ئاسۆس ساڵح
شۆڕشگێڕێک نەهامەتییەکانی گەلەکەی دەنووسێتەوە؛
ناساندنێک بۆ ڕۆمانی «پیاوانی بەر خۆر»
غەسان کەنەفانی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتڤانی شۆڕشگێر لە ٨ی نیسانی ١٩٣٦ لە شاری عەکای فەلەستین لە دایکبووە، کە ئێستا بەشێکە لە ئیسرائیل. خێزانەکەی تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری هاتوون لە ساڵی ۱۹٤٨ لە دیمەشقی سوریا نیشتەجێ بوون. غەسان کەنەفانی هەر لە منداڵییەوە فرچکی بە ئازار و مەینەتی دەربەدەری گرت و ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر کار و چاڵاکییە سیاسی و ئەدەبییەکانی.
کەنەفانی لە بەریوت ئەدەبیاتی عەڕەبی دەخوێنێت؛ هەر لەوێش دەست دەکات بە چاڵاکی سیاسی و ئاشنای گروپە سیاسییە چەپەکان دەبێت و پەیوەندی بە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی عەڕەبی دەکات. بەدەر لەوە ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەرێکی لێهاتوو بووە و نووسینەکانی هەمیشە جێگەی بایەخ بوونە. لە ئەدەبیاتیشدا پێنووسەی تیژی و هزری باڵای خۆی خستووتەگەڕ و چەندان بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە؛ کاروانی ئەدەبی کەنەفانی لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد کاتێک دەستی کرد بە نووسینی کورتە چیرۆک و ڕۆمان، بۆ خستنەڕووی دۆخی و ئەزموونی ناخۆشی پەنابەرانی فەلەستینی و خەباتی ڕزگاری گەلەکەیان. لە ڕێگەی نووسینەکانیدا واقیعە سەختەکانی ژیانی دەربەدەری و لەدەستدانی نیشتمان و بەرخودان لە دژی داگیرکاریی ئیسرائیل نیشان دەدا. کارەکانی کەنەفانی بە قووڵی لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی مارکسیستی و پابەندبوونی بە دۆزی فەلەستین بوون.
یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی کەنەفانی ڕۆمانی "پیاوانی بەر خۆر"ە (۱۹٦۳)، باس لە چیرۆکی پەنابەرانی فەلەستینی دەکات کە لە ئاوارەییدا بۆ ژیانێکی باشتر و شایستەتر هەوڵی تێپەڕاندنی سنوور لە عێراقەوە بۆ کوێت دەدەن. ڕۆمانەکە وێنا ئەو کەتوار و ململانێیەی فەلەستینییەکان نیشان دەدات کە لە کاتی ئاوارەبوون و پەنابەریدا بەسەریان دێت.
ئەم ڕۆمانە لەلاین «عبدولکریم شاکر» بە زمانێکی ئەدەبی جوان و پاراو کراوەتە کوردی و لە لاین پڕۆژەی چاپی کتێبی مێخەکەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆمانی پیاوانی بەر خۆر تەکنیکی بەرزی دابەشکردن و گێڕانەوەی هەیە، سەرەتا بە ناساندنی کارەکتەرەکان دەستپێ دەکات و دواتر دەچێتە ناو ڕووداوە یەک لە دوا یەکەکان و ئاستنگەکانی ڕێگەی قاچاخ. کەنەفانی کارەکتەرەکانی وەک تاکێکی چەوساوە و پەراوێزخراوی نێو دوونیای سەرمایەداری و داگیرکاریی ئیمپریالیزمی وێنا کردووە.
سێ کارەکتەری سەرەکی «ئەبو قەیس، مەروان و ئەسعەد» لە چیرۆکەکەدا نوێنەرایەتی چینی پرۆلیتاریای فەلەستینی دەکەن. وەک کرێکارێکی پەنابەر دەیانەوێت لە ڕێگەی کۆچکردنەوە لەو دۆخە ئابووری و پەراوێزخستنە پر لە ئستغلالکردنە لە عێڕاق نەجاتیان ببێت و بگەن بە بەهەشتی وەهمی خۆیان کە کوێتە. لەوێشەوە هەوڵی باشترکردنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان بدەن. ئەم گەشتە لەناو تانکێکی بارهەڵگردا هێمای ئەو نامۆبوون و کارە نامرۆییانەیە کە چینی کرێکار بۆ باشترکردنی ژیانی خۆی لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا تووشی دەبێت و ئەزموونی دەکات.
هەروەها گێڕانەوەکە تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم لەسەر ژیانی کارەکتەرەکان. نووسەر وەک چەپێکی شۆڕشگێڕ، ئەم نەهامەتییەی کە ئیمپریالیزم بەسەر کۆمەڵگە و نەتەوە ژێردەستەکانی دەهێنێت لە ڕۆمانەکەی ڕەنگی داوەتەوە، دەتوانین بڵێین خەم و پەرۆشییەکی مارکسیستانەی بۆ پرسی زاڵبوونی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی تر و چینێک بەسەر چینێکی تردا هەیە. ئەمەش خۆی لەوەدا وێنا دەکەت کاتێک مرۆڤ لە پێناو ژیانی شایستەدا قومار بە ژیانی خۆی دەکات و دەیخاتە نێو دەستی چارەنووسێکی نادیار. لە چیرۆکەکەدا نائومێدی کارەکتەرەکان هەر لە جێهێشتنی زێدی خۆیان و ئاوارە بوونیان و دواتر گەڕان بەدوای دەرفەتی باشتر لە وڵاتێکی تردا، دەرئەنجامی چەوسانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە.
بەگشتی ئەم ڕۆمانە دەتوانرێ لە زۆر ڕووەوە لێی بڕوانرێ و شتی نوێی لێ هەڵێنجێنرێ بەتایبەت بۆ تێگەیشتن لە دۆزی نەتەوەیەکی دیاری کراو و ئەو کارەساتانەی بەسەر مرۆڤەکان دێت لە ئەنجامی جەنگی ئیمپریالیستی و داگیرکاری. بۆ ئێمەی کورد کە تووشی کۆچ و پەنابەری و داگیرکاری و ڕێگەی هات و نەهات و سەدان جەنگی کاولکاری هاتووین ئاسانتر هەست بەم دۆخە دەکەین کە مرۆڤێک لەوپەڕی نائومێدی خۆیدا ژیانی خۆی بۆ ژیانێکی باشتر دەکاتە قوربانی.
ئەدەب یەکێکە لەو چەکە بەهێزانەی گەل و مرۆڤی شۆڕشگێڕ پێی بجەنگێت و واقیعی کۆمەڵگەکەی لە ڕێگەیەوە بەیان بکات و لە سیاقی مێژوویی خۆشیدا وەک بەشێکی گرینگی مێژووی ئەو گەلە بهێڵێتەوە و نەوەکانی داهاتوو بیکەن بە شوناس و وانەی مێژوویی.
غەسان کەنەفانی بە دەستێکی چەک و بە دەستێکی تر پێنووسی بڕشتی بەرزکردبووەوە دژی زوڵم و زۆرداری ئیمپریالیزمی سەرمایەداری. وەک چرایەکی گەشی شەوگاری گەلی فەلەستین داگیرسا و ڕووناکی بەخشی بوو بە دۆزی گەلی فەلەستینی. وەک هەمیشە هەر چرایەکی گەش لە هەر شوێنێک ڕووناکی ببەخشێت، ئاشق بە تاریکی و تاریکپەرستان خامۆشی دەکەن. کەنەفانی، بە پیلان لە لاین مۆسادەوە لە ٨ی تەمووزی ١٩٧٢ لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەگەڵ خوشکەزاکەی تیرۆر کرا.
ئەوە چارەنووسی شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکانە، هەمیشە لە پێناو دۆزەکەی ئامادەی قوربانی دانە بە ژیانی. هەروەک چۆن شەهید کردنی «شەهید ئارام» خەسارەت و کەلێنێکی گەورەی لەناو بزاڤی چەپ و پێشکەوتنخوازی نێو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردیدا دروستکرد و ئەم کەلێنە پڕ نەکرایەوە؛ بەهەمان شێوە شەهید کردنی کەنەفانی خەسارێکی گەورە بوو بۆ فەلەستینییەکان و کۆمەڵگەی عەڕەبی لە ڕووی ئەدەبی و سیاسییەوە. بەڵام میراتەکەی بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە نەوەکانی دوای خۆی و سیمبولێکی دیارە بۆ نووسەر و چالاکوان و لایەنگرانی مافەکانی فەلەستین لە سەرانسەری جیهاندا.