
ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕان
خوێندنەوە : سەلما تۆما کاکۆ
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم ڕۆمانە چوارەمین ڕۆمانی مامۆستا زراری هاوشاریمە کە دەیخوێنمەوە و دڵخۆشم بەوەی کە لە پاڵ شیعر پەرە بە نووسینی ڕۆمان دەدات و زیاتریش ڕووداوی ڕۆمانەکانی لە چوارچێوەی سنووری شارۆچکەی شەقڵاوەو دەورووبەری و کەسایەتییەکانی ڕەنگیان داوەتەوە بەمەش جیاوازن لە ڕۆمانی زۆربەی ڕۆماننووسەکانی تر .
ئەگەری زۆرە ئەو سنوورداریە نیشانەی خزمەتکردن و وەفاداری دەرهەق بە شارۆچکەکەی بێت نەك لەبەر کەم توانایی و بەردەست نەبوونی کەرەستەی نووسینەوەی ڕۆمانی جیاواز .
(خەونەکانی مەتڕان ) لەڕووی قەبارەوە ، ڕۆمانێکی (١٣٥) لاپەڕەییە و لە (٩) بەشی جیاواز لە درێژی پێك دێت و لەم ساڵەدا (٢٠٢٤) چاپ کراوە .
وەك خوێنەرێك :
ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕان ،کورتە ڕۆمانێکە ، ژمارەی کارەکتەرەکانی لەچەند کەسانێك تێپەڕ نابن ، مەتڕان پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە.
ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە خۆیان لە ئاوێتە بوونی ڕاستی و خەیاڵ دەبیننەوە و بەشی هەرە زۆری خەیاڵە ، ڕاستیەکانی بەدەر نیە لە ناوهێنانی شوێنەکان و ناوی هەندێ لە کەسایەتیەکانی شەقڵاوە .
ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانە باس لە خۆشەویستی نێوان کوڕێکی کریستیان و کچێک دەکات کە جیاوازی چینایەتی و ئایینی بۆتە کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم بەیەك گەیشتنیان بۆیە کوڕەکە وازی لە ژیانی ناو ئاوایی هێناوەو چەندین ساڵ لە ئەشکەوت ژیاوە .
کوڕەکە مەتڕان نیە بەڵکو نازناوی مەتڕانی پێ بەخشراوە کە هۆکارەکەی بۆ خوێنەر جێدێڵم تا لەچێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کەم نەبێتەوە .
زمانی نووسین لەم ڕۆمانە سادە و بێ گرێیە و دەوڵەمەندە بە زیندوو کردنەوەی چەند زاراوەیەكی ناوچەیی کە تۆزی فەوتان و بەکار نەهێنانیان لەسەر نیشتووە ، بەمەش سوودێکی بە زارو زمانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە ، بۆیە هەر خوێنەرێك بیخوێنێتەوە بە ئاسانی لێی تێدەگات ، بەتایبەتیش ئەگەر دانیشتووی ئەوشارە بێ یاخود دەوڵەمەند بێ لە زانیاری دەربارەی ئەو دەڤەرە .
لە خوێندنەوەی زۆر وردی ئەم ڕۆمانە لە هەندێ لاپەڕەکانی هەست بە بوونی جۆرە ئاڵۆزیەك یاخود تێکەڵاو بوونێك دەکرێ لە هاتنی وەرزەکان کە لە مەودایەکی کەمی جووڵەی مەتران گۆڕانکاریان تێدەکەوێ ، یاخود بێئاگایانە ئاماژە کردن بە جۆرە کەرەستەیەکی نەگونجاو لەگەڵ ئەشکەوت و دواتر ڕاستکردنەوەی وەك : ناوهێنانی تەختە بەند و دواتر تەختە بەندی بەردین ،ئەمەش پاشەوپێش کردنێك لەواتاکان دەخوڵقێنێت .
هەروەها لەهەندێ لاپەڕە دژەنووسینێك بەدی دەکرێ وەك :
خۆی لە ڕێبواران دەپاراست ،،،دواتر نووسراوە :
بەرۆکی بەڕێبواران دەگرت تابزانێ لەخوارەوە چ ڕوودەدات و ئاگاداری دەنگ و باسی ناو ئاوایی بێت .
یا خود کە باس لە کزی خوێندەواری مەتڕان دەکات و لەلایەکیش بە جێگرەوەی شەماشە و قەشەی ناودەبات لەپێشنوێژی کردن کاتی ئامادە نەبوونیان کە هەردووکیان دەبێ لێهاتووبن لەزۆر بواری ئایینی .
ئەمانە و چەندین نموونەی تر کە ئەگەر خوێنەر بەوردی نەیخوێنێتەوە سەرنج نادات و بەهەندیش وەریان ناگرێ .
بێگومان نەبوونی ئەو کەم و کوڕیانە جوانیەکی زیاتریان دەبەخشیە ڕۆمانەکە ،
لێ هیچیان نەبوونەتە ڕێگر لە گەیاندنی پەیامی سەرەکی نووسەر کە ئامانجەکەی
لە نووسینی ئەو ڕۆمانە نیشاندانی جوانیەکانی جارانی پێکەوە ژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئایینیە لەشارۆچکەی شەقڵاوە کە سەرەڕای بوونی کێشەکانیش پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان نەکەوتبوونە بەر زەفەری لێکترازان و پچڕان و نانەوەی دوژمنایەتی و نەببوون بە پاڵنەرێك بۆ بارکردن و جێهێشتنی شار هەر تەنها وەك ڕووداوێك تۆمار دەکران لە هزر و بیری خەڵکی شار ، بەپێچەوانەی ئەوساڵانەی کە کێشەکانیان بوونە مایەی پەرتەوازە بوونی خەڵکی ڕەسەنی شەقڵاوە ، جگە لە ڕۆیشتنی جووەکان کە ئەویش بەپێی بڕیارو ڕێکەوتنی وڵاتان بوو نەك لەبەر کێشەکانی ناوخۆی شار .
ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم ڕۆمانە جیاوازە لە هەرسێ ڕۆمانەکەی پێشتری ڕۆماننووس زرار سەرتاش کە ڕووداوەکانیان زیاتر لە گێڕانەوەو بیرەوەری چڕ بوونەتەوە ،بەڵام لەوەدا نووسەر بەرەو خوڵقاندنی دەقی ئاوێتە بوو لە خەیاڵ و ڕاستی هەنگاوی ناوەو تا ڕادەیەك لە گێڕانەوە دوور کەوتۆتەوە و زیاتر پەنای بردۆتە بەر خەیاڵ و هونەری تێدا نوواندووە .
تێبینی :
ناونیشانی ڕۆمانەکە سەرنجڕاکێشە بەڵام بۆ بە دوورگرتنی لە ڕەخنە گەر لەنگ نەبوایە ،وشەی (بەناو) بۆی بنووسرابا وەك (خەونەکانی بەناو مەتڕان) هەتا زیاتر شیاوی ناوەڕۆکەکە بوایە ، چونکە دوور لە هەموو بۆ چوونێکی ئایینی ئاشکرایە مەتڕان پلەیەکی بەرزی ئایینی کریستیانەو لەو خەسڵەتانە بەدوورە کە لەناو ڕۆمانەکەدا هاتووە وخوێنەر دەبێ چەند لاپەڕەیەك بخوێنێتەوە تا بۆی دەرکەوێ ئەوە مەتڕانی ڕاستی نیە .
ڕەنگە ڕەخنەگران بەجۆرێکی تر لە ڕۆمانەکە بگەن و بەدڵنیاییەوە لە سادەییەکەی بڕوانن بەڵام بە بۆچوونی
خۆم ئەگەر لە وڵاتی ئێمە گرنگی بە بواری فیلمسازی بدرابا لام وایە بە پێداچوونەوەیەکی زیاتر بە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانە ، زۆر شیاوە بکرێت بە کورتە فیلمێك کە زیاتر پەیامەکەی نووسەر بگەیەنێت و دەرخەری ڕاستی و جوانیەکانی جاران و مێژووی شار بێت .
دەستی وەفاداری ڕۆماننووس خۆشبێ کە بە بەڕۆمانکردنی ڕووداوەکانی شەقڵاوە جوانترین سەرکەوتن لە سینگی سپی لاپەڕەکانی مێژووی شار تۆمار دەکات .