
محەمه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق
ناساندن و ڕانانی کتێبی: ''چڵی زێڕین''لیکۆڵینهوەیەک له جادووگه‌ری و ئایین
یەکێک لە چاپەکانی کتێبی "چڵی زێڕین .. لێکۆڵینەوەیەک لە جادووگەری و ئایین"
کتێبی "چڵی زێڕین .. لێکۆڵینەوەیەک لە جادووگەری و ئایین"، لە نووسینی سێر جەیمس جۆرج فرەیزەر، دوا کتێبمانە کە لە ئینگلیزییەوە وەرمانگێڕاوە و لەم ماوەیەدا دەزگای سەردەم بە سوپاسەوە چاپ و بڵاویان کردووەتەوە و لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، کە لە ٢٨ - ١١ - ٢٠٢٤ دا بۆ ماوەی زیاد لە هەفتەیەک کرایەوە یەکێک بووە لە پڕفرۆش‌ترین کتێب لەو پیشانگایەدا. چاپی کوردیی کتێبەکە پێکهاتووە لە دوو بەرگی قەبارە گەورەی ١١٣٠ لاپەڕە، کە ٦٩ بەش و دەیان بنبەش لەخۆدەگرێت و لێکۆڵینەوەیەکی ئەنترۆپۆڵۆجیی وردە لەسەر نەریت و کولتووری زۆر کۆنی گەلانی جیهان و بەتایبەتی گەلە سەرەتاییەکان و ڕۆڵی جادووگەری و ئایین تێیاندا و دێتە سەر قۆناخی بتپەرستی لە ئەوروپادا و دواتر سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییەت و پەیوەندیی ئەو ئایینە بە قۆناخە کۆنین و سەرەتاییەکانی پێش خۆیەوە و گرێدانی چەمکی ئایین و بەتایبەتی مەسیحییەت لەگەڵ جادووگەری و زانست‌دا لە دید و تێڕوانینێکی کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆڵۆجییەوە. ئەم کتێبە ناوبانگێکی جیهانیی گەورەی هەیە و کراوە بە زۆربەی زمانەکانی دنیا و تا ئێستا دەیان جار و زیاتریش لەلایەن خانە بەناوبانگەکانی جیهانەوە وەک کامبریج و ئۆکسفۆرد و ماکمیلان و چەندینی تر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بەهیوام ئەرکێکی پێویستی سەرشانم بەجێگەیاندبێت بەرانبەر بە کتێبخانەی کوردی. من لێرەدا بۆ ئاشناکردنی کتێبەکە بە خوێنەری کورد پێڕستەکەی و دوو پێشەکیی نووسەرەکەی، بۆ دوو چاپی جیاوازی کتێبەکە و پێشەکییەکی خۆم، وەک وەرگێڕی کتێبەکە دەخەمەڕوو. بێگومان مەبەستم تەنها ناساندنی کورتە ناوەرۆکێکی ئەم کتێبەیە کە شاکارێکە و وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان و زانایەکی ناوداری ئەنترۆپۆڵۆجیا شیکارییەکی قووڵ لە مێژووی پەیوەندیی جادووگەری و ئایینەکاندا دەکات، بەتایبەتی ئایینی مەسیحی و چۆنێتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی لە ناو ئیمراتۆرییەتی مەزن و بەربڵاوی ڕۆمانیدا کە پێشتر و لە مێژوویەکی زۆر کۆنتردا سەرجەمی ئەوروپا بتپەرست بووە و پاشان چۆن گەلی نەریت و ڕێوڕەسمی سەردەمی بتپەرستی پەڕیوەتە ناو ئایینی مەسیحییەوە و بووە بە ەشێک لە تانوپۆی ئەو ئایینە نوێیە پاش ئەوەی ئیمپراتۆرەکانی ڕۆما چوونە سەر ئایینی نوێ و ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە بڵاوبوونەوەی بە قەڵەمڕەوی حوکمیاندا و پاش ئەوانیش لەسەر دەستی ئیمپراتۆرێتی بیزەنتەدا و تادەگاتە دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئەوروپا و جەنگ و شەڕوشۆڕی خاچپەرستەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.
ئەم لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆڵۆجییە لە ماوەی ٢٥ - ٣٠ ساڵی یەکەمی نووسینیدا گەیشتووەتە ١٢ بەرگ و پاشان لە ئەنجامی ناڕەزایی دەربڕینی زۆری کەنیسەی کاسۆلیکیدا، نووسەر خۆی و بە هاوکاریی ژنەکەی، کە ئەویش هەر زانایەکی ئەنترۆپۆڵۆجی و سۆسیۆلۆجی بووە پێکەوە لە ساڵی ١٩٢٢دا بە ناچاری کورتیان کردووەتەوە بۆ دوو بەرگی نزیکەی هەزار لاپەڕەیی بە زمانی ڕەسەنی کتێبەکە کە ئینگلیزییە و وەک نووسەر خۆی نووسیوێتی بێئەوەی دەستکاریی گەوهەر و ناوەرۆکی بکات و تەنها سەرچاوەکانی لێ لابردووە. دواتر ئەم دەقەی ساڵی ١٩٢٢ بووە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوە و وەرگێڕانی بۆ زۆربەی زمانەکانی دنیا بە ئاستێکی بەربڵاو و زۆربەی خانە بەناوبانگەکانی جیهان ئەمەیان کردووە بە بناغەی چاپ و بڵاوکردنەوەی. بێگومان ئەم وەرگێڕانە کوردییەش هەر ئەو دەقەی کردووەتە سەرچاوە و ئەو پێرست و سێ پێشەکییەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە وردەکارییەکی چیرۆک و بەسەرهاتی گەشتی دوورودرێژی مێژوویی ئەم کتێبە پڕ بەهایەی تێدایە، بەڵام لەسەر وەستان و ئاشنابوون بە تەواوی ناوەرۆکی کتێبەکە و بەئاگابوون لە کۆششی ئەم نووسەرە مەزنە و لێکۆڵینەوە مێژووییەکەی لە سەر پەیوەندیی جادووگەری و ئایین پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردی تەواوی کتێبەکەیە. دوای ئەوە تۆ چۆنی هەڵدەسەنگێنیت و ئایا لەگەڵیدایت یان دژ کەس ڕێگەت لێناگرێت و دەکەوێتە سەر ئاستی تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆت بۆ مەسەلەکە.
پێشه‌کیی بەندە وەک وه‌رگێڕی کتێبەکە
کتێبی "چڵی زێڕینThe Golden Bough" له نووسین و لێکۆڵینەوەی سێر جه‌یمس جۆرج فره‌یزه‌ر (١٨٥٤ - ١٩٤١)، سامانێکی هێجگار گه‌ورەی ئه‌فسانه‌و ئاین و تابووه کومه‌ڵایه‌تییه‌کان و باوه‌ڕ و نه‌ریت و عاده‌تی باو بووه له ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌ی کولتووره‌کانی جیهاندا. نووسه‌ری ئه‌م لێکۆڵینه‌وه قووڵ و به‌رفراوانه زانایه‌کی مرۆڤناسیی (ئه‌نترۆپۆڵۆجیی) ناودار بووه و له بواری توێژینه‌وه له میلله‌ته سەرەتاییه‌کان و شێوازی ژیانی مادی و ڕۆحییان گه‌لێ کار و توێژینه‌وه‌ی به‌نرخی ئه‌نجامداوه و کتێبی چڵی ئاڵتوونی ئه‌م توێژه‌ره پێگه‌یه‌یه‌کی جیهانیی گه‌وره‌ی هه‌یه. توێژه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌که‌ی بێجگه له پسپۆریی خۆی ساڵانێکی زۆری خوێندنه‌وه و به‌دواداچوونی بە سەربردووه و بۆ کاره‌که‌شی توێژه‌رانێکی دۆست و ناشنای و که‌سانی نێرده مسیۆنێره‌کانی مه‌سیحی راسپاردووه له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بابه‌تی داب و نه‌ریت و ئاین و باوه‌ڕی میلله‌تانی بۆ کۆبکه‌نه‌وه. فرەیزەر له زانکۆی به‌ناوبانگه‌کانی بەریتانیا خوێندنی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیی ته‌واوکردووه‌و ئه‌وده‌مه به‌ریتانیای وڵاته‌که‌ی ئه‌و خۆر له قه‌ڵه‌مڕه‌وی وڵاته کۆلۆنییه‌کانی ئاوانه‌بووه و له‌هه‌ر قوژبنێکی ئه‌م دنیایه باڵوێز و کونسوڵ و نوێنەرایەتیی مسیۆنیری مه‌سیحی و نێردەی زانستیی بواری جۆراوجۆر و بازرگانی و سەربازی و هەواڵگری لێبووە بۆ ئیدارەدانی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ریتانیای مه‌زن و ئه‌مه به باشە و سوودی گەورە گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ توێژینەوهکەی، چونکه له هه‌موو سووچ و که‌لێنێکی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌وه بابه‌تی لە سەر مه‌سه‌له‌کانی لە سەره‌وه باسمانکرد بۆ کۆکراوەتەوە، بێجگە لە گەڕان و پشکنینی خۆی.
نووسه‌ر له کتێبه‌که‌یدا زۆر لە سەر دابونه‌ریتی ئه‌وروپای چه‌رخی بتپهرستتی پێش مهسیحییهتوهستاوهو یه‌که‌مجار له‌ساڵی 1890 کتێبه‌که بڵاوکراوەتەوە و هه‌را و پرۆتێستێکی زۆریناوەتەوه له ناوه‌نده‌کانی کریستیانی کاسۆلیکدا و به‌وه تۆمه‌تبارکراوە که به‌لای په‌رستنی دار و بتپه‌رستیدا دایشکاندووە و فشاری ئاینیی زۆری کەوتووەتە سەر. ەبەر ئەوە ناچار بووه له چاپه‌کانی دواتردا کاره‌که‌ی کورتبکاته‌وه و هه‌ندێ بابه‌تی دژه مه‌سیحییه‌تی تێدا بسڕێته‌وه. هه‌رچه‌نده خۆی له پێشه‌کیی چاپێکی ساڵی 1922دا زۆر داکۆکیی له زانستی و بابه‌تیی کاره‌که‌ی کردووه و هه‌ر خۆیشی کورتی کردووهتهوەو سه‌رجه‌می سه‌رچاوه و بیبلۆگرافی و پەراوێزهکانی لابردووه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ به‌که‌می نه‌بێت ده‌سکاری ناوه‌رۆکه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی نه‌کردووه (هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وه‌رگێڕانه کوردییه‌ش له‌م ده‌قه کورتکراوەیه). ئه‌و له دووبه‌رگی نزیکه‌ی نۆسه‌د لاپه‌ڕه‌ی چاپی یه‌که‌می کتێبه‌که‌دا (1980) سه‌رچاوه و پەراوێزی تێدا چهسپکردووه له چاپه ئۆرجیناڵه‌که‌دا و به‌مه‌به‌ستی کورتکردنه‌وه‌ی له چاپه‌کانی دوای ئه‌وه‌دا خۆی لایبردوون و داوای کردووه که هه‌رکه‌سێک مه‌به‌ستی بێت ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر چاپهبنهڕهتییهکه. و ئێمه ئه‌و پێشه‌کییه‌ی ساڵی 1922ی نووسه‌رمان له‌م وه‌رگێڕانه کوردییه‌دا داناوه که جۆره پاکانهیهکیشی تێدایه بۆ خه‌ڵکه ئاسییەکهو توندڕه‌وه ئاینییه‌کانی مه‌سیحی گوایه مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م تێنه‌گه‌یشتوون. بایه‌خی ئه‌م کتێبه له‌وه‌دایه که‌وا کاریگه‌رییه به‌ربڵاوه‌که‌ی سنووری توێژینه‌وه‌ی میسۆلۆجیای تێپه‌ڕاندووه و گه‌یشتووه‌ته ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و دەروونناسی و کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی به‌جێهێشتووه لە سەر ژماره‌یه‌کی زۆری نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند، له‌وانه جه‌یمس جۆیس و ت.س. ئیلیۆت و ویلیه‌م بیتلهریایتس و دی. ئێج. لۆره‌نس و ئهزراپاوهند و ڕۆبەرت گریڤز و ماری ڕینۆ و چه‌ندینی تریش. به‌ڵام ئه‌و له‌م کتێبه‌یدا مه‌سه‌له‌ی ئاینی تا ڕادهیهکبهشێوهیهکی نوێ مامه‌ڵەی کردووه، به‌و واتایه‌ی که به بابه‌تێکی دنیایی وه‌ریگرتووه. هه‌روه‌ها بواری داوه به خوێنەر که بەراوەد بکات له‌نێوان بنیاتی مه‌سیحییه‌تی به‌رایی و باوه‌ڕ و سرووت و ڕێوڕه‌سمی ژماره‌یه‌کی زۆر له خێڵه سەرەتاییه بتپه‌رست یان وهسهنییهکاندا. لێره‌وه سه‌رنجی خوێنه‌ری ڕاکێشاوە به‌لای ئه‌و هاوشێوه‌ییه گه‌وره و بگره هه‌ندێ جار دهقاودهقەش له‌گه‌ڵ ئه‌و چیرۆکانه‌دا که له ئاینه‌کاندا هاتوون و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وەی که کتێبه‌که شه‌پۆلێکی ناڕه‌زایی گه‌وره به‌رپابکات و به دژایه‌تیی مه‌سیحییه‌ت له قه‌ڵه‌م بدرێت.
پزیشکی ده‌رونناسی ناودار سیگمۆند فرۆید ئه‌م کاره‌ی زۆر به‌رز نرخاندووە به‌و زانیارییه سیمبۆڵییانهی که لهخۆییگرتوون و سوودیان بووه بۆ په‌ره‌پێدانی تیۆرییه‌کانی له بواری شیکاریی دەروونیدا. هه‌روه‌ها پزیشکی دەروونیی سویسری کارڵ یۆنگ کاریگه‌ربووه به سه‌رنج و تێبینییه‌کانی فرهیزەر و به کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌هێزی دانا‌و زۆری لە سەر بنیاتنا له‌بواری ڕۆحانیدا بۆ پاڵپشتی کردنی تیۆرییه‌که‌ی له کۆنه‌ستدا، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پاڵنه‌ری ئاینیی گشتگیره‌وه وه‌ک ئه‌و ناوی لێده‌نێت لای سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی. به‌هه‌مان شێوه‌ش جۆزێف کامپڵ پشتی به فره‌یزه‌ر به‌ستووه له تێڕوانینی بۆ میسۆلۆجیا و کۆمه‌ڵگه و نه‌فسی به‌شه‌ری. ڕێنێ جیراردی فه‌یله‌سوفیش تیۆرییه‌که‌ی خۆی له بواری لاساییکردنه‌وه له‌سه‌ر "چڵی زێڕین" بنیاتناوه. بێگومان کاره‌که‌ی فره‌یزه‌ر کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی به‌جێهیشتووه لە سەر نه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی میسۆلۆجییهکان بێجگه له به‌ڵگاندن و توێژینه‌وه‌ی ئاینی و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان لای میلله‌ته سەرەتاییه‌کان به‌و جیاوازی و توخمه هاوبه‌شانه‌ی که تێیاندایه و ده‌سنیشانکردنی ئه‌و هێزانه‌ی که دروستیان ده‌که‌ین و بهوپێیەش دروستمان ده‌کات. که‌واته به‌شێوه‌یه‌کی نوێ تاڕاده‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئایندا کردووه کاتێ که بە بابه‌تێکی ئاینیی له‌قه‌ڵه‌میداوه.
زاناکانی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیا زۆرێک له گریمانه به‌نرخه‌کانی فره‌یزه‌ر و ئه‌نجامگیرییه‌کانیان به ناته‌واو له‌قه‌ڵه‌مداوه. هه‌روه‌ها زاناکانی شوێنه‌وارناسی ئیددیعاکانیان رەتکردووهتەوه سەبارەت به نه‌ریتی ساڵانه‌ی کوشتنی پاشا له کولتووره کۆنه‌کاندا. زانستی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیای کولتووریش سه‌لماندوویه‌تی که‌وا کۆمه‌ڵگه‌کانی مرۆڤایه‌تی یه‌ک ڕێچکە و ڕێگەی نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ پەرەسەندن و گه‌شه‌کردن، واته ته‌نها شێوازی داروینیی کۆمه‌ڵایه‌تی ناگرێته‌به‌ر که‌وای له فره‌یزه‌ر کردووه ئه‌و گریمانانه دابڕێژێت. هه‌رچه‌نده جادووی هاوسۆزی تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆشمان په‌یڕه‌وی کراوە، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پشتی پێبه‌ستووه له بابه‌تی تایبه‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕەگهزهکانی مرۆڤ و کولتووره‌کان له گه‌یشتن به ئه‌نجامه‌کانی، به ناته‌واو له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ملکه‌چی حه‌ز و ئارەزووی کۆڵۆنیالیسته سپی پێسته‌کانه که کۆیان کردووه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی فره‌یزه‌ر ئه‌نجامیداون، به چڵی زێڕینیشهوه، ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی بوێرانه‌یه و بواری ڕه‌خساندووه بۆ داهێنانی زۆر. ئێمه ده‌توانین فره‌یزه‌ر به توێژه‌ڕێک له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین له قووڵایی کو‌لتوور و ڕۆشنبیرییه‌که‌یدا، له تێڕوانینی بەراوەدکردنیەوه بۆسیستهمهکانی باوه‌ڕداری له کاتێکدا که باوه‌ڕێکی گشتی زاڵبووه و نه‌ریت و باوه‌ڕه‌کانی تر به دام‌و ده‌زگای ناته‌واو داده‌نێت که‌وا پێویستیان بهڕیشهکێش کردنه. به هه‌مان ئه‌و دڵگەرمییهی که تێیدا نێرده مژده‌ده‌ره مه‌سیحییه‌کان هه‌وڵیانداوه داب و نه‌ریته‌کانی تر بسڕنه‌وه، فره‌یزه له "چڵی زێڕیندا" هه‌وڵیداوه پشتیوانی له گێڕانه‌وه‌ی وهسهنییهت بکات. ڕوونکردنه‌وه‌ی ئیتنۆگرافیی ورد بۆ کولتووره‌کانی خێڵه نامه‌سیحییه‌کان و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێوڕه‌سم و نه‌ریته ئه‌وروپییانه‌ی بەستراون به سروشتی په‌رستنی خواژنهوه بووه به سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ هه‌رکه‌سێک که بخوازێت سه‌رله‌نوێ ئه‌وە بنیات بنێته‌وه که مه‌سیحییه‌ت خستوویەتیە لاوە و بگرە سڕیویشیەتیهوه.
سه‌رباری ئەو ناڕه‌زاییه‌ی کە له ناوه‌نده بیرتهسکهکاندا ته‌شه‌نه‌ی کرد، لە سەر ئەم کار و لێکۆڵنەوانەی، که‌چی له ساڵی 1915دا نیشانه‌ی سوارچاکی بهخشڕایە فره‌یزه‌ر له‌به‌ر هاوکاری و ڕۆڵ بینینی له زانستی بنه‌چه‌ی مرۆڤ و پەرەسەندنیدا و له زانکۆی کامبریج جێگیربوو و به‌رده‌وام بوو لە سەر توێژینه‌وه‌کانی به چالاکی و ئیراده‌یه‌کی به‌رزه‌وه تا دوا ساڵانی ژیانی. هه‌رچه‌نده ڕووداوێک بوو به‌هۆی خوێنبه‌ربوونی چاوی له ساڵی 1930دا و تاده‌هات چاوه‌کانی کزدهبوون تا به‌ته‌واوی نابینابوو، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌رگیز له کاره‌که‌ی ساردنه‌بووه‌وه و به یارمه‌تیی هاوکارانی بەردەوام بوو که‌وا یارمه‌تییان ده‌دا له‌وکارانه‌دا که پشتیان به‌ده‌ست و چاو ده‌به‌ست. به‌تایبه‌تی لیلیی خێزانی که ژیانی خۆی له‌گه‌ڵیدا بەسەربرد و هانیده‌دا بۆ په‌ره‌پێدانی کاره‌که‌ی. سێرجهیمیس فره‌یزه‌ر له حه‌وتی مایسی 1941دا کۆچی دوایی کرد، له ته‌مه‌نی نزیکه‌ی هه‌شتا و حه‌وت ساڵیدا و دوای چه‌ند کاتژمێرێکیشخانمی هاوسەری فره‌یزه‌ر کۆچی دوایی کرد، وه‌ک ئه‌وه‌ی که تۆتهمێکی په‌یوه‌ست بووبێت پێیه‌وه و هه‌ردوکیان پێکه‌وه له‌گۆڕستانی سانت جێڵ له کامبریج نێژران.
ئێمه کاتێ ئه‌م کتێبه ده‌خوێنینه‌وه هه‌ڵویستمان لهوشه یان تێرمی سەرەتایی ده‌گۆڕێت، هه‌رچه‌نده فره‌یزه‌ر له کتێبه‌که‌یدا به Savage گوزارشی لێوه‌کردووه که له ئینگلیزییه‌که‌دا زیاتر به مانای کێوی دێت، به‌ڵام ئه‌و مه‌به‌ستی زیاتر له‌وه‌بووه که ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی پێش ئێمه ژیاون کولتوور‌و شێوازی ژیان و نه‌ریت و باوه‌ڕی خۆیان هه‌بووه و مه‌به‌ستی گاڵته‌پێکردن یان سووککردن یان ڕقلێبوونیان نه‌بووه. هه‌روه‌ها ئێمه‌ش وه‌ک خوێنه‌ری ئه‌م باسه، که ڕێژەیه‌کی زۆر سەرەتایی له خۆشمان‌دا هه‌یه و ئه‌گه‌ر به‌و چاوه‌وه سه‌یری خه‌ڵکی سەرەتایی پێش خۆمان بکه‌ین پێویسته له‌یادمان بێت که نه‌وه‌کانمان له پاشه‌ڕۆژدا ڕەنگە نازناوی سەرەتاییمان لێبنێن له‌گه‌ڵ بزه‌یه‌کی گاڵته پێکردندا کاتێ بیر له‌وه ده‌کەنه‌وه کە ئێمه چۆن ژیاوین و چ ئهقڵییهتێکمان بووه که چووینه‌ته ئه‌و هه‌موو جه‌نگانه‌وه و دواتر ده‌رکه‌وتووه هه‌مووی بێهوودهبووه. ئاخۆ دۆخی مرۆڤی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک له پاشه‌ڕۆژێکی دووردا چۆن ده‌بێت یان ئاخۆ نابێته ته‌نها گاڵته‌جارێک یان بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژوویی له ڕۆژگارێکدا. ئاخۆ به تێگه‌یشتنی ئه‌و ڕۆژگاره ئێمه‌ش نابینه سەرەتایی؟ له بواری وه‌سفکردنی نه‌ریت و سرووت و ڕێوڕەسمهکاندا خوێنه‌ر تیبینیی ئه‌وه ده‌کات که سێرجهیمس فره‌یزه‌ر زۆر لە سەر ورده‌کاریی باسه‌که‌ی ده‌ڕوات و خوێنه‌ر هه‌ستده‌کات که ناوه‌رۆکی تێگه‌یشتووه و پێویست به‌وه ناکات. وه‌ڵامی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که فره‌یزه‌ر بۆ ناوه‌ندێکی دیاریکراو یان کولتووڕێکی تایبه‌ت نه‌ینووسیوه و بەڵکوڕێوڕەسمهکانی وه‌ک خۆی باس کردووه و با خوێنه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت لێیوهربگرێت و بهڕێگەو شێوه‌ی خۆی شیبکاته‌وه. له‌وانه‌یه خوێنهڕێک ورده‌کارییه‌کی بێهووده‌ی تێدا ببینێت و یهکێکیتریش له‌وپه‌ڕی گرنگیدا بیبنێت و هەر یه‌که‌یان بە پێی کو‌لتوور و بۆچوونی خۆی.
سێرجهیمس فره‌یزه‌ر ساڵی 1854له شاری گڵاسکۆی سکۆتلاند له‌دایکبووه، باوکی دەرمانساز و دایکیشی کچی جۆرج بوگڵ بووه که کونسوڵی به‌ریتانی بووه له تیبت و له ساڵی 1774دا پاش ئه‌وه‌ی بوگڵ وه‌ک نێرده‌یه‌ک له هندستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا کاری ده‌کرد بوو به یه‌که‌می ئه‌و به‌ریتانییانه‌ی گه‌شتی وڵاته ته‌ریک و دووره‌ده‌سته‌کانی کردبوو. جه‌یمس فره‌یزه‌ر له ژینگه‌یه‌کدا گه‌وره بووه که پڕبووه له حیکایه‌ت و چیرۆکی گه‌شت و دابونه‌ریتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی میلله‌تان و توخم و ڕه‌گه‌زه‌کانی تر، بێجگه له فێربوون و ده‌قگرتنی بهڕاسپاردە و ڕێنماییه‌کانی که‌نیسه‌ی ئازادی سکۆتلاندییه‌وه به‌کاریگه‌ریی باوکی. کاتێ که منداڵ بووه فێری زمانی لاتینی و گریکی بووه و پاشان له‌م دووزمانهدا قووڵبووه‌ته‌وه کاتێ که لە سەر خوێندنه‌که‌ی به‌رده‌وام بووه له زانکۆی گڵاسکۆ، که له‌وێ فیزیکی خوێندووه به‌سه‌رپه‌رشتی لۆردکاڵڤن. ساڵی 1878 بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆسی وەرگرتووه له زمانی یۆنانی و ڕۆمان و ئهدهبییاتیاندا له زانکۆی کامبریج. ساڵێک دوای ئه‌وه شه‌ره‌فی ئه‌ندامێتیی ئه‌لفای وه‌رگرتووه کاتێ که تێزه‌که‌ی لە سەر ئه‌فلاتوون پێشکه‌ش کرد. پاشان لە سەر حه‌ز و داوای باوکی یاساشی ته‌واو کردووه، به‌ڵام له‌بواری پارێزەرهڕایەتیدا کاری نه‌کرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ کامبریج و نوقمی ئه‌و کاره‌بوو که شه‌یدای بووبوو، ئه‌ویش لێکۆڵینه‌وه بوو له نه‌ریت و ئه‌فسانه‌کان. لێره‌وه که‌وته وه‌رگێڕانی چیرۆک و سه‌رنجه‌کانی بایسنیاسی گه‌ڕیده‌ی گریکی که له سه‌ده‌ی دووه‌می پێش زایندا ژیاوه و له‌به‌ر گه‌وره‌یی ئه‌م کاره ته‌نها توانی تا ساڵی 1898 شه‌ش به‌رگی لێتهواو بکات. فره‌یزه‌ر زۆر که‌وتبووه ژێر کاریگه‌ریی کتێبی ''کولتووری سەرەتایی'' نووسه‌ر ئێدوارد تایلهرهوه.
له بواری کاره‌که‌یدا نامه‌و نامهکارییهکی زۆری هه‌بوو له‌گه‌ڵ مامۆستایان و کارمه‌ندانی نێرده مسیۆنێرهکاندا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بۆ ده‌ستکه‌وتنی زانیاری لە سەر میلله‌ته ڕەسەنه‌کان یان نهیتیڤهکانی که په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵیان هه‌بوو. ئه‌مه ئەو خه‌ڵکه ڕەسەنانهی هه‌ردوو ئه‌مریکاو ئوسترالیا بوون کە له ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژئاوادا به ئهبۆرجیناڵ یان به‌هه‌ڵه به هندییه سوورپێسته‌کان ناوده‌بران. پاش ئه‌وه‌ی فره‌یزه‌ر سامانێکی له زانیاری و باس‌وخواس کۆکرده‌وه له‌باره‌ی گه‌ڕیده‌و دۆزه‌ره‌وه کۆنه‌کان، بێجگه له‌و زانیارییانه‌ی له‌ملاو له‌ولا دهستیکهوتبوون وه‌ک کاره‌کانی بایسانیاسی گه‌ڕیده له ساڵی 1890دا کتێبی چڵی زێڕینی بڵاو کرده‌وه، ئه‌و کاره‌ی که سامانێکی گه‌وره‌ی ئه‌فسانه و ئاین و تابووه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و داب و نه‌ریتی باوی تێدایه له ژماره‌یه‌کی به‌رفراوانی کو‌لتووردا و ئه‌مه بوو به گه‌ڵاڵه کردنی تێڕوانینێکی نوێ بۆ سروشتی کۆمه‌ڵگه و مرۆڤایه‌تی. هه‌روه‌ها ئه‌م کاره ناوازه‌یه تیشکی خستووه‌ته سه‌ر گه‌لێ بابه‌تی گرنگ چه‌شنی له‌دایکبوون و پەرەسەندن و مردن و سه‌رله‌نوێ له‌دایکبوونه‌وه و بایهخیانی ده‌رخستووه له ژماره‌یه‌کی هێجگار زۆری فەرهەنگ و کولتووری جیهانیدا..
کتێبی چڵی زێڕین The Golden Bough بریتییه له توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌باره‌ی جادووگه‌ری و ئاینه‌وه و تێیدا ڕوونیکردووه‌ته‌وه که زۆرێک له ئه‌فسانه و ڕێوڕەسمه ئاینییه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕۆژگاری په‌یدابوونی کشتوکاڵ له چه‌رخی پێش مێژودا و پەرەسەندنی ئه‌قڵی مرۆڤ به‌سێ قۆناخ‌دا تیپه‌ڕیوه که بریتیین له:جادووگه‌ریی سەرەتایی و ئاین و زانست.
له کتێبه گرنگه‌کانی تری ''تۆته‌میزم و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بێگانەدا'' Totemism and Exogamy و هه‌روه‌ها تۆتهمییهت یان تۆتەمیزمTotemismله‌باره‌ی سیسته‌می تۆتهمی له کۆمه‌ڵگه سەرەتاییهکاندا که بەشێوەیەکیئهدهبیی سه‌رنجڕاکێش نووسراوه. کاره‌کانی فره‌یزه‌ر کاریگه‌ریی زۆریان هه‌بوو لە سەرپەرەسەندنی زانستی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیا و لە سەر زانای دەروونناسی گه‌وره سیگۆندفرۆید که به ئیلهامی ئه‌و کتێبی ''تۆته‌م و تابووی" نووسیوه.
چاپی یه‌که‌می "چڵی زێڕین" له ساڵی 1890دا له دوو به‌رگ پێکهاتبوو، چاپی دووه‌م لە ساڵی 1900دا بوو به سێ به‌رگ. چاپی سێیه‌میش له ساڵی 1915دابوو که له دوانزه به‌رگ پێکهاتبوو، له ساڵی 1936 به‌رگی سیانزەهەمیشی خڕایە سه‌ر. له ساڵی 1922دا چاپێکی دوو به‌رگیی لێ بڵاو کرایەوه و ئه‌مه‌یان نووسەر خۆی و له‌یدی فره‌یزه‌ری ژنی ئاماده‌یان کردووە و هه‌ندێ زانیاریی دژه مه‌سیحییان لێ لابردووە.
لێرەدا هه‌ندێ به‌رهه‌می به‌ناوبانگی نووسەر دەخەینەڕوو:
- خولقاندن و پەرەسەندن له گه‌ردوونی سەرەتاییدا (1935).
- ترس له مردووان له ئاینی سەرەتاییدا (1933- 1936).
- له باره‌ی پەرەسەندنی ئه‌قڵی مرۆڤه‌وه (1933).
- گورزه هه‌ڵگیراوه‌کان (1931).
- ئه‌فسانه‌کانی ڕەگ و ڕیشەی ئاگر (1930).
- داکۆکیکردنی شه‌یتان (1928).
- تابوو و مه‌ترسیی ڕۆح (1911).
- په‌رستنی سرووشت (1926).
- مرۆڤ و خواوه‌ند و نه‌مری (1927).
- باوه‌ڕی نه‌مری و په‌رستنی مردوو (1913- 1924)، 3 به‌رگ.
- فۆلکلۆر له پەیمانی کۆندا (ته‌ورات) (1918).
- تۆته‌میزم و هاوسه‌رگیریی بێگانه (1910).
- چڵی زێڕین (چاپی3) (1916- 1915)، 12 به‌رگ.
- چڵی زێڕین دوو به‌رگی کورتکراوە (1922)،کە سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانەیە. لە چاپە ئینگلیزی و وەرگێڕدراوەکانی دواتردا هەر ئەم چاپە کراوە بە سەرچاوە.
- باسوخواسی یۆنان لەلایەن پاسانیاسهوه (وه‌رگێڕان و تێبینیی)، 6 به‌رگ.
- چڵی زێڕین: توێژینه‌وه‌یه‌ک لە سەر جادووگه‌ری و ئایین (1890).
- تۆته‌میزم (1887).
دواتێبینی: حه‌زده‌که‌م سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه ڕابکێشم که زۆرێک له‌و وڵات و هه‌رێمانه‌ی فره‌یزه‌ر ئیشارەتی پێداون له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا وه‌ک گینیای نوێ و به‌ریتانیای نوێ و ئه‌فریقای ناوه‌ڕاست و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، ئیندیسی ڕۆژهه‌ڵات و هندستانی ڕۆژهه‌ڵات و ده‌یان ناوی تر له ئوسترالیا و ئاسیا و ئه‌مریکای باشوور و چەندین هەرێم و دوورگە و شوێنی جۆراوجۆر کەوا کاتی خۆی و هەندێکیان تا ئێستاش کۆڵۆنیی به‌ریتانیا و هۆڵه‌ندا و ئیسپانیا و وڵاته‌کانی تری ئه‌وروپا بوون و ئه‌مڕۆ گه‌لێکیان سه‌ربه‌خۆن و ناوی نوێیان هه‌یه و ئه‌و ناوانەی جاران نه‌ماون و خوێنه‌ر ده‌توانێ له نه‌خشه جوگرافییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بیاندۆزێته‌وه. من لەم وەرگێڕانەدا بۆ زیاتر ئاشنا کردنی خوێنەر بە هەندێ بابەت و زاراوە کەوانەیەکم بۆ کردووەتەوە و بە پێی تێگەیشتنی خۆم ڕوونکردنەوەیەکم داوەتێ و لە هەندێ شوێنیش‌دا زاراوە ئینگلیزییەکەشم داناوەتەوە بە مەبەستی ئەوەی خوێنەر وەک بابەتێکی ڕووکەش بەسەریدا نەڕوات و هەڵوەستەی خۆیشی هەبێت لە ئاستیدا. زۆربەی زۆری ڕووماڵی نووسەر لەبارەی نەریت و کولتووری خێڵ یان گەلانی سەرەتاییەوەیە لە شیوێنی جیاجیای دنیا و بە تایبەتی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئوسترالیا و ئەفریقا و هەردوو ئەمریکا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بە نەیتیڤ و ئەبۆرجیناڵ و زۆر جاریش هندییەکان ناویان دێنێت کە مەبەستی ئەو زاراوە هەڵەیەیە کە بە هندییە سوورەکان ڕۆیشتووە و لە گەلێ شوێندا کە دەڵێ هندییەکان، کە مەبەست خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو وڵاتانەیە، بێجگە لە باس و خواسی خێڵ و تایفە جۆراوجۆرەکانی نیمچە کیشوەری هندستان خۆی، من لە کەوانەیەکدا وشەی (سوورەکانم) بۆ زیاد کردووە وەک ئیشارەتێک بۆ ئەو خەڵکە ڕەسەنانەی ئەو وڵاتانە، کە لە چەند سەدەی ڕابوردوودا خاک و وڵاتیان داگیر کرابوو لە لایەن سپی پێستە ئەوروپییەکانەوە، پاش گەشە کردنی سەرمایەداری لە ئەوروپادا و پێویستییەکانی بە کەرەستەی خاو و ساغکردنەوەی کاڵای سەرمایەداری لەو وڵاتانەدا. لەبەر ئەوە میللەتانی کۆڵۆنی کراوی یەو وڵاتانە بەر ستەمێکی بێئامانی لەناوبردنی کو‌لتوور و شوناس کەوتن. نووسەر لەم کتێبەیدا، هەرچەندە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و هەمەڕەنگە لە داب و نەریتی ئەو میللەتانە، بەڵام بەدەر نییە لە جۆرە تێڕوانینێکی کۆڵۆنیالیستانە کاتێ بە خەڵک و خێڵی سەرەتایی و بەربەری و تارادەیەک کێوییش ناویان دەبات، هەرچەندە ئەم بە سەرەتایی ناوهێنانە بۆ گەلانی کۆنی ئەوروپای سەردەمی بتپەرستیش هەر وایە. لەم باسە ناوی گەلێ چەشن و جۆری ڕووەک و ئاژەڵ و باڵندە هاتووە کە هەندێکیان نامۆن بە وڵاتی ئێمە و هەندێکیشیان زەحمەت و بگرە مەحاڵیشە ناوی کوردی‌یان هەبێت و من بە ناچاری لە قامووسدا گەڕاوم بۆ ناوێکی عەرەبیم لە بەرانبەر هەندێکیاندا داناوە پاش ئەوەی ئینگلیزییەکەشم لەپاڵدا نووسیوە و هەندێ جار ناوە زانستییەکەشی بەپێی ئەوی کە دەستمکەوتووە. بۆ کۆمەڵێک ناوی کوردیش پەنام بردووەتە بەر قامووسە کوردییەکان و چەند دۆستێکی بەڕێزی شارەزاش کە بە سوپاسەوە بە هانامەوە هاتوون.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئیشارەت بۆ تەوەڕێکی سەرەکیی ئەم کتێبە بکەم کە ئەویش چڵی زێڕین یان ئاڵتوونییە و کتێبەکەی بەناوەوە کراوە و لە بنەڕەتدا ناوی ڕووەکێکی مشەخۆری هەمیشە سەوزە و هەر جوار وەرزی ساڵ گەڵایەک سەوز و قاوەیی باوی هەیە و لە سەر چەندین جۆری دار دەژی وەک داربەڕوو، دارکاژ، دارسێو.. تاد. لێرەدا ئەوەی مەبەستە ئەو جۆرەیانە کە لە سەر داربەڕووە و بە درێژایی سەدان و ڕەنگە چەند هەزار ساڵێکیش لای گەلە ئاریاییەکانی باکووری ئەوروپا بە پیرۆزی تاماشای ئەم ڕووەکە و داربەڕووشیان کردووە و بگرە هەردوکیشیان وەک خواوەند پەرستوون لە چەرخی بتپەرستیدا و دنیایەک سرووت و ئەفسانەی لە سەرە و پێیان سەیر بووە ڕووەکێک نە ڕەگی لە زەویدا هەیە و نە لە ئاسمان و بەسەر داربەڕووەوە هەر چوار وەرزی ساڵ دەگەشێتەوە و ورشەی دێت. ئەم ڕووەکە بە ئینگلیزییەکەی ناوی میستلێتۆیە mistletoeو ناوە زانستییەکەشی لە پۆلێن کردنی زیندەوەرزانیی جیهانیدا”Viscum album”ە و کاتێ ڕووماڵێکی گووگڵم بۆ کرد بۆم دەرکەوت زیاد لە ١٥٠٠ جۆری هەیە، بە ڕەنگی گوڵ و گەڵای جۆراوجۆرەوە و هەر لە دێرین زەمانەوە تا ئێستاش جێی مشتومڕە بۆ چارەسەری گەلێ نەخۆشی، بە شێرپەنجەشەوە. ئەوجا هەرکەسێکیش دەتوانێت ئەو زانیارییانە بەئاسانی بەدەستبێنێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا. لە قامووسدا تەماشام کرد بە عەرەبی ناوی هدال یان دبقە و بە فارسی دارواش، بەڵام بە کوردی نەمدۆزییەوە و پەنام بردە بەر ئەو برادەرانەی خەریکی ئەم بوارەن و قامووسێکی زیندەوەرزانیی بەرفراوانیان بە زۆربەی زارە کوردییەکان تازە چێ کردووە و هێشتا هیچ لایەکیان دەست نەکەوتووە بۆیان چاپ بکات. کاریان ڕاست بێت دە دوانزە ناوی کوردی‌یان دامێ بۆ ئەو ڕووەکە هاوشێوەی میستلێتۆی کە لەسەر داربەڕووی وڵاتی ئێمە دەژی وەک دەمووکانە، مێژۆکە، دەمووکە، دمکانە، دەکانە، دەنووکە، دێکانە، بەردەمووکە، بەردەمووکان، دەبووقان، موخۆرکە، هۆداخ، ملەکەوێ (ملوانکەی شین)، کە لە ناوچە و زارە جیاجیاکانی کوردستان باوە. هەڵبەت بە بیروڕای گەلێ لە دۆستانی شارەزا کە پرسم پێکردوون لە سەر ئەوە گیرساینەوە کە وشە یان زاراوەی دەمووکانەی بۆ دابنێین و ئەمەیان باوترە لە ناوچەکانی قەرەداخ و شارباژێڕ و هەندێ شوێنی تری کوردستان کە دارستانی خۆڕسکی بەڕوویان زۆر تێدایە.
دوا وته‌م که بێڵێم ئه‌م کاره ناوازه و زانستییه‌ی سێر جه‌یمس فره‌یزه‌ر ڕووماڵێکی که‌موێنه‌یه بۆ ئه‌فسانه و ئاین و باوه‌ڕه کۆنه‌کانی مرۆڤایه‌تی و ئه‌م ''چڵی زێڕینه''ی ئێستا وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زۆربه‌ی زمانه‌کانی دنیا و ده‌یان و بگره زۆر زیاتریش چاپی لێکراوەلە دەزگا و دامەزراوە ناودارەکانی جیهاندا وەک کامبریج و ئۆکسفۆرد و چەندین خانەیبڵاوکردنەوەی بەناوبانگی تر و تا ئێستاش هەر به‌رده‌وامه و ئه‌گه‌ر بڕوانیته تۆڕی ئینته‌رنێت و به‌تایبه‌تی به زمانی ئینگلیزی ''چڵی زێڕینThe Golden Bough '' بنووسیت ئه‌وسا بۆت ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م کتێبه چ بایه‌خێکی جیهانیی گه‌وره‌ی هه‌یه و بێگومان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌شه که ئێمه وه‌رمانگێڕاوه بۆ کوردی و بۆ زانینیشچاپه ئینگلیزییه‌که‌ی ساڵی 1922مان هه‌ڵبژارد که فره‌یزه‌ر و ژنه‌که‌ی خۆیان کورتیان کردووه‌ته‌وه به‌ڵام بێئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی کاره زانستییه‌که بشێوێنن.
وتەیەکی نووسه‌ری کتێبەکە (بۆ چاپی کورتکراوەی کتێبه‌که‌ی)
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌م کتێبه ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ما به‌رچاوه‌یه که‌وا گواستنه‌وه و به‌دوای یه‌کدا هاتنی کاهینییه‌تی دایانی له ئاریسیا ڕێکخستووه. کاتێ که یه‌که‌مجار من خۆم ته‌رخان کرد بۆ چاره‌سه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه له زیاتر له سی ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه باوه‌رم وابوو که چاره‌سه‌ره‌که زۆر کورت ده‌بێت و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاڕەش که هه‌میشه له گۆڕێدابوو کورت ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت که بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که ڕوون بێت، پێویسته لێکۆڵینه‌وه لە سەر مه‌سه‌له‌ی گشتگیرتردا بکرێت که پێشتر باسێکی ئه‌وتۆی لێوه نه‌کراوە. له چاپه‌کانی دواتری ئه‌م کاره‌دا ئه‌م پرسه و پرسه‌کانی هاوشێوه‌ی و مشت‌ومڕ کردن لە سەریان کایه‌یه‌کی گەورەتری گرته‌وه و پرسیار و گفتوگۆکان گه‌لێ ئاڕاسته‌یان گرته‌به‌ر تاوایلێهات دووبهرگهکهی بنه‌ڕه‌تی و یه‌که‌مجاری کتێبه‌که به‌رفراوان بوون و بوون به دوانزه به‌رگ. بێجگه له خواستی هه‌ندێکیش که‌وا پێویسته کاره‌که پوختتر و کورت‌تر و وردتر بکرێته‌وه. دواجار ئهمکورتکردنهوهیهی له‌به‌رده‌ستدایه هەوڵدانێکه بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و حه‌ز و ئارەزووه و بۆئه‌وه‌ی کاره‌که‌ش بازنه‌یه‌کی به‌رفراوانتری خوێنه‌ران بگرێته‌وه. له‌و کورتکردنه‌وه گه‌وره‌یه‌ش که بە سەر کۆپییه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌دا هات تا بۆم بکرێت هه‌وڵمداوه بنه‌ما و پره‌نسیپه سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تیدا بهێڵمه‌وه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆری ئه‌و به‌ڵگه‌و ده‌لاله‌تانه‌دا ئه‌م بنه‌ماو پره‌نسیپانه به‌ڕوونی باس بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت چڕکردنه‌وه و کورتکردنه‌وه‌دا ده‌بوو زمانه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی کاره‌که بهێڵمه‌وه و بیپارێزم. بۆ هێشتنه‌وه‌ی زۆرترین بڕ و ئه‌ندازه‌ی ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌که وازم له سه‌رنج و تێبینییه‌کانی په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان هێنا. بۆ ئه‌و خوێنهرەش که ده‌یه‌وێت دڵنیابێت له سه‌رچاوه‌ی هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ک ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ کاره به‌رفراوانه‌که، که‌وا به‌به‌ڵگه‌و په‌راوێز و سه‌رچاوه‌ی ورده‌وه یان بیبلۆگرافی پالپشت کراوە.
من له‌م کورتکردنه‌وه‌یه‌دا هیچ بابه‌تێکی نوێم نه‌خستووه‌ته سه‌ر و ئه‌و ڕاو بۆچوونانهشم نه‌گۆڕیوه که له چاپی پێشوودا لە سەریان دواوم، چونکه به‌ڵگه‌کان بە پێی زانیاریی خۆم خزمه‌تی یان جه‌ختکردنه‌وه ده‌که‌ن له ئه‌نجامه‌کانی پێشوو یان ڕۆڵی نموونه‌و وێناکردنی زیندوو ده‌گێڕن بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه. بۆ نموونه، لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی له‌سێداره‌دانی پاشا ده‌هێنینه پێشه‌وه، که ته‌واوی به‌ڵگه‌کان ئاماژه ده‌که‌ن به زیادبوون و بره‌وسه‌ندنی عاده‌ت و نه‌ریتی له سێداره‌دانی پاشا له کۆتایی ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا یان به‌هۆی لاوازیی جه‌سته‌ییه‌وه. نموونه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکراش هه‌یه لە سەر ئه‌م جۆره پاشایه‌تییه سنووردار و دیاریکراوە، که ئه‌ویش مه‌مله‌که‌تی به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتی خه‌زه‌ره له باشووری ڕووسیا له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا و تێیدا پاشا له‌کۆتایی ماوه‌ی پێشتر بۆ دیاریکراویدا له‌سێداره دراوه یان له‌کاتی به‌رپابوونی کاره‌ساتێکی گشتیی چه‌شنی قاتوقڕی و وشکه‌ساڵی و برسێتی یان شکستخواردن له جه‌نگدا، چونکه ئه‌مانه هه‌موو ده‌بنه هۆی شکست له ده‌سه‌ڵات و توانای سروشتیی پاشاکان. به‌ڵگه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی له‌سێداره‌دانی ڕێکوپێکی پاشاکانی خه‌زه‌ر له باس و گه‌ڕیده کۆنه‌کانی عه‌ره‌بدا هاتووه که من به خۆم لێره و له‌وێ کۆمکردوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌فریقاش چه‌ندین نموونه‌ی زیندووی داوه به ده‌سته‌وه له پیاده‌کردنی هاوشێوه‌ی کوشتنی پاشایان. دیارترینی ئه‌م نموونانه ئه‌و نه‌ریته به‌رچاوه پهیڕهویکراوەی جاران بووه له بونیۆرۆ، که تێیدا که‌سێک له تایفه یان بنه‌ماڵه‌یه‌کی دیاریکراو هه‌ڵده‌بژێردرا به هاوشێوه‌ی پاشا و به ته‌واوی به‌رجه‌سته و نمایشی پاشای پێشووی ده‌کرد و هاوده‌میی بێوه‌ژنه‌کانی پاشای ده‌کرد له ناو بینای گۆڕه - په‌رستگه‌که‌یدا و پاش حوکمکردنی ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته ده‌خنکێنرا. ئه‌م عاده‌ت و نه‌ریته -ڕێک هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئاههنگە فێستیڤاڵێکی بابلیی کۆندا که بە ساکایا Sacaeaده‌ناسراو هاوشێوه‌که‌ی پاشایه‌تیی له‌به‌رده‌کرا و ڕێگەی پێده‌درا به که‌یف و ئارەزووی خۆی له‌گه‌ڵ که‌نیزه‌که ڕاسته‌قینه‌کانی پاشادا هاوده‌می بکات و ئه‌وجا له‌پاش پێنج ڕۆژ حوکمکردن ڕووتدهکرایەوه و فه‌لاقه ده‌کرا و پاشان ده‌کوژرا. شایانی باسه که‌وا ئه‌م فێستیڤاڵه له نووسینی نه‌خشه ئاشوورییه‌کاندا هاتووه، که‌وادیاره سه‌لماندنی ئه‌و باس و لێکدانه‌وه‌یه بووبێت که ئێمه پێشتر باسمان لێکردووه له‌باره‌ی ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵی ساڵی نوێ‌دا که به‌رده‌وامییه‌که بۆ فێستیڤاڵی کۆنی پیوریمی Purim جووه‌کان. نموونه‌ی تریش هه‌ن که به‌م دواییه دۆزراونه‌ته‌وه و هاوتهریبیپاشا کاهینه‌کانی ئاریسیایه، که ئه‌وانیش پاشا و کاهینه‌کانی ئه‌فریقابوون که‌وا به عاده‌ت له‌دوای دوو یان حه‌وت ساڵ ده‌کوژران، پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پیاوێکی به‌هێزه‌وه هێرش دهکرایە سه‌ریان و ده‌کوژران و جێگه‌ی ده‌گرتنه‌وه له کاهینی یان پاشایه‌تیدا.
به پشتبه‌ستن به‌م نموونانه و هیتریش له پێش ئه‌مانه‌دا ناکرێ ئێمه ئاڵوگۆڕ و ده‌ستاوده‌ست کردنی کاهینییه‌تی دیانا له ئاریسیا به شتێکی ههڵاواردوو بزانین، بەڵکو ئه‌م بنه‌مای گواستنه‌وه و ئاڵوگۆڕه ده‌سه‌لمێت کاتێ که بڵاو بوونه‌وه‌ی ئهمداب و نه‌ریته به‌رفراوانه ده‌بینین له ئه‌فریقادا. هه‌ڵبه‌ت من پڕکێشیی ئه‌و باسه ناکه‌م که ڕاستییه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن له‌باره‌ی کاریگه‌رییه‌کی کۆنی ئه‌فریقا له‌سه‌ر ئیتالیا یان ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر بوونی خه‌ڵکانی ئه‌فریقی له باشووری ئه‌وروپادا. چونکه په‌یوه‌ندییه مێژوییه‌کانی پێش مێژووی هه‌ردوو کیشوه‌ره‌که هێشتا هه‌ر نادیار و ته‌مومژاوی و هێشتا هه‌ر له‌ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان.
ئه‌و باس و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی که من پێشکه‌شم کردووه ڕاستبن یان نه ئه‌وه ده‌بێت بۆ حوکمیپاشهڕۆژ بهجێیانبهێڵین. من هه‌میشه ئاماده‌م ده‌سبه‌رداریان بم ئه‌گه‌ر پێشنیازی باشتر هاتنه ئاراوە. له هه‌مان کاتدا که ئه‌م کتێبه له فۆرمه نوێکه‌یدا ده‌که‌وێته به‌رده‌ست و به گشتی به‌ر حوکمی خه‌ڵک ده‌که‌وێت ده‌مه‌وێت به‌ئاگابن له هه‌ڵه تێگه‌یشتن هه‌رچه‌نده من پێشتر هه‌وڵی ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌م داوه. من ئه‌گه‌ر له‌م کاره‌دا به دوور و درێژی باسم له په‌رستنی دارکردبێت به‌دڵنیاییه‌وه مه‌به‌ستم ئه‌وه نه‌بووه زیاده‌ڕۆیی له گرنگی و بایه‌خی بکه‌م له مێژووی ئایندا بەڵکو زیاتر بۆ ئه‌وه‌بووه که سیسته‌مێکی میسۆلۆجیی ته‌واوکاری لە سەر بنیات بنێم و به ساده‌یی ده‌یڵێم پاڵنه‌ری گه‌وره‌م بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌بووه که نه‌متوانیوه بابه‌ته‌که پشتگوێ بخه‌م له هه‌وڵمدا بۆ لێکدانه‌وه‌ی مانا‌و ده‌لاله‌تی هه‌ڵگرتنی کاهین بۆ نازناوی ''پاشای دارستان'' که‌وا یه‌کێک له ئه‌رکه فه‌رمییه‌کانی بڕین و لێکردنه‌وه‌ی چڵهکهبووه، واته چڵی زێڕین، له دارێکی ناو دارستان و مەقام و حه‌ره‌می پیرۆزدا. به‌ڵام من به‌ته‌واوی دوورم له شکۆدانان بۆ دار وه‌ک ئه‌وه‌ی بایه‌خێکی تایبه‌تی و جیاکاری هه‌بێت له پەرەسەندنی ئایندا، بەڵکو ئه‌وه هۆکارێکی لاوه‌کییه ئه‌گه‌ر بەراوەد بکرێت به ترس له مرۆڤی مردوو که من وایداده‌نێم له‌وانه‌یه هێزێکی گەورەتربێت له مه‌سه‌له‌ی په‌یدابوونی ئاینی سەرەتایدا. من هیوادارم له‌پاش ئه‌م نکووڵییه ئاشکرایە باجی ئه‌وه نه‌ده‌م که باوه‌شم کردبێته‌وه بۆ سیسته‌مێکی میسۆلۆجیی وا که نه‌ک هه‌ر به‌هه‌ڵه‌ی داده‌نیم بەڵکو به پووچ و پێچه‌وانه به ئەقڵی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م. به‌ڵام من ئاگایه‌کی ته‌واوم له خراپه و گوناهی خورافی هه‌یه که تا سەرێکی ده‌بڕیت یه‌کێکی ترت بۆ ده‌رده‌چێت یان هه‌مان سه‌ر دیسانه‌وه سه‌وزده‌بێته‌وه یان ده‌ڕوێته‌وه. من متمانه‌ی ته‌واوم به بێلایه‌نی و زیره‌کیی خوێنه‌رانم هه‌یه بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌دحاڵیبوونه له دیدو بۆچوونه‌کانم و پشت به‌م ڕاگەیاندن و ده‌ربڕینه ڕاشکاوهم ببه‌ستن.
جه‌یمس جۆرج فره‌یزه‌ر
حوزەیرانی 1922
پێشه‌کیی نووسه‌ر بۆ یه‌که‌م چاپی کتێبی ''چڵی زێڕین''
تێبینی:سێر جەیمس جۆرج فره‌یزه‌ر ئه‌م پێشه‌کییه‌ی له ساڵی 1890دانووسیوه بۆ یه‌که‌م چاپی کتێبی چڵی زێڕین که وه‌ک لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت له ساڵی 1894دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئه‌م یه‌که‌م چاپه به دووبه‌رگ کراوە و نزیکه‌ی هەزار لاپه‌ڕه بووه و ورده‌کارییه‌کی زۆری تێداکردووه له ئیشارەتدان به‌سه‌رچاوه‌کان و پەراوێزهکان که تێکڕا ده‌گه‌نە (1980) سه‌رچاوه و پەراوێز، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌وتووه‌ته ژێر فشاری مه‌سیحییه‌تی کاسۆلیکی له جیهاندا و له چاپه‌کانی دواتردا (که به‌ده‌یان و زیاترن) ناچار بووه کورتی بکاته‌وه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکه بنه‌ڕه‌تییه نه‌گۆڕێت سه‌رچاوه و پەراوێزهکانی لابردووه و دواتر ئه‌م کاره‌ی په‌ره‌پێداوه وه‌ک زانایه‌کی مرۆڤناسی شیاوی باسه ئه‌م چاپی یه‌که‌مه‌ی به‌ناوی ''چڵی زێڕین.. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بەراوردکاریی ئایین'' ده‌رکردووه و به‌ڵام له چاپه زۆره‌کانی دواتردا و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه، کردوویه‌تی به ''چڵی زێڕین.. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له جادووگه‌ری و ئاین''.
هه‌ڵبه‌ت ئەو پێشه‌کییه‌ی بۆ چاپی ساڵی 1922 جیاوازه له‌م پێشه‌کییه و جۆره پاکانه‌یه‌کی تێدا بۆ مه‌سیحییه‌تی کاسۆلێکی که تۆمه‌تباریان کردووه به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌وروپا و جیهان بگێڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می بتپه‌رستی (وهسهنییەتpaganism) که پێش ئاینی مه‌سیحی له برهودابووه. ئه‌وجا ئه‌م پێشه‌کییه بۆ چه‌ندین ده‌قی کورتکراوەی کتێبه‌که بووه به بنه‌ما بۆ چاپه‌کانی دواتر و من لێره هەردوکیانم داناوه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر که‌شوهه‌وای ڕۆژگاری ئه‌م لێکۆڵینه‌وه پێشه‌نگه‌ی لا ڕوون بێت، که لە سەر ئایین و باوه‌ڕه کۆنه‌کان و داب و نه‌ریتی کۆنی گه‌لانی دنیای ئه‌نجامداوه - وه‌رگێڕی کتێبەکە
من ئه‌وه ماوه‌یه‌که خه‌ریکی ئاماده‌کردنی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گشتیم له‌باره‌ی خورافه و ئاینی سەرەتاییهوه. له‌نێو ئه‌و کێشانه‌دا که سه‌رنجی ڕاکێشاوم که تائێستاش یاسا‌و ڕێسای کاهینییه‌تی ئاریسیانا ڕوونه و به‌هاری ڕابردوو وا ڕێکه‌وت که له‌کاتی خوێندنه‌وه‌مدا بە سەر هه‌ندێ ڕاستیدا که‌وتم و به لێکدان له‌گه‌ڵ بابه‌تی تردا که پێشتر تێبینیم کردبوون، مه‌سه‌له‌ی باس و ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌یان هێنایه پێشه‌وه. وه‌ک ڕوونکردنه‌وه‌که، ئه‌گه‌ر دروستی بۆیچووبێتم، مژده‌ی ڕووناکیی خستنه سه‌ر هه‌ندێ دیارده‌ی نادیار و ته‌مومژاوی ئاینی سەرەتایی تێدابوو، بڕیارمدا به‌ته‌واوی په‌ره‌ی پێبده‌م و له‌کاره گشتییهکهم جیایبکهمهوه، بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ک توێژینه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م کتێبه‌ش ئه‌نجامه‌که‌ی بوو.
وا ئێستا تیۆرییه‌که، که به زەروورەت له هێڵی گشتیدا و به کورتی خۆی خسته‌ڕوو بۆ من، به وردی و دوور‌و درێژی گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجام و ناتوانم، به‌ڵام هه‌ستی پێده‌که‌م، که له هه‌ندێ شوێندا زۆر زیاتر لە سەری بڕۆم. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بیسه‌لمێنێت که ببێته مه‌سه‌له‌یه‌ک و شتی ناخۆش و هه‌سته‌وه‌ر بورووژێنێت ئه‌وه من ئاماده‌م پێی لێبنێم و به زووترین کات پاشه‌کشه له‌و هه‌ڵه‌یه ده‌که‌م که بۆم هاتووه‌ته ماڵه‌وه. له هه‌مان کاتدا ئه‌م کاره‌ی من ڕەنگە خزمه‌تی مه‌به‌سته‌که‌ی خۆی بکات وه‌ک یه‌که‌م هه‌ولێک بۆ چاره‌سه‌ی کێشه‌یه‌کی قورس و ئاڵۆز، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه جۆراوجۆره‌کان که په‌رت و پڵاون بهێنێته به‌ر جۆرێک له سیسته‌م و ڕێکخستن.
ڕەنگە ڕاستکردنه‌وه و ڕێکخستنه‌وه‌یه‌ک پێویست بێت بۆ ئه‌وه باسوخواسی دوور‌و درێژانه‌ی من لە سەریان وه‌ستاوم سەبارەت به‌و ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵانه‌ی تێبینی ده‌کرێن که‌وا له‌به‌هاردا سازکراون له‌لایه‌ن جووتیاره ئه‌وروپییه‌کانه‌وه، له ناوه‌ڕاستی هاویندا و له‌کاتی دروێنه‌دا. ئه‌مه به زه‌حمه‌تی ده‌زانین که به‌زۆری دووباره‌ی بکه‌ینه‌وه، چونکه تائێستا به شێوه‌یه‌کی گشتی دانی پێدانهنڕاوه و نه‌ناسێنراوه و سه‌رباری خه‌سڵه‌ت و کاراکته‌ره بچڕبچرهکانیان خورافاته و نه‌ریت و عاده‌ته میللییه‌کانی جووتیاران تا په‌ڕی ئه‌وپه‌ڕ ته‌واو و به‌ڵگه‌ی جێمتمانه‌ن که ئێمه ده‌ستمانکه‌وتووه سەبارەت به ئاینی سەرەتایی ئاریاییه‌کان یان (ئاریانه‌کان Aryans). ڕاستییه‌که‌ی ئاریایی سەرەتایی، به هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که له تانوپۆی ئه‌قڵیدایه، هێشتا هه‌ر له‌ناونه‌چووه و ئه‌و تا ئه‌مڕۆش هه‌ر له ناوماندایه. هێز و توانا گه‌وره‌کانی ڕۆشنبیری و مۆراڵ که بهشێوەیهکی شۆڕشگێرانه جیهانیان فێره خوێنده‌واری و ڕۆشنبیر کردووه به ده‌گمه‌ن کاریگه‌رییان لە سەر جووتیار بووە. ئه‌و له باوه‌ڕه‌کانی قووڵایی ناخیدا هێشتا هه‌روه‌کو ئه‌وه وایه که باوباپیرانی لە سەری بوون و لای ئه‌و داری دارستانه‌کان هێشتا هه‌ر وه‌ک خۆیان ده‌ڕوێن و سمۆره‌کان بۆ خۆیان هه‌ر لە سەر زه‌وی و داره‌کان گه‌مه ده‌که‌ن له کاتێکدا که ڕۆما و له‌نده‌ن ئێستا له ئارادان.
لێره‌دا هه‌ر لێکۆڵینه‌وه و ورده‌کارییه‌ک له ئایینی سەرەتایی ئاریاییه‌کاندا ده‌بێت یان له باوه‌ڕه خورافییه‌کان و سه‌رنج و عاده‌ت و نه‌ریتی جووتیاره‌وه ده‌ستپێبکات، یان به‌لای که‌مه‌وه به چه‌سپاوی ورده‌کاری ده‌رده‌ست بکرێت به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌وان. بەراورد به‌و به‌ڵگانه‌ی له‌لایه‌ن ترادیسیۆنی زیندووه‌وه ڕه‌خساوه و به‌ڵگه‌و سه‌لماندنی کتێبه کۆنه‌کان له بابه‌ت و بواری ئاینه سەرەتاییهکاندا زانیارییه‌کی زۆرکه‌م به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن و به‌هایه‌کی هێجگار که‌میان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌ده‌ب و نووسینیش پەرەسەندن و پێشکه‌وتنی بیری بهشێوەو ڕێژەیهک خێرا کردووه که‌وا پەرەسەندنی خاوی بیروڕای وشه‌ی زاره‌کیی بهدوورییهکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و له ئه‌ژمار نه‌هاتوو له دوای خۆیه‌وه به‌جێهێشتووه. دوو یان سێ نه‌وه و پشتی خوێندهوارڕەنگە گۆڕانکارییه‌کی وا له‌بیر و هزردا بکه‌ن که زیاتربێت له‌دوو یان سێ هه‌زار ساڵی ژیانی نه‌ریتی. به‌ڵام جه‌ماوه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی کتێب ناخوێننه‌وه هه‌ر بهکارتێنهکراوی ده‌مێنێته‌وه لە لایەن ئه‌و شۆڕشه فکری و ئه‌قڵییه‌ی که ئه‌ده‌ب و خوێنده‌واری نووسیویانه‌ته‌وه و به‌م جۆره وادێته پێشه‌وه که له ئه‌وروپای ئه‌م ڕۆژگاره‌دا باوه‌ڕو پراکتیزه خورافییه‌کان که پشتاوپشت به ده‌ماوده‌م هاتوونه‌ته خواره‌وه به‌گشتی زۆر به شێوه‌یه‌کی کۆنترو بەسەرچووترن له ئاین که‌وا له زۆربه‌ی ئه‌ده‌بیات و نووسینی ڕەگهزی ئاریاییدا تۆمار و وێناکراون.
هه‌ڵبه‌ت لە سەر ئه‌م زه‌مینه و بنه‌مایه، له گفتوگۆ و مشتومڕکردنی مانا‌و ڕەگوڕیشهی کاهینییهتێکی دێرینی ئیتالیدا، که من هێنده سه‌رنج و بایه‌خم داوه‌ته نه‌ریت و خورافه میللییه‌کانی ئه‌وروپای مۆدێرن. من له‌م به‌شه‌ی باسەکهمدا سوودێکی زۆرم له کاره‌کانی ئه‌م دواییه‌ی مانهارت وه‌رگرتووه، که‌له ڕاستیدا بێمانهارت ئه‌م کتێبه زه‌حمه‌ت بوو بنووسرێت. من به‌ته‌واوی پێ له‌وه ده‌نێم که‌وا ئه‌و بنه‌ماو پره‌نسیپانه‌ی من به‌ناته‌واوی باسمکردوون، مانهارت به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیک توانیوێتی خورافه به‌رکار و زیندووه‌کانی جووتیاران کۆبکاته‌وه و بهڕاودریان بکات و ڕوونکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌یان له سه‌ربدات له‌م بواره به‌رفراوانه‌ی ئه‌م لقه تایبه‌ته‌دا که ئه‌و بۆ خۆی ده‌سنیشانی کردووه ئاینی خه‌ڵکی دارستاننشین و جووتیاربووه، یان بهواتایهکیتر بڵێین، ئه‌و باوه‌ڕ و ڕێوڕەسمه خورافییانه‌ی که‌وا گرێدراوی دار و ڕووەکه چێنراوه‌کان بوون. ئه‌و له‌ڕێگەی کار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زاره‌کییه‌وه له‌ڕێگەی پرسیاری چاپکراوەوه که له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا بڵاویکردبووه‌وه، هاوشان له‌گه‌ڵ پشکنین و تاوتوێ کردنی ئه‌ده‌بی فۆلکلۆره‌وه، توانیوێتی خهرواڕێک به‌ڵگه کۆبکاته‌وه و به‌شێکیانی له زنجیره‌یه‌ک کاری سه‌رسامکه‌ردا بڵاو کرده‌وه. به‌ڵام باری ته‌ندروستیی هه‌میشه لاواز بوو وته‌واو تێکچوو پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه گشتگیر و به‌رفراوانه‌ی که پلانی بۆ دارشتبوو ته‌واو بکات و به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت و له مه‌رگی زۆر زوویدا زۆربه‌ی که‌ره‌سته‌و بابه‌ته به‌نرخه‌کانی به بڵاونهکراویی مانه‌وه. ئێستا ده‌سنووسه‌کانی سپێردراون به کتێبخانه‌ی زانکۆ له به‌رلین. ئه‌وجا له‌پێناوی ئه‌و لێکۆڵینهوەیەدا که ئه‌و ژیانی خۆیی بۆ ته‌رخانکرد زۆر چێی په‌سه‌ندی و دڵخۆشییه که‌وا تاوتوێ و گه‌ڵاڵه بکرێن و ئه‌و به‌شانه‌یان که ئه‌و له کتێبه‌کانیدا سوودی لێنه‌بینیون پێویسته بخرێنه به‌رچاوی جیهان.
ئه‌و خۆی ئه‌م کاره بچووکانه‌ی پێشخست به شێوه‌یه‌کی کاتی، به‌هیوای به په‌رۆشی و کارکردن له توێژینه‌وه‌کانیدا و بهوڕەنگە رێخۆشکردن بۆ خه‌ڵکی تر‌و یارمه‌تیدانیان بۆ به‌دواداچوونیان. به‌ڵام بێجگه له کۆڕ و کۆمه‌ڵێکی که‌می خوێنده‌وار، کاره‌کانی بایه‌خێکی زۆر که‌میان پێدرا، وەلێ سه‌ره‌ڕای ئه‌و پشتگوێ خستن و پێشوازییه سارده‌ی به‌رانبه‌ر ئه‌و کارانه‌ی که سەرومڕ خۆیی بۆ ته‌رخانکردبوو، له ساڵی 1875دا کاره سه‌ره‌کییه‌که‌ی بڵاو کرده‌وه به ناوی "پەرستنی دار لای ئەڵمان و خێڵە دەراوسێکانیان لە دارستان و کێڵگە کۆنەکانداDer Baumkultus der Germanen und ihrer Nachbarstamme Antike Wald - und Feldkulte" به‌دوایدا له ساڵی 1877دا ئه‌م کاره هات: ئه‌م کارەشی"توێژینەوەی ئەفسانە 'میسۆلۆجیا'Mithologische Forschungea"، که‌دوای مه‌رگی خۆی که‌وت له‌ساڵی 1884دا بڵاوکرایەوه.
من چه‌ند قه‌رزاری مانهارتم، ئه‌وه‌نده و زیاتریش قه‌رزاری دۆست و هاوڕێم پرۆفیسۆر ڕۆبەرتسن سمیسم W. Robertson Smith. حه‌ز و ئارەزووم له مێژووی به‌رایی کۆمه‌ڵگه یه‌که‌مجار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کاره‌کانی دکتۆر ئی. بی. تایلۆرE. B. Tylor که ئاسۆیه‌کی زه‌ینی و ئه‌قڵیی خهونئاسای له به‌رده‌ممدا کرده‌وه. به‌ڵام هێشتا ههنگاوێکی دووربوو له پهرۆشبوونێکی کارا و زیندوو له بابه‌تێکدا که به‌شێوه‌یه‌کی سیستماتیکی توێژینه‌وه‌ی له سه‌ربکرێت و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی که من نام به‌کاریگه‌ریی هاوڕێم ڕۆبەرتسن سمیثهوه بوو. من زۆر قه‌رزاری عه‌مباری گه‌وره‌ی پڕ زانیاریی ئه‌وم و ئه‌و بڕه هێجگار فراوان و به‌پیته‌ی بیر‌و ئایدیاکانی و ئه‌و میهره‌بانییه بێسنووره‌ی ئه‌وم، که به ده‌گمه‌ن مه‌زه‌نده ده‌کرێت. ئه‌وانه‌ی که ئاشنای نووسینه‌کانین، ڕەنگە هه‌ندێ له‌و چه‌مک و سیاقه تێگه‌یشتبێتن که من تا چ ئاستێک کاریگه‌ر بووم پێی، هه‌رچه‌نده نه‌شیاویشه که من خۆم به‌هاوشانی ئه‌و بزانم. بیروتێڕوانینهکانی قوربانیدان له بابه‌ته‌که‌ی ئه‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه به ناوی ''قوربانیدان'' له ئینسلکۆپیدیای به‌ریتانیدا Encyclopaedia Britannica’’'' و له کار‌و به‌رهه‌مه تازه‌که‌یدا زیاتر په‌ره‌ی پێداوه که به‌ناوی ''ئاینی سامییهکانهوهیه The Religien of the Semites'' و بووه به مۆرکی جیابوونه‌وه‌یه‌کی نوێ له توێژینه‌وه مێژووییه‌کانی ئایندا و ئاسەوارێکی فره و فره‌وانی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌م کتێبه‌دا ده‌بینیته‌وه. له ڕاستیشدا ئایدیای بنه‌ڕه‌تی بابه‌ته‌که‌ی من لە سەر چه‌مک و تێگه‌یشتنی کوشتن یان سه‌ربڕینی خواوه‌ند، ڕاسته‌وخۆ له‌م دۆسته‌مم وه‌رگرتووه. به‌ڵام هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌کانیشی ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رپرسی نییە له‌و ڕوونکردنه‌وه گشتییه‌ی که من پێشکه‌شم کردووه سەبارەت به عاده‌ت و نه‌ریتی سه‌ربڕینی خواوه‌ند. ئه‌و گەورەترین به‌شی ئه‌م سه‌لماندنانه‌ی خوێنده‌وه سەبارەت به‌و که‌ش و بارودۆخه‌ی پاڵپشتیی له‌و میهره‌بانییه ده‌کات و زۆر بۆچوون و پێشنیازی به‌نرخ و به‌هاداری پێدام که‌من به‌ئاسایی وه‌رمگرت، به‌ڵام بێجگه له‌و شوێنانه‌ی که زانیارییه‌کانی ئه‌و به‌ناو وه‌رگیراوه و گوێزراوەتهوه، یان ئه‌و بۆچوون و تێڕوانینانه‌ی ده‌ریبڕیوه هاوشێوه‌بن له‌گه‌ڵ کاره بڵاوکراوەکانی به زەروورەت وا له‌قه‌ڵه‌م نادرێت که هاوڕایه له‌گه‌ڵ هیچکام له‌و تیۆرییانه‌ی له‌م کتێبه‌دا خڕاونهتهڕوو.
کاره‌کانی پرۆفیسۆر جی. ئه‌ی. ویلکن لهلایدن G. E. Wilken خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی ڕێنمایی کردووم بۆ باشترین ده‌سه‌ڵاته ڕەسەنه‌کانی ئیندیزی ڕۆژهه‌ڵاتی هۆڵه‌ندی، که مه‌یدانێکی زۆر گرنگی پسپۆری ئیتنۆلۆجییه (ئه‌وی که له مێژووی پەرەسەندنی کولتووره جیاوازه‌کانی مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه- و) بۆ میهره‌بانیی قه‌شه واڵته‌ر گریگۆر له پیتستلیگۆ، من قه‌رزاری هه‌ندێ په‌یوه‌ندیکردنم که له شوێن و مه‌قامی خۆیاندا ئه‌نجامیانداوه. به‌ڕێز فرانسیس داروین به خۆشحاڵییه‌وه ڕێگەی پێدام ڕاوێژی پێبکه‌م له‌باره‌ی هه‌ندێ زانیاری و پرسی ڕووەکییهوه. به‌ڵگه ده‌سنووسه‌کانی که من ناوبه‌ناو بۆیان ده‌گه‌ڕامه‌وه وه‌ڵام بوون بۆ لیستێک پرسیاری ئیتنۆلۆجی که لەژێر ده‌ستمدا بوون. زۆربه‌ی ئه‌وانه، به‌هیوام له گۆڤاری ئینستیتیووتی ئهنترۆپۆلۆجیدا بڵاوبکرێته‌وه Journal of the Anthropological Institute.
نیگاری چڵی زێڕین که به‌رگه‌که‌ی ڕازاندووه‌ته‌وه به قه‌ڵه‌می ڕەشی هاوڕێم پرۆفیسۆر جه‌ی. ئێج. میدڵتن J. H. Middleten کێشراوه. ئه‌و بایهخدانەبهردهوام و هاوسۆزییەی ئه‌و نواندی له چوونه پێشه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کتێبه‌که‌دا یارمهتییهکیگهوره و هاندانی من بوو له نووسینیدا. ئیندێکسی کتێبه‌که له‌لایه‌ن مسته‌ر ئه‌ی. ڕۆجهرزەوە کۆکراوەتەوە و ڕێکخراوه، که له کتێبخانه‌ی زانکۆی کامبریجه.
جه‌یمس جۆرج فره‌یزه‌ر 8ی مارتی 1890
ناوەرۆکی کتێبەکە
- به‌شی ١: پاشای دارستان
1-دیانا و ڤیربیوس
2- ئهرتیمس و هیپولاتیس
3- چاوپێداخشاندنه‌وه‌یه‌کی کورت
- به‌شی ٢: پاشا کاهینه‌کان
- به‌شی ٣: جادووگەریی هاوسۆزی
1- سەرەتاو پره‌نسیپه‌کانی جادووگه‌ری
2- جادووی هاوسۆزی هه‌موار یان جادووی لاساییکردنه‌وه
3- جادووی تووشبوون یان گواستنه‌وه
4- پەرەسەندنی جادووگه‌ر
- به‌شی ٤: جادووگه‌ری و ئاین
- به‌شی ٥: کۆنترۆڵی جادوویی که‌شوهه‌وا
1- جادووگه‌ری گشتی
2- کۆنترۆڵی جادوویی باران
3 - کۆنترۆڵی جادووی خۆر
4- کۆنترۆڵی جادووی با
- بەشی ٦: جادووگەران وەک پاشا
- به‌شی ٧ : جادووگه‌ران وه‌ک پاشا
- به‌شی ٨ : پاشا پسپۆڕه‌کانی سروشت
- به‌شی ٩ : په‌رستنی دار
١- ڕۆحه‌کانی دار
2- هێزی ڕۆحه باشه‌کانی دار
- به‌شی١٠: ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی له په‌رستنی دار ماونه‌ته‌وه له ئه‌وروپای هاوچه‌رخدا
- به‌شی ١١: ئاسه‌واری هه‌ردوو ڕەگهزی نێر و مێ لە سەر سه‌وزایی
- به‌شی ١٢: هاوسه‌رگیری پیرۆز
1- دیانا وه‌ک خواژنی پیست و فه‌ڕ
2- هاوسه‌رگیریی خواوه‌نده‌کان
- به‌شی ١٣: پاشاکانی ڕۆماو ئه‌لبا
1- نوما و ئێگهریا
2- پاشا وه‌ک جۆپیته‌ر
- به‌شی ١٤: میراتی پاشایه‌تی له لاتیۆمی کۆندا
- به‌شی ١٥: په‌رستنی داربه‌ڕوو
- به‌شی ١٦: دیانۆس و دیانا
- به‌شی ١٧: بارگرانیی پاشایه‌تی
1- تابووهکه ههنووتی و پاشایه‌تییه‌کان
2- جیابوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحی له ده‌سه‌ڵاتی دنیایی
- به‌شی ١٨: مه‌ترسییه‌کانی ڕۆح
1- ڕۆحی مانیکان
2- دیارنه‌مانی ڕۆح و گێڕانه‌وه‌ی
3- ڕۆح وه‌ک سێبه‌ر یان ڕەنگدانهوه
- به‌شی ١٩: کرده‌وه تابووه‌کان
1- تابووی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی نامۆدا
2- تابووی خواردن و خواردنه‌وه
3- تابووی ده‌رخستنی ده‌موچاو
4- تابووی ده‌رچوون له ماڵ
5- تابووی جێهێشتنی پاشماوه‌ی خواردن
- به‌شی ٢٠: که‌سه تابووه‌کان
1- تابووی سه‌رکرده و پاشاکان
2- تابووی شێوەنگێرو لاوێنهرهوهکان
3- تابووی ژنان له‌کاتی سووڕی مانگانه و منداڵبووندا
4- تابووی جه‌نگاوه‌ران
5- تابووی مرۆڤکوژه‌کان
6- تابووی ڕاوچییان
- به‌شی ٢١: شته تابووه‌کان
1- مانای تابوو
2- تابووی ئاسن
3- تابووی چه‌کی تیغ
4- تابووی خوێن
5- تابووی سه‌ر
6- تابووی قژ و پرچ
7- تابووی قژبڕین
8- خۆ دهربازکردن له قژی بڕاو و نینۆک
٩- تابووی تفکردن
١٠- تابووی خواردن
١١- تابووی گرێ و ئه‌نگوستیله
- به‌شی ٢٢: وشه تابووه‌کان
1- تابووی ناوی که‌سه‌کان
2- تابووی ناوی خزم و که‌سوکار
3- تابووی ناوی مردووان
4- تابووی ناوی خواوه‌نده‌کان
5- تابووی ناوی خواوه‌نده‌کان
- به‌شی ٢٣: قه‌رزی خه‌ڵکه سەرەتاییه‌کان لە سەرمان
- به‌شی ٢٤: کوشتنی پاشای خواوه‌ند
1- مردن و له‌ناوچوونی خواوه‌نده‌کان
2- کوشتنی پاشاکان له‌لاوازیدا
3- کوشتنی پاشاکان له کۆتایی ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا
- به‌شی ٢٥: پاشا کاتییه‌کان
- به‌شی ٢٦: قوربانیدان به کوڕی پاشا
- به‌شی ٢٧: بۆماوه‌یی یان میراتگریی ڕۆح
- به‌شی ٢٨: کوشتنی ڕۆحی دار
1- ئاماژە بێدەنگەکانی جەژنی ویتسونتاید
2- ناشتنی کەرنەڤاڵ
3- جێبه‌جێ کردنی حوکمی له‌سێداره‌دان
4- هێنانی هاوین
5- شه‌ڕی هاوین و زستان
6- مردن و زیندووبوونه‌وه‌ی کوستهر پونکو
7- مردن و زیندووبوونه‌وه‌ی سه‌وزایی
8- ڕێوڕەسمه هاوشێوه‌کان له هندستان
9- به‌هاری جادوویی
- به‌شی ٢٩: ئه‌فسانه‌ی ئه‌دۆنیس
- به‌شی ٣٠: ئه‌دۆنیس له سووریا
- به‌شی ٣١: ئه‌دۆنیس له قوبرس
- به‌شی ٣٢: ڕێوڕەسمهکانی ئه‌دۆنیس
- به‌شی ٣٣: باخچه‌کانی ئه‌دۆنیس
- به‌شی ٣٤: ئه‌فسانه‌ی ئاتیس و ڕێوڕەسمهکانی
- به‌شی ٣٥: ئاتیس- خواوه‌ندی سه‌وزایی
- به‌شی ٣٦: نماینده‌کردنی ئاتیس به مرۆڤ
- به‌شی ٣٧: ئایینه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان له ڕۆژئاوا
- به‌شی ٣٨: ئه‌فسانه ئۆسیریس
- به‌شی ٣٩: ڕێوڕەسمهکانی ئۆسیریس
١- ڕێوڕەسمه میللییه‌کان
٢- ڕێوڕه‌سمه فه‌رمییه‌کان
- به‌شی ٤٠: سرووشتی ئۆسیریس
1- ئۆسیریس وه‌ک خواوه‌ندی گه‌نم
2- ئۆسیریس وه‌ک ڕۆحی دار
3- ئۆسیریس وه‌ک خواوه‌ندی پیت و فه‌ڕ
4- ئۆسیریس وه‌ک خواوه‌ندی مردووان
- به‌شی ٤١: ئیزیس
- به‌شی ٤٢: ئۆسیریس و خۆر
- به‌شی ٤٣: دایۆنیسوس
- به‌شی ٤٤: دێمێتەر و پێرسیفۆن
- به‌شی ٤٥: دایکی گه‌نم و خانمی گه‌نم له باکووری ئه‌وروپا
- به‌شی ٤٦: دایکی گه‌نم له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی زه‌ویدا
1- دایکی گه‌نم له ئه‌مریکا
2- دایکی برنج له ئه‌ندیزی ڕۆژهه‌ڵات
3- ڕۆحی گه‌نم وه‌ک به‌رجه‌سته له بوونه‌وه‌ره به‌شه‌رییه‌کاندا.
4- به شه‌خس کردنی دوولایه‌نه‌ی گه‌نم وه‌ک دایک و کج
- بەشی ٤٧: لیتیرسیس
1- گۆرانیی درهوهنییهکانی گه‌نم
2- کوشتنی ڕۆحی گه‌نم
3- قوربانییانی به‌شه‌ری له پیناوی به‌روبوومدا
- به‌شی ٤٨: ڕۆحی گه‌نم له شێوەی ئاژه‌ڵدا
1- به‌رجه‌ست ئاژه‌ڵییه‌کانی ڕۆحی گه‌نم
2- ڕۆحی گه‌نم له شێوه‌ی گورگ یان سه‌گدا
3- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی که‌ڵه‌شێردا.
4- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی که‌روێشکه کێویدا
5- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی پشیله‌دا.
6- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی بزندا
7- ڕۆحی گه‌نم لە شێوەی گا یان مانگادا
8- ڕۆحی گه‌نم له شێوه‌ی ئه‌سپ و مایندا
9- ڕۆحی گه‌نم له شێوه‌ی بەرازی نێر و مێدا ( یه‌کانه و ده‌ڕ)
10- به‌رجه‌سته ئاژه‌ڵییه‌کانی ڕۆحی گه‌نم.
- به‌شی ٤٩: خواوه‌نده کۆنه‌کانی ڕووەک له شێوه‌ی ئاژه‌ڵدا
1- دایۆنیسوس، بزن و گا
2- دێمێتهر، بەراز و ئه‌سپ
3- ئاتیس و ئه‌دۆنیس و بەراز
4- ئۆسیریس و بەراز و گا
5- ڤیربیوس و ئه‌سپ
- به‌شی ٥٠: خواردنی خواوه‌ند
1- پیرۆزیی یه‌که‌مین به‌رو بووم
2- خواردنی خواوه‌ند لای ئه‌زه‌تیک
3- نان زۆره له ئاریسیا
- به‌شی ٥١: جادووی هه‌موار له گۆشتخواردندا
- به‌شی ٥٢: کوشتنی ئاژه‌ڵی خودایی
1- کوشتنی باز
2- کوشتنی به‌رانی پیرۆز
3- کوشتنی ماری پیرۆز
4- کوشتنی کیسه‌ڵه پیرۆزه‌کان
5- کوشتنی ورچی پیرۆز
- به‌شی ٥٣: ڕازیکردنی ڕاوچییان بۆ ئاژه‌ڵه کێوییه‌کان
- به‌شی ٥٤: جۆره‌کانی نهێنییه پیرۆزه‌کانی ئاژه‌ڵ
1- پیرۆزیی میسرییه‌کان و ئاینۆ
2- که‌ژاوه‌ی ئاژه‌ڵه پیرۆزه‌کان
- به‌شی ٥٥: گواستنه‌وه شه‌ڕخوازی و خراپه
1- گواستنه‌وه شه‌ڕخوازی و خراپه بۆ شته نازیندووه‌کان.
2- گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕخوازی و خراپه بۆ ئاژه‌ڵ.
3- گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕخوازی و خراپه بۆ خه‌ڵک.
4- گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕخوازی و خراپه له ئه‌وروپا.
- به‌شی ٥٦: ده‌رکردنی شه‌ڕخوازی و خراپه‌ی گشتی.
1- گشتێتیی بوونی شه‌یتان و جنۆکه‌کان.
2- ده‌رکردنی شه‌ڕخوازیی و خراپه‌ی جۆراوجۆر
3- ده‌رکردنی خولاوی (ده‌وریی) شه‌یتان و جنۆکه‌کان.
- به‌شی ٥٧: قۆچی قوربانی گشتیی
1- ده‌رکردنی جنۆکه و شه‌یتانه به‌رجه‌سته‌کان
2- ده‌رکردنی جیاجیای ئه‌و شه‌یتان و جنۆکانه‌ی لە سەر که‌ره‌سته‌ی ماددین
3- ده‌رکردنی خولاوی شه‌یتان و جنۆکه‌کان لە سەر ئامرازێکی ماددی
4- به‌گشتی له‌بارەی قۆچه قوربانییه‌کانه‌وه
- به‌شی ٥٨: قۆچی قوربانی
1- قۆچی قوربانیی به‌شه‌ری له ڕۆمای کۆندا
2- قۆچی قوربانی له یۆنانی کۆندا
3- ساتورنالیای ڕۆمانی (جه‌ژنی به‌ره‌ڵایی و بێپه‌رده‌یی)
- به‌شی ٥٩: کوشتنی خواوه‌ند له مه‌کسیک
- به‌شی ٦٠: له نێوان ئاسمان و زه‌ویدا
1- به‌ر زه‌وی ناکه‌وێت.
2- خۆر نابینێت
3- دابڕین و ته‌ریککردنی کچان له‌کاتی باڵقبووندا.
4- هۆکاری دابڕان و ته‌ریککردنی کچان له‌کاتی باڵقبووندا.
- به‌شی ٦١: ئه‌فسانه‌ی باڵده‌ر
- به‌شی ٦٢: ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر له ئه‌وروپادا.
1- ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر بە شێوەیەکی گشتی
2- ئاگره‌کانی ڕۆژووگرتن
3- ئاگره‌کانی جه‌ژنی هه‌ڵسانه‌وه (ئیسته‌ر)
4- ئاگره‌کانی بیڵتهین
5- ئاگره‌کانی ناوه‌ڕاستی هاوین
6- ئاگره‌کانی جه‌ژنی هه‌موو سانتهکان (قدیسه‌کان)
7- ئاگره‌کانی ناوه‌ڕاستی زستان.
8- ئاگری پێویستی.
- به‌شی ٦٣: لێکدانه‌وه‌ی ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر.
1- ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر بە شێوەیەکی گشتی
2- تیۆریی هه‌تاوی بۆ ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵه‌کانی ئاگر.
3- تیۆریی پاکژکردنه‌وه و خاوێنکردنه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌کانی ئاگر
- به‌شی ٦٤: سووتاندنی بوونه‌وه‌ری به‌شه‌ری له ئاگردا.
1- سووتاندنی په‌یکه‌ر له ئاگردا
2- سووتاندنی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ له ئاگردا
- به‌شی ٦٥: باڵده‌ر و دەمووکانە
- به‌شی ٦٦: ڕۆحی ده‌ره‌کی له چێرۆکه میللییه‌کان
- به‌شی ٦٧: ڕۆحی ده‌ره‌کی له داب و نه‌ریته میللییه‌کاندا
1- ڕۆحی ده‌ره‌کی له شته نازیندووهکاندا
2- ڕۆحی ده‌ره‌کی له ڕووه‌کدا.
3- ڕۆحی ده‌ره‌کی له ئاژه‌ڵدا
4- سرووت و ڕێوڕەسمی مردن و ژیانه‌وه
- به‌شی ٦٨: چڵی زێڕین
- به‌شی ٦٩: ماڵئاوا نێمی