، 

تكا ده‌كه‌م ونم مه‌كه‌، من له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ شپرزه‌م با ونبوونێك

به‌رپا نه‌كه‌م ،نیگام بڕژێته‌ ده‌هلیزه‌كانی بێ ئاگاییه‌وه‌..

ئازیزم ده‌زانم تۆ له‌من به‌ئارامتری و ده‌چیته‌وه‌ سه‌ر بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌یوب..بۆیه‌ مناڵانه‌ ده‌ڵێم: وه‌ره‌ به‌ته‌نیشت خه‌می كتێبێكه‌وه‌ ته‌ئویلی دڵمان هه‌ڵخه‌ین ،چاوی چاوه‌ڕوانی له‌ناو كتێبه‌كانه‌وه‌ بدۆزینه‌وه‌،شیعر له‌په‌نجه‌ی سه‌رگه‌ردانی

تكا ده‌كه‌م له‌م ڕۆحه‌ مناڵییه‌م ببوره‌..من خه‌م ده‌ستی لێوه‌شاندووم تروپكی خۆشی لێ ڕژاندووم..تۆش فه‌رامۆشی له‌ئیحساسم هه‌ڵمه‌واسه‌ ،كه‌من گه‌شتمه‌ پشتوێنی خۆرنشین،تۆ هه‌تاو هه‌ڵكه‌..كه‌من چرا له‌ ئاوێنه‌ی ڕوخسارما كوژایه‌وه‌،تۆ تینوێتی ئه‌م تاریكییه‌ له‌ درزی ئارامییته‌وه‌ ئاوه‌ڵاكه‌.. من ده‌زانم هیچ كاتێك بۆ مه‌حه‌به‌ت 

دره‌نگ نییه‌. من وێڵم مشتێ مه‌حه‌به‌تم به‌ قه‌رز به‌رێ، تا چركه‌ ناسكه‌كانی ڕۆحم له‌ توڕه‌یی ڕاوه‌شێنم،تكایه‌ خامۆشی هه‌ڵمه‌چنه‌ به‌ قه‌راخه‌كانی ڕۆحتا..له‌ بێده‌نگییا بیرتده‌كه‌م ،له‌نزیكییا دوورم لێت..تافه‌رمووده‌كانی مه‌حه‌به‌ت ژان نه‌گرێ، له‌ لوتكه‌ی ڕۆحا نه‌خلیسكێ..

شتێك هه‌یه‌ با نه‌یشارمه‌وه‌ لێت له‌ پێستی چه‌ند خوله‌كێكدا

ده‌ڵێم /ئه‌وه‌ تۆی به‌كه‌ناره‌كانی ڕۆحما گوزه‌ر ده‌كه‌یت، نه‌ك ئه‌فسانه‌ی جادوویه‌ك !!

ڕۆژ هەڵەبجەیی