بەهرە هەولێری

 

کێ نیشتیمانی من دەناسێ ؟!

نیشتیمانی من..

کێوێکە بەرز و خۆڕاگر

نا..

دەشتێکی فراوانە

هەندێک جار

وشک و گەرمە

وەک هاوینی قەراج

هەندێک جاریش

تەڕ و پڕ گیا.

نا..

دەشتێکی تەخت و پانە

وەلێ هێندە ساردە..

گەرمی ڕوومەتەکانیشم

بۆخۆی دەبات..

*     *

کێ نیشتیمانی من دەناسێ؟!

نیشتیمانی من

کێوێک نیە..

دەشتیش نیە..

نیشتیمانی من

سینگی پیاوێکە..

مەگەر تەنیا بەخەیاڵ

پێی بگەم و

هەر بەخەیاڵ

شەوێک تا بەیانی

خۆم بخزێنمەوە باوەشی و

سەری ماندووم بحەسێنمەوە.

ئەوسا هەرگیز

کەس ناتوانێ

گلەیی لە ساردی من بکات...