پەروین عزیز

 

خۆشەویستم هیچم ناوێت جگە لە باوەشێکی گەرم و هەندێك نازی تۆ، دڵنیابە لەگەڵ ئازارەکانت ئازار دەکێشم لەگەڵ خەمەکانت خەم دەخۆم گەر بتەوێ ئەستێرەی ئاسمانت بۆ دائەگرم ، ڕێگە لە تیشکی خۆر دەگرم جوانی مانگت بۆ دەکەم بە دیاری،

بست بە بستی خاکی ژێر پێت ماچ دەکەم گەر بتەوێ ڕۆح لە جەستە دەردەهێنم و دەیکەم بە باڵا گەردانی باڵای تۆ،

ئازیزەکەم تەنها باوەشێکی گەرم و کەمێك نازی تۆ ناگۆڕمەوە بە گەنجی قاڕوون وتەختی شاهانە،

نە تاجم گەرەکە و نە ژیانی ئەریستۆ قڕاتی،

تەنها با خەمەکانمان  بەیەکەوە بەشکەین

بیرت دێت دوو گوڵی جوانی ناسکی ڕەنگ پەمەیی کاڵمان لە حەوشەکەماندا ڕواند!؟

بە فرمێسکی چاوم ئاویان دەدەم و بە خوێنی دڵم گەورەیان دەکەم،

بەهەردوو دەستم سێبەر لەسەر سەریان دەکەم هەتا سەرماو بارانی زستان و زریان نەیان بات و ڕەق نەبنەوە و گەرمای هاوین نەیانسوتێنێت و وشك نەبن وەکو دارمێوەکەی حەوشەمان،

جارجار پەنجەکانم لادەبەم بۆ ئەوەی تیشکی خۆر و ڕوناکیان بەرکەوێت، بەڵام وەکو چەتر دەچەمێمەوە و سێبەر لە خونچەکان دەکەم تا گەورەبن بەبێ ژاکان، چەند پەرۆشی گەورەبونیانم ئەوەندەش لەخەمی هەڵوەرینیانم.

ئازیزم لەبیرت چوو بەڵێنت پێدام خۆشی و ناخۆشیم لەگەڵ بەشکەیت خۆت فرمێسکی چاوم بە دەستە قڵیشاوەکانت بسڕیت.

سەرلەسەرشانت دابنێم و پەرچەمم لە ڕیشە سپیەکەت بئاڵێت کە سەر لادەبەم پرچم بەسەر ڕوخساردا پەرش و بڵاوە خۆشەویستم،

داواکارم باوەشێکی گەرم و کەمێك نازم هەڵگریت نێوچاوانم ماچ بکە ئازار و خەمەکانمان بەشبکەین هەرچەندە لەگەڵمدایت بەڵام دووریت لێم ئازیزم بگەڕێوە ساڵانی زوو چونکە من بە ئازار ڕاهاتووم تۆش دورمەکەرەوە لێم با پێکەوە  خونچەکانمان گەورە بکەین و ئاو بدەین وا هەست دەکەم ڕەنگیان سوور و ئاڵتر دەبێت گەر بەجوانی و خۆشەویستی ئاویان بدرێت..